گوتەبێژی دەستەی سەرۆک ھۆزە عەرەبەکان: پرۆسەی بەشیعەکردن لە کەرکووک دەستی پێ کردووە

”گەڕانەوەی پێشمەرگە زامنی باشتربوونی بارودۆخی ئەمنیی کەرکووکە“

 

لە دیمانەیەکی ھەفتەنامەی (باس)دا، شێخ مەسروور ناجی جبووری، گوتەبێژی دەستەی سەرۆک ھۆزە عەرەبەکانی کەرکووک، کە ھاوکات سەرۆکی ھۆزی جبوورە لە کەرکووک، ڕای دەگەیەنێت، دۆخی کەرکووک لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردەووە خراپە و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، دەشڵێت: " ئێستا پرۆسەی بەشیعەکردن لە کەرکووک دەستی پێ کردووە". چەند پرسێکی تریش باسی لێوە دەکرێت.

 

(باس) دۆخی ئەمنیی کەرکووک چۆن دەبینیت لەژێر داگیرکاریی حەشدی شەعبیدا؟

 

مەسروور جبووری: دۆخی کەرکووک لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردەووە خراپە و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دوای نەمانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە کەرکووک، ئیتر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بارودۆخی ئەمنیی کەرکووکیان تێک دا و لە کەرکووک ھەڵمەتی دەستگیرکردن و ڕفاندن زۆر بووە و تیرۆریستانی داعشیش ئیستیغلالی دۆخی ئێستای کەرکووکیان کردووە و جموجۆڵیان زیاد کردووە.

 

(باس) چۆن بڕیارەکانی ڕاکان سەعید، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک دەبینی، بەتایبەت بڕیاری رووخاندنی خانووی ھاووڵاتییانی کەمدرامەت کە خانووەکانیان بێ تاپۆن؟

 

مەسروور جبووری: بڕیاری رووخاندنی خانووی ھاووڵاتییان لە کەرکووک بڕیاری سیاسین، ئێمە ھەرگیز لەگەڵ رووخاندنی خانووی ھیچ کەسێکدا نیین و نامانەوێت دووبەرەکی لەنێوان پێکھاتەکانی کەرکووک دروست بێت، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستا، ئێمە ھەرگیز زوڵم لە کەس قبووڵ ناکەین و لەگەڵیدا نیین، ڕەنگیشە فشار بخرێتە سەر راکان سەعید بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە دەربکات و ئێمە داوای لێ دەکەین نەکەوێتە ھەڵەی گەورەوە و ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ ھۆزە کوردییەکان باشە و نامانەوێت بە ھەندێک بڕیاری نابەجێی حکوومی پێوەندییەکانمان تێک بچێت.

 

(باس) ئایا گوندە عەرەبنشینەکانی سنووری کەرکووک رووبەڕووی پرۆسەی بەشیعەکردن بوونەتەوە؟

 

مەسروور ناجی: دوای ئەوەی حەشدی شەعبی چوونە سنووری کەرکووک و لە بەشێک لە گوندە عەرەبییەکانیش ئێستا گرووپی حەشدی عەشائیری سەر بە حەشدی شەعبی پێک ھێنراوە، بۆیە ئەوان لایان ئاساییە کە ھێماکانی حەشدی شەعبی لە گوندە عەرەبنشینە سوننییەکانی کەرکووک بەرز بکەنەوە و ئێستا پرۆسەی بەشیعەکردن لە کەرکووک دەستی پێ کردووە.

 

(باس) ئایا زۆرینەی سەرۆک ھۆزە عەرەبییەکانی کەرکووک لەگەڵ مانەوەی حەشدی شەعبیدان؟

 

مەسروور ناجی: وەک زۆرینە، زۆرینەی لەگەڵ مانەوەی حەشدی شەعبی نیین، بەڵام تیایاندا ھەیە لەگەڵ مانەوەی حەشدی شەعبییە و ھەشە لەگەڵ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە و ئێمەش پێمان وایە گەڕانەوەی پێشمەرگە زامنی باشتربوونی بارودۆخی ئەمنیی کەرکووکی لێ دەکەوێتەوە و ئێستاش ڕایەکی تر ھەیە کە ئەویش ژوورێکی ھاوبەشی لەنێوان پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک پێکبھێنرێت بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنیی کەرکووک، بەڵام ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایشین بۆ کەرکووک.

 

(باس) ئەی جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بە دیاریکراوی لە حەویجە و دەوروبەری چۆن دەبینی؟

 

مەسروور ناجی: تیرۆریستانی داعش جارێکی تر دەستیان بە جموجۆڵ و کردەوەی تیرۆریستی کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک نەمان و حەشدی شەعبی ھاتنە سنوورەکە و ئەو تیرۆریستانە ھەن و ئەوان ئامانجیان تێکدانی دۆخی سنووری کەرکووکە، بەڵام پێشتر پێشمەرگە ڕێگەی لێیان گرتبوو و نەیدەھێشت تاوانی گەورە و بە ئارەزووی خۆیان ئەنجام بدەن.

 

(باس) ئێوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ئاوارە بوون؟

 

مەسروور ناجی: بەڵێ ئێمەش ھاوشێوەی برا کوردەکانمان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، کاتێک کە حەشدی شەعبی ھاتە کەرکووک و ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە کەرکووک، نەمان ئێمەش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووین.

 

(باس) ئێستا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک؟

 

مەسروور ناجی: تا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بن ناتوانین بگەڕێینەوە، چونکە ئێمە بەشێکین لە سەرۆک ھۆزە عەرەبییە سوننەکانی کەرکووک، چونکە میلیشیاکان لە کەرکووک و ڕەنگە ئیستیغلالی دۆخی ئێستای کەرکووک بکەن و زەفەرمان پێ ببەن و دۆخی کەرکووکیش ئارام نییە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کەرکووک مەترسیی دەکەوێتە سەر ژیانمان.