نەقیبی رۆژنامەنووسان: چوونەوەی ئەمجارەی کورد بۆ بەغدا یەکلاکەرەوە دەبێت

"عێراق یان دەبێ مافەکانمان بدات، یان دەبێ دان بە بڕیاری خەڵکی کوردستاندا بنێت"

لە ماوەی رابردوودا، ناوی کاندیدی حزبەکان بۆ پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرا، یەکێک لەو کاندیدانە ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستانە، کە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی هەڵبژاردووە. (باس) بۆ پرسی هەڵبژاردن و دۆخی عێراق و کارتی کوردستان بۆ داهاتووی لە عێراقدا، رووبەڕووی چەند پرسیارێکی کردەوە.

 

(باس) دەگوترێ حەیدەر عەبادی، بە دژایەتیی کوردستان دەیەوێ دەنگی شەقامی عەرەبی بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، بە بڕوای ئێوە وەڵامی کوردستان بۆ عەبادی چۆن بێت؟
ئازاد حەمەدئەمین: کورد لەدوای 2003 بۆ ئەوە رۆیشتە بەغدا کە وڵاتێکی دیموکراسی بێت و مافەکانی تیادا پارێزراو بێت، لە راستیدا پێش ئەوە کوردستان کۆمەڵێک دەستکەوتی دیفاکتۆی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە بوو تێکەڵ بە عێراقی کاتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێت، عەبادی و دەسەڵاتدارانی عێراق نەک ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور بۆ کوردستان دیاری کراوە، بەڵکوو ئەو دەستکەوتانەی رابردووشی پێ رەوا نابینن، بەو هۆیەشەوە تا دێت دوورکەوتنەوەی زیاتر لەنێوان کوردستان و عێراق روو دەدات، ئەگەر بێت و دۆخەکە هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوە پێشبنی وایە کوردستان دوای ئەم هەڵبژاردنە دوا بزماری خۆی لە عێراق بدات و کێشەکانی لەگەڵ یەکلا بکاتەوە، لەبەرئەوە دۆخەکە وا دەبینم، دوای هەڵبژاردن کوردستان قسەی خۆی هەبێت.

 

(باس) واتا عێراق لەبری بەرەو باشی بڕوات خراپتر بووە؟
ئازاد حەمەدئەمین: بەڵێ لەدوای 2003ەوە لەبری بەرەو وڵاتێک لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان هەنگاو بنێت، رۆژ بە رۆژ حکوومەتی زۆرینەی شیعە لەبەرامبەر بە کورد و تەنانەت سوننەکانیش بەرەو سەردەمی رژێمەکانی پێشوو گەڕاوەتەوە، ئێستا گەیشتووەتە چڵەپۆپە، بەو هۆیەوە کوردستان دەبێ لە داهاتووی عێراقدا خۆی یەکلا بکاتەوە، چونکە هەرکات حکوومەتی عێراق درکی بەوە کردبێت بەهێزە، هاتووەتەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی و هەمان سیناریۆکانی رژێمەکانی پێشووی لە دژی کوردستان دووبارە کردووەتەوە، لەبەرئەوە بۆ کوردستان ئەستەمە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەر بەردەوام بێت و لە بێهێزیدا پشتیوانیی بکات و دروستی بکاتەوە و ئەویش لە بەهێزیدا مافەکانی پێشێل بکاتەوە، دەبێ عێراق ئەوە بزانێت سەردەمی ئەوە نەماوە، ئیتر کوردستان بەو شێوەی ئێستا ناتوانێ لەگەڵی بەردەوام بێت.

 

(باس) بەڵام ئەوەی تێبنی کرا، لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتان بەو شێوەیە بۆ پشتیوانیی کوردستان نەهاتنە پێشەوە، هەر ئەوەش وای کردووە عێراق غروور بیگرێت؟
ئازاد حەمەدئەمین: ئەوەی ئێستا لە رای نێودەوڵەتیدا تێبینی دەکرێت، سیاسەت و دیپلۆماسیەتی کوردستان توانیویەتی لە رای گشتیی جیهانی بگەیەنێ، ئەوە عێراقە نایەوێ کێشەکانی لەگەڵ چارەسەر بکا، ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە، لەبەرئەوە یان نابێت عێراق بەو شێوەیە بەردەوام بێت، یان دەبێت ئیتر وڵاتان لەوە بگەن کوردستان ناتوانێ بەو شێوەیەی ئێستا لەگەڵی بەردەوام بێت.

 

(باس) ئێوە کە کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستانن بۆ پەرلەمانی عێراق، کە پارتێکی گەورەی کوردستانە بۆ دەچنەوە بەغدا، بۆچی بایکۆتی هەڵبژاردن ناکەن؟
ئازاد حەمەدئەمین: چوونی ئێمە و بەشداریی ئەمجارەی کوردستان لە هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەو خاڵە یەکلاکەرەوەیەیە کە یان دەبێت بەیەکەوە بەشێوەیەکی دادپەروەر و فیدڕاڵی راستەقینە بژین، یان ئیتر دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتی نێوانمان یەکلا بکرێتەوە.

 

(باس) پارتی ستراتیژی ئەوەی داناوە چۆن بڕواتەوە بەغدا؟
ئازاد حەمەدئەمین: بۆ ئێستاش و بۆ دوای هەڵبژاردنیش پارتی ستراتیژی هەیە، یەکەمیان بۆ ئێستا ئەوەیە کە دەیەوێ هەموو لایەک بگەن بەو بڕیارەی کە کوردستان ناتوانێ بەو شێوەی ئێستا لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، دووەمیان بۆ دوای هەڵبژاردنیش دەیەوێ زیاتر بەرچاوی ڕوون بێت، کە دەسەڵاتدارانی عێراق تا چەند دەیانەوێ بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان بێنە پێشەوە، تاوەکوو لەسەر بنەمایەکی بینراو هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێت، هەمیشەش پارتی جەمسەری قەزیەی کورد بووە لە عێراقدا و هەموو کات پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانی لە خۆی گەورەتر بینیوە، لەو پێناوەش قوربانیی زۆری داوە و هەر ئەوەش وای کردووە متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بێت.

