مامۆستایەکی زانكۆ: هه‌ستكردن به‌ كه‌مى و ئازارى ده‌روونى فاكته‌رى سه‌ره‌كیین بۆ شه‌ڕانگێزى

 

له‌ رووى سایكۆلۆژی، چۆن كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێزى پێناسه‌ كراوه‌ و پێوه‌ره‌كانى ده‌ستنیشانكردنى كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێز چییه‌ و هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كان چین کە راسته‌وخۆ كاریگه‌رن بۆ دروستبوونى كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێز؟ بۆ وەڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ و چه‌ندین پرسیارى تر، دیمانه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ مامۆستاى زانكۆ (عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن فه‌تاح) ماسته‌ر له‌ ده‌روونزانیى زانكۆى مه‌نسوورییه‌ له‌ وڵاتى میسر و سه‌رۆكی به‌شى ده‌روونزانى له‌ فاكه‌ڵتى ئاداب له‌ زانكۆی سۆران، ساز دا.

 

(باس) له‌ رووى سایكۆلۆژی كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێزى چۆن پێناسه‌ كراوه‌ و خەسڵەتەکانی چیین؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: ده‌روونناسان و توێژه‌رانى ئه‌م بواره‌، ڕه‌فتارى شه‌ڕانگێزى به‌وه‌ ده‌ناسێنن، كه‌ ئاماژه‌ به‌ بوونى نیه‌تێكى پێشوه‌خت و به‌ئه‌نقه‌ست بۆ ئازاردانى كه‌سێك یان شتێك ده‌كه‌ن، یان بریتییه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ست و پاڵنه‌رانه‌ى كه‌ توخمى تێكدان و نیه‌تى خراپ له‌خۆى ده‌گرێت به‌رامبه‌ر كه‌سانى تر، كه‌واته‌ كه‌سی شه‌ڕانگێز، هه‌وڵى دروستكردنى رووداوێك ده‌دات، به‌ ئامانجى تێكدان و ئاژاوه‌ و ئازاردان. شه‌ڕانگێزى له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ڕه‌فتارێكى ناپه‌سه‌نده‌، هه‌روه‌ها ئایینه‌كانیش ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ و یاساش سزاى بۆ داناوه‌، به‌ڵام زۆر خه‌ڵك خەسڵەتی كه‌سی شه‌ڕانگێز له‌ ناخ و ده‌روونیاندا هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ بیشارنه‌وه‌ و ده‌ری نه‌بڕن یا به‌ شێوه‌یه‌ك شاراوه‌یه‌ یا دیاره‌ و له‌ناكاو ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى تێكدانى كه‌سایه‌تى و ناجێگرى و له‌ده‌ستدانى هاوسه‌نگیى ده‌روونى له‌لاى تاك، یا وه‌كوو گرێی ده‌روونى له‌ نه‌ست و ناخى كه‌سه‌كان ده‌پووكێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ش له‌ دواجار كه‌سى پسپۆر و شاره‌زا ده‌توانێ له‌ ڕێگاى ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ پێوه‌رێكى گونجاو بۆ ده‌ستنیشانكردنى ئه‌م جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ دابنێت.

 

(باس) ڕه‌گه‌زى نێر یا مێ كه‌سایه‌تیەکەى شه‌ڕانگێزتره‌؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: بەثێی زۆربەی توێژینه‌وه‌كان، ڕه‌گه‌زى نێر زیاتر له‌ ڕه‌گه‌زى مێ شه‌ڕانگێزترە، ئه‌مه‌ش له‌ ته‌مه‌نى منداڵى یان سه‌ره‌تاى ژیاندا بینراوه‌، ئافره‌تانیش نیگه‌رانیى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ده‌ربخه‌ن، به‌ هۆى دابونه‌ریتى كۆمه‌ڵایه‌تى، چونكه‌ توندوتیژیى جه‌سته‌یى و زاره‌كى له‌لاى ڕه‌گه‌زى نێر زیاتره‌، به‌ڵام جیاوازیى تاكایه‌تیش هه‌یه‌.

 

(باس) له‌ ڕوانگه‌ى سایكۆلۆژیدا چه‌ند جۆر كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێز هه‌یه‌؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: ده‌توانین بڵێین دوو جۆرى سه‌ره‌كى هه‌یه‌، ئه‌ویش شه‌ڕانگێزى ئاراسته‌كراو بۆ خود، جۆرى دووه‌م شه‌ڕانگێزى ئاراسته‌كراو بۆ ده‌ره‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، مرۆڤ ئه‌وانه‌ به‌ زۆر شێواز ده‌رده‌بڕێت، كه‌ له‌ جۆرى یه‌كه‌م نموونه‌ی خۆكوشتن به‌هێزترینیانه‌، جۆرى دووه‌م وه‌ك كوشتن، لادانی هه‌رزه‌كاران، یاخیبوون، تۆقاندن، ترساندن، داگیركردن، توندوتیژیى سێكس، هه‌ڕه‌شه‌كردن و ئابڕووبردن، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ موڵك و ماڵ و دزین، زۆرێك له‌م ڕه‌فتارانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت.

