بەرپرسێکی ئه‌نجومه‌نى شارۆچكه‌ى خانه‌قین: عه‌ره‌بی هاوردە بەلێشاو له‌ خانه‌قین نیشتەجێ دەکرێن

"لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا 1000 خێزانى كورد ناوچه‌كه‌یان به‌جێ هێشتووە"

له‌ دیمانه‌یه‌كى (باس)دا، عه‌دنان ده‌لۆ، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى قەزای خانه‌قین ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، بوونى حه‌شدى شه‌عبى له‌ شاری خانه‌قین ته‌نیا بۆ دژایه‌تیكردنى كورده‌ و ده‌شڵێت: ”عه‌ره‌بی هاوردە بەلێشاو له‌ خانه‌قین نیشتەجێ دەکرێن“.

 

(باس) بۆچى به‌ته‌نیا كورد له‌ خانه‌قین ده‌كرێته‌ ئامانج؟
عه‌دنان ده‌لۆ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شارۆچكه‌ى خانه‌قین سیماى كوردستانیبوونى بەئاشکرا پێوەیە‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ مایه‌ى دڵته‌نگى و بێزاربوونى نه‌یاره‌كانمان، بۆیه‌ نه‌ك ئێستا، له‌ ساڵانى ڕابردووشدا كراوه‌ته‌ ئامانج و ته‌نیا مه‌به‌ستیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێژه‌ى کورد له‌ خانه‌قین كه‌م بكرێته‌وه‌ و سیماى كوردستانیبوونیشى بسڕنه‌وه‌ و هه‌مان سیاسه‌تى ڕژێمى به‌عس دژ به‌ كورد دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.

 

(باس) دۆخى ته‌ناهیى ئێستاى خانه‌قین چۆنه‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: بارودۆخى شارۆچكه‌ى خانه‌قین به‌ حاڵه‌تێكى زۆر خراپ و مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ر و كشانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و داگیركردنى ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، به‌ هۆى ئاڵۆزبوونى بارى ئه‌منیى شارۆچكه‌كه‌ و به‌پێى دوایین ئامار كه‌ به‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌، تاكوو ئێستاكه‌ نزیكه‌ى 1000 خێزانى كورد ناوچه‌كه‌یان به‌جێ هێشتووە و ڕوویان له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌

 

(باس) چۆن ته‌ماشاى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى كوردستان ده‌كه‌ن؟
عه‌دنان ده‌لۆ: خه‌ڵكى خانه‌قین به‌ په‌رۆشن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت، هه‌ڵبژاردن له‌ مانگێكدا ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ساڵى ڕابردووش ڕیفڕاندۆمه‌ مه‌زنه‌كه‌ى گه‌لی كوردى تێدا ئه‌نجام درا، خانه‌قینیه‌كان به‌ئومێده‌وه‌ چاوه‌ڕوانى سه‌ركه‌وتنى لیستى 183 پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تێكى نوێ له‌سه‌ر ده‌ستى دروست بێت، چونكه‌ به‌بێ پارتى و سه‌رۆك بارزانى هیچ شتێك سه‌ركه‌وتوو نابێت، پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر، ئه‌و لایه‌نه‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌زانى، له‌ كه‌متر له‌ 24 سەعاتدا خانه‌قینى به‌جێ هێشت و راده‌ستى دوژمنانى گه‌لى كوردی كرد و خوێنى شه‌هیدانی به‌فیڕۆ دا.

 

(باس) باس له‌ ڕێگریكرتنتان له‌ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى قەزای خانه‌قین ده‌كرێت له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، راسته‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: به‌ڵێ ڕاسته‌، حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنم لێ ده‌كات و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ماڵه‌كه‌م له‌ شارۆچكه‌كه‌ به‌جێ هێڵاوه‌، هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى ڕیفڕاندۆمدا به‌شداریم كردووه‌ و هانى خه‌ڵكم داوه‌ به‌شداری بكه‌ن و ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیبوونى كوردستان بده‌ن، بۆیه‌ ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ خانه‌قین و به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى قەزاکەدا بكه‌م، ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ خانه‌قین، چونكه‌ حه‌شدى شه‌عبى داگیركه‌ره‌ و متمانه‌ى له‌سه‌ر نییه‌.

 

(باس) بۆچونتان له‌سه‌ر خیانه‌ته‌كه‌ى 16ى ئوكتۆبه‌ر چییه‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: كاره‌ساتێكى مێژوویى و خیانه‌تێكى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، كه‌ له‌ لایه‌ن تاقمێكى خیانه‌تكاره‌وه‌ دژى گه‌لى كورد ئه‌نجام درا، ئه‌گه‌ر 16ى ئوكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌، ئه‌وا له‌ سه‌ربه‌خۆیی نزیك ده‌بووینه‌وه‌ و هه‌نگاومان به‌ره‌و دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى ده‌نا.

 

(باس) پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌ ناوچه‌كه‌تان دروست بووه‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: به‌ڵێ، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ خراپتر لەوەی له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس ئه‌نجام ده‌درێت، پێش 16ى ئوكتۆبه‌ریش ئه‌نجام ده‌درا، به‌ڵام وه‌كوو ئێستاكه‌ نه‌بوو، ئێستا به‌ شاڵاو عه‌ره‌ب ڕوو له‌ خانه‌قین ده‌كەن و تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن، ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك هه‌بێت ڕێگریى لێ بكات جێبه‌جێ ده‌کرێت، له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس ته‌نیا پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردنى ناوچه‌كه‌ هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا له‌پاڵ پرۆسه‌ى ته‌عریب پرۆسه‌ى مه‌زهه‌بیش ئه‌نجام ده‌درێت و ناوچه‌كه‌ روو له‌ كاره‌ساتێكى مه‌ترسیدار ده‌كات.

 

(باس) مامه‌ڵه‌كردنى حكوومه‌تى ناوه‌ند له‌گه‌ڵتاندا چۆنه‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: حكوومه‌تى عێراق هیچ بایه‌خێك به‌ خانه‌قین نادات و پشتگوێى خستووه‌، ئه‌و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ و دژایه‌تیى شارەکەش ده‌كات، بۆ نموونه‌، ڕێگرى له‌ خوێندنى كوردى ده‌كات و قوتابخانه‌ كوردییه‌كان داده‌خات، ئه‌و كاره‌ تیرۆرستییانه‌ش كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌و خۆی لێ گێل ده‌كات و لەسەریان نایه‌ته‌ ده‌نگ.

 

(باس) جموجۆڵى داعش له‌ ناوچه‌كه‌تاندا هه‌یه‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: جموجۆڵى داعش زیادى كردووه‌ و به‌بێ ترس كه‌وتوونه‌ته‌ وێزه‌ى دانیشتوانى خانه‌قین و خه‌ڵك تیرۆر ده‌كه‌ن، بێده‌نگیى حكوومه‌تى عێراقیش به‌رامبه‌ریان ڕێگاى بۆ خۆش كردوون، بۆ ئه‌وه‌ى به‌بێ ترس كاره‌ تیرۆرستییه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن و بكه‌ونه‌ گیانى هاووڵاتییان، به‌ تایبه‌ت هاووڵاتییانى كورد، بۆ ئه‌وه‌ى خانه‌قین به‌جێ بهێڵن و له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌مێنن.

 

(باس) هه‌ڵوێستتان به‌رامبه‌ر به‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌كه‌تاندا چۆنه‌؟
عه‌دنان ده‌لۆ: له‌ راستیدا نابێ حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت، هاتنیان بۆ ناوچه‌كه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى كورده‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین بێجگه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ هیچ هێزێكى دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت، ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ناو پاراستنى گیانى هاووڵاتییان هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ درۆ ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وان هاتوون كێشه‌ و گرفت له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بكه‌ن.