 

(باس) پێتان وایە ژمارەی کورسی کاریگەریی هەبێت لەسەر هەڵوێستی کورد لە بەغدا، یان کەسایەتیی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانی کورد کاریگەریی زیاتریان دەبێت؟
ئازاد حەمەدئەمین: بۆ وڵاتێک کە بە عەقڵی زۆرینە و کەمینە سەیری پێکهاتەکانی بکات، چەند کورسییەک کەم و زۆر بێت کاریگەر نابێت، چونکە ئەوان زۆرینەی رەهان و بیانەوێ دەتوانن بڕیار لەسەر زۆر شت بدەن، لەبەرئەوە لەو بڕوایەدام کە جۆری پەرلەمانتاران کاریگەریی زیاتری هەیە لە چەندیەتییان، لەگەڵ ئەوەش، عێراق بە عەقڵی شۆڤێنی مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکات.

 

(باس) کەوابێ ڕیفراندۆم هەنگاوێکی ئەرێنی و لە کاتی خۆیدا بووە؟
ئازاد حەمەدئەمین: ریفراندۆم رای خەڵکی کوردستان بووە بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و دەستووری عێراق خۆی رێگەی داوە، بەڵام عەقڵیەتی حوکمڕانیی عێراقی ئەوەی پێ قبووڵ نەبوو، بێ گومان ئەگەر عێراق مافی خەڵکی کوردستان نەدات و بەو شێوەی ئێستا وەکوو براوەیەکی شەڕ مامەڵەی لەگەڵیدا بکات، ئەوە رای گشتیی نێودەوڵەتی دەگات بەوەی کە رێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان بگرێت، چونکە ئینتیما بە زۆر دروست ناکرێت، ئینتیما بەوە دەبێت کە عێراق وڵاتێکی دیموکراسی بێت و رێز لە پێکهاتە جیاوازەکانی بگرێت، ئەگەر نەیگرێت ئەوە دەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەی پێکهاتەکانیشی بکات، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان کە خەڵکەکەی بڕیاری خۆی داوە.

 

(باس) بەڵام ناوماڵی کوردستان یەکڕیز نییە و دوای ئەو هەموو زوڵمەی کە عێراق دەیکات، خەڵکانێک هەن لە ناوخۆی کوردستان عێراقچییەتی دەکەن و لە ناوچە داگیرکراوەکانیش لیستی خۆیان جیا کردووەتەوە؟
ئازاد حەمەدئەمین: دواجار بڕیاری راستی خەڵکی کوردستان و ئەو لایەنانە دەردەکەوێت کە لە کاتی دیاریکراودا دەزانن هەنگاو بۆ قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بهاون.

 

(باس) بەڵام هەندێ پێیان وایە هەڵەکە لە کوردستانە، عێراق نییە؟
ئازاد حەمەدئەمین: هەندێ خەڵک بۆ بەرژەوەندیی شەخسی، تووشی گومڕایی هاتوون، یان دەیانەوێ دەستکەوتی سیاسی بەرنەوە، ئەگەر نا کەس نییە لە کوردستان نەزانێ ئەو شێوازەی عێراق لە ئیدارەکەی بەرامبەر بە کوردستان دەیکات بەردەوامیی ستەمێکی مێژووییە، پێشم وایە هەر ئەوە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی وڵاتەکە و ئەوکات هیچ دەسکەوتێک بۆ ئەوانە نامێنێتەوە.


(باس) بەڵام بابەتەکە لەوە دەرچووە، ئەوە پەرلەمانتاری کورد چووە لەسەر لیستی شیعە و سوننە خۆی هەڵبژاردووەتەوە، هەیە داوای کردووە دایان نەناوە؟
ئازاد حەمەدئەمین: بەشداریکردنی هەر کوردێک لەسەر ئەو لیستانە بەهەر بیانوویەک بێ، ئەوە دەسەلمێنێ کە خەڵکانێک هەن لە کوردستان لە دژی مافەکانی خەڵکەکەی خۆیان وەستاونەتەوە.

 

(باس) بەڵام، ئەو کەسانەی سەر بە گۆڕان و یەکێتین، لەلایەن حزبەکانیان پاڵپشتی کراون، کەوابێت ئەوانیش لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانن؟
ئازاد حەمەدئەمین: ئەوەی یەکێتی بە ئاشکرا پشتیوانیی نەکراوە وەکوو حزب، رەنگە گرووپ و باڵی تیابێت پشتیوانییان کردبێ، بەڵام ئەوەی گۆڕان بەداخەوە کە نازانرێت ئەوە چ جۆرە سیاسەتێکە، ئەو برادەرانە لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان دەیکەن.

 

(باس) بۆچی ئەمجارەیان کورد ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنبوون تاقی نەکاتەوە؟
ئازاد حەمەدئەمین: ئەگەر عێراق وڵاتێکی دیموکراسی بوایە، رەنگە ئەوە باش بوایە، بەڵام ئەو دۆخەی عێراق بەو عەقڵیەتەوە ئۆپۆزسیۆنبوون تیایدا مافەکانی خەڵکی کوردستان دابین ناکات لەکاتێکدا کە بە بەشداری و تەوافقی سیاسی بەدەست نەهاتبێت.