شێخ تاھیر شووشی: ئیدریس بارزانی لە رووی ھزرەوە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو

31 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا تێدەپەڕێت

 

رۆژی  ٣١/١/١٩٨٧، گەلی کوردستان سەرکردە و خەباتگێڕێکی گەورەی وەک ئیدریس بارزانیی لەدەست دا، کە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و لە شۆڕشگێڕەکانی بارزان پەروەردە کراوە، لەو دەڤەرەی لە مێژووی رزگاریخوازی نەتەوەی کورددا چەندین رابەر و سەرکردەی گەورە تێیدا سەریان ھەڵداوە.

 

ئیدریس بارزانی، لە شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ براکەی، مەسعود بارزانی، لەژێر رێنمایی مامۆستای بیری ئازادیخوازانەی نەتەوەییان کە باوکیان بووە، رۆڵێکی کارا و گرنگیان بینیوە و لەدوای نسکۆی شۆڕشیش لە ١٩٧٥، وێڕای رووبەڕووبوونەوەی ئەو ھەموو تەحەدییانەی رووی لە گەلی کوردستان و پێشمەرگە کرد، سەرکەوتووانە شۆڕشی گوڵانیان بەڕێوە برد.

 

ئیدریس بارزانی، وێڕای مێژووی پڕ لە خەبات و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی، رۆڵێکی کارای گێڕاوە لە ئاساییبوونەوە و بەھێزکردنی پەیوەندیی نێوان لایەن سیاسییەکانی کوردستان، ھەر بۆیە بە ئەندازیاری ئاشتیش ناو دەبرێت. بۆ قسەکردن لەسەر لاپەڕەکانی خەباتی ئەم سەرکردەیە و ھەڵدانەوەی چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پێشمەرگایەتی، ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ شێخ تاھیر عەبدولغەفوور شووشی، تێکۆشەر و کەسایەتیی ناسراوی کوردستان کرد:

 

(باس) ئیدریس بارزانی، وێڕای ئەوەی کوڕی سەرکردەی مێژوویی مستەفا بارزانی بووە، ھاوکات رۆڵ و ناوبانگێکی گەورەی لە ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا ھەیە، دەکرێت سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم سەرکردە گەورەیە باس بکەیت؟

 

شێخ تاھیر: ئیدریس بارزانی، لە ساڵی ١٩٤٤ لە گوندی بارزان لەدایک بوو، ھەر لەو رۆژەوە کەوتووەتە نێو دەریایەکی پڕ مەینەت و کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانی و دەربەدەری، چونکە لەوکاتەدا بارزانیی باوکی، سەرکردایەتیی شۆڕش و بەرخودانی دەکرد و کەوتبوونە نێو کێشمەکێشێکی گەورە لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق و ئینگلیز، بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی میللەتی کورد. لە ئەنجامی شۆڕشی بارزان ١٩٤٥ و ئاوارەبوونی بارزانییەکان بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان لە ١٩٤٦ی بەدوادا ھات، ئەوکاتە تەمەنی کاک ئیدریس ٢ ساڵ بوو، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ باشووری کوردستان، ئیدریس بارزانی لەگەڵ چەند کەسانێک و شێخەکانی بارزان و خێزانەکایان بە فەرمانی حکوومەتی عێراقی دوور خرانەوە بۆ مووسڵ. شێخ ئەحمەد بارزانی و چەند کەسێکی تریان خستە زیندانی بەسرە. بارزانی لەگەڵ جەنگاوەران سەریان بۆ حکوومەتەکانی ناوچەکە دانەنەواند و روویان کردە یەکێتیی سۆڤیەت، تا ١٩٥٨ گەڕانەوە عێراق و جارێکی تر کاک ئیدریس لەگەڵ باوکی بەیەک شاد دەبنەوە و لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بەغدا، لەگەڵ کاک مەسعود بارزانیی برای درێژە بە خوێندن دەدەن و لە ١٩٦٢ ھەردووکیان واز لە خوێندن دەھێنن و دەچنە ریزەکانی شۆڕش و کوردایەتی دەکەن، رۆژ لەدوای رۆژ ئەستێرەیان زیاتر دەگەشێتەوە و دەبنە پێشمەرگە و یاریدەدەر بۆ راپەڕاندنی کارەکانی شۆڕش.

