بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی: گەورەترین کێشەی بازرگانانمان لەگەڵ عێراق لە بازگەی عوزێمە

"حەشدی شەعبی ڕسووماتی نایاسایی وەردەگرێت"

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کە هاوکات سەرۆکی دەستەی شار و شارۆچکەکانی پیشەسازییە، لەم چاوپێکەوتنەی (باس)دا، بەوردی باسی ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو بوارانە دەکات و ئاماژەش بە قەبارەی هاوردە و هەناردەکردنی بەرهەم و کاڵاکان دەدات.

 

(باس بارودۆخی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ئەگەر بەراوردی قەبارەی بازرگانیکردنەکە لەنێوان ئێستا و 2014 بکەین، دەبینین دابەزین هەبووە، بەڵام لە کەرەستە کەمالیاتەکان بووە نەک لە زەرووریاتەکان، بگرە ئێستا بازرگانیی بەرهەمە خۆراکییەکان زیاتر بوون لە ڕابردوودا. بۆ نموونە بازرگانیی کەرەستەی ناوماڵ لە ساڵانی پێشوو کەم بووەتەوە.


لەبارەی پیشەسازییشەوە، ئەگەر ئێستا لەگەڵ ساڵانی 2013 و 2014 بەراورد بکەین، دەبینین 3650 کارگەمان هەیە، لەو ژمارەیەدا بەشێکی زۆریان کارگەی بیناسازین و بەداخەوە لەگەڵ ئەم قەیرانە داراییەی هەیە، کارگە بیناسازییەکان زۆرینەیان لەکار وەستاون و کار ناکەن، چونکە بەڵێندەرایەتی نەماوە و پرۆسەی بیناسازییش لە هەرێمی کوردستان بەرەو کەمی ڕۆیشتووە.


لە ساڵانی 2015 و 2016 و 2017دا، زۆرینەی ئەو کارگە بچووکانەی لە هەرێمی کوردستاندا پێشتر کاریان دەکرد، کارگە بچووک و مامناوەندییەکان بەگەڕ خراون، کە لە کەرتی جلوبەرگ و خۆراکدا کاریان دەکرد، بەرەو پێشکەوتنیش دەچن، چونکە نرخەکانیان لە کاڵای هاوردەکراوی دەرەکی کەمترە و دەتوانن پێویستییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان دابین بکەن.

 

(باس) هەرێمی کوردستان چ جۆرە بەرهەمێکی هەیە کە لەخۆی زیاد بێ و هەناردەی بکات؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: بەرهەمەکانی (چیمەنتۆ، ڕۆنی سەیارە، ڕۆنی زەیت، ئاسن، پێستە، هەندێک جاریش جۆرەکانی بەردی خاو) هەناردەی دەرەوە دەکرێن.

 

(باس): ئێوە ئامارێکتان لەبارەی بڕی هاوردەکردنی کاڵاکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان لەبەر دەستدایە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: بەڵێ، بۆ نموونە لە مانگی 8ی 2017، بە بڕی 594 ملیار دینار مۆڵەتی هاوردەکردنی کاڵای جۆراوجۆر لە گومرگەکانی (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، سلێمانی و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی) کراوە.

 

(باس): وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چۆن هانی پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی دەدات؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: لەم قەیرانەی ئێستادا ئەستەمە بتواندرێت یارمەتییەکی تێر و تەسەلی کەرتی پیشەسازی بدرێت، بەڵام بەپێی یاسای 25ی ساڵی 1992، هەم زەوی بۆ پیشەسازکاران دابین دەکرێت و هەمیش قەرز دەدرێت و لە گومرگەکانیش دەبەخشرێن، ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، قەرز بە کارگەکان نادرێت، بەڵام زەوییان بە نرخێکی رەمزی پێ دەدرێت و لە گومرگەکانیش لێیان خۆش دەبن، کە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی، ئەو کارگانەی کە لای ئێمە تۆمار کراون، نووسراویان بۆ دەکرێت، تاوەکوو لەو کاڵایانەی هاوردەیان دەکەن، خۆش بن، بەڵام کەرەستەی خاو و ئامێر و پێویستییەکانی کارگەکە دەگرێتەوە.

 

(باس) لەنێو خەڵکدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە کەرتی پیشەسازیدا کارگەیەک دابنێن، لەلایەن کەسانێکەوە ئیستغلال دەکرێن بۆ ئەوەی ببن بە شەریکیان، وەڵامی ئێوە چییە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ئێمە ئیش بە نووسراو و بەڵگە دەکەین، هەر هاووڵاتییەک دێت بۆ لامان، مامەڵە لەگەڵ ئەودا دەکەین، جیاوازی لەنێوان کەسدا نییە و گرنگ ئەوەیە کە ئەو بەڵگانەی پێشکەشمان دەکرێت تەواو بن، جا لەدەرەوەی وەزارەت چی دەکرێت و چۆن ڕێککەوتن دەکرێت، گرفتی ئێمە نییە. ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەڵگەنامەیەک مامەڵە دەکەین کە لە دادنووسەوە بۆمان نێردرابێت، ئەوان ڕوونی دەکەنەوە کە پشکی هەر کەسێک چەندە. ئەگینا ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە.

