سه‌رۆكى یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنان: حكوومه‌ت بڕیاری داوه‌ 50 میلۆن دۆلار قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران بداته‌وه

"%75ی ئه‌و پڕۆژانه‌ى به‌ هۆی قه‌یرانى داراییه‌وه‌ وه‌ستێنرابوون، ئێستا كاریان تێدا ده‌كرێته‌وه‌"

ئه‌حمه‌د رێكانی، سه‌رۆكى یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنانی كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ی (باس)دا ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری داوه‌ 50 میلۆن دۆلار قه‌رزى به‌ڵینده‌ران بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریى ئه‌رێنی ده‌خاته‌ سه‌ر وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان، ده‌شڵێت: "له‌ %75ی ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ به‌ هۆی قه‌یرانى داراییه‌وه‌ وه‌ستێنرابوون، ئێستا كاریان تێدا ده‌كرێته‌وه‌".

 

(باس): دۆخی وه‌به‌رهێنانی ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: له‌ ڕاستیدا دۆخی وه‌به‌رهێنان دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ چوار ساڵ، وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ نزمترین ئاستی خۆی، به‌ڵام ئێستا دووباره‌ جموجۆڵی وه‌به‌رهێنان دروست بووه‌ته‌وه‌ و گه‌شبینییه‌ك دروست بووه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌كوو وه‌به‌رهێنه‌رانى كوردستان وای ده‌بینین وه‌به‌رهێنان دووباره‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات و گه‌شه‌سه‌ندنێكى به‌رچاو به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

 

(باس): ئایا ده‌ستكاریكردنى پاشكه‌وتى مووچه‌ و هه‌وڵدان بۆ دابینكردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران هەر 30 رۆژ جارێك، كاریگه‌ریی خستووه‌ته‌ ناو بازاڕه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: هه‌ر به‌رده‌وامبوونى پێدانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران 30 رۆژ جارێك، یان نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى پاشكه‌وتى مووچه‌، ئه‌مه‌یان هه‌نگاوێكى ئه‌رێنییه‌ و جووڵه‌ى باش ده‌خاته‌ ناو بازاڕه‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌سه‌ندنى وه‌به‌رهێنان، ئێستا بڕیاره‌ حكوومه‌ت قه‌رزه‌كانى به‌ڵێنده‌ران و بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانیش بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بازاڕ ده‌جووڵێنێت و ده‌توانین بڵێین، بازاڕی كوردستان تا ڕاده‌یه‌ك بووژاوه‌ته‌وه‌.

 

(باس): ئه‌ى كڕین و فرۆشتنى خانووبه‌ره‌ به‌ به‌راورد به‌ پار ساڵ چۆنه‌؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: له‌ مانگى شه‌شی ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا باشبوونى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و بازاڕی عه‌قارات جووڵه‌ى تێ كه‌وتووه‌، له‌ پڕۆژه‌كانیشدا كاركردن ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ %25 هه‌م وه‌ك نرخ زیادی كردووه‌ و هه‌میش كڕین و فرۆشتنه‌كان به‌ به‌راورد به‌ پار ساڵ زیادى كردووه‌.

 

(باس): یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى دارایی چییه‌ بۆ داهاتوویه‌كى نزیك؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: ئێمه‌ زۆر گه‌شبینین، به‌تایبه‌ت دواى به‌سه‌رچوونى چوار ساڵ كه‌ كوردستان له‌ قه‌یرانێكى قووڵی داراییدا بوو و گورزى كوشنده‌ى له‌ وه‌به‌رهێنانیش دا، واتا زۆرینه‌ى پڕۆژه‌كان وه‌ستێنران، ئێستا هیوایه‌كى باشمان بۆ دروست بووه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنان به‌گشتى له‌ كوردستان و وه‌به‌رهێنه‌رانیش دووباره‌ خۆیان رێك بخه‌نه‌وه‌ و ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ وه‌ستاون یان پێشتر پڕۆژه‌یان وه‌رگرتووه‌ و ئه‌نجامیان نه‌داوه‌، ده‌ست بكه‌ن به‌ كاركردن له‌ پڕۆژه‌كان و ته‌واویان بكه‌ن و بۆ پڕۆژه‌ى نوێش پلان دابنێن.

