سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك: تا حه‌شدى شه‌عبیی لە کەرکووک بێت ناگەڕێینەوە

"به‌هۆی نه‌مانى هێزه‌كانى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ تەناهیی كه‌ركووك تێك چووه‌"

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فتانه‌ى (باس)دا، شێخ مه‌سروور ناجی جبووری، سه‌رۆكى هۆزى جبوور له‌ كه‌ركووك، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كه‌ركووك دیارده‌ى چه‌كدارى هه‌یه‌ و خه‌ڵك تا ڕاده‌یه‌كى زۆر دڵنیا نییه‌ له‌ خۆی، ده‌شڵێت: "حه‌شدى شه‌عبی فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى ده‌ركردووم". چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ش باسی لێوه‌ ده‌كرێت.


(باس) چۆن ده‌ڕوانیته‌ دۆخی ئێستای كه‌ركووك؟
مه‌سروور جبووری: دۆخى ئێستای كه‌ركووك ئاڵۆز و ناخۆشه‌، چونكه‌ بارودۆخێكى خراپ هێنرایه‌ سه‌ر كه‌ركووك و ئێستا له‌ كه‌ركووك دیارده‌ى چه‌كدارى هه‌یه‌ و خه‌ڵك تا ڕاده‌یه‌كى زۆر دڵنیا نییه‌ له‌ خۆی، كه‌چی پێشتر و له‌سایه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ڕه‌وشى كه‌ركووك ئارام بوو، ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو.


(باس) له‌دواى رووداوه‌كانی 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئێوه‌ش ئاواره‌ بوون؟
مه‌سروور جبووری: به‌ڵێ ئێمه‌ش ئاواره‌ بووین و به‌شێكى تریش له‌ عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركووك، ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون و تا حه‌شدى شه‌عبی له‌ كه‌ركووك بمێنێته‌وه‌ من یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك و داواكارم كه‌وا هه‌ر دوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عێراق چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخى ئێستای كه‌ركووك بدۆزنه‌وه‌.


(باس) ده‌كرێت زیاتر باسى دۆخى ناهه‌موارى كه‌ركووكمان بۆ بكه‌ى؟
مه‌سروور جبوورى: له‌ كه‌ركووك میلیشیاكان هه‌میشه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵان و كووچه‌ و كۆڵانه‌كانیشیان به‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازى ته‌نیوه‌ و فشارێكى زۆر له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه‌ و دیارده‌ی دزیش زیادى كردووه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك گوتم له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا پێشمه‌رگه‌ هێزه‌كانى ئاسایشیش له‌ناو كه‌ركووكدا نه‌ماون، بۆیه‌ پێشێلكاریى جۆراوجۆر له‌ كه‌ركووك ڕوو ده‌دات و دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ دۆخى ئێستای شارى كه‌ركووك له‌سایه‌ى حه‌شدی شه‌عبیدا زۆر خراپه‌.


(باس) واتا حه‌شدى شه‌عبی ته‌نیا كوردى نه‌كردووه‌ته‌ ئامانج له‌ كه‌ركووك؟
مه‌سروور جبووری: نه‌خێر، پێكهاته‌كانى دیكه‌شى كردووه‌ته‌ ئامانج، سه‌باره‌ت به‌ خۆشم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ برایانی كورد باشه‌، حه‌شدى شه‌عبی فه‌رمانى ده‌ستگیركردنی بۆم ده‌ركردووه‌ و له‌م چه‌ند ڕۆژى ڕابردووشدا میلیشیاكان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گونده‌كه‌مان به‌ناوی (باجوان)، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕێگای نێوان كه‌ركووك- دووبز و له‌ گونده‌كه‌مان 8 كه‌سیان ده‌ستگیر كردووە، هاوكات میلیشیاكان له‌ گونده‌كه‌مان و له‌ چه‌ند ماڵێكدا پاره‌ و زێڕ و مۆبایلیان دزیوه‌، ئێمه‌ پێشتر هاوارمان ده‌كرد كه‌ حه‌شدى شه‌عبی كه‌ركووك داگیر نه‌كا و كاتێك حه‌شدى شه‌عبی گه‌یشتنه‌ نزیك ناحیه‌ى تازه‌ له‌ باشوورى كه‌ركووك هه‌ر ده‌یانگوت ڕێگه‌ ناده‌ین حه‌شدى شه‌عبی بێنه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بینیمان كه‌ له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر حه‌شدى شه‌عبی هاته‌ ناو كه‌ركووكه‌وه‌.


(باس) ئه‌ى عه‌ره‌به‌كانى سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك ڕایان چییه‌ سه‌باره‌ت به‌ بوونی میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ سنوورى كه‌ركووك؟
مه‌سروور جبوورى: عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك به‌گشتى پێیان ناخۆشه‌ كه‌ حه‌شدى شه‌عبی هاتوونه‌ته‌ سنوورى كه‌ركووك، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك عه‌ره‌بی به‌ناو به‌رپرسی به‌رژه‌وه‌ندیخواز هه‌بن ئێستا ده‌ستیان له‌گه‌ڵ میلیشیاكان تێكه‌ڵ كردبێت، به‌ڵام به‌گشتى وه‌ك عه‌ره‌ب و هاوكات وه‌كوو عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانى سنوورى كه‌ركووك پێیان ناخۆشه‌ كه‌ حه‌شدى شه‌عبی هاتووه‌ته‌ سنوورى كه‌ركووك و پێشێلكاریى مافی مرۆڤ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، چونكه‌ گرووپه‌كانى ناو حه‌شدى شه‌عبی دژی كورد و عه‌ره‌ب و توركمانى سوننه‌ن و كه‌ركووكیش زیاتر له‌و پێكهاته‌ و مه‌زهه‌بانه‌ پێكدێت و ئێستاش كه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوه‌ندى كه‌ركووكه‌وه‌، بێ گومان ئه‌و پیلانه‌ى كه‌ دایانڕشتووه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.


(باس) هیچ ئومێدێك به‌دى ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخى كه‌ركووك؟
مه‌سروور جبوورى: تا ئێستا هیچ ئومێدێك به‌دى ناكرێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخى كه‌ركووك، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ كه‌ركووك ده‌گوزه‌رێت ڕه‌نگه‌ بۆ داهاتوویه‌كى نزیك بارودۆخه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز بێت و ژیان له‌ كه‌ركووكدا زیاتر ئه‌سته‌م بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هیچ لایه‌كماندا نییه‌ و كه‌ركووك به‌ شارى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان ناسراوه‌ و ده‌ستێك هه‌یه‌ بۆ تێكدانى ئه‌و برایه‌تییه‌، به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه‌تى كه‌ برایه‌تى له‌نێوان كه‌ركووكییه‌كان هه‌رگیزاوهه‌رگیز به‌ هیچ ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت و هێزێك تێك ناچێت، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ جوانین و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ دێت كه‌ بارودۆخى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بێت و پێم وایه‌ ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى كه‌ركووك كاتییه‌ و تێده‌په‌ڕێت.