 

(باس) لەدوای ڕیفراندۆمەوە ئێران دەروازەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان داخست، ئایا تا چەند کاریگەریی لەسەر بازاڕی کوردستان دروست کرد؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: زەرەرەکان دوولایەنە بوون، چونکە بەشێک لەو کاڵایانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکران، نەتواندرا لەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دابین بکرێن، بەڵام زەرەرە گەورەکە بۆ ئێران بوو، چونکە ئەو هاووڵاتییانەی ئێران کە لەسەر سنوورەکان و ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوە و خاوەن کارگە و کرێکارانیان، زەرەرمەند بوون. ئەوان بازاڕێکیان لەدەرەوەی ئێران هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر بازاڕی ئێمە تێر کرابوو و کاڵایەکی زۆری تێدابوو، بۆیە هیچ شتومەکێک لە هەرێمی کوردستان گران نەبوو.

 

(باس) داخستنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە چ زیانێکی بە هەرێمی کوردستان گەیاند؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ئێمە چەند گومرگێک و چەند سنوورێکمان بۆ هاوردەکردن هەیە، ئەگەر داتای مانگی 8ی ساڵی 2017 وەربگرین، دەبینین فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی 45 و هەولێریش 27 مۆڵەتی هاوردەکردنیان پێ دراوە، کە کۆی گشتیی پارەکەیان 76 ملیار و 700 ملیۆن دینارە، بە داخستنی ئەم فڕۆکەخانانە، بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵات کرد، هەم لەبارەی وەرگرتنی باج، هەم لەبارەی وەگەڕخستنی بازاڕ و بەکارخستنی دەستی کار.

 

(باس) زۆرجار گلەیی ئەوە دەکرێت کە سیاسەتی باج لە خزمەتی بەرهەمی ناوخۆییدا نییە و لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییدا، لەگەڵیدا بەرهەمی دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێت و بەهۆیەوە نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکە یەکجار دادەبەزێت؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ئێمە نوێنەرمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکان هەیە، کە ئەوان 100٪ هاوئاهەنگیمان دەکەن بۆ ئەم پرۆسەیە، سیستەمێک هەیە بەناوی سیستەمی گومرگی کە مەرکەزییە و لە بەغداوە دێت، هەندێک بڕگەی سیستەمەکە پەیوەستە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لەبەر ئەو کارگانەی کە کەرپووچ بەرهەم دێنن، گومرگمان خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەرهەمی کەرپووچ، بۆ پاراستنی ئەو بەرهەمە، ئەمە بۆ (شیش، چەمەنتۆ، شیرەمەنییەکان و هتد). بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکان لە وەزارەتی دارایی، بەبێ ئێمە هیچ بڕیارێک لەبارەی باجەکانی پەیوەندیدار بە وەزارەتەکەی ئێمە نادات، بەڵام سیستەمی پاراستنی گومرگی، خۆی لەسەر داواکاری ئیش دەکات، بۆ نموونە کەسێک کارگەیەکی لە بوارێکدا هەیە، دەبێ داواکارییەک پێشکەش بە وەزارەتی بازرگانی بکات و لە رێگەی لێژنەی پاراستنی بەرهەمەوە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت کە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پەسەندی دەکات، دواتر داوا لە گومرگەکان دەکرێت، ئەو ڕێژە باجە لەسەر بەرهەمەکە دابنرێت.

 

(باس) باس لەوە دەکرێت کە وەزارەتی بازرگانی زۆر جدیی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕ لەدەرەوەی هەرێمی کوردستاندا، بۆ نموونە بەرهەمی گەنمی کوردستان بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و سایلۆکان دەدرێت، ئایا ناکرێ بازاڕێک بدۆزینەوە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: گەنم پەیوەستە بە پرۆسەی دابەشکردنی خۆراک لە تەواوی عێراقدا، کە پرۆسەیەکی مەرکەزییە و بڕیاری 986ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری جێبەجێ دەکرێت، لە چوارچێوەی پرۆگرامی (نەوت بەرامبەر بە خۆراک). ئەم گەنمە دەدرێ بە سایلۆکان و ئەوانیش بە ئاشەکانی دەدەن و لە ئاشەکانیش دەکرێتە ئارد و دووبارە دەدرێتەوە هاووڵاتییان.


هەروەها ئەگەر گەنم بە سایلۆکان نەدرێت، ئێستا نرخی تەنێک گەنم لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا 270 بۆ 300 هەزار دینارە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە 480 تا 600 هەزار دینار دەیکڕێتەوە، واتە دووهێندەی بازاڕەکانی دونیایە، بۆیە لە قازانجی جوتیارانە گەنمەکانیان بە عێراق بدەن، بەمەرجێک شایستە داراییەکەیان پێ بدرێت.

 

(باس) لەبارەی ژوورە بازرگانییەکانەوە، دەگوترێ داهاتەکەیان رادەستی حکوومەت ناکەن، ئایا ئەمە ڕاستە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ژووری بازرگانی، ژوورێکی تایبەتمەندە و خۆیان لە حکوومەت سەربەخۆن، بەڵام بەشێک لە داهاتیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگاکە دەگەڕێتەوە کە تێیدان، بەشێکی دیکەش لە داهاتیان بۆ یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی عێراق دەڕوات، بەشێکیش لە داهاتیان دابەش دەبێت بۆ یەکێتیی باڵای ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان. ئێمەش گلەییمان هەیە لەو بابەتە، بەڵام لە هەمان کاتدا یەکێتییە ژوورە بازرگانییەکان شتیان بۆمان کردووە، بۆ نموونە بەدواداچوونی سیستەمی ئەلیکترۆنیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، لەلایەن ئەوانەوە بڕیارە پارەکەی خەرج بکرێت، لەو داهاتەی هەیانە.

 

(باس) ئایا ئێستا دۆخی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و شار و شارۆچکەکانی عێراقدا چۆنە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ئێستا گەورەترین کێشەمان لە بازگەی عوزێمە، کە تا ئێستا ئەم کێشەیە بەردەوام بووە، ئەو بازگەیە هی حەشدی شەعبییە و بەپێی ئەو زانیارییانەی بازرگانان دەیڵێن ڕسوومات و شتی دیکەش وەردەگرن. بەدڵنییاییەوە بازاڕی هەرێمی کوردستان ئەو بازاڕە نییە کە تەغتییەی ئەم هەموو بەرهەمە بکات کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێ بازاڕێکی دیکە بدۆزێتەوە. هەرێمی کوردستان بازاڕێکی 6 ملیۆنییە، بەڵام بازاڕی عێراق 30 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە هەموو بوارەکاندا بەرهەممان هەیە. ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵ بووین و گوتوومانە نابێ لە بازگەی عوزێم هیچ رسووماتێک وەربگیرێت، بەپێی دەستووری عێراقیش قەدەغەیە بازگەی وەرگرتنی ڕسوومات هەبێت و ئەمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

 

(باس) زۆر گلەیی لەوە دەکرێت کە بازرگانان کاڵای کوالێتیی خراپ دێننە هەرێمی کوردستان، ناکرێت ئەمە کۆنترۆڵ بکەن؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: ئێمە تەنیا پەیوەندیمان بە بەرهەمی ئەو کارگانەوە هەیە کە لەناوخۆ بەرهەم دەهێنن و لە تاقیگەکانی ئێمەدا کۆنتڕۆڵی بەرهەمەکانیان دەکرێت، بەڵام بەرهەمی هاوردەی وڵاتان پەیوەندیدارە بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵی وەزارەتی بازرگانی. پێشتر کارێکی باش لە بواری کۆنتڕۆڵکردن کرا، بەداخەوە دەبوایە گرێبەست لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە بکرایە کە کۆنتڕۆڵی بەرهەمی هاوردەکراویان دەکرد، بەڵام ڕەنگە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەکرابێت.



(باس) داهاتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چەندە؟
عەبدولڕەزاق عوسمان: لە ساڵی 2016 داهاتی وەزارەتی ئێمە 19 ملیار دینار بووە، کە لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و تەسفیەی کۆمپانیاکان و داهاتی بازرگانی و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و داهاتی خۆراک و تۆمارکردنی پیشەسازی و چەندان بواری دیکە هەبووە. لە 2017 داهاتەکەمان کەمی کردەوە، بەهۆی ئەوەی بڕیاری زیادکردنی ڕسوومات دەرکرا، ئەمە هەڵەیەکی گەورە بوو حکوومەت کردی، کە نەدەبوو ڕسوومات زیاد بکات، چونکە تاوەکوو ڕسوومات زیاد بکرێت، ژمارەی مامەڵەکان کەم دەبنەوە و داهاتی حکوومەتیش کەم دەبێتەوە. ئێمە هەوڵمان دا ڕسوومات کەم بکەینەوە و ڕسووماتی کۆمپانیاکان و هەندێک ڕسووماتی بازرگانیش دابەزێندراوە، بەڵام کاری زیاتری دەوێت.


وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێویستی بە 38.5 ملیار دینارە بۆ مووچە و بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە، جگە لە هەندێک خەرجیی دیکە، لە کاتێکدا داهاتمان تەنیا 19 ملیار دینارە، ئەمەش 50٪ی کەم دەکاتەوە. لەو 19 ملیار دینارەی ساڵی 2016، ڕێژەی 10٪ی بەشێوەی هاندان بە فەرمانبەرانی وەزارەتەکەمان دراوە، تائێستاش ئەو هاندانە هەر بەردەوام بووە، 90٪شی بۆ وەزارەتی دارایی و گەنجینەی وەزارەت دەگەڕێتەوە.