 

(باس): واتا ئێستا ده‌ست كراوه‌ به‌ كاركردن له‌ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌كان؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: له‌ %75ی ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ به‌ هۆی قه‌یرانى داراییه‌وه‌ وه‌ستێنرابوون، ئێستا كاریان تێدا ده‌كه‌ن.

 

(باس): ئه‌ى حكوومه‌ت پاره‌ى قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران ده‌داته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاری داوه‌ كه‌ 50 ملیۆن دۆلار ته‌رخان كراوه‌ بۆ قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران كه‌ حكوومه‌ت قه‌رزاریانه‌، بۆ ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كانیان و پاره‌ى ئه‌و بانكه‌ ئه‌هلییانه‌ش بداته‌وه‌ كه‌ پاره‌یان لای حكوومه‌ته‌ و به‌ پێدانى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كاریگه‌ریى ئه‌رێنی ده‌خاته‌ سه‌ر وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان و كار زیاد ده‌كات و جووڵه‌ش ده‌خاته‌ ناو بازاڕه‌وه‌.

 

(باس): له‌م چوار ساڵه‌ى ڕابردوودا، به‌ هۆی قه‌یرانى دارایی چه‌ند پڕۆژه‌ى جۆراوجۆر ڕاگیراون؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: به‌دیاریكراوی ناتوانین بڵێین چه‌ند پڕۆژه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك نزیكه‌ى هه‌زار پڕۆژه‌ ده‌بوون و له‌ كۆی ئه‌و هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ به‌شێكیان ته‌واو بوونه‌ و به‌شێكى دیكه‌یان كه‌ كاره‌كانیان به‌هۆی قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ڕاگیرابوون، ئێستا تیایاندا، ده‌ست به‌ كار كراوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت وه‌به‌رهێنه‌ران كاتێك به‌شێكیان له‌ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونیان بۆ ئه‌وه‌ ڕاگرت، كه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ فه‌رمانبه‌رى حكوومه‌ت بوون نه‌یانده‌توانى قیسته‌كانیان بده‌نه‌ كۆمپانیاكان، بۆیه‌ به‌ناچارى ئه‌و پڕۆژانه‌ش ڕاگیران، یان دابه‌زینى نرخی عه‌قاری، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریى خۆی له‌و پڕۆژه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ هه‌بوو، كه‌ كاره‌كانیان ڕاگرت.

 

(باس) دواجار حكوومه‌تى عێراق له‌ ڕێگای نێوان، كه‌ركووك- هه‌ولێر و كه‌ركووك-سلێمانى خاڵی گومرگیى دانا، ئه‌مه‌یان چ كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى ده‌خاته‌ سه‌ر بازرگانان؟
ئه‌حمه‌د رێكانى: به‌دانانى ئه‌و خاڵه‌ گومرگییانه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كى زۆر نه‌رێنی ده‌خاته‌ سه‌ر بازرگانه‌كانى كوردستان، چونكه‌ ئێستا خاڵێكى گومرگى به‌ ناوى (صفره‌) هه‌یه‌ له‌نزیك به‌غدا، بۆیه‌ بارزگانان كاتێك كه‌ شتومه‌ك له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و عێراق یان به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌هێنن و ده‌به‌ن، ده‌بێ باج و گومرك به‌وانیش بده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌و خاڵه‌ گومرگییه‌ باجی زۆر ده‌خرێته‌ سه‌ر شتومه‌ك. كاڵا و دانانى ئه‌و خاڵه‌ گومرگییانه‌ له‌ ده‌روازه‌كانى كوردستانیش وا ده‌كات كه‌ بازرگانان نه‌توانن وه‌ك پێویست كاڵا و شمه‌ك بهێننه‌ ناو هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ و ناچار ده‌كرێن بچن له‌ ئوم قه‌سر و باشووری عێراق و شوێنه‌كانى دیكه‌وه‌ مه‌وادى خۆیان بهێنێته‌ ناو عێراقه‌وه‌، ئه‌مه‌شیان هه‌م بۆ كوردستان و هه‌میش بۆ بازرگانان و به‌تایبه‌ت زیانى ئابووریى گه‌وره‌ به‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێت.