مه‌سرور بارزانی: خەونی سەربەخۆیی کوردستان هەرگیز کۆتایی نایەت

دەقی چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی لەگەڵ (ئەلمۆنیتۆر)

26/02/2018 - 09:05 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر)دا باس لە بەردەوامیی خەونی سەربەخۆیی کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی دواتر و خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێک دەکات.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئایا خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییتان بۆ كوردستان كۆتایی هاتووه‌؟

مەسرور بارزانی: وه‌ك خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، پێم وانییه‌ هه‌رگیز كۆتایی بێت. ته‌نها پێویسته‌ واقیعبین بین سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ره‌كان. ئێمه‌ پێمان وابوو پێشهاتێكی گرنگه‌ بۆ جیهان و حكومه‌تی عێراقیش پێویسته‌ بزانێت داواكاریی گه‌لی كورد چیی؟ هه‌ر بۆیه‌ش بوو ریفراندۆممان به‌م شێوەیە ئه‌نجام دا، ئێمه‌ نیگه‌رانی داهاتووی گه‌له‌كه‌مان بووین. ئێمه‌ ویستمان دڵنیا بینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك ڕوو نادات و په‌یوه‌ندییه‌كی ئاشتیخوازانه‌ و سه‌قامگیرمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت له‌ هه‌ر چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌مان به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن. به‌ داخه‌وه‌، پێم وایه‌ نیازی گه‌لی كوردستان به‌ قه‌سد لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ كرا، چوونكه‌ ڕا ده‌ڕبڕین به‌و مانایه‌ نایه‌ت كه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ پێویست بێت. ئه‌مه‌ كاتێك بوو كه‌ بابه‌ته‌كان به‌ لاڕێدا بڕان و ئێمه‌ له‌ ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌مه‌یان به‌رپرسیار نین.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، هه‌روه‌ك سەرۆک بارزانی ڕایگه‌یاندبوو، زه‌نگێكی ئاشكرای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی بوو. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی كاردانه‌وه‌كان له‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان، ئایا پێتان وایه‌ جیهان ئاماده‌ نییه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان؟

مەسرور بارزانی: ئاشكرایه‌ نه‌بوو، به‌ڵام ده‌ربڕینی ڕای گه‌لێك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ خوازیارن له‌ داهاتوو به‌ چ شێوه‌یه‌ك بژین، تاوان نییه‌. ئه‌مە ته‌نها كارێك بوو خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌نجامی دا. هه‌ر كاتێك گفتوگۆ هه‌بووبێت سه‌باره‌ت بە په‌یوه‌ندیی داهاتووی نێوان كوردستان و به‌غدا، هه‌میشه‌ گوتراوه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی خواستی هه‌موو گه‌لی كوردستان نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ش پێویست بوو خواست و بۆچوونی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك وه‌ربگیرێت كه‌ ئاخۆ چیان ده‌وێت؟ ئێستا ده‌زانین كه‌ به‌ ڕاستی خه‌ڵكی كوردستان چی ده‌وێت: 92% به‌ (به‌ڵی) ده‌نگی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ربه‌خۆیی داوه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایه‌ به‌ بارودۆخی ئێستا و ئه‌م ته‌گه‌رانه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌، بتوانن وه‌ک به‌شێك له‌ عێراق به‌رده‌وام بن؟

مەسرور بارزانی: كاتێك گه‌لێك ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت بۆ ده‌ربڕینی بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ژیان، ئه‌وا خوازیاری داهاتوویه‌كی گه‌ره‌نتیكراوه‌ بۆ منداڵه‌كانی، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو بابه‌تێكی دیكه‌وه‌ گرنگی هه‌یه‌. به‌ڵام كاتێك جیهان ئه‌مه‌ قبووڵ ناكات و به‌ جۆرێك كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت كه‌ بینیمان، ئه‌وا له‌ دژی هه‌موو پره‌نسیپه‌ جیهانییه‌كان و ته‌نانه‌ت چارته‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ده‌وه‌ستێته‌وه‌. ریفراندۆم شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ و شارستانییانەی موماره‌سه‌كردنی دیموكراسی بوو. گه‌لی كوردستان به‌رپرسیار نییه‌ و پێویسته‌ سزا نه‌درێت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕای خۆی سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ی ژیانی ده‌ربڕیوه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ئه‌م هۆكارانه‌ بكه‌ن كه‌ ریفراندۆم به‌م شێوه‌یه‌ی لێهات، به‌ پێی گرنگی هۆكاره‌كان چۆن ڕێزبه‌ندییان بۆ ده‌كه‌ن؟ به‌رهه‌ڵستی به‌غدا، ئێران، توركیا، یان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان؟ یه‌كڕیزنه‌بوونی نێوماڵی كورد خۆی؟ یانیش نه‌گونجانی كات؟

مەسرور بارزانی: ئێمه‌ گفتوگۆی زۆرمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتان، له‌مانه‌ش عێراق، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، وڵاتانی ڕۆژئاوا و دراوسێكانمان. له‌ هیچكامیان گوێبیستی به‌رهه‌ڵستیی پره‌نسیپی مافی چاره‌ی خۆنووسی نه‌بووین و دژی سه‌ربه‌خۆیی نه‌بوون. هه‌ندێك نیگه‌رانی هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم. به‌ڵام به‌ لای ئێمه‌وه‌ هۆكاره‌كان موقنیع نه‌بوون بۆ دواخستنی ریفراندۆم.