 

(باس) ئەو وێستگە و رووداوانە لە ژیانی ئیدریس بارزانی، چ رۆڵێکی لەسەر دروستبوونی ئەو خەسڵەتانە ھەبووە کە پێی ناسراوە؟

 

شێخ تاھیر: ئیدریس بارزانی ھەر لە منداڵییەوە دەرکەوت، کە زۆر زیرەک و ژیر و چالاک بووە و بیرکەرەوەیەکی کارامە بووە و زۆر حەزی لە خوێندن بووە و تێکەڵ بە کەسانی بیرمەند و ئەدیبان دەبوو، تەنانەت لەسەر دەستی شێخ بابۆ و کەسانی تر لە بنەماڵەی شێخەکانی بارزان و کەسانی بەتەمەنی ئەو ناوچەیە بووە خاوەن مێژوویەکی دێرین و پەند و بەسەرھاتەکان، رەفتارەکانی ئیدریس بارزانی لە رەفتارەکانی شێخەکانی بارزان دەچوو، چونکە خۆی بە موریدیان دەزانی و ھەر لەو رێگایەوە بوو بە ئەھلی تەسەوف و خوداناسی. دەڵێن: ئیدریس بارزانی ھەر لە منداڵییەوە کەسێکی ھەستیار و بیرتیژ و چەلەنگ بووە و لە رووی ھزر و بیر و رەفتارەوە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر بووە، حەزی لە خوێندن بووە، شارەزایی لە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی تا رادەیەک ھەبووە). ئیدریس وەک بارزانی باوکی، خاوەن ئیمان و بیر و باوەڕێکی بێ سنوور بوو، زۆر لە ئایەتی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ)ی لەبەر بووە و لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەیانی پێ دەکرد و لە ھەمان کاتدا رێز و پێزانینی بۆ ئایین ‌و ئایینزا جۆراوجۆرەکان ھەبووە، وەک مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی و یەھودی و ئایینەکانی تر.

 

(باس) ھەڵسوکەوتی لەگەڵ منداڵەکانی و پێشمەرگە و ھەڤاڵانی چۆن بووە؟

 

شێخ تاھیر: ئیدریس بارزانی بۆ منداڵەکانی، باوکێکی بەھیمەت و بەسۆز بوو، بە باشترین شێوە پەروەردەی دەکردن، تا لە پاشەڕۆژدا بتوانن خزمەتی کوردستان بکەن، لە ھەمان کاتدا بایەخێکی زۆری بە پێشمەرگە و کەسانی ھەژار و بێ دەرامەت دەدا. خاوەنی دڵێکی فراوان و ھیمەتێکی بێ سنوور بووە و زۆر مرۆڤدۆست بوو، خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەند بووە، وەڵامی بۆ ھەموو پرسیارەکان ھەبووە و بەئاسانی دۆست و دوژمنی خۆی لەیەک جودا دەکردەوە، خاوەنی فەرھەنگێکی قووڵی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو.

 

(باس) لە مەیدانی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا چۆن بووە، بەتایبەتی کە سەرپەرشتیی چەند داستانێکی وەک ھەندرێن و زۆزکی کردووە؟

 

شێخ تاھیر: چوونی ئیدریس بارزانی بۆ ناو ریزەکانی شۆڕش لە ١٩٦٢، بووبووە جێگای متمانەی بارزانیی باوک و رۆژ لەدوای رۆژ گەورەتر دەبوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامودەزگاکانی شۆڕش و ھێزی پێشمەرگە فراوان و قووڵتر دەبوو، ھەروەھا پەیوەندییەکی باش و کارای لەگەڵ ناوداران و سەرۆک ھۆز و خەڵکی لە ھەموو کوردستان پەیدا کردبوو، چونکە خۆی سەرکردەیەکی ژیر و لێھاتوو بوو، لەسەر ھەموو ئاستەکانی سیاسی و سەربازی و حزبی و کۆمەڵایەتی، لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە خاوەنی ئەزموون و خاوەنی بڕیار، بۆ یەکەمین جار بە فەرمانی باوکی، سەرپەرشتیی (داستانی ھەندرێن و زۆزک)ی لە ١٩٦٦ کرد و ھێرشی دڕندانەی سوپای عێراقیان تێکشکاند. ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگەی کوردستان و سەدایەکی گەورەی لەناوەوە و دەرەوەدایەوە، حیکمەتی ئیدریس بارزانی چووە نێو دڵ و مێشکی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ، ھەر ئەوەیش وای کرد حکوومەتی عەبدولڕەحمان بەزاز، ملکەچی ئاگربەست بکات بۆ شەڕ راوەستاندن و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش و دەرکردنی بەیانی ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٦ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا.

 

(باس) ئێستا باسی دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەکرێت، چ پەندێک لە ئیدریس بارزانی وەربگرین، بەتایبەتی کە خۆی و براکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، رۆڵێکی کارایان لەو گفتوگۆیانەدا گێڕا کە رێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە؟

 

شێخ تاھیر: لە گەرمەی گفتوگۆکانی ١٩٧٠ لەنێوان بەرپرسانی حکوومەت و سەرکردایەتیی شۆڕش بە سەرپەرشتیی بارزانی، ئیدریس بارزانی لە تەمەنێکی گەنجدا بوو، بەڵام لەبەر ژیری و توانا و دیدی سیاسیی بەھێزی، رۆڵێکی سەرەکیی لەو گفتوگۆیانەدا گێڕا و لە کاتی خوێندنەوەی بەیانی ١١ی ئاداردا، خۆی و سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا ئامادە بوون، پێشوازییەکی گەرم و بێ وێنەیان لەلایەن خەڵکی کوردستان و عێراق لێ کرا و لە بەرەبەیانی رۆژی دووەم، لە گۆڕەپانی تەحریر لەگەڵ (ئەحمەد حەسەن بەکر)ی سەرۆک کۆماری عێراق و چەندین بەرپرس، ئامادەی رێپێوانێکی جەماوەریی گەورە و خوێندنەوەی وتاری خۆشحاڵی و پشتگیری بۆ رێککەوتنەکە بوون.

 

(باس) لە مێژوودا باس لەو رۆڵەی ئیدریس بارزانی دەکرێ، کە لە ١٩٧٤ لە کاتی ھێرشی دڕندەی حکوومەتی عێراق بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەددام حوسێن کرایە سەر ناوچە کوردستانییەکان، دەکرێ تیشکی بخەنە سەر؟

 

شێخ تاھیر: راستە ئیدریس بارزانی لە کاتی قەیران و رۆژە سەختەکاندا توانیی رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە گۆڕینی شکست بۆ سەرکەوتن و وەرچەرخان، کاک ئیدریس سڵی نەدەکردەوە لە خزمەتی دۆزی رەوای میللەتی کورد، بەتایبەتی لە ئاداری ١٩٧٤، دوای تێکچوونی پەیوەندییەکان، بە سەرپەرشیی ئیدریس بارزانی شاندێکی کورد چوون بۆ بەغدا بۆ وتووێژ لەگەڵ سەدام حوسێن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێ‌کردنی ناوەڕۆکی پەیماننامەی ١١ی ئادار، بەڵام بەرپرسانی حکوومەت پێشنیازەکەیان رەت کردەوە و ھێرشی سەربازیی دڕندانەیان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل فراوانتر کرد. لە کاتی شەڕ و ھێرشەکاندا لە ١٩٧٤، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بەڕێوەبردنی بەرەکانی شەڕ و دەستەبەرکردنی ھەموو پێداویستییە سەربازییەکان بۆ تەواوی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەرتاسەری کوردستان، ئەوەش بووە ھۆی تۆمارکردنی سەرکەوتن و داستانێکی گەورە، چ جای دەسبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆری  سوپای عێراقی.

