سه‌رۆكى پارتى نیشتمانیى توركمانى عێراق: توركمان له‌م حكوومه‌ته‌ی عێراق رازى نین

"ئەگەر ده‌وڵه‌تى كوردى مافی تورکمان دابین بکات پشتگیری دەکەین"

جه‌مال شان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارتى نیشتمانیى توركمانى عێراق، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (باس)، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حكوومه‌تى عێراق هیچ خزمه‌تێكى به‌ نه‌ته‌وه‌ى توركمان نه‌كردووه‌ و ده‌شڵێت: ”ئێمه‌ وه‌كو توركمان پشتگیرى له‌ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى ده‌كه‌ین، بەمەرجێ توركمانیش له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا مافیان هه‌بێت“.


(باس) ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان سه‌ربه‌خۆیى ڕابگه‌یه‌نێت، ئێوه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌بن؟
جه‌مال شان: هه‌موو گه‌لێك مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆ بژیت، به‌ڵام هه‌ندێ جار وه‌زعى سیاسى و ناوخۆیى و هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیش نابێته‌ ڕێگەخۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بدرێت، من كوردم خۆش ده‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى مافى توركمانى تێدا هه‌بێت ئه‌وا ئێمه‌ پشتگیریى لێى ده‌كه‌ین.


(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ حكوومه‌تى عێراق؟
جه‌مال شان: حكوومه‌تى عێراق هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كى پێشكه‌ش به‌ گه‌لى عێراق نه‌كردووه‌، گه‌نده‌ڵى لاشه‌ى ئه‌م حكوومه‌ته‌ى خواردووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى له‌توانایدا هه‌بێت پێشكه‌شى كه‌لى كوردستانى كردووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌ هۆى ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌رى، تووشى گرفتى ئابوورى بووه‌.


(باس) ئه‌ى ئه‌و حكوومه‌تەی عێراق چى بۆ توركمان كردووه‌؟
جه‌مال شان: هیچ، نه‌ پۆستى وه‌زیرێكى پێ داوین، نه‌ ئه‌ندامێكمان هه‌یه‌ له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، نه‌ باڵوێزێكمان له‌ وڵاتاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ى توركمان له‌و حكوومه‌ته‌ رازى نین و به‌ حكوومه‌تى خۆمانى نازانین.


(باس) راتان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی خورماتوو چییه‌؟
جه‌مال شان: له‌گه‌ڵ هیچ توندوتیژییه‌كدا نیم و له‌گه‌ڵیشیدا نابم، له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ژیان و پاراستن و رێزگرتن لە مافى هاووڵاتیم، كێشه‌ى خورماتوو به‌داخه‌وه‌ كه‌ ڕووی دا، به‌هۆى هه‌ندێك كه‌سەوە بوو له‌ هه‌ردوو لایه‌نى توركمانى و كوردى، كه‌ بووه‌ هۆى دروستبوونى پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى، هیوادارم ئه‌و ناكۆكییه‌ كۆتایی بێت و ئاشتى و ئارامى بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و كورد و توركمان وه‌كوو برا بژین، ئاواره‌كانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووش بكرێنه‌وه‌.


(باس): ژماره‌ى ئه‌و توركمانانه‌ چه‌ندن كه‌ ئێستا ئاواره‌ن؟
جه‌مال شان: توركمان ئاواره‌ى زۆره‌ و له‌ سه‌رووى هه‌زار كه‌س ده‌بن، كه‌ به‌هۆى شه‌ڕى داعش و توندوتیژییه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌ بوون و ماڵ و حاڵیان به‌جێ هێڵاوه‌ و ئێستا ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.


(باس): دۆخى ئه‌منیى كه‌ركوك چۆن ده‌بینى؟
جه‌مال شان: ئێستا بارودۆخى شاره‌كه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ جێگیر نییه‌.


(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟
جه‌مال شان: له‌ كاتى په‌لاماره‌ به‌رده‌وامه‌كانى داعش بۆ سه‌ر كه‌ركووك، هێزى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ به‌رگریى ده‌كرد، ناكرێت ڕۆڵى ئازایه‌تییان له‌پێناو كه‌ركووك له‌بیر بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توركمانیش وه‌كوو چه‌كدار له‌ هه‌ندێ ناوچه‌دا شان به‌ شان هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌جه‌نگان و به‌رگرییان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كرد.