كوڕى سه‌رۆكى پێشووترى عێراق: بۆ عه‌ره‌بى سوننه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باشترە له‌ حكوومه‌تى عێراق

"هه‌ندێ به‌رپرسى كوردیش هه‌ن كه‌ هاوكارى سه‌دام بوون و تا ئێستا هیچیان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌"

عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر، كوڕى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كری سه‌رۆكى پێشووترى عێراق له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (باس) ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ سیسته‌مى ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق سیسته‌مێكى تایفه‌گه‌رییه‌ و مالیكى و عه‌بادیش ته‌واوكه‌رى یه‌كدین و ده‌شڵێت: “هه‌رێمى كوردستان هاوكاریى پێشكه‌ش به‌ چه‌نده‌ها خێزانى ئاواره‌ى ژێر ده‌ستى تیرۆرستان و حه‌شدى شه‌عبى كردووه”‌.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر بارودۆخى ئێستا عێراق چییه‌؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: ئێستا ده‌سه‌ڵاتى عێراق ئاشكرایه‌ له‌لایه‌ن چ لایه‌نێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، كه‌ سوننه‌كان تێیدا په‌راوێز خراون و هیچ پۆستێكى گرنگ به‌ده‌ستییانه‌وه‌ نییه‌، من نامه‌وێت لێره‌دا باسى تایفه‌گه‌رایه‌تى بكه‌م، به‌ڵام كه‌ كاتێك زوڵم له‌ سوننه‌كان ده‌كرێت، ده‌بێ قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین، گه‌ر له‌ناو سوننه‌ كه‌سێك ده‌ركه‌وێت ڕاو ده‌كرێت و تۆمه‌تى تیرۆری ده‌خرێته‌ پاڵ.

 

(باس) هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق چۆن ده‌بینن؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: هه‌ڵبژاردن بكرێت یاخود نه‌كرێت هیچ نییه‌، من بڕوام به‌ شتى وه‌ها نییه‌، چونكه‌ گه‌ر ئه‌نجام درا هه‌مان ده‌موچاوه‌كان دێنه‌وه‌ گۆڕه‌پانه‌کە و هیچ گۆڕانكارییه‌ك ناكرێت.

 

(باس) په‌یوه‌ندیى باوكت له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن چۆن بوو؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: له‌ كاتى ده‌سه‌ڵاتیاندا هه‌ڵسوكه‌وتى سه‌دام له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى باوكم گونجاو و باش بوو.

 

(باس) به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌دام باوكتى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادابێت، راسته‌؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: نه‌خێر وانییه‌، باوكم له‌ سه‌ره‌تاى ساڵانى هه‌فتاكانه‌وه‌ ده‌یویست ده‌ست له‌ كار بكشێنێته‌وه‌ و وازهێنانى له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماریى عێراق به‌ ئاره‌زووى خۆى بوو.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى كه‌ سه‌دام ده‌رهه‌ق به‌ كوردى ده‌كرد؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: من له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ كورد له‌ سه‌رده‌مى سه‌دامدا تاوانه‌كانى ئه‌نفال و كیمیاباران دژى ئه‌نجام درا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ به‌رپرسى كوردیش هه‌ن كه‌ هاوكاریى سه‌دام بوون و تا ئێستا هیچیان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌، به‌ڕاستى كورد دوورن له‌ کینه‌ هه‌ڵگرتن و دڵیان پاك و بێگه‌رده‌.

 

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى چۆنه‌؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: حه‌شدى شه‌عبى سوپایه‌كى نیزامى نییه‌ و ده‌بێ ده‌وڵه‌ت پێویستى پێى نه‌بێت، له‌دواى ئه‌وه‌ى چه‌ندین ملیار دینار بۆ سوپا سه‌رف ده‌كات.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان جۆنه‌؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: هه‌رێمى كوردستان هاوكاریى چه‌نده‌ها خێزانى ئاواره‌ى ژێر ده‌ستى تیرۆریستان و حه‌شدى شه‌عبى كرد و شوێنى نیشته‌جێبوونی بۆ دابین كردن، له‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سوكارى منیشى تێدایه‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى عێراق بۆ عه‌ره‌بى سوننه‌ باشتره‌.

 

(باس) كێ هۆكارى دروستبوونى داعشه‌ له‌ عێراق؟
عه‌بدولسه‌لام ئه‌لبه‌كر: حكوومه‌ته‌كه‌ى مالیكى تۆمه‌تبارى سه‌ره‌كییه‌، ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق سیسته‌مى تایفه‌گه‌رێتییه‌ و مالیكى و عه‌بادییش ته‌واوكه‌رى یه‌كدین.