عوسمان بایدەمیر بۆ (باسنیوز): ئاڵۆزییەکانی باشووری کوردستان دڵی دوژمنانی کورد خۆش دەکات

پێویستە یەکتری لەباوەش بگرین و برینەکانی خۆمان بە دەستی خۆمان ساڕێژ بکەین

 

عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری ھەدەپە لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا، کە لە ئامەد بە ناونیشانی (کورد گفتوگۆ لەسەر پێشھاتەکان دەکەن) ئەنجام درا، دەربارەی ئاڵۆزییەکانی باشووری کوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێکی ھەفتەنامەی (باس)ی دایەوە.

 

 

بایدەمیر بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”نابێ بە ڕووداوە ناوخۆییەکانمان دڵی دوژمنانی کورد خۆش بکەین، بۆ ئەمەش دەبێ ڕێگا نەدەین ئەم جۆرە ئاڵۆزییانە لەناو خۆماندا ڕوو بدەن. لەبەر ئەوە پێویست دەکات بە زووترین کات، دەست لەناو دەست، بە ڕێگای دیالۆگ و لەسەر بنەمای دانوستاندن و گوێ لە یەکتری گرتن، چارەسەری کێشەکان بکەین، چونکە ھەموو کورد لەو ڕەوشەی باشووری کوردستان ناڕازین“.

 

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ھەدەپە سەبارەت بەو پرسیارەی کە کورد ئێستا لە کوێی ھاوکێشەکاندایە دەڵێ: ”سەدەی ٢١و ئەو قەیرانانەی وڵاتە دیکتاتۆرییەکانی گرتووەتەوە، دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ کورد ڕەخساند، بەوەی ببێتە سەدەی ئازادیی گەلی کورد، بەڵام مخابن حزبەکانی کوردستان ئەم دەرفەتەیان نەقۆستەوە و باش بەکاریان نەھێنا. ئەم خراپ بەکارھێنانەش بووە ھۆی ئەوەی، کە ھەنووکە بەرژەوەندییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان کەتوونەتە مەترسییەوە. بۆیە دەبێ مرۆڤ ئەو ڕاستییە ببینێ و لە خۆی بپرسێ، ئەرێ بۆچ وای لێ ھات؟ لە کاتێکدا سەد ساڵە یاری بە کورد دەکرێ، کوردستان بە خاک و مێژوویەوە پارچە پارچە دەکرێ، جەستە و دڵی کوردستان لە چوار لاوە لە یەک جیا دەکرێتەوە، کەچی حزبێک دەڵێ ئەلیف، حزبەکەی دەڵێ بێ، بەڕاست ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەبێ؟”.

 

بایدەمیر مەبەستەکەی خۆی ڕوونتر دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات: ”لە دۆخێکی وادا تەنیا یەک ڕێگا لەبەردەم ئێمەدا ھەیە، ئەویش ئەوەیە حزبەکانی کوردستان بەرژەوەندییەکانیان بکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی کورد و کوردستان و ھەمووشیان لەوەدا ھاوکار و ھاوئاھەنگ بن. بۆ ئەمە پێویستە چی بکەین؟ کام ڕێگا بگرینە بەر بۆ کاڵکردنەوەی ناکۆکیی نێوان حزبەکان؟ بە چ ڕێباز و شێوازێک وا بکەین خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان حزبەکانی کوردستان بکەینە ڕایەڵی گەیشتنە یەک و یەکڕیزییان؟ لەڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێ بڵێ دۆخی کورد لەمڕۆدا نەخوازراوە، بەم پەرتەوازەییە ناوخۆییەوە کەوتووەتە ناو ھاوکێشەی ئاڵۆزییەکان و گێژەنی ململانێکانی ناوچەکە. بە جۆرێکە مرۆڤ بەداخەوە دەڵێ، کە ڕەوشی ھەریەکە لە باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پێویستییەکانیان جیاوازن، وەلێ ڕاستییەکەی تر ئەوەیە، کە چارەنووس و چارەسەری ھەمووان بەیەکەوە گرێ دراوە. واتە بەبێ باکوور، ئاسان نییە کێشەی باشوور چارەسەر بکرێ و بەبێ ڕۆژئاوا، ئەستەمە گرفتی ڕۆژھەڵات چارەسەر بکرێ و بەپێچەوانەشەوە”.