 

(باس) ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونى و باره‌ ده‌روونییانه‌ چین كه‌ ده‌بنه‌ فاكته‌ر بۆ دروستبوونى كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێزیى مرۆڤ؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: زۆر بارودۆخ و فاكته‌رى ده‌روونى هه‌یه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هۆى دروستبوونى ئه‌م ره‌فتاره‌، به‌ تایبه‌ت چه‌مكى داته‌پین یا هه‌ره‌سهێنان و شكست خواردن له‌ بواره‌كانى ژیاندا، كه‌ ئه‌مانه‌ پێش روودانى شه‌ڕانگێزى ده‌بن و له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێك، چونكه‌ په‌یوه‌ندییەكى راسته‌وخۆی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها هه‌ستكردن به‌ كه‌مى، هه‌ستكردن به‌ ئازارى جه‌سته‌یى و ده‌روونى، كه‌موكوڕیى جه‌سته‌یى، ئه‌مانه‌ هه‌موو فاكته‌رى سه‌ره‌كین بۆ ئه‌م بارودوخه‌.

 

(باس) ئایا شه‌ڕانگێزی له‌ ته‌مه‌نى منداڵیدا تووشى تاكه‌كان ده‌بێت؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: ڕه‌فتارى شه‌ڕانگێزى له‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كاندا هه‌یه‌، بگره‌ له‌ ته‌مه‌نى سه‌ره‌تاى قۆناغى منداڵى هه‌ر له‌ 2 - 3 ساڵى به‌دواوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامى بێبه‌شبوونى منداڵ و كه‌موكورتى تا ده‌گاته‌ ته‌مه‌نه‌كانى تر و له‌ قۆناغى هه‌رزه‌كارى زیاتر ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى ته‌مه‌ن و شێوازى ده‌ربڕینى ئه‌م ره‌فتاره‌ ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه‌ منداڵان شه‌ڕ له‌سه‌ر یارییه‌ك ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست یه‌كتر ئازار بده‌ن، به‌ڵام گه‌وره‌كان شه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌ویوزار، موڵك و داهات ده‌كه‌ن، تا ده‌گاته‌ راده‌ى كوشتن و له‌ناوبردن، له‌سه‌ر ئاستى گرووپ و ده‌وڵه‌تان جینۆساید و جه‌نگ تا ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ بۆمبى ناوه‌كى و چه‌كى قورس و كیمیایش به‌كار دێت بۆ زاڵبوون و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن یان له‌ناوبردنى گرووپ و ده‌وڵه‌تى تر.

 

(باس) کام هۆكاری ده‌ره‌كی راسته‌وخۆ كاریگه‌رە بۆ دروستبوونى كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێز؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: ماكدۆگڵ بۆچوونێكى سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى سه‌ره‌كیى بۆ شه‌ڕانگێزى هه‌یه‌ و ده‌ڵیت ئاماده‌گیێكى ره‌مه‌كى (غه‌ریزى) هه‌یه‌ له‌ لاى مرۆڤ، ئه‌ویش ئاماده‌یى بۆ شه‌ڕكردن و ده‌ڵێت ئه‌م ره‌مه‌كییه‌ له‌ هه‌موو ره‌مه‌كییه‌كانى (غه‌ریزه‌كانى) تر گه‌وره‌تر و به‌هێزتر بووه‌ له‌ دروستكردن و رێكخستنى كۆمه‌ڵایه‌تى. ئه‌م ره‌مه‌كه‌ش ره‌نگه‌ له‌ دواجار ببێته‌ هۆى بنیاتنان یان له‌ناوبردن، چونكه‌ ئێمه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌كانمان شه‌ڕ ده‌كه‌ین و ده‌جه‌نگین، به‌ڵام هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كان زۆرن و ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ هه‌ندێك له‌مانه‌ بكه‌ین وه‌ك:
ـ رۆڵى خێزان له‌ گه‌شه‌پێكردنى ئه‌م ره‌فتاره‌، چونكه‌ زۆر جار باوان هۆكارى سه‌ره‌كیین بۆ فێربوونى منداڵه‌كانیان له‌داهاتوودا، شێوازى په‌روه‌رده‌یى ناڕێك و پرۆسه‌ى به‌ كۆمه‌ڵایه‌تیبوونیش ده‌رفه‌تى دروستبوونى شه‌ڕه‌نگێزى ده‌دات.
ـ به‌كارهێنانى سزادان و توندوتیژیى خێزانى به‌رامبه‌ر منداڵ و هاندانى منداڵ بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ هاوڕێیانى.
ـ جیاوازیى شێوازى په‌روه‌رده‌ى منداڵ و جیاوازیكردن له‌نێوان منداڵاندا له‌ناو ماڵ و مامه‌ڵه‌ى توند، ئه‌مانه‌ هانده‌رن بۆ منداڵ.
ـ هه‌ستكردنى باوان به‌ شكستخواردن و سه‌رنه‌كه‌وتن له‌ ژیاندا، فشارى ده‌روونى و كێشه‌كان له‌نێوانیان و ناهاوسه‌نگیى خێزانى و نه‌مانى خۆشه‌ویستى.
ـ هه‌روه‌ها هه‌ستكردن به‌ نامۆیی و گۆشه‌گیرى و دوورخستنه‌وه‌.
ـ رۆڵى ڕاگه‌یاندنى بینراو به‌بێ سانسۆر كاریگه‌ریى زۆری هه‌یه‌، منداڵى ئێستا هه‌موو شتێك ده‌بینێت، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانى ئه‌نته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان زۆر كاریگه‌ریى نه‌رێنى له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیى مرۆڤ به‌گشتى هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ش به‌ تاقیكردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ش له‌ بوارى ده‌روونزانیدا سه‌لمێنراون.
- ژینگه‌ش رۆڵ ده‌گێڕێت له‌ دروستكردن و بنیاتنانى جۆرى كه‌سایه‌تیى باش و خراپ.

