نوێنه‌رى هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانى خورماتوو: چاره‌نووسى 350 كه‌سی رفێنراومان لەلایەن حەشدەوە دیار نییە

"950 كه‌س لەلایەن حەشدەوە ڕفێنراون و 600 كه‌سیان لەبه‌رامبه‌ر 3 ملیار دینار ئازاد كراون"

سائیر ئه‌لبه‌یاتى، نوێنه‌رى هۆزه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانى شارۆچكه‌ى خورماتوو، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (باس)دا ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ڕیفڕاندۆم بۆ گه‌لى كورد مافیكى ڕه‌وایه‌ و ده‌ستكه‌وتێكى گرنگه‌ و ده‌شڵێت: “حه‌شدى شه‌عبى و ئێران ڕێگرن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ سه‌ر زێدى خۆمان و وه‌كوو دوژمنێكى سه‌رسه‌خت مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن”.


(باس) هۆكارى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى ناوچه‌كه‌تان بۆ چ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: حه‌شدى شه‌عبى به‌ سه‌رپه‌رشتیى ئێران ڕێگه‌مان پێ ناده‌ن بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌كانى خۆمان، كه‌ پێى ده‌ڵێن (ده‌شتى به‌یات) له‌ سنوورى قه‌زاى خورماتوو، له‌دواى 16 ئۆكتۆبه‌ریشه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ ئێمه‌ ئاواره‌ بووین و ئێستا 80 هەزار خێزانى عه‌ره‌بى سوننه‌ مه‌زهه‌ب ئاواره‌ن و له‌ ترسى توندوتیژ‌ى و پێشلێكارییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵهاتوون، ئێستا ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.


(باس) راتان به‌رامبه‌ر به‌ ڕێفڕاندۆم چییه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: مافى گه‌لى كورده‌، ده‌سكه‌وتێكى گرنگ و باشه‌، به‌ڵام كورد نه‌یتوانى به‌ شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست و باش مامه‌ڵه‌كه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات. ده‌بوایه‌ كورد به‌ هه‌موو تواناى سیاسییه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر بكردایه‌.


(باس) هه‌ڵوێستى كورد له‌ ناوچه‌كه‌تان ئێستا له‌گه‌ڵتان چۆنه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: ئێمه‌ وه‌كوو هۆزه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانى خورماتوو زۆر سوپاسى كورد و هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دوو دوژمن ڕزگارى كردووین، ئه‌ویش داعش و حه‌شدى شه‌عبیین، گه‌ر ئه‌وان نه‌بان، له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌و دوو دوژمنه‌ خۆمان و ماڵ و حاڵمان وێران ده‌بوو تیرۆر ده‌كراین.


(باس) ڕفاندنى هاووڵاتییان له‌ ناوچه‌كه‌تان ماوه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: به‌ڵێ تا ئێستاش له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامى هاووڵاتیى سه‌ننه‌مه‌زهه‌ب چ توركمان بێت یاخود عه‌ره‌ب ده‌ڕفێندرێن، له‌دواى هاتنى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ناوچه‌كه‌ تا ئێستا 950 كه‌س ڕفێندراون و له‌به‌رامبه‌ر 3 ملیار دینار 600 كه‌سیان ئازاد كراون، به‌ڵام چاره‌نووسى 350 كه‌سه‌كه‌ى دیكه‌یان دیار نییه‌ و تا ئێستا ڕزگار نه‌كراون و كه‌سیش نازانێت كه‌ ئاخۆ ماون یاخود كوژراون.


(باس) دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌كه‌تان ئێستا چۆنه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: دۆخى ناوچه‌كه‌مان به‌ ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ زۆر خراپ و کاریگه‌ریى كردووەته‌ سه‌ر ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى كه‌ ئاواره‌ بوون و ئێستا ناوێرن له‌ ترسى ئه‌و حه‌شدانه‌ هیچ بكه‌ن و ژیانیان رۆژ له‌دواى ڕۆژ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌كى قورسه‌وه‌.


(باس) مامه‌ڵه‌كردنى حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵتان چۆنه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: مامه‌ڵه‌كردنى زۆر خراپه‌ له‌گه‌ڵمان، تا ئێستاكه‌ هیچ هاوكاریى نه‌كردووین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێگرى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ سه‌ر زێدى خۆمان ده‌كات، فه‌رمانى گەڕانه‌وه‌شمان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆمان كه‌وتووەته‌ ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وان ناوچه‌كه‌یان داگیر كردووه‌ و ڕێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان ناده‌ن.


(باس) ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان سه‌ربه‌خۆیى ڕابگه‌یه‌نێت، ئێوه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌بن؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: گه‌لى كوردستان مافى خۆیه‌تى هه‌ر چ بڕیارێك بیه‌وێت له‌ مافى چاره‌ى خۆنووسینى بدات، ئێمه‌ بۆ پرسى سه‌ربه‌خۆبوونى نه‌ك له‌گه‌ڵیدا ده‌بین، به‌ڵكوو داوا ده‌كه‌ین كه‌ كارى بۆ بكات.


(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى خورماتوون بۆ سه‌ر كه‌ركووك؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: به‌ڵێ، داواكارین له‌ هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عێراق كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى ژماره‌ 41ى ساڵى 1976ى ڕژێمى به‌عس كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ دابڕانى شارۆچكه‌ى خورماتوو له‌ پارێزگاى كه‌ركووك و لكاندنى به‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌و بڕیاره‌ خورماتوو له‌ كه‌ركووك دابڕا و لكێندرا به‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌، دەمانه‌وێت خورماتوو له‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌دین نه‌مێنێت و بخرێته‌وه‌ سه‌ر كه‌ركووك و دواتریش به‌ته‌واوه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.


(باس) ئێوه‌ چ داواكارییه‌كتان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌؟
سائیر ئه‌لبه‌یاتى: داواكارین له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ هه‌وڵمان بۆ بدات بۆ سه‌ر زێدى خۆمان بگەڕێینەوە و له‌ ئاواره‌یى و ده‌ربه‌ده‌رى ڕزگارمان بێت، چونكه‌ بڕوامان به‌ حكوومه‌تى عێراق نه‌ماوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.