 

ئەم سیاسەتکارە کوردەی باکووری کوردستان، سەبارەت بە کاریگەریی ئاڵۆزی و پشێوییەکانی باشووری کوردستان بەسەر باکوور و پەیامی ئەوان بۆ چارەسەریی دۆخەکە جەخت دەکاتەوە: “دوو شت ھەن، یەکەم ئەوەیە کە کورد لەناو خۆیاندا پەرە بە دیموکراسیەت بدەن و سەرکردەکانی کورد ناچارن و دەبێ لەناوخۆدا دیموکراسیەت بپارێزن. دووەمیان ئەوەیە ھەر کورد و کوردستانییەک بەرلەوەی ھەنگاوێک بنێ، دەبێ بزانێ ئەو ھەنگاوەی چەند لە قازانجی کوردستاندایە، یان بە زیانی وڵاتەکەی تەواو دەبێت. ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی باشووری کوردستان دڵی کێی خۆش کردووە؟ بێ گومان تاران، بەغدا، شام و ئەنکارا پێی دڵخۆشن. ئەمەش من ئازار دەدا و پێی دەسووتێم. ھەر کوردێک خۆی بە کورد و کوردستانی بزانێ، ئەستەمە بەم ئاڵۆزییانە دڵخۆش بێت. ناکرێ و نابێ بەم ڕووداو و پشێویانە دڵی دوژمنانی کورد خۆش بکەین، بۆ ئەمەش دەبێ بگەڕێینەوە سەر دیالۆگ و دانوستاندن و لەیەکتر گەیشتن و لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانمان ڕژد و نیازپاک بین”.

 

لە ماوەی داھاتوودا ھەڵبژاردن لەپێش باشووری کوردستان ھەیە، کە خەڵکێک پێی وایە ڕەنگە ئەمە ڕێدەربازێک بێت بۆ کۆتاییھاتن بەم کێشە و قەیرانانەی کوردستان. پەیوەست بەم پێشھاتە، ئەم سیاسەتکارەی کورد دەڵێ: “ئەگەر لە پارچەیەکی کوردستان، لە ڕۆژئاوا، تا ڕۆژھەڵات و باشوور کێشەیەکی ناوخۆیی ھەبێت، ئێمە وەکوو ھەدەپە خۆمان بە بەشێک، یان لایەنێکی ناو کێشەکە نازانین، بەڵام ئەگەر لەبەر گرنگییەکەی، ئەرک و ڕۆڵێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە، ئەوا بۆ چارەسەری ئامادەین. ئێمە وەک گەلی باکووری کوردستان، چارەسەرنەبوونی کێشەکان ئازارمان دەدات و پێیان دڵگران و خەمگینین. بۆیە بانگەوازی ئێمە بۆ برادەرەکانمان ئەوەیە، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ، بە ڕێگاکانی دانوستاندن و گفتوگۆ و بە ڕێبازی یەکتری قەبوڵکردن و یەکتری لەباوەش گرتن، ئەو کێشانە چارەسەر دەبن. چونکە ئەو دەمەی رەوشی پارچەیەکی وڵات خراپ دەبێت، ئەوا ڕەوشی ھەر چوار پارچەکەی وڵات خراپ دەبێت. بۆیە پێویستە یەکتری لە باوەش بگرین و برینەکانی خۆمان بە دەستی خۆمان ساڕێژ بکەین”.

 

دوای ئەوەی لە پەرلەمانی تورکیا بە یاسا دەربڕینی ناوی کوردستان قەدەغە کرا، کەچی عوسمان بایدەمیر، لە وتەی فراکسیۆنەکەی لە دانیشتنێکی پەرلەماندا چەند جارێک ناوی (کوردستان)ی ھێنا.

 

کاتێ وتارەکەی تەواو کرد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وەک جۆرێک لە بێبە ھا سەیرکردنی کوردستان و وەک ئەوەی نەزانێ مەبەستی بایدەمیر چی و کوێیە لێی پرسی: ”بەڕێیز بایدەمیر کوردستان کوێیە؟ کەوتووەتە کوێ؟ ئەویش بە ئاماژەکردن بۆ دڵی خۆی، بە باوەڕەوە گوتی: بەڕێز سەرۆک، کوردستان ئەوەتا لێرە، بەڵێ ئا لێرەدایە (دەستی لەسەر دڵی بوو). بۆیە لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، کە ئاخۆ دوای سزادانیان لەسەر ناوھێنانی وشەی کوردستان لەناو پەرلەمانی تورکیا، کە ئێستا دەگەڕێتەوە ناو پەرلەمان، ھەر سوور دەبێت لەسەر ئەم بۆچوون و ھەڵوێستانەی؟ بایدەمیر گوتی: “ھەتا کوردستان ئازاد نەبێ، من بەردەوام دەبم. تا ئەو کاتەی گەلی کوردیش وەک گەلانی عەرەب و فارس و تورک دەگاتە ئامانجی خۆی، من بەردەوام دەبم. ئەمە ڕاستییەکەیە، ئەوە حەقیقەتی جیھانە. بۆیە بانگەوازی ئێمە بۆ ھەموو خەڵک ئەوەیە، کە لەو ڕاستییە بە خاوەن دەربکەون و ڕێزی لێ بگرن. ئەوانەی ھەنووکە لەبەر ئەو دەربڕینەی من دڵخۆشن، با