 

(باس) چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێزدا بكرێت؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه‌ به‌هێمنى، ئامۆژگارى، رێنوێنى و ئاراسته‌كردن، به‌تایبه‌ت له‌ناو خێزان و مامه‌ڵه‌ى باوان له‌گه‌ڵ منداڵان، ڕۆڵى مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ و توێژه‌رانى ده‌روونى زۆر كاریگه‌ریى ئه‌رێنیى ده‌بێت له‌ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ له‌م ره‌فتاره‌، چونكه‌ گرنگترین هه‌نگاو كه‌ ده‌توانین له‌گه‌ڵ منداڵ و هه‌رزه‌كار و گه‌وره‌كانیش به‌كارى بێنین، له‌ رێگاى تێركردنى پێداویستییه‌كانى سه‌ره‌كیى ژیانه‌، وه‌ك پێویستى بۆ ئارامى و ئاسایش و ئازادیى ده‌ربڕین و خۆشه‌ویستى و ڕێزگرتن و هاندان بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ ژیاندا.

 

(باس) چۆن ده‌توانین ریفۆرم بۆ كه‌سایه‌تیى شه‌ڕانگێز بكەین؟
عه‌بدولفه‌تاح حه‌سه‌ن: ئه‌گه‌ر هاوئاهه‌نگى هه‌بێت له‌نێوان خێزان و قوتابخانه‌ و ده‌زگا جیاجیایه‌كانیش به‌ بوونى ڕاوێژكار و پسپۆر و چاره‌سه‌ركارى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تیى شاره‌زا له‌م بواره‌دا، باشترین چاره‌سه‌رى بۆ ئه‌م گرفته‌ له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌خه‌مه‌ ڕوو:
ـ دروستكردنى ژینگه‌ى گونجاو، كه‌ تێیدا تاك هه‌ست به‌ ئارامى بكات.
ـ دۆزینه‌وه‌ و ڕه‌خساندنى بوار و ده‌رفه‌تى زیاتر بۆ كه‌سه‌كان، له‌ ئه‌نجامدانى چالاكى كه‌ حه‌زییان لێیه‌ به‌ ئازادانه‌ بیكه‌ن، تا بتوانن له‌ خودی خۆیان ده‌رببڕن، وه‌كوو چالاكیى وه‌رزشى و هونه‌رى ئه‌كادیمی.
ـ پێدانى ده‌رفه‌تى زیاتر به‌ گه‌نج و لاوه‌كان بۆ ده‌رخستنى ئه‌و هێزه‌ شاراوانه‌ى كه‌ له‌ ناخیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ژێر كۆنترۆڵى كه‌سانى شاره‌زا.
ـ ڕه‌خساندنى هه‌ڵى كار و ده‌رفه‌تى ژیان بۆ گه‌نجه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى گرفتى بێ كارى و باشتركردنى كوالێتیى ژیان.
ـ گه‌شه‌پێكردن و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تى.
ـ گه‌ڕان به‌دواى ئه‌لته‌رناتیڤ و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاوى تر، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركى هه‌مووانه‌.