 

(باس) ئەی لە شۆڕشی گوڵاندا دوای رێککەوتننامەی جەزائیر، رۆلێ ئیدریس بارزانی چوون بوو؟

 

شێخ تاھیر: لە ١٩٧٥، دوای رێککەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و سەدام حوسێن، کاک ئیدریس حەکیمانە دژ بەو رێککەوتنە پیلانگێڕییە وەستا و بڕیاری دا لەگەڵ مەسعوود بارزانیی برای و سەرکردەکانی تر درێژە بە شۆڕش بدەن و ئەو واقیعە قبووڵ نەکەن. رێککەوتننامەکە کاردانەوەی گەورەی خستە سەر شۆڕش و خەڵکی کوردستان و بووە ھۆکارێک بۆ سەرھەڵگرتن و کۆچکردنی ھەزارەھا پێشمەرگە و خێزان بەرەو ئێران و گەڕانەوەی ھەزارەھای تر بۆ عێراق و بڵاوە پێکردنیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا، ئەوەش کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، لەو رۆژەدا کورد ھیچ دۆستێکی نزیکی لە دەوروبەری خۆی نەبینی. نسکۆی شۆڕش و ئاوارەبوون بۆ ئێران کاردانەوەیەکی نەخوازراوی ھەبوو، بارێکی قورس و گرانتری خستە سەر شانی کاک ئیدریس، بەڵام بە ورەیەکی بەرز و ھەستێکی پۆڵایینەوە بە ئەرکەکانی خۆی ھەستا. دووبارە دەستی بە رێکخستنەوەی رێزەکانی ھێزی پێشمەرگە کردەوە و لەگەڵ کاک مەسعود خۆیان ئامادە کرد بۆ ھەڵگیرساندنی سەرلەنوێی شۆڕش.

 

(باس) لەناو ئەو بارودۆخە نەخوازراوەدا، ئەو کۆسپ و ئاستەنگانە زۆر بوون بۆ پێشمەرگە و شۆڕش، لەلایەکی ترەوە نەھامەتیی گەلی کوردستانیش زۆر بوو، ئیدریس بارزانی چۆن توانی شکست بگۆڕێت بە ھەستانەوە و وەرچەرخان بەرامبەر پیلانی نێودەوڵەتی دروست بکات؟

 

شێخ تاھیر: با بەشێک لەو ئاستەنگانە باس یکەم کە ھاتنە بەردەم کاک ئیدریس: ئەو دەیدی چۆن بەشێکی میللەتی کورد لە ئەنجامی رێککەوتننامەکە تووشی نەھامەتی و بێھیوایی بووە، ھەموو خەم و پەژارەکانی میللەتەکەی لەئەستۆ گرت و بووە کۆڵەکەی ڕاگرتنی ھاوکێشەکان، کە بە چ شێوەیەک بەرەو کەناری ئارامیی ببا و ئەو دڵەڕاوکێ و نەھامەتییە بڕەوێنێتەوە کە خەڵکێک بەدەستیەوە گیری خواردبوو.

 

زیادبوونی ھەڕەشە و فشارەکان بۆ سەر ئیدریس بارزانی و و یاوەر و ھەڤاڵانی، لە ھەموو لایەکەوە دۆستەکانی دوێنێی بووبوونە دوژمنی ئەمڕۆیان بەتایبەت دەزگا ئەمنییەکانی ئێران. ھەموو بەرنامەی ئێران بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی کورد بۆ عێراق و کوشتنی ڕۆحی کوردایەتی لەنێو دڵ و ناخ و مێشکی ھەر تاکێکی شۆڕشگێڕی کورد.

 

(باس) ئەندازیاری بەرەی کوردستانی و ئەندازیاری ئاشتی، یەکێک لەو خەسڵەت و دەستکەوتانەی ئیدریس بارزانی بوو، لەو کاتە ھەستیار و نالەبارەدا چۆن ئەو رۆڵەی گێڕا؟

 

شێخ تاھیر: ئەوانەی لەنزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بووبن، بەتایبەت لە ساڵی ھەشتاکاندا، دەڵێن: کوردستان بە کات و ساتێکی ھەستیار و نالەباردا گوزەری دەکرد، ئەوانەی چوونە ھەندەران و ئەوانەی لەسەر دەستی رژێم دوور خرابوونەوە، ناچار کرابوون ژیانێکی کولەمەرگی لەناو کەمپە زۆرەملێکان بەسەر ببەن، زۆرێکیان تووشی داپڵۆسین و ئەشکەنجە و زیندانی و لەسێدارەدان بوونەوە، ئەو پێشمەرگانەی بەرەنگاری ئەو رژێمە بوونەوە لە حاڵەتی ناتەبایی و پەرتەوازەییدا بوون و زۆر جار دژ بەیەک دەجەنگان.

