مونا قەهوەچی: ئەوەی گرووپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر کردی تەنانەت حزبه‌كه‌ی خۆشیان سوودی لێ نه‌بینى

"كه‌س ناتوانێ بڵێت كه‌ركووك ئارامە، بۆیە زۆر ئه‌سته‌مه‌ هه‌ڵبژاردن تیایدا به‌ڕێوه‌ بچێت"

مونا قه‌هوه‌چى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى چاكسازیى پێشكه‌وتنى توركمان و ئه‌ندام په‌رله‌مانى كوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر زیانێك بوو بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ى كه‌ ساڵانێكه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان خه‌باتى بۆ ده‌كرێت و ده‌ڵێت:”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ توركمان ببێت به‌ حه‌شدى شه‌عبى و له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140داین، چونكه‌ كێشه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كات“.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك به‌ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ چییه‌؟
مونا قه‌هوه‌چى: بارودۆخى كه‌ركووك ئێستا نه‌خوازراو و نائارامه‌، هیچ لایه‌نێك له‌و بارودۆخه‌ سوودمه‌ند نییه‌، به‌ڵكوو تێدا پێكه‌وه‌ژیان له‌ناو براوه‌، به‌تایبه‌ت توركمانه‌كان كه‌ ئه‌وانیش دابه‌ش بوونه‌ به‌سه‌ر شیعه‌ و سوننه‌دا، كه‌ شیعه‌كان سوودمه‌ند بوون، به‌ڵام سوننه‌كان زه‌ره‌رمه‌ند بوون، تاكوو پێش 16 ى ئوكتۆبه‌ر له‌ كه‌ركووك كێشه‌ى ئایین و مه‌زهه‌بیه‌ت نه‌بوو، به‌ڵام دواى 16 ئوكتۆبه‌ر كه‌س ناتوانێت بڵێت كه‌ركووك ئارام و بێ كێشه‌ و گرفته‌.

 

(باس) له‌گه‌ڵ بوونى حه‌شدى شه‌عبیدان له‌ كه‌ركووك و خورماتوودا؟
مونا قه‌هوه‌چى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ركووك له‌ لایه‌ن هێزێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت نه‌ك حه‌شدى شه‌عبى، ده‌بێ سوپایه‌كى هاوبه‌ش هه‌بێت و پێشمه‌رگه‌ش ڕۆڵێكى به‌رچاوى هه‌بێت له‌ پاراستنى ئه‌و شارانه‌دا.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ ڕۆژى 16ى ئوكتۆبه‌ر؟
مونا قه‌هوه‌چى: 16 ئوكتۆبه‌ر بارودۆخێكى شۆكى دروست كردووه‌ و هیچ لایه‌نێك نییه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ڕوویدا پێى خۆش بێت، ئه‌و گرووپه‌ش كه‌ بوونه‌ هۆكارى 16 ئۆكتۆبه‌ر حزبه‌كه‌شیان سوودی لێى نه‌بینى، بۆیه‌ 16 ئوكتۆبه‌ر زه‌ره‌ر بوو بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ى كه‌ ساڵانێكه‌ له‌پێناو هه‌رێمى كوردستان خه‌باتى بۆ ده‌كرێت، كه‌ له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا له‌ده‌ست درا.

 

(باس) چى به‌و توركمانانه‌ ده‌ڵێن كه‌ ده‌بنه‌ حه‌شدى شه‌عبى؟
مونا قه‌هوه‌چى: حه‌شدى شه‌عبى هێزێكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ ده‌نگى پێ دراوه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ نوێنه‌رانى كوردیش ده‌نگیان پێی دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ توركمان ببێت به‌ حه‌شدى شه‌عبى، هه‌ر توركمانێكیش چووه‌ته‌ نێو ریزى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ئه‌وا ته‌نیا گوزارشت له‌ خوى ده‌كات و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ توركمانه‌وه‌ نییه‌ و بۆى نییه‌ به‌ ناوی توركمانه‌وه‌ كار بكات.

 

(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردندان له‌ كه‌ركووك؟
مونا قه‌هوه‌چى: هه‌ر شوێنێك نائارامى و ناسه‌قامگیرى پێیه‌وه‌ دیار بێت، چۆن ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى تێدا ئه‌نجام بدرێت، خه‌ڵك ده‌ترسێت له‌وه‌ى كه‌ بچێته‌ سه‌ر سه‌ندوقى ده‌نگدان و ده‌نگى خۆى بدات، زۆر ئه‌سته‌مه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووكدان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان؟
مونا قه‌هوه‌چى: به‌پێى ده‌ستورى عێراق، مادده‌ى 140 چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ناوچه‌كانى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌ ده‌كات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140داین كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووكیش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان له‌خۆ ده‌گرێت.