شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: هێز له‌ به‌غداوه‌ هاتووه‌ و له‌ خانه‌قین خه‌ڵكى ڕفاندووه‌

"ئه‌گه‌ر خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ هه‌رگیز حه‌شدى شه‌عبی جورئه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد بێته‌ سنووره‌كانى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان"

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خانه‌قین، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، دواى داگیركردنى شارى خانه‌قین له‌لایه‌ن میلیشیكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، ئێستا له‌ خانه‌قین خه‌ڵك له‌ سه‌روماڵی خۆی دڵنیا نییه‌، ده‌شڵێت: "حه‌شدى شه‌عبی له‌ ناوچه‌ى نه‌فتخانه‌ و بیره‌ نه‌وته‌كانى نێوان جه‌له‌ولا و خانه‌قین بە ‌تانكه‌ر نه‌وت پڕ ده‌كه‌ن و به‌دزییه‌وه‌ ئاودیوى ئێرانى ده‌كه‌ن". چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ش تایبه‌ت به‌ دۆخی سنوورى خانه‌قین ده‌خرێنه‌ به‌ر باس.

 

(باس) له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017، دۆخى خانه‌قین چی لێ به‌سه‌ر هات؟
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: شاری خانه‌قین، له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كرا، پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و داموده‌زگاكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ خانه‌قین هه‌بوون و ئه‌وكات‌ ژیان له‌ خانه‌قین ئه‌وه‌نده‌ خۆش و ئاسایی بوو، به‌شێك له‌ خه‌ڵك و گه‌نجان به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌ ئێواران بۆ بەسه‌ربردنى كاتێكى خۆش ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، تیایاندا هه‌بوو تا سه‌عات دووى دواى نیوه‌ شه‌ویش ده‌مایه‌وه‌، واتا له‌ ڕووى ته‌ناهییشه‌وه‌ دۆخى خانه‌قین باش بوو و هاوشانى شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوو، به‌ڵام ئێستا هه‌ر پێش خۆرئاوابوون كه‌س له‌ بازاڕدا نامێنێت، چونكه‌ خه‌ڵك له‌ سه‌روماڵی خۆی دڵنیا نییه‌، هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا تا ئێستا چه‌ند هێزێك هاتوون بۆ خانه‌قین خه‌ڵكیان ڕفاندووه‌ و هه‌رچی به‌رپرسی كوردیش هه‌یه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ له‌ناو خانه‌قین، هه‌ر له‌م چه‌ند شه‌وه‌ى ڕابردوودا میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی به‌رپرسی یاریده‌ده‌رێتیی ئاسایشی یه‌كێتی له‌ خانه‌قین، خۆی له‌ ماڵ نه‌بووه‌، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ى و كارمه‌ندێكى ئاسایشیان ده‌ستگیر كردووه، هه‌ر له‌م چه‌ند رۆژه‌ى ڕابردوودا میلیشیكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵی ناحیه‌ى سه‌عدییه‌ى سه‌ر به‌ خانه‌قین له‌گه‌ڵ برایه‌كى له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ڕفێنران و ئێواره‌ى رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28/1/2018 شێخ موتڵه‌گ عه‌له‌وى، كه‌ سه‌رۆكى هۆزى نه‌دایه‌، كه‌ هۆزێكى عه‌ره‌به‌ له‌گه‌ڵ برایه‌كى كه‌ پارێزه‌ره‌ له‌نزیك به‌رله‌درووز، حه‌شدى شه‌عبی هه‌ردووكیانیان شه‌هید كردووه‌، میلیشیكان ئه‌مه‌ و ده‌یان كرده‌وه‌ى پێشێلكاریى تریان ئه‌نجام داوه‌ و خه‌ڵك هیچ مورتاح نییه‌ له‌ بوونى حه‌شدى شه‌عبی له‌ سنوورى خانه‌قین.

 


(باس) ئه‌ى پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبی له‌ خانه‌قین چۆن ده‌ستى پێ كرده‌وه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: به‌ڵێ هه‌وڵی ته‌عریبكردنه‌وه‌ى خانه‌قین ده‌ده‌ن و به‌شێكیان به‌ ناوى ئیسلاحى كشتوكاڵییه‌وه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، له‌دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك پێگه‌ى كورد له‌ به‌غدا به‌هێز بوو و خاوه‌نى چه‌ندین به‌رپرسی باڵا بووین له‌ناو حكوومه‌تى عێراق و په‌رله‌مان، به‌ڵام نه‌یانتوانى ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ى كه‌ كاتى خۆی به‌عس داویه‌تى به‌ جووتیارانى عه‌ره‌ب به‌ گرێبه‌ست، گرێبه‌سته‌كانیانیان هه‌ڵوه‌شاندبایه‌ته‌وه‌ و دووباره‌ به‌ فه‌رمى ڕاده‌ستى جووتیارانى كوردیان بكردایه‌ته‌وه‌، ئێستاش كه‌ حه‌شدى شه‌عبی ناوچه‌كه‌ى داگیر كردووه‌، ئه‌و جووتیاره‌ عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ پێشتر زەویى كورده‌كانیان داگیر كردبوو، جارێكى تر هاتوونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌یانه‌وێت ئه‌رزه‌كان داگیر بكه‌نه‌وه‌ و داواى قه‌ره‌بوو له‌ كورده‌كان ده‌كه‌ن، كه‌ ماوه‌ى 14 ساڵه‌ كشتوكاڵ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هاتوون و بیانوو له‌و ماڵانه‌ ده‌گرن كه‌ له‌ناو خانووى حكوومیدان، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ریان بكه‌ن و عه‌ره‌بیان له‌ شوێن نیشته‌جێ بكه‌ن.

