سه‌رۆك هۆزى ئه‌لسه‌باح له‌ عێراق: په‌رله‌مانى عێراق له‌ گه‌نده‌ڵى و به‌رژه‌وه‌ندی پێکهاتووە

"ده‌ستتێوه‌ردانى ئێران، عێراقى بۆ سه‌د ساڵ گه‌ڕانده‌وە دواوه‌"

شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى، سه‌رۆك هۆزى ئه‌لسه‌باح له‌ عێراق، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ (باس) ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان وه‌كو هۆزى ئه‌لسه‌باح له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كورددان و ده‌شڵێت: ”له‌سایه‌ى ده‌ستێوه‌ردانى ئێران بۆ ناو كاروبارى عێراق ئارامى و سه‌قامگیرى نه‌ماوه‌“.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ دۆخى ئێستاى كه‌ركووك؟
شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى: كه‌ركووك ئێستا شارێكه‌ پڕه‌ له‌ كێشه‌ و گرفت، ئه‌و كاته‌ى له‌ژێر كۆنترۆڵى هێزى پێشمه‌رگه‌ دابوو هیچ كێشه‌ و گرفتێكى ئه‌منى له‌ ئارادا نه‌بوو و زۆر ئارام و باشتر بوو‌ له‌ ئێستا، ئه‌و كاته‌ش كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیر بوو، خێزانه‌ عه‌رەبه‌كان به‌ ئاسووده‌یى ده‌ژیان، پێشمه‌رگه‌ هیچ ئازاریان نه‌ده‌داین و رێزیان لێ ده‌گرتین.

 

(باس) بۆچوونتان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان چۆنه‌؟
شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى: گه‌لى كوردستان و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕاستى خانه‌دان و دڵسۆزن، زۆر هاوكاریى ئێمه‌ى عه‌ره‌بی سوننه‌ مه‌زهه‌بیان كرد، له‌ كاتى ئاواره‌بوونمان و هه‌ڵهاتنمان له‌ ده‌ستى تیرۆرستانى داعش، ئه‌وه‌ى باشه‌ و چاكه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌بیر بكات ئه‌وا زۆڵه‌، له‌ ڕووى هه‌موو شتێكه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان زۆر باش و خۆشه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو مافێكى گه‌لى كورد دام، ئه‌وه‌ى ئه‌وان داواى ده‌كه‌ن مافێكى ده‌ستوورییه‌.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟
شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى: هێزێكى سه‌ربازى به‌هێز و تۆكمه‌ن و به‌رگرییان له‌ هه‌موو لایه‌ك به‌بێ جیاوازى كردووه‌، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ داعش به‌ئاسانى ناوچه‌كه‌ى داگیر ده‌كرد، هێزێكى نیزامین و قسووریان نه‌كردووه‌ له‌ پاراستنى ناوچه‌كه‌ به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ و ڕۆڵێكى سه‌ربازیى كارامه‌یان گێڕاوه‌ له‌ گۆڕه‌پانى سه‌ربازیى عێراق‌.

 

(باس): چۆن ده‌ڕواننه‌ تیرۆرستانى داعش؟
شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى: داعش ڕێكخراوێكى تیرۆرستیى دڕنده‌ى خوێنڕێژه‌، هه‌ندێك لایه‌ن تۆمه‌تى ئه‌وه‌مان بۆ هه‌ڵده‌واسن كه‌ داعش په‌یوه‌ندییان به‌ عه‌ره‌بى سوننه‌ مه‌زهه‌به‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وا نییه‌، ئه‌وان به‌ پله‌ یه‌ك دوژمنى ئێمه‌ن، ئه‌و كه‌سه‌ى گه‌ر له‌ هۆزه‌كه‌ى منیش بێت و په‌یوه‌ندیى به‌ داعشه‌وه‌ كردبێت خوێنى حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ین.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانى ئێران بۆ كاروبارى ناوخۆى عێراق چییه‌؟
شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى: ئێران دوژمنى سه‌رسه‌ختى گه‌لى عێراقه‌، له‌ سایه‌ى ده‌ستتێوه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ كاروبارى ناوخۆى عێراق ئارامى و سه‌قامگیرى نه‌ماوه‌، ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردانه‌ى ئێران، عێراقى بۆ سه‌د ساڵ گه‌ڕانده‌وە دواوه.

 

(باس) بۆچوونتان به‌رامبه‌ر به‌ په‌رله‌مانى عێراق چییه‌؟
شێخ له‌یس ئه‌لسه‌باحى: په‌رله‌مانى عێراق پێكهاتووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و به‌رژه‌وه‌ندی، كاره‌كانى مایه‌ى دڵخۆشكردن نین و به‌ باشى به‌ڕێوه‌ ناچن، ناتوانێت داوا ڕه‌واكانى هاووڵاتییان جێبه‌جێ بكات.