سه‌رۆك هۆزى ئه‌لتائی له‌ كه‌ركووك: حه‌ویجه‌ تا ئێستا به‌ته‌واوى ئازاد نه‌كراوه‌

"زیاتر له‌ 500 خێزان له‌ هۆزه‌كه‌مان ئاواره‌ بوونه‌ و حكوومه‌تى عێراقیش هیچ هاوكاریی نه‌كردوون‌"

له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ (باس)، سه‌عد ئه‌لتائی، سه‌رۆك هۆزى ئه‌لتائی له‌ كه‌ركووك ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ كورد گه‌لێكى قاره‌مان و تێكۆشه‌رن و بۆیان هه‌یه‌ داواى مافی خۆیان بكه‌ن و ده‌شڵێت: ”په‌رله‌مانى عێراق هیچ شتێكى پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییان نه‌كردووه‌ و ده‌بێت گۆڕانكارى تێدا بكرێت“.


(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر ڕیفڕاندۆمى هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟
سه‌عد ئه‌لتائى: ڕیفڕاندۆمى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیى گه‌لى كورد ئه‌نجام درا، هه‌موو گه‌لێك مافى ئه‌وى هه‌یه‌ جه‌خت له‌سه‌ر مافى چاره‌ى خۆنووسینى خۆى بكات، به‌ڵام ئه‌و مافى چاره‌ى خۆنووسینه‌ ده‌بێت به‌ گفتوگۆ و لێك تێگه‌یشتن به‌ده‌ست بهێنرێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش مافى گه‌لى كورده‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گه‌لێكى قاره‌مان و تێكۆشه‌رن.


(باس) په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ كورد چۆنه‌؟
سه‌عد ئه‌لتائی: زۆر باشه‌ و وه‌كوو برا و كه‌سى خۆمان ته‌ماشایان ده‌كه‌ین، من دڵخۆشم به‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى ئاسایش و سه‌قامگیری و خزمه‌تگوزارى و گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌، كورد كه‌سوكارمانن و به‌بێ ئه‌وان نه‌ك ته‌نیا ئێمه‌ى عه‌ره‌ب، به‌ڵكوو هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كى دیكه‌ ناتوانێت بژی لە عێراق، به‌ڵام سیاسه‌تى شکستخواردووی عێراق ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ئه‌م حاڵه‌، كه‌ له‌ كورد هه‌ندێك دوور بكه‌وینه‌وه‌.


(باس): ژماره‌ى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ چه‌ندن كه‌ له‌ هۆزه‌كه‌تان ئاواره‌ بوونه‌؟
سه‌عد ئه‌لتائى: زیاتر له‌ 500 خێزان له‌ هۆزه‌كه‌مان به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ ئاواره‌ بوونه‌ و حكوومه‌تى عێراقیش هیچ هاوكارییه‌كى نه‌كردوون‌، ئێستاش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ خانووه‌كانیان به‌ هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ ڕووخێنراون، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.


(باس) بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك چۆن ده‌بینى؟
سه‌عد ئه‌لتائى: بارودۆخه‌كه‌ جێگیر نییه‌، مه‌ترسى و دڵه‌ڕاوكێ له‌ لاى هاووڵاتییان دروست بووه‌، من نەک بە دۆخی کەرکووک بەڵکوو بە دۆخی هەموو عێراق گه‌شبین، ته‌حه‌داش ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت دڵى به‌م بارودۆخه‌ى ئێستاى عێراق خۆش بێت، بارودۆخى عێراق كه‌ى جێگیر بووه‌ تا ئێستاكه‌ جێگیر بێت.


(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ ڕۆڵى په‌رله‌مانى عێراق؟
سه‌عد ئه‌لتائى: په‌رله‌مانى عێراق هیچ شتێكى باشى پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییان نه‌كردووه‌، ده‌بێت گۆڕانكارى له‌و په‌رله‌مانه‌دا بكرێت، چونكه‌ ئه‌وانه‌ خه‌مى هاووڵاتى و وڵاتیان نییه‌، بۆیە ئه‌گه‌ر جارێكى دیكه‌ ئه‌ندامه‌كانى خۆیان كاندید بكه‌نەوە، ئاماده‌ نیین ده‌نگیان پێ بده‌ین.


(باس) ئێستا ناوچه‌كه‌تان ئازاد كراوه‌؟
سه‌عد ئه‌لتائى: نه‌خێر ناوچه‌كه‌مان به‌داگیركراوى ماوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا ئازاد نه‌كراوه‌، ئازادكردنه‌كه‌یشى ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆى حكوومه‌تى عێراق، به‌تایبه‌تى قەزای حه‌ویجه‌، كه‌ تاكو ئێستا به‌ ته‌واوى ئازاد نه‌كراوه‌.


(باس) راتان له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ چۆنه‌؟
سه‌عد ئه‌لتائى: هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ كاتى شه‌ڕى دژ به‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌مانه‌وه‌ به‌ هاناى هه‌موومانه‌وه‌ هاتن، له‌ كاتى ئاواره‌بوونى دانیشتوانى ئه‌و گونده‌ عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیر ده‌كران، ئەگه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ كه‌س پێشوازیى لێ نه‌ده‌كردن و كارئاسانیى بۆ نه‌ده‌كردن، ئێستا له‌نزیك گونده‌كه‌ى من لیوایه‌كى هێزى پێشمه‌رگه‌ جێگیر كراون و هه‌موو لایه‌ك وه‌كوو یه‌ك ده‌پارێزن و به‌رگرییان لێ ده‌كه‌ن.