 

کاک ئیدریس خۆی بە خەمخۆری گەلەکەی دەزانی، ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەکی ئەوەبوو بتوانێ رۆژێک لە رۆژان کارێکی گرنگ و کاریگەر بۆ یەکریزی و یەکگرتنەوەی پارتەکان و پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام بدات، ئەوەبوو لە ١٩٨٦ ھەوڵ و تەقەڵا و کۆششی خۆی خستە گەڕ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و شۆڕشگێڕان بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیر و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و تەبایی ھێزەکان و یەکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دژی داگیرکەران. ھەر لەو روانگەیەوە داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و دۆستانی کورد کرد یارمەتی بدەن بۆ ناوبژیکردن لەنێوان لایەنە کوردییەکان و ھانیان بدەن یەک بگرنەوە و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، ناکرێ ئەوە لەبیر بکەین کە بەڕێز (جەلال تاڵەبانی)، ئەویش لەلای خۆیەوە رۆڵێکی گەورە و گرنگی ھەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حزب و رێکخراوە کوردییەکانی تر و بەپیر بانگەوازەکەی کاک ئیدریسەوە ھاتن و لە ١٩٨٧ بەرەی کوردستانی عێراقیان راگەیەند، ھەر ئەو بەرەیە بوو ترس و دڵەڕاوکێی خستە نێو دڵی دوژمنانی کورد و توانی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ، تا سەرھەڵدانی مێژوویی خەڵکی کوردستان و دانانی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن ھاوپەیمانان و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان و ناچارکردنی رژێم بە کشانەوەی لە کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەت و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵیی کوردستان، بە بڕیاری ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان، ئەم دەستکەوتانە تێکڕا بەرھەمی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزیی گشت پارت و خەڵکی کوردستان بوو.

 

(باس) کاردانەوەی کۆچی دواییەکەی چۆن بوو؟

 

شێخ تاھیر: ئەو رۆژە یەکێک لە گەورەترین سەرکردەکانی کورد ماڵئاوایی لێ کردین، بەڵام بە رۆح و بە فیکر نا، بەڵکوو تەنیا بە جەستە، ھەر بۆیە گەلی کوردستان ئەم سەرکردەیە بە ناوی (شەھیدی ھەمیشە زیندوو) ناو دەبەن، ئەوە بوو بە غەم و پەژارەیەکی زۆرەوە لە ٣١/١/١٩٨٧ ھەواڵی ماڵئاوایی سەرکردەی کورد (ئیدریس بارزانی) بڵاو بووەوە، زۆربەی زۆری خانەوادە کوردەکان لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بە شین و گریانەوە بەرگی رەشیان پۆشی. بە لەدەستدانی ئیدریس بارزانی، کوردستانییان تووشی شۆک بوون، ھێشتا میللەتی کورد و شۆڕشەکەی پێویستیان پێی بوو، دەبینین ماڵباتێکی زۆری کوردستانیان ناوی منداڵەکانیان دەنێن (ئیدریس) لە خۆشەویستیی ئەو سەرکردەیە. ھەرچەندە کاک ئیدریس لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا ماڵئاوایی لە شۆڕشگێڕان و خەڵکی کوردستان کرد، بەڵام ھەمیشە قسە و بیر و رەفتار و چالاکییەکانی لەناو ھزر و بیر و دەروونی ھەزارەھا ھەواداری ئەو رێبازە ھەر دەمێنێتەوە.

 

وێنەیەکی شێخ تاهیر و چەند وێنەیەکی ئیدریس بارزانی و سەرۆک بارزانی

ئەلبوومی وێنەکان