لێره‌دا به‌ دیاریكراوی باسی ئه‌مریكا و عێراق و هه‌ندێك وڵاتی ئه‌ورووپی ده‌كه‌م. ئه‌وان له‌ سه‌ر سێ خاڵ نیگه‌ران بوون. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌وان پێیان وابوو ریفراندۆم كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌ڕی دژ به‌ داعش. دووه‌میان ئه‌وه‌ بوو كه‌ بڕوایان وابوو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت له‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی. سێیه‌م خاڵیش ئه‌وه‌ بوو كه‌ كێشه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته‌ هۆكاری تێكهه‌ڵچوونی سه‌ربازی. ئێمه‌ش بۆ هه‌ر یه‌ك له‌م خاڵانه‌ وه‌ڵامی خۆمان هه‌بوو. یه‌كه‌م: پابه‌ندبوونی ئێمه‌ به‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمە له‌گه‌ڵ به‌غد نه‌بوو. ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ڕابردوو بکەن كه‌ چۆن داعش سه‌ره‌تا سەری هەڵدا، دبینن كه‌ شكستی سیسته‌می سیاسی له‌ به‌غدا بووه‌ هۆكارێكی داڕمانی ئابووری و بۆشایی ئه‌منی، ئەمانەش وایانكرد 12 فیرقه‌ی سوپای عێراقی هه‌ره‌س بهێنێت و هه‌موو چه‌ك و چۆڵه‌كه‌یان بكه‌وێته‌ ده‌ستی داعش. له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ یه‌ك مانگ، داعش بوو بە یه‌كێك له‌ به‌هێزترین گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ناوچه‌كه‌. كاتێكیش داعش هێرشه‌كانی دژ به‌ ئێمه‌ ده‌ستپێكرد، ئه‌وه‌ قاره‌مانێتیی خه‌ڵك و بوێریی پێشمه‌رگه‌كان و پاڵپشتیی هاوپه‌یمانان بوو كه‌ وایكرد داعش بوه‌ستێنرێت. هه‌ر ئه‌و كاتانه‌ش بوو كه‌ به‌غدا دژی پێدانی چه‌كی قورس بوو به‌ ئێمە و مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌كانمانی بڕی و بووجه‌ی كوردستانیش كه‌ له‌ ساڵی 2014ەوە بڕابوو.

بڕیاری وه‌ستانه‌وه‌ و شه‌ڕكردن دژ به‌ داعش، بڕیاری خۆمان بوو. بێ گوێدان به‌ چۆنییه‌تیی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه‌ به‌ردوام ده‌بین و پابەندی شه‌ڕین دژ به‌ تیرۆریزمی نێوه‌ده‌وڵه‌تی. ئێمه‌ ئاماده‌ی گرێبه‌ستێك بووین له‌گه‌ڵ به‌غدا و هاوپه‌یمانان بۆ نیشاندانی پابه‌ندیمان به‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕی ده‌ژ به‌ داعش و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واوی نێوانمان له‌م جه‌نگه‌دا.

 

ئەلمۆنیتۆر: مه‌به‌ستتان له‌ كاتی ریفراندۆم و پاشی ریفراندۆمیشه‌؟

مەسرور بارزانی: به‌ڵێ.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئه‌مه‌ نه‌یتوانی قه‌ناعه‌تێك لای ئه‌وان دروست بكات؟

مەسرور بارزانی: نه‌خێر. بۆ خاڵی دووه‌میش كه‌ پەیوەندیدار بوو به‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی حەیدەر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێمان وایه‌ كاریگه‌ریی ئێمه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك كاریگه‌رییەكی سنوورداره‌، چوونكه‌ سیسته‌می ئێستای هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك دارێژراوه‌ كه‌ زۆرینه‌ بۆ شیعه‌كان مسۆگه‌ر بكات.

 

ئەلمۆنیتۆر: به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ پشتگیری لایه‌نێكی شیعه‌ له‌ دژی لایه‌نێكی دیكه‌ بكه‌ن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كارگه‌ریتان ده‌بێت؟

مەسرور بارزانی: له‌م پرۆسه‌یه‌دا كاندیدكردنی كه‌سه‌كه‌ گرنگترین قۆناغی پرۆسه‌كه‌یه‌. هه‌موومان ده‌زانین كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ لایه‌نێكی شیعه‌ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆیان یەک دەنگ بن، ئه‌وا ده‌نگی سوننەکان و كورد به‌یه‌كه‌وه‌ش كاریگه‌ری نابێت. ئه‌گه‌ر هیچ كه‌سێك زۆرینه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنێت، ئه‌وكات دانووستان بۆ هاوپه‌یمانێتی ده‌ستپێده‌كات و ته‌نها له‌م قۆناغه‌ش ئێمه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌توانین ڕۆڵمان هه‌بت. ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتیش ئێمه‌ ئاماده‌ بووین گفتوگۆ بكه‌ین له‌باره‌ی باشترین كاندید بۆ داهاتوو كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاوپه‌یمانان و ڕۆژئاوا و له‌سه‌رووی هه‌موانیشه‌وه‌ خه‌ڵكی عێراق بگونجێت. بۆیه‌ دووباره‌ ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ ریفراندۆم ئه‌م پرۆسه‌یه‌ و ده‌رهاوێشته‌كانی به‌ لاڕێدا نه‌برد.

خاڵی كۆتایی كه‌ له‌ باره‌ی بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بوو كه‌ گوایه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكهه‌ڵچوونی سه‌ربازی، پێویسته‌ به‌ بیرتان بێنمه‌وه‌ كه‌ هۆكارێك هه‌بوو پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ بوونی هه‌بوو، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان شكستیان هێنا له‌ پاراستنی ئه‌م ناوچانه‌ دژ به‌ داعش و جێیان هێشت. ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانگوتبوو ریفراندۆم سنووری نێوان كوردستان و عێراق دیاری ده‌كات. له‌م خاڵه‌دا ئێمه‌ ڕاشكاو بووین كه‌ خۆمان بە شایه‌نی مه‌فه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان ده‌زانی كه‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان.

 

ئەلمۆنیتۆر: زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك نه‌كرابایه‌ ئه‌وا نه‌ده‌گه‌یشتینه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا. پێتان وایه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك هه‌ڵه‌ بوو؟

مەسرور بارزانی: دوو بۆچوون له‌م باره‌وه‌ هه‌بوو. هه‌ندێك پێیان وابوو كه‌ ریفراندۆم پێویست بوو ته‌نها سنووری ئێستای ئیداریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بگرتایه‌ته‌وه‌. هه‌ندێكیش بڕوایان وابوو چوونكه‌ بڕیار له‌باره‌ی سنووری نوێی كوردستان نادرێت، كه‌واتە هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم له‌ كه‌ركووكیش ئه‌نجام بدرێت. ئه‌گه‌ر كوردێكی عێراق له‌ ئه‌ڵمانیا یان هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ مافی ده‌نگدانی له‌ ریفراندۆم هه‌بێت، بۆچی ئه‌م مافه‌ له‌ كوردێكی كه‌ركووك بسه‌نرێت؟

 

ئەلمۆنیتۆر: بۆچوونێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك ئه‌نجام نه‌درابا، ئه‌وا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوبه‌ش نه‌ده‌بوو له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم. به‌ڵام ماوه‌یه‌كی كه‌م بەر له‌ ریفراندۆم پاڤڵ تاڵه‌بانی ده‌ركه‌وت و له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگه‌یاند كه‌ حاڵه‌تی كه‌ركووك ده‌كرێت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت. ئه‌م په‌یامه‌ له‌وانه‌یه‌ هێمایه‌ك بووبێت كه‌ پێویست بوو گرنگی پێ بدرێت؟

مەسرور بارزانی: ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی هه‌بوون كه‌ پێداگرییان ده‌كرد له‌وه‌ی ریفراندۆم له‌ كركووكیش ئه‌نجام بدرێت. ئه‌م به‌رپرسانه‌ ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بوون و ئێمه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌كرد.

 

ئەلمۆنیتۆر: بۆچی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌م توندییە دژی ریفراندۆم ده‌ركه‌وت؟

مەسرور بارزانی: نازانم. پێویسته‌ پرسیار له‌ خۆیان بكه‌ن. كاتێك ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندمان بۆ نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌وان كرد، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ریفراندۆم هیچ كێشه‌یه‌ك دروست ناكات و ده‌رهاوێشته‌ی نه‌رێنی نابێت.

 

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌م ڕاشكاوییه‌ دژایه‌تیی خۆی بۆ ریفراندۆم ده‌رنه‌بڕیبا، ئه‌وا حكومه‌تی عێراق هێشتا به‌هه‌مان شێوه‌ په‌رچه‌كرداری توندی ده‌بوو و وه‌ك بینیمان توندوتیژی دژ به‌ كوردیشی لێ كه‌وه‌ته‌وه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ ئه‌مریكا بوو جورئه‌تی به‌ به‌غدا به‌خشی به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌فتار بكات؟

مەسرور بارزانی: ئه‌وان كاتێك جورئه‌تیان په‌یدا كرد كه‌ بێ هه‌ڵوێستیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكایان بینی. ئه‌گه‌ر ئه‌وان چاوپۆشییان له‌ پێشێلكارییه‌كانی به‌غدا دژ به‌ ده‌ستوور و هه‌نگاوه‌ به‌رهه‌ڵستكارانه‌كانی دژ به‌ ریفراندۆم نه‌كردبا، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ حكومه‌تی عێراقیش نه‌یتوانیبا هێزی سه‌ربازی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سیاسی دژ به‌ ملیۆنان هاوڵاتی له‌ وڵاته‌ك كه‌ پێی ده‌گوترێت عێراق، به‌كار بێنێت. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ ریفراندۆم ده‌نگیان دا، هاووڵاتی عێراقی بوون. ئه‌مریكا ده‌یتوانی دڵنیایی به‌ به‌غدا بدات كه‌ ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ و ئۆتۆماتیكی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان نییه‌. ئه‌مه‌ ته‌نها دەنگدان له‌ ریفراندۆم بوو. بۆچی كورد هه‌میشه‌ ده‌بێت به‌ دڵی ئه‌وانی دیكه‌ بڕیار بدات و ته‌سلیمی ئه‌جێندای خه‌ڵكی دیكه‌ بێت؟ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێن به‌ ئاشتیانه‌ بژین.

