به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى قه‌ره‌ته‌په‌: 16 ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌ت بوو و بارودۆخی ناوچەکەی بەتەواوی تێکدا

"له‌وەتەی هێزى پێشمه‌رگه‌ لە ناوچەکە نه‌ماوه‌ جموجۆڵی داعش زیادى كردووه‌"

له‌ دیمانه‌یه‌كى (باس)دا وه‌هاب ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى قه‌ره‌ته‌په‌ لەسەر پشکی یەکێتی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، له‌وەتەی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان كشاوه‌ته‌وه‌، جموجۆڵى داعش زیادى كردووه‌ و ده‌شڵێت: ”عه‌ره‌بی ناوچەکەمان له‌گه‌ڵ كورد هاوڕا بوون و زۆریان پێ ناخۆش بوو به‌ هاتنى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ناوچه‌كه‌“.


(باس) بۆچونتان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ى 16ى ئوكتۆبه‌ر چییه‌؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: ناوچه‌كه‌ى ئێمه‌ش وه‌كوو ئه‌و ناوچانه‌ى دیكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ هێرشى كرایه‌ سه‌ر، تووشى كاره‌ساتێكى ئه‌منى و سیاسى بوو، بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تى تێكچوو، ئێمه‌ له‌و سنووره‌ له‌ ڕۆژى 16 ئوكتۆبه‌ردا وه‌كوو كورد خاكمان له‌ده‌ست دا، كه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ده‌ستدانى، چونكه‌ ئه‌و خاكه‌ به‌ خوێنى ده‌یان شه‌هید له‌ ده‌ستى دوژمنانى كورد و كوردستان ده‌رهێنراوه‌، به‌ لاى منه‌وه‌ 16 ئوكتۆبه‌ر خیانه‌ته‌.


(باس) مامه‌ڵه‌كردنى حكوومه‌تى ناوه‌ند له‌گه‌ڵتان چۆن بوو؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: هیچ هاوكارییه‌ك له‌ڕووى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به‌ ناوچه‌كه‌مان نه‌كراوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى شاره‌دێیه‌كه‌ى ئێمه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى مادده‌ى 140 و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بوو، چونكه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌وێ جێگیر كرابوو، به‌ڵام له‌ رووە ئیدارى و كارگێڕییه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق بوو و به‌ ته‌نیاش حكوومه‌تى عێراق مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌دا و هیچى دیكه‌ى بۆ ناوچه‌كه‌مان نه‌دەكرد و هیچ بڕیارێكى دیكه‌ى بۆ ناوچه‌كه‌مان نه‌ده‌دا.


(باس) هه‌ڵوێستتان به‌رامبه‌ر به‌ هاتنى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ناوچه‌كه‌تان چۆنه‌؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: ناوچه‌كه‌مان ناوچه‌یه‌كى تێکەڵە، له‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان پێك دێت، عه‌ره‌ب له‌وێ زۆرینه‌یه‌، دواتر كورد و دواتریش توركمان، عه‌ره‌به‌كان هاوڕا بوون له‌گه‌ڵ كورد و زۆریان پێ ناخۆش بوو كه‌ ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كرا و پێشمه‌رگه‌ش پاشه‌كشه‌ى كرد، ئه‌وه‌ى كه‌ هاتن و داگیركردنى ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ دڵخۆش بوو ته‌نیا شیعه‌كان بوون و پێشوازییان لێ كرد، پێش 16 ئۆكتۆبه‌ر ڕێگه‌مان به‌ هاتن یاخود زیادبوونى حه‌شدى نه‌ده‌دا بێت بۆ سنوورى قه‌ره‌ته‌په‌ و باره‌گا له‌وێ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى له‌پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌یانویست له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ ئه‌نجامى بده‌ن ئێمه‌ وه‌كوو ئیداره‌ى شارۆچكه‌كه‌ ڕێگرییمان لێ ده‌كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواى 16 ئوكتۆبه‌ر هه‌موویان له‌ ڕووى ئیدارى و كارگێڕى و سه‌ربازییه‌وه‌ ئه‌نجام دا.


(باس) جموجۆڵى داعش له‌ ناوچه‌كه‌تاندا هه‌یه‌؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: به‌ڵێ هه‌یه‌ و ناوبه‌ناو هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵى هاووڵاتییانى ناوچه‌كه‌ و خه‌ڵك ده‌ڕفێنن و كارى تیرۆرستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، پێش 16 ئۆكتۆبه‌ر كه‌متر ده‌رده‌كه‌وتن، به‌ هۆى توندوتوڵكردنى ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌ى كه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌ماوه‌ جموجۆڵه‌كانیان زیادى كردووه‌.


(باس) پرۆسه‌ى ته‌عریبكردن له‌ ناوچه‌كه‌تان دروست بووه‌؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: تاكو ئێستا ئاسه‌وارى به‌عه‌ره‌ببوونى ناوچه‌كه‌مان نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌، عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌كه‌مان له‌سه‌رووى 70%وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى داخه‌ كه‌ ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ى كه‌ دانیشتووى شارۆچكه‌كه‌ن ماڵ و حاڵیان به‌جێ هێڵاوه‌ و ڕوویان له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ تایبه‌ت شارۆچكه‌ى كه‌لار كردووه‌، كۆچكردنى ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ریان، یاخود به‌هۆى پشتگوێخستنیانه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقییه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵن.


(باس) ئێستا بارودۆخى ناوچه‌كه‌تان چۆنه‌؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: بارودۆخى ناوچه‌كه‌مان باش نییه‌ و ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ ڕوو له‌ مه‌ترسى ده‌كات، ئارامى له‌ ناوچه‌كه‌مان به‌تایبه‌تى له‌دواى 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌هۆى هاتنى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ نه‌ماوه‌، خه‌ڵك تووشى دڵه‌ڕاوكێ هاتوون و متمانه‌یان له‌سه‌ر ژیانى خۆیان و خانه‌واده‌كه‌یان نییه‌.


(باس) گه‌شبینیت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بارودۆخى ناوچه‌كه‌تان بۆ پێش 16 ئۆكتۆبه‌ر؟
وه‌هاب ئه‌حمه‌د: زۆر زه‌حمه‌ته‌، ئه‌گه‌ر به‌ تواناى كورد بێت ئه‌وا ناتوانێ به‌ شێوه‌ى دیبلۆماسى بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌، مه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ چه‌شنى گۆڕانكارییه‌كانى ساڵى 2003 كه‌ ڕژێمى سه‌دامى دیكتاتۆر ڕووخا ئه‌م حكوومه‌ته‌ى عێراقیش بڕووخێت، ئه‌وجا كورد ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌گینا به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ى قورسه‌.