 

(باس) باس لە دزینی نه‌وتی سنوورى خانه‌قین له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ دەکرێ ئەمە تا چەند راستە؟
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: له‌ ناوچه‌ى نه‌فتخانه‌ى سه‌ر به‌ خانه‌قین، كه‌ له‌ سنوورى ئێرانه‌وه‌ نزیكه‌، نه‌وته‌كه‌ى ده‌ردێنن و میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی تانكه‌رى لێ پڕ ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌ن بۆ ئێران و له‌ رێگاى نێوان خانه‌قین و جه‌له‌ولاش چه‌ند بیره‌ نه‌وتێك هه‌یه‌ كاتی خۆی داپۆشرابوون‌، ئێستا میلیشیاكان له‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ نه‌وت ده‌رده‌هێنن و هاوشێوه‌ى بیره‌ نه‌وتییه‌كانى نه‌فتخانه‌ به‌ تانكه‌ر پڕ ده‌كرێن و به‌دزیی‌وه‌ ئاودیوى ئێرانى ده‌كه‌ن.


(باس): دۆخى ناحیه‌كانى مه‌نده‌لی و جه‌باره‌ و قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌له‌ولای سه‌ر به‌ خانه‌قین له‌ سایه‌ی حه‌شدى شه‌عبیدا چۆنه‌؟
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: له‌ سه‌رجه‌م ناحیه‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین، هاوشێوه‌ى ناوه‌ندى قه‌زاكه‌ دۆخه‌كه‌ ناخۆش و ئاڵۆزه‌ و له‌ مه‌نده‌لی به‌دیاریكراوى حه‌شدى شه‌عبی رێگا نادات حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌و ناحیەیه‌ باره‌گا بكه‌نه‌وه‌ و پێشتریش باره‌گاكانیان به‌ زه‌بری هێز داخست، ته‌نانه‌ت به‌رپرسی ناوچه‌ى پارتى له‌ مه‌نده‌لی كه‌ هاوكات سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ناحیه‌ى مه‌نده‌لییه‌، حه‌شدى شه‌عبی رێگا ناده‌ن به‌باشی له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كه‌یشی ده‌وام بكات و له‌ قه‌رەته‌په‌ و جه‌باره‌ش دۆخكه‌ خراپه‌ و هه‌ندێك جار تۆپبارانی سنووره‌كان ده‌كرێت و واش له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ داعش ئه‌و كرده‌وه‌ توندوتیژیانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام وانییه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و كرده‌وانه‌ حه‌شدى شه‌عبی ئه‌نجامى ده‌دات و له‌ ناحیه‌ى جه‌له‌لاش ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌ هۆزى كره‌وییه‌كان كه‌ عه‌ره‌بن، به‌ زیاده‌ڕۆیی لایه‌كى جه‌له‌ولایان داگیر كردبوو و دواتر حكوومه‌ت به‌شێك له‌ خانووه‌كانیانى رووخان و ئێستاكه‌ جارێكى تر گه‌ڕوانه‌ته‌وه‌ بۆ جه‌له‌ولا و خه‌ریكى دروستكردنه‌وه‌ى خانووه‌كانیانن له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ داگیریان كردبوو.

 

(باس) ئه‌گه‌ر خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى گرووپێكى ناو یه‌كێتی نه‌بوایه‌، ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى كه‌ له‌ خانه‌قین و خورماتوو و كه‌ركووك ڕووی دا دروست ده‌بوو؟
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ئه‌گه‌ر خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ هه‌رگیز حه‌شدى شه‌عبی جورئه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد بێته‌ سنووره‌كانى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان و كه‌س جورئه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد بێته‌ سێبه‌رى پێشمه‌رگه‌، ئه‌و شه‌وه‌ى كه‌ حه‌شدى شه‌عبی هاتن بۆ داگیركردنى خانه‌قین، من له‌ناو شارى خانه‌قین بووم، له‌ بێهێزیمان نه‌بووه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ خانه‌قین ده‌رچووین و هێزێكى زۆر و پڕچه‌كمان له‌وێ بووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى ناوخۆی نه‌خوازراو ڕوو نه‌دا، ئێمه‌ش هیچ وه‌ڵامێكمان نه‌بوو، چونكه‌ خیانه‌ته‌كه‌ گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام به‌ عه‌قڵی حه‌كیمانه‌ى جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له‌ خانه‌قین كشاینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ى ناو یه‌كێتی دروست نه‌بێت، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌م تیرۆریستانى داعش زۆر له‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌هێزتر بوون، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌ خانه‌قین بێنه‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌رگری بكرایه‌ ئه‌وا حه‌شدى شه‌عبی نه‌یده‌توانى خانه‌قین داگیر بكات.