پەرلەمانتارێکی كوردستان: حەشدی شەعبی فشار له‌ مەسیحییەکانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا دەکا تا ئایینیان بگۆڕن

"گۆڕان و كۆمه‌ڵ ده‌یانه‌وێت پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ نه‌هێشتنی سیسته‌مى كۆتا"

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا وه‌حیده‌ یاقو هورمز، په‌رله‌مانتاری مه‌سیحی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یانه‌وێت پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌شی په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن، بۆ نه‌هێشتنی سیسته‌مى كۆتا، ده‌شڵێت: " ناوچه‌ مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا ڕووبه‌ڕووى ته‌عریب و به‌شیعه‌كردن بووه‌ته‌وه‌". چه‌ند پرسێكی دیكه‌ش باسی لێوه‌ ده‌كرێت.

 

(باس) حكوومه‌تى عێراق جدییه‌ له‌سه‌ر وردبینیكردنى لیستی مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێكی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان و ناردنی مووچه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: ماوه‌یه‌كى زۆره‌ حكوومه‌تى عێراق بانگه‌شه‌ى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ناوه‌ند چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆمان ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و گوتانه‌ ته‌نیا بۆ تێپه‌ڕینی كاته‌ و ئێمه‌ تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكى پراكتیكیمان له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ى كه‌ ده‌یكه‌ن نه‌بینی، ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، موزایه‌ده‌ى سیاسییه‌ و كردوویانه‌ به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و ئه‌وان جه‌نگێكى ده‌روونی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و كه‌ى قسه‌كانیان كرده‌ پراكتیكى ئه‌و كاته‌ باوه‌ڕیان پێ ده‌كه‌ین‌.

 

(باس) ئه‌ى چاره‌سه‌ر چییه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان یه‌ك ده‌نگ بن و ریزه‌كانیان یه‌ك بخه‌نه‌وه‌ و ئه‌و كاته‌ باشتر ده‌بوو، ده‌بووه‌ فشارێكى گه‌وره‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق بۆ ناردنى شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئێستا حكوومه‌تى عێراق ئیستیغلالی دۆخى ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، چونكه هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق تێكه‌ڵ كردووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ناو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بن، ئه‌مه‌شیان كورد به‌ لاوازى نیشان ده‌دات له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا، ته‌نانه‌ت ئێستا باڤێڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید، كه‌ هیچ پۆستێكى فه‌رمیى حكوومییان نییه‌ و ده‌چنه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ مالكى و عه‌بادی كۆ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌شیان ڕه‌فتارێكى خراپه‌ و دۆخى كوردستان زیاتر تێك ده‌دات، بۆیه‌ ئێستا عه‌بادی تووشی غروورێكى سیاسی بووه‌، هه‌ر رۆژێك قسه‌یه‌ك ده‌كات و هه‌ر رۆژێك بڕیارێك ده‌دات و كه‌چی جێبه‌جێشی ناكات‌.

 

(باس) دۆخی مه‌سیحییه‌كانى عێراق به‌گشتى چۆنه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: مه‌سیحییه‌كانى عێراق دۆخیان خراپه‌ و هه‌میشه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ په‌لاماره‌ توندوتیژییه‌كانى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، پێش په‌یدابوونى تیرۆریستانی داعش گرووپه‌ چه‌كداره‌كانى تر ته‌عه‌دایان له‌ مه‌سیحییه‌كانى به‌غدا و به‌سڕه‌ و شوێنه‌كانى تریش ده‌كرد و ئه‌وانیش په‌نایان بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌هێنا و به‌شێكیشیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران كۆچیان كرد، له‌ كاتى هاتنی تیرۆریستانى داعش به‌شێك له‌ ناوچه‌ مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتی نه‌ینه‌وایان داگیر كرد و ئه‌وانیش ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون، ئێستاش ئه‌و مه‌سیحییانه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌كانى خۆیان له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا ماونه‌تەوه‌، حه‌شدى شه‌عبی كرده‌وه‌ى توندوتیژی له‌ دژیان ئه‌نجام ده‌دا، حه‌شدى شه‌عبی مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌واى ناچار كردووه‌ كه‌ موڵك و ماڵی خۆیان بفرۆشن و كۆچ بكه‌ن و به‌شێك له‌و مه‌سیحیانه‌ش بۆ پاراستنى سه‌ر و ماڵیان به‌ نرخێكى زۆر كه‌م خانووه‌كانیان فرۆشتووه‌ و كۆچیان كردووه‌ و ده‌شتی نه‌ینه‌واش رووبه‌ڕووى سیاسه‌تى به‌عه‌ره‌ب و به‌شیعه‌كردن بووه‌ته‌وه‌ و ده‌توانم بڵێم بارودۆخیان له‌ سه‌رده‌مى داعش خراپتره‌، ئه‌و مه‌سیحییانه‌ كاتێك كۆچ ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ پارێزراون، به‌ڵام ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى كه‌ به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ كاریگه‌ریى كردووه‌ته‌ سه‌ر كار و كه‌سابه‌ت و ئه‌وانیش له‌ بوارى ئابوورییه‌وه‌ دۆخیان خراپه‌.

 

(باس) میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی فشاریان كردووه‌ته‌ سه‌ر مه‌سیحییه‌كان تا ئایینى خۆیان بگۆڕن؟
وه‌حیده‌ یاقو: به‌ڵێ كردوویانه‌ و ته‌نانه‌ت ته‌عه‌داشیان لێ كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا قوتابخانه‌ به‌ ناوى ئیمام خومه‌ینى و سه‌ركرده‌ ئایینییه‌ شیعه‌كانى تر كراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ شه‌به‌كه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی ته‌عه‌دا له‌ مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڕاستى هێرشێكى ناڕه‌وا ده‌كرێته‌ سه‌ر مه‌سیحییه‌كان، به‌ڵام مه‌سیحییه‌كانى هەرێمی كوردستان دۆخیان باشه‌ و تاكه‌ په‌ناگه‌یه‌ بۆ مه‌سیحییه‌كان.

 

(باس) پاپای ڤاتیكان ئاگاداری دۆخى مه‌سیحییه‌كانی عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: له‌م چه‌ند رۆژه‌ى ڕابردوودا به‌تره‌ مه‌تران وه‌ك (نوێنه‌رى مه‌سیحییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان) چوونه‌ته‌ لای پاپای ڤاتیكان و دۆخى مه‌سیحییه‌كانى كوردستان و عێراقیان گه‌یاندووه‌ته‌ پاپا و له‌م ماوه‌یه‌شدا سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى پاپای ڤاتیكانى كرد و دۆخى مه‌سیحییه‌كانى پێی گه‌یاند و ئێمه‌ش چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌رییه‌كانین، تا ڕێگه‌ له‌ كۆچی مه‌سیحییه‌كان بگیرێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ بپارێزرێن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ عێراقدا له‌وه‌ زیاتر رێژه‌ى مه‌سیحییه‌كان كه‌م نه‌بێته‌وه‌.

 

(باس) بۆچی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی، به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌ نزیكى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بینه‌وه‌، ئه‌وان دژایه‌تیى سیسته‌مى كۆتای كه‌مینه‌كان ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمى كوردستاندا؟
وه‌حیده‌ یاقو: به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ى بوونی مه‌سیحییه‌كان كه‌ له‌ هه‌ولێر و زیاتریش له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆكدان و ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ زیاتر دژایه‌تیى سیسته‌مى كۆتا به‌تایبه‌ت مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن، گۆڕان و كۆمه‌ڵن و ئه‌وانیش له‌ سنوورى سلێمانى زیاتر لایه‌نگریان هه‌یه‌ و ئه‌وان به‌ ده‌ستێكى ده‌ره‌كى دژایه‌تیی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كه‌ن و ته‌قه‌بولی ئایینی جیا و ڕای جیاواز ناكه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌سێكى مه‌سیحى نه‌گاته‌ په‌رله‌مان، ده‌یانه‌وێت پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ نه‌هێشتنی سیسته‌مى كۆتا و هه‌وڵی تری جۆراوجۆر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ده‌ن، ئێمه‌ش ئه‌و هه‌وڵانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌توانم بڵێم پارتی دیموكراتی كوردستان دژی هه‌ڵگرتنی سیسته‌مى كۆتایه‌ و له‌گه‌ڵ به‌شێكى ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵام لایه‌نه‌كانى تر له‌گه‌ڵیدا نیین، ئێستا ژماره‌ی مه‌سیحییه‌كان كه‌م بوونه‌ته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ نه‌توانن مونافه‌سه‌ى لایه‌نه‌كانى تر بكه‌ن له‌ كاتى هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵام خۆ ده‌بێت مه‌سیسحییه‌كانیش نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ناو په‌رله‌مان و ده‌نگى مه‌سیسحییه‌كان بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ده‌زگا گرنگه‌ى وڵات و ئه‌گه‌ر توركمان و مه‌سیحی و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كانى تر نوێنه‌ریان له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستان نه‌مێنێت، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ په‌رله‌مانێكى كوردى به‌ته‌نیا، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌ر هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنى سیسته‌مى كۆتا ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌.