بەرپرسێکی یه‌كێتی: به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى یه‌كێتی

"به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ وازم له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی هێناوه‌"

حه‌سه‌ن بارام، جێگرى مه‌ڵبه‌ندى 16ى ڕێكخستنى حه‌مرینى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، کە دەستی لە یەکیتی کێشایەوە، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، ڕای گه‌یاند، به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ وازم له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی هێناوه‌. گوتیشى: ”16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌ كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ى مێژووى گه‌له‌كه‌مان ده‌زانم، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ده‌ستى له‌ ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا هه‌بووبێت پێویسته‌ به‌ردباران بكرێت“.

 

(باس) بۆچى دواى 26 ساڵ خزمه‌تكردن له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان، دواجار بڕیارت دا واز له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی بێنیت؟
حه‌سه‌ن بارام: شانازی به‌ ساڵانی زۆری خه‌بات و تێكۆشانى خۆمه‌وه‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ یه‌كێتی حزبى داهێنان و سه‌روه‌رى و قوربانییه‌كان بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وپه‌ڕى ئاسووده‌م كه‌ خۆم و بنه‌ماڵه‌كه‌م له‌نێو ئه‌و حزبه‌دا درێژه‌مان به‌ خه‌باتى سیاسی داوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه‌ى له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌ خوڵقا و له‌دواى ململانێ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتی، له‌دواى غیابى به‌ڕێز مام جه‌لال، به‌تایبه‌تى له‌دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، بڕیارى ئه‌وه‌م دا واز له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتیی نیشتمانى بهێنم، بۆیه‌ لێره‌وه‌ هیوادارم یه‌كێتی به‌ره‌و كۆنگره‌ى چواره‌م بڕوات، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ بتوانێت به‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كى نوێوه‌ بێته‌وه‌ گۆڕه‌پانى سیاسی و درێژه‌ به‌ كاروانى سیاسیی خۆى بدات.

 

(باس) كه‌واته‌ به‌ڕێزتان به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ناچار بوون واز له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتیی نیشتمانى بهێنن؟
حه‌سه‌ن بارام: بێ گومان ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هۆكارى سه‌ره‌كی بوون کە به‌ناچارى واز له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی بهێنم، به‌تایبه‌تى به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه‌ى له‌ خورماتوو ڕووی دا، چونكه‌ خورماتوو جارێكى دیكه‌ ئه‌تك و ئه‌نفال و جینۆساید كرایه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نه‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وه‌كوو پێویست ئاوڕیان له‌ ئاواره‌كانى ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ نه‌دایه‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌یانتوانى به‌رگرى له‌ بارودۆخى خورماتوو بکەن، به‌ڵام كاتێك زانیم به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ 51%ى خاكى كوردستانمان له‌ده‌ست داوه‌، ناچار بووم واز له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی بهێنم، ئێستاش داواكارم كه‌ په‌رله‌مانى كوردستان، داموده‌زگا شه‌رعییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى ورد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ هۆكاره‌كانى 16ى ئۆكۆتۆبه‌ر چین و كێ بوون ئه‌وانه‌ى كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى بوون بۆ ئه‌وه‌ى 16 ئۆكتۆبه‌ر ڕوو بدات.

 

(باس) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ی، به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ وازتان له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتی هێناوه‌، كه‌واته‌ یه‌كێتی هۆكارى ئه‌وه‌ بووه‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕوو بدات؟
حه‌سه‌ن بارام: دیاره‌ حزبه‌كه‌ى من حزبێكى سه‌ره‌كی بووه‌ له‌ كوردستان و له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها له‌و سنوورانه‌دا هێزى هاوبه‌شى لێ بووه‌، به‌ڵام زیاتر هێزى یه‌كێتیی نیشتمانى لێ بووه‌، بێ گومان به‌رپرسیاریه‌تى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان، به‌ڵام ته‌نیا یه‌كێتی به‌رپرسیار نییه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌یه‌ كه‌ وایان كردووه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ ڕوو بدەن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى یه‌كێتیی نیشتمانى.

 

(باس) دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكۆتۆبه‌ر، كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، جێگرى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتیی نیشتمانى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند: ”كۆمه‌ڵێك كاڵفامى ناو یه‌كێتیی هۆكارى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بوون“، ئایا تۆش له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستت هه‌یه‌؟
حه‌سه‌ن بارام: زۆر باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ فڵان كه‌س و فڵانه‌ هێز هۆكارى ئه‌وه‌ بوون كە 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕوو بدات، به‌ڵام باشتر وایه‌ په‌رله‌مانى كودستان، لیژنه‌یه‌كى باڵا بۆ هۆكارى ئه‌و ڕووداوانه‌ پێك بهێنێت، ده‌رباره‌ى قسه‌كانى كاك كۆسره‌ت به‌ بۆچوونى من ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ كه‌ ئێمه‌ كێ ده‌ستنیشان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئاخۆ به‌رپرسیارى سه‌ره‌كییه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، چونكه‌ خودى خۆم له‌و شه‌ڕه‌ى كه‌ له‌ سنوورى خورماتوو كردوومانه‌، له‌ سنوورى ئێمه‌دا نه‌ باسی ڕێككه‌وتن كراوه‌ و نه‌ ڕێككه‌وتن هه‌بووه‌، بۆیه‌ هێزه‌كانى مه‌ڵبه‌ند به‌ هاوكاریى خۆبه‌خشه‌كان بۆ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێك شه‌ڕى ده‌سته‌ویه‌خه‌مان كردووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ لیژنه‌یه‌كى باڵا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ئاشكرا بكات کە کارەساتێکی گەورەیە لە مێژووی نەتەوەکەماندا.


(باس): ئه‌گه‌ر لیژنه‌یه‌كى شه‌رعى بۆ ئاشكراكردنى بكه‌رانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر پێكبهێنرێت، پێویسته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا بكرێت؟
حه‌سه‌ن بارام: ئه‌گه‌ر هێزێك یان كه‌سێك له‌ كوردستان، ڕاسته‌وخۆ یان به‌ ڕێككه‌ووتن به‌شێكى خاكى كوردستان ڕاده‌ستى حكوومه‌تى عێراقى بكات، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ گه‌وره‌ترین تاوان و خیانه‌ت، به‌ڵام ناتوانین له‌ كه‌ناڵى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ململانێى سیاسی كه‌سێكى دیاریكراو یان هێزێكى سیاسی به‌و ڕووداوانه‌ تۆمه‌تبار بكه‌ین، چونكه‌ ته‌نیا كه‌ركووك و خورماتوو نه‌كه‌وتوون، به‌ڵكوو شه‌نگال و گوێر و ده‌شتى نه‌ینه‌واش كه‌وتوون، بۆیه‌ پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى جدیى بێلایه‌نانه‌ بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌سێك هۆكارى ئه‌وه‌ بووه‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕوو بدات، ده‌ستنیشان بكرێت.


(باس) ئه‌گه‌ر شه‌وى 16ى ئۆكتۆبه‌ر یه‌كێتی به‌رده‌وام شه‌ڕى بكردایه‌، سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى زاتى ئه‌وه‌یان ده‌بوو به‌ شێوه‌یه‌كى ئاسان كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن؟
حه‌سه‌ن بارام: پارتى و یه‌كێتی له‌ شۆڕشى كوردایه‌تیدا شه‌ڕى زۆر سه‌ختى ده‌سته‌ویه‌خه‌یان كردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن كراوه‌ كێ كردوویه‌تى و كێ به‌رپرسیاره‌؟ ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن نه‌كراوه‌ بۆچى به‌رگریمان نه‌كرد و هۆكاره‌كانى چی بوون، بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكى بێلایه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ بكات، هه‌روه‌ها هێزه‌كانى 80 له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌نگال بوون، به‌ڵام ئه‌وانیش كشانه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك شه‌ڕه‌كه‌ له‌وێ ڕووی دا به‌پێى زانیارییه‌كانى من سوپاى عێراق نیازى خراپى هه‌بووه‌، به‌ جۆرێك هه‌وڵى ئه‌وه‌یان ده‌دات ئه‌گه‌ر به‌ره‌و هه‌ولێر نه‌یه‌ن ئه‌وا نزیكى هه‌ولێر ببنه‌وه‌، بۆیه‌ هێزه‌كانى 80 له‌وێ به‌رگریى خۆیان كردووه‌ و ده‌ستیان خۆش بێت، به‌ڵام دواجار هێزه‌كانى 70 و 80 هه‌ردوو لایان پاشه‌كشه‌یان كردووه‌، ڕاسته‌ سوپاى عێراق هێزێكى بێشومارى له‌گه‌ڵدا بووه‌ و گومانى ئه‌وه‌ ده‌كرێ هێزى دیكه‌ له‌ناو سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبیدا بووبێ، به‌ڵام ده‌بوایه‌ هه‌ردوولا به‌رگریان بكردایه‌.

 

(باس) به‌ بۆچوونى تۆ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ى ڕیفراندۆم نه‌بوایه‌، سوپاى عێراق په‌لامارى شارى كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى ده‌دا؟
حه‌سه‌ بارام: به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆمیش نه‌بوایه‌ سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى په‌لامارى كه‌ركووكیان ده‌دا، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پڕۆسه‌ى ڕیفراندۆم په‌لاماردانه‌كه‌ى فراوانتر كردبێت، ئه‌گین حكوومه‌تى عێراقى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ له‌ حه‌ویجه‌ و خورماتوو جێگیرى كردن، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كوده‌تاى سه‌ربازى به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بكه‌ن، به‌ڵام به‌درێژایی مێژوو كه‌ كورد هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌مانجه‌ گرنگه‌كانى خۆى بگات، هۆكاره‌كه‌ى ته‌نیا بۆ خۆخۆرى و ململانێى كه‌سیی و حزبى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

(باس) چاودێرانى سیاسی ده‌ڵێن، ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڕاجكردنى خاكى كوردستان بووه‌ به‌ حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراق، تۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ چى ده‌ڵێى؟
حه‌سه‌ن بارام: تا لیژنه‌یه‌كى بێلایه‌ن ورده‌كاریى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ئاشكرا نه‌كات، ناتوانم به‌و جۆره‌ پێناسه‌ى ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت، دواجار ئه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ئاشكرا بێت كه‌ كه‌سێك یان هێزێكى سیاسی له‌ ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌و ناوچانه‌ى هه‌ڕاج كردووه‌ و ڕاده‌ستى حكوومه‌تى عێراقى كردووه‌، پێویسته‌ به‌ردباران بكرێت.

 

(باس) به‌ یه‌كجارى وازت له‌ كارى سیاسی هێناوه‌، یان ده‌ته‌وێ له‌ناو پارتێكى سیاسیی دیكه‌ درێژه‌ به‌ كارى سیاسیی خۆت بده‌یت؟
حه‌سه‌ن بارام: له‌دواى وازهێنانم له‌ناو ڕیزه‌كانى یه‌كێتی، تا ئێستا په‌یوه‌ندیم به‌ هیچ پارتێكى سیاسییەوە نه‌كردووه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بۆ ئاینده‌ له‌نێو پارتێكى سیاسیدا درێژه‌ به‌ كارى سیاسی بده‌م.


(باس) ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌نیازى په‌یوه‌ندى به‌ لیسته‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بكه‌یت، ئه‌م زانیارییه‌ ڕاسته‌؟
حه‌سه‌ن بارام: به‌رهه‌م ساڵح هاوڕێیه‌كى نزیكى خۆمه‌، پیاوێكه‌ خاوه‌نى پڕۆژه‌ی خۆیه‌تى، بێ گومان پڕۆژه‌كانى ئه‌و نزیكه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ى خۆمه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا بڕیارى ئه‌وه‌م نه‌داوه‌ كه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كەى به‌رهه‌م ساڵح درێژه‌ به‌ كارى سیاسی بده‌م.