 

ئەلمۆنیتۆر: ده‌كرێت وه‌ڵامی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ بێت كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان وه‌ك ئێوە‌‌ مافیان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، بۆ نموونه‌ لە كه‌ركووك بوونیان هه‌بێت. ئه‌وان هێرشیان نه‌كردووه‌ به‌ڵكوو هێزیان له‌و ناوچانه‌ جێگیر كردووه‌ و ئێوه‌ هێزه‌كانتان كشاندووه‌ته‌وه‌. هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كیش له‌نێوان هێزه‌كانی ئێوە و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق نه‌بووە؟

مەسرور بارزانی: ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌. ئێمه‌ ئاماده‌ییمان ده‌ربڕیبوو بۆ دانووستان و گفتوگۆ به‌ر له‌ ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش. ئامانجی ریفراندۆم ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌مان پێبدات. ئێمه‌ به‌رده‌وام جه‌ختمان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاره‌نووسی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ پەیوەستە به‌ مادده‌ی 140 له‌ ده‌ستووری عێراق. ئێمه‌ هیچ كارێكمان نه‌كرد بۆ چه‌سپاندنی خواستی خۆمان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ دا. عێراق هێزی سه‌ربازی به‌ كار هێنا بۆ پاشه‌كشكه‌پێكردنی پێشمه‌رگه‌. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی دووژمنكارانه‌ بوو له‌ دژی خه‌ڵكی خۆیان.

 

ئەلمۆنیتۆر: هه‌ندێك ناڕوونی هه‌یه‌ له‌ باره‌ی ئەوەی چی ڕووی دا. ئێوه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق شه‌ڕتان كرد؟

مەسرور بارزانی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌. به‌ر له‌ شه‌ڕه‌كه‌ جوڵان و جێگیركردنی هه‌ندێك هێز له‌م ناوچانه‌ هه‌بوو كه‌ ئامانجی به‌غدا تێیدا به‌ دیار كه‌وت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵی به‌رپرسانی حكومی و حزبیی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی دیالۆگی ئاشتییانه‌، جێگریكردنی هێزی سه‌ربازی له‌ لایه‌ن به‌غدا به‌رده‌وامی هه‌بوو. له‌ بری گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ندێك لایه‌ن له‌ به‌غدا ده‌ستیانكرد به‌ گفتوگۆ و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی هێنانی هێزی سه‌ربازییه‌كانی عێراق. بیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌م هێزانه‌ بهێنرێنه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی كه‌ی وان و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك. هیچ گفتگۆیه‌ك له‌باره‌ی هێنانی ئه‌م هێزانه‌ بۆ ناو جه‌رگه‌ی شار له‌ ئارادا نه‌بوو. وه‌ك دیاره‌ دواتر هه‌ندێك ڕێككه‌وتی جیاواز ئه‌نجام دران.

 

ئەلمۆنیتۆر: كێ بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌یان ئه‌نجام دا؟

مەسرور بارزانی: لایه‌نێكی نێوخۆی یه‌كێتی. حه‌ز ناكه‌م بابه‌ته‌كه‌ به‌ شه‌خسی بكه‌م. به‌ڵام بە ئاشكرا دیاره‌ كێ بوو و خه‌ڵكیش ئه‌مه‌ ده‌زانێت.

 

ئەلمۆنیتۆر: هیچ وڵاتێكی دیكه‌ ده‌ستی له‌م بابه‌ته‌ هه‌بوو؟

مەسرور بارزنی: ئێرانییه‌كان، عێراق، حه‌شدی شه‌عبی و لایه‌نه‌كی نێوخۆیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان. هه‌ر وه‌ك خۆشیان گوتیان گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیاش هه‌بووه‌. گوتیان ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ باڵوێزخانه‌كان له‌ به‌غدا كردووه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: توركیا له‌ هیج یه‌ك له‌م ڕێككه‌وتنانه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك تێوه‌گلابوو؟

مەسرور بارزانی: ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم نه‌خێر.

 

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایه‌ به‌ بێ كه‌ركووك بتوانن كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆی به‌هێزتان هه‌بێت؟

مەسرور بارزانی: بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی په‌یوه‌ست به‌ شارێك و ناوچه‌یه‌ك نییه‌. ئه‌مه‌ خواستی گه‌لێكه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت. كه‌ركووك گرنگه‌ و مێژووی شاره‌كه‌ كوردستانییه‌، به‌ڵام ئێستاكه‌ كێشه‌ی له‌سه‌رە. لەگەڵ ئەوەشدا ئایا حكومه‌تی عێراقی له‌ 2005ەوە تا ئێستا چی كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور؟ بابه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ كیانێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی چی له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ جێگای گفتوگۆیه‌ و ئێمه‌ش میكانیزمێكمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كێ خاوه‌نی كوێیه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئێستا كه‌ ئه‌م ناوچانه‌تان له‌ده‌ست داوه‌، ئایا پێتان وایه‌ هێشتا كاریگه‌ریتان وه‌ك پێش ریفراندۆم ماوه‌. به‌رپرسانی عێراقی بۆ چ شتێك پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕای كورد؟

مەسرور بارزانی: سه‌یرێكی ڕابڕدووی ئێمه‌ بكه‌ له‌ یه‌ك سه‌ده‌ی ڕابردوودا. كاتێك سه‌ددام له‌ ده‌سه‌لات بوو، كۆنتڕۆڵی هه‌موو عێراقی له‌به‌رده‌ست بوو، ئایا ئێمه‌ له‌ناو چووین؟ ئه‌دی نه‌گه‌ڕاینه‌وه‌؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی مافی كوردستانه‌ بۆ كوردستان ده‌بێت. ئێمە هه‌رگیز لە خاك و خه‌ڵكمان پاشگەز نابینەوە.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئایا پێتان وایه‌ بارودۆخی ئێستای عێراق به‌ جۆرێكه‌ كه‌ داعش بتوانێت دووباره‌ سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌؟

مەسرور بارزانی: هه‌موو جیهان هه‌ڵه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر پێیان وا بێت له‌ ڕێگه‌ی شكستی سه‌ربازیی داعش، ئایۆلۆژیه‌كه‌ له‌ ناو ده‌چێت. ناوچه‌كان ڕزگار كران و داعش شكستی سه‌ربازی خوارد، به‌ڵام هێشتا له‌ناو نه‌چووه‌. هێشتا ماون و خۆڕێكخستنه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هێرش ئه‌نجام ده‌ده‌ن. پێویسته‌ هۆكاره‌كان باس بكرێن كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌وان داعش سەری هەڵدا. ئایا هیچ هه‌وڵێكی جددی هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م هۆكارانه‌؟ نه‌خێر. چه‌وساندنه‌وه‌ و په‌راوێزخستنی خه‌ڵك، قبووڵ نه‌كردنییان وه‌ك هاوبه‌شی هاوتا. پێم بڵێن كام ناوچه‌ له‌ عێراق هه‌یه‌ سه‌قامگیر بێت و ئه‌منییه‌ت تێیدا به‌رقه‌رار بێت و خزمه‌تگوزاری هه‌بێت؟ كوا ئاو و كاره‌با؟ ئه‌م هه‌موو پاره‌یه‌ بۆ كوێ چوو؟ عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌. هۆكاری تێكشانی وڵاته‌كه‌ هه‌ڵه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سامان و سه‌رچاوه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان. تاكو ئێستاش كوردستان ئامنترین ناوچه‌ی عێراقه‌، هه‌ركه‌سێكش ئاشنا بێت به‌ واقیعی عێراق، ئه‌مه‌ قبووڵ ده‌كات. به‌ڵام هێرشه‌كانی پارساڵ بۆ سه‌ر كوردستان ئه‌م پرسیاره‌ دروست ده‌كه‌ن كه‌ ئایا بۆچی ده‌بێت لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌وڵ بدات سه‌قامگیریی ئه‌و به‌شه‌ی وڵات تێك بدات کە له‌ هه‌مووان سه‌قامگیرترە؟

 

ئەلمۆنیتۆر: مه‌ترسیی به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر ئێوه‌ هه‌یه‌؟

مەسرور بارزانی: ئه‌مه‌ هه‌مووی یه‌ك پاكێج بوو كه‌ بریتی بوو له‌ له‌باربردنی ئه‌زموونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. به‌ مه‌به‌ست لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یان بۆ خواستی كورد له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كرد، هه‌وڵیان دا كوردستان په‌راوێز بخه‌ن. به‌ دڵنیایه‌وه‌ گفتوگۆش هه‌بوو له‌ نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌. به‌غدا نوێنه‌ره‌كانی خۆی بۆ ئانكارا و تاران ڕه‌وانه‌ كرد بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنییه‌تی كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ریفراندۆم. عێراق زوو به‌ زوو باس له‌ سه‌روه‌ریی وڵات ده‌كات له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ خۆیان بوون کە نوێنه‌ره‌كانیان بۆ ئانكارا و تاران ڕه‌وانه‌ كرد و هێزی ده‌ره‌كییان هێنا بۆ یه‌لاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان.

 

ئەلمۆنیتۆر: هه‌ندێك ده‌نگۆ هه‌یه‌ كه‌ ئانكارا و به‌غدا له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) له‌ شنگال. شتێکی وا له‌ ئارادا هه‌یه‌؟

مەسرور بارزانی: نازانم.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئه‌گه‌ر داعشێكی نوێ سه‌رهه‌ڵبدات و ئه‌مریكا دووباره‌ له‌ ده‌رگای كورد بدات بۆ یارمه‌تی، به‌ تێبینی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا ئێوه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان نه‌پاراستووه‌، ئایا هه‌ڵوێستتان ئه‌مجاره‌ چی ده‌بێت؟

مەسرور بارزانی: پابه‌ندبوونی ئێمه‌ به‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هیچ وڵاته‌كی دیكه‌ نییه‌. هه‌ر شتێك بێت ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر. ئه‌گه‌ر بۆ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ شه‌ڕمان كردبا، ئه‌و كاته‌ی ڕێگه‌یان نه‌دا چه‌كمان پێ بدرێت، ده‌بوایه‌ كۆتاییمان به‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر هێنابوا. به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام بووین له‌ شه‌ڕ دژ به‌ دوژمنێك كه‌ به‌غدای هه‌نایه‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ. ئێمه‌ ئه‌و وڵاته‌مان پاراست.

 

ئەلمۆنیتۆر: كه‌واتە ئه‌مریكا ده‌توانێت هێشتا ئێوه‌ به‌ دۆست و هاوپه‌یمانی خۆی بزانێت؟

مەسرور بارزانی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌. ئێمه‌ هاپه‌یمانین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جیاوازیمان له‌ هه‌ندێك بابه‌تیش هه‌بێت. به‌ڵام كاتێك باس له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر ده‌كرێت، ئێمه‌ ئه‌ندامێكی چالاك و كاریگه‌ری هاوپه‌یمانی دژ به‌ تیرۆرین.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئیداره‌ی دۆناڵد ترامپ یه‌كێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوورداركردنی هه‌ژموونی ئێرانه‌. ئایا پێتان وایه‌ ڕووداوه‌كانی دوای ریفراندۆم كه‌ ده‌گوترێت ئه‌مریكا ئاسانكاری بۆ ڕوودانییان كرد، كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌یان هه‌بووه‌؟

مەسرور بارزانی: با سه‌یرێكی ڕاستییه‌كان بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئێران یان هه‌ر ولاتێكی دیكه‌ كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی هه‌وڵ ده‌دات، ئه‌مه‌ نابێت وه‌ك وته‌یه‌ك دژ به‌ ئه‌وان لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت. به‌ڵام له‌ 2003 تاكوو ئێستا، هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌رز بووه‌ته‌وه‌. ئایا ئه‌وان یاریزانی باش بوون؟ پێم وایه‌ به‌ڵێ. ئه‌وان یاریزانی باشن و ده‌زانن چۆن هه‌ژموونی خۆیان به‌رفراوان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین. من باسی ئه‌م ئیداره‌ یان ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا ناكه‌م، به‌ڵام هه‌ر كاتێك پلانه‌كانییان بۆ ڕای گشتی باس ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌رزی واقیع یه‌ك ناگرێته‌وه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: ده‌كرێت ئه‌مه‌ ئه‌زموونێك بێت بۆ كورده‌كانی سووریا؟

مەسرور بارزانی: بارودۆخی كورد له‌ سووریا زۆر ئاڵۆزه‌. جگه‌ له‌ كێشه‌كانی نێو سووریا، له‌ نێوخۆی كورده‌كانی سووریاش كێشە هه‌یه‌. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هیچ ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له‌ نێوان كورد له‌ سووریا و هیچ یه‌ك له‌ ولاتانی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانیی دژ به‌ داعش نییه‌. سرووشتی كورد وایه‌ كه‌ جه‌نگاوه‌ری ئازان و جیهان ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌زانێت، گرنگیش نییه‌ له‌ سووریا بن یاخۆد له‌ عێراق. كوردی سووریا له‌ دژی داعش باش جه‌نگان و تا ئێستا پاڵپشتیان ده‌كرێت، ته‌نها بۆ به‌رده‌وام بوون له‌م جه‌نگه‌. به‌ڵام ئایا په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی له‌ نێوان كوردی سووریا و وڵاتانی دیكه‌ دروست ده‌بێت یا نا، ئه‌مه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ئێستا نازانین، به‌ڵام كاری زۆر له‌م بواره‌ نه‌كراوه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئه‌وان ئێستا له‌ شه‌ڕدان له‌گه‌ڵ سوپای توركیا. له‌م ماوه‌یه‌ بینیمان شانده‌كی په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی حكوومه‌ت سه‌ردانی عه‌فرینیان كرد بۆ ده‌ربڕینی هاوسۆزی. ئایا له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئیداری ڕۆژئاوا؟

مەسرور بارزانی: با به‌ ڕوونی بڵێم. كورد هه‌مووی سه‌ر به‌ یه‌ك حزب یان گرووپ نییه‌. توركیا ده‌ڵێت شه‌ڕ دژ به‌ یه‌ك گرووپی دیاریكراو ده‌كات نه‌وه‌ك كورد. ئه‌و هاوسۆزییه‌ش كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ریبڕیوه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌كان یان نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل لایه‌نێكی دیاریكراو نییه‌. ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی سڤیل هه‌یه‌ كه‌ له‌م نێوه‌ندی شه‌ڕه‌دا گیریان خواردووه‌. زۆرێك له‌م خه‌ڵكانه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌یه‌ و هاوسۆزییان بۆ ئێمه‌یه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی و سیاسییمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌. ئێمه‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین. هاوسۆزی له‌گه‌ڵ كورد نیشان دراوه‌. ئه‌م خه‌ڵكه‌ بێ تاوانه‌ پێویستی به‌ یارمه‌تی مرۆیی هه‌یه‌ و ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌رجۆره‌ یارمه‌تییه‌ك. ئێمه‌ دژی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ین. هه‌ر كێشه‌یه‌كیش بكرێت پێویسته‌ به‌ شه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: هیج نیازتان هه‌یه‌ نێوه‌ندگیری بكه‌ن له‌ نێوان توركیا و یه‌په‌گه‌ \ په‌كه‌كه‌؟

مەسرور بارزانی: هه‌رشتێكی له‌ده‌ستمان بێت بۆ پاراستنی گیانی خه‌ڵكی بێ تاوان، به‌ڵنیاییه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.

 

ئەلمۆنیتۆر: له‌ ڕابردوو گوتووتانه‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ شنگال چۆڵ بكات. ئێستاش هه‌مان داواكاریتان هه‌یه‌؟

مەسرور بارزانی: به‌ڵێ، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێكی كورد له‌ وڵاتێکەوە هاتێبێت، پێویسته‌ ته‌ركیز له‌سه‌ر كێشه‌كانی خۆیان له‌م وڵاته‌ بكه‌ن. گواستنه‌وه‌ی كێشه‌كانییان بۆ وڵاتێكی دیكه‌ ته‌نها بابه‌ته‌كان ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئایا ئه‌مه‌ له‌ باره‌ی پارته‌كانی كوردستانی ئێرانیش ڕاسته‌؟ ده‌گوترێت ده‌سه‌لاتدارانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیان گوتوون پێویسته‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و ئێران چۆڵ بكه‌ن؟

مەسرور بارزانی: كورده‌كانی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی به‌پیر داواكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتوون بۆ ئه‌نجام نه‌دانی هێرشی سه‌ربازی دژ به‌ ئێران. بارودۆخه‌كه‌ له‌ باره‌ی ئه‌مانەوە ته‌واو جیاوازه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: له‌م دواییانه‌ سه‌رۆك وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی تارانی كرد و ئه‌مه‌ش وای نیشان دا درووستبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ ئارا دایه‌. ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟

مەسرور بارزانی: توركیا، سووریا و ئێڕان چوار ده‌وری ئێمه‌یان داوه‌، به‌ ده‌ڵنیاییشه‌وه‌ كێشه‌ی دیكه‌مان له‌گه‌ڵ عێراقیش هه‌یه‌. ئێمه‌ نیازمان نییه‌ دوژمنكاری له‌نێوان خه‌ڵكی خۆمان و دراوسێكانمان دروست بكه‌ین. ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌ستی دۆستایه‌تیمان بۆ ئه‌وان درێژ كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنەمای به‌رژه‌وه‌ندی و ڕێزگرتنی دوولایه‌نه‌ بێت. تا ئه‌و ساته‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ مه‌ترسیمان له‌سه‌ر دروست نەکەن و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان پێشێل ناكه‌ن، ئێمه‌ ئاماده‌ین هاوكاریان بین بۆ به‌ره‌وپێشبردنی سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئایا ڕاسته‌ كه‌ سەرۆک بارزانی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب تەیب ئه‌ردۆگان بانگهێشت كراوه‌ بۆ ئانكارا به‌ڵام بانگهێشته‌كه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ به‌ هۆكاری هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین؟

مەسرور بارزانی: گوێبیستی هیچ شتێك نه‌بوومه‌ له‌م باره‌وه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ قۆناغی دوای ریفراندۆمه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ چ شتێک گۆڕاوه‌؟

مەسرور بارزانی: توركیا هاوبه‌شێكی گرنگ بووه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. له‌ سۆنگه‌ی ئابوورییه‌وه‌، توركیا ده‌روازه‌یه‌ك بووه‌ له‌ نێوان كوردستان و جیهان. له‌ ماوه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی دوای ریفراندۆم، توركیا هه‌رگیز سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ كوردستان دانه‌خست و ئه‌مه‌ش پێشی به‌ قه‌یرانێكی مرۆیی له‌ كوردستان گرت. ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێكی گرنگ بوو. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌میشه‌ كێشه‌ ده‌بێت، به‌رزی و نزمی ده‌كه‌وێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌، بەڵام با سه‌یری داهاتوویه‌كی گه‌ش بكه‌ین به‌یه‌كه‌وه‌.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئایا پێتان وایه‌ به‌شێك له‌ به‌رهه‌ڵستییه‌كانی توركیا بۆ ریفراندۆم په‌یوه‌ست بوو به‌ ئه‌جێندای ناوخۆیی ئه‌ردۆگان؟

مەسرور بارزانی: به‌ڵێ. پێم وایه‌ به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی هه‌بوو.

 

ئەلمۆنیتۆر: ئێوە كه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟

مەسرور بارزانی: حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان، یان لانی كه‌م پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بوون به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجام بدرایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كورد بە یه‌كگرتوویی كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ به‌غدا دروست كردبا. ئێستا كه‌ ڕێگه‌مان نادرێت كورد بین و ناچارین عێراقی بین، پێویسته‌ هه‌موو مافێكی عێراقیمان پێ بدرێت. وه‌ك مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان. پێویستیشە‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كردی دابمه‌زرێنین. ئه‌مه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یە كه‌ پارتی دیموکراتی كوردستان كاری بۆ ده‌كرد. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هەندێک لایه‌نی دیكه‌ له‌ كوردستان پێیان وابوو كه‌ دامه‌زراندنی لیستی هاویه‌ش یان هاوپه‌یمانییه‌تی، به‌ هه‌ندێك هۆكاری سیاسیی خۆیان، ده‌توانێت ده‌نگی زیاتریان بۆ مسۆگه‌ر بكات.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، به‌ هۆكاری كێشه‌ی ناوخۆیی، ئاماده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێڕاق نه‌بوو.

 

ئەلمۆنیتۆر: كێ خۆی كاندید ده‌كات بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی؟ هیچ به‌ربژێرێك له‌ خه‌یاڵتان هه‌یه‌؟

مەسرور بارزانی: بابه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت. ئه‌م په‌رله‌مانە ئاماده‌یی باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ی نییه‌. پێویسته‌ پەرلەمانێکی نوێ هه‌ڵبژێرین كه‌ به‌ یاسا هه‌یكه‌لی حكوومه‌ت دیاری بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیش له‌ خۆ ده‌گرێت و ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا ئه‌م پۆسته‌ ئه‌سڵه‌ن پێویسته‌؟ ئه‌گه‌ر پێویسته‌ چۆن هه‌ڵبژاردنی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت؟ ئایا خه‌ڵك ڕاسته‌وخۆ ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن یان له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بێت؟

 

ئەلمۆنیتۆر: کەواتە ئایا كورد ده‌توانێت به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێك بهێنێت؟

مەسرور بارزانی: پێم وایه‌ گه‌لی كوردستان چاوه‌ڕێی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی پارته‌كانه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر حزبێك به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بخاته‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندیی خەڵکەوە، ئه‌وا به‌رپرسیاره‌. خه‌ڵك چاوه‌ڕێیه‌ پارته‌كان كێشه‌كانی نێوانیان وه‌لا بنێن و یه‌كگرتوو بن. پێم وایه‌ ئه‌گه‌رێكی به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ڕوو بدات. گفتوگۆكان به‌رده‌وامن و بارودۆخه‌كه‌ش زۆر له‌ پێشووتر گونجاوتره‌. له‌ هه‌مووی گرنگتر هاوپەیمانێتییەکانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت، ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ده‌رگای كورد ده‌دات.

 

ئەلمۆنیتۆر: له‌ كۆتاییدا، بابه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كان چی به‌سه‌ر دێت و ئێوه‌ دوای له‌ده‌ستدانی داهاتی نه‌وتی كه‌ركووك، چۆن خۆتان له‌ گوشاری ئابووری ده‌رباز ده‌كه‌ن؟

مەسرور بارزانی: داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان هه‌نگاوه‌كی ناپێویست بوو دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان. من پێم وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ئه‌نجام درا. هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی دژ به‌ ده‌ستوور بوو، چونكه‌ فڕۆكه‌خانه‌كان ناكرێت به‌ بڕیاری سیاسی دابخرێن. گفتوگۆ هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی. گفتوگۆكان له‌ باره‌ی هاوبه‌شیكردنی داتا و زانیارییه‌كانه‌ وه‌ك سیسته‌مێكی یه‌كگرتووی داتاكان كه‌ ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندیمان نیشان داوه‌.

ئینجا كێشه‌ی كۆچبه‌ران و ڤیزا و گومرگه‌كان هه‌بوو. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی نیشان داوه‌ به‌ پابه‌ندبوونه‌ به‌ هه‌ر ڕێكارێك كه‌ ده‌ستوور ده‌ستنیشانی كردبێت. دواتر كه‌ به‌غدا هیچ بیانوویه‌كی نه‌ما بۆ نه‌كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، بابه‌تی ئه‌منی هێنایه‌ به‌ر باس كه‌ گوایه‌ چوونكه‌ فڕۆكه‌خانه‌كان خاڵی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی وڵاتن، كۆنتڕۆلكردنیان ده‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نی حكوومه‌تی فیدراڵی بێت.

حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دیسانیش ڕه‌زامه‌ندی نیشان دا به‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌ خۆجێییه‌كان كه‌ ئێستا كۆنتڕۆڵی فڕۆكه‌خانه‌كانییان له‌ ده‌سته‌، ڕاپۆرتی راسته‌وخۆ ڕه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تی فیدراڵی بكه‌ن. ئێستا هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان نه‌كرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌مووی بابه‌تێكی سیاسییه‌ كه‌ حكومه‌ت وه‌ك كه‌مپینێكی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامی ده‌دات و گه‌لێك سزا ده‌دات، ته‌نها له‌ پێناو مسۆگه‌ركردنی ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ ڕێگه‌ی كارتی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستیی عێراقییەوە. به‌م دواییانه‌ دیدارمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی و به‌رپرسانی دیكه‌ و به‌ڵێنی دا كه‌ فڕۆكه‌خانه‌كان به‌م زووانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌. ئێمه‌ وشه‌ی (به‌م زووانه‌)مان پێشتریش زۆر گوێ لێ بووه‌. با بزانین ئایا به‌ڵێنه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ داهاتی نه‌وتی و بابه‌ته‌كانی دیكه‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی له‌ ده‌ستووردا چاره‌سه‌ری بۆ دانراوه‌. ئه‌گه‌ر به‌غدا ڕێزی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كانی خۆی بگرتایه‌ ئه‌وا هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌یشتینه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ. هه‌ر مانگێك كه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كورد نادرێت و به‌شه‌ بوجه‌ی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان ڕه‌وانه‌ ناكرێت، ئه‌م پرسیاره‌ زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ كوێ ده‌چێت؟ ئایا ڕۆژێك دێت ئه‌م پاره‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ بدرێته‌وه‌ به‌ كورد خۆی؟ هیچ سندوقێكی پاشه‌كه‌وت بوونی نییه‌. ئایا كه‌س له‌ به‌غدای پرسیوه‌ كه‌ ئه‌م پاره‌ له‌ 2014ەوە كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت بۆ كوێ ده‌چێت؟

 

ئەلمۆنیتۆر: سه‌باره‌ت به‌ ئاواره‌ عێراقییه‌كان له‌ كوردستان، ئایا حكوومه‌ت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هاوكاری ئه‌وان ڕه‌وانه‌ ده‌كات؟

مەسرور بارزانی: نه‌خێر. شتێكی دیكه‌ش هه‌ی، بۆچی هێشتا خه‌ڵك له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ڕاده‌كه‌ن و دێن له‌ خێمه‌دا و له‌ ناو كه‌مپه‌كان له‌ كوردستان ده‌ژین؟ هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ئه‌من و ئاسایشه‌ له‌ شار و گونده‌كانی خۆیان، چونكه‌ كوردستان هێشتا ئارامترین و ئازادترین و سه‌قامگیرترین به‌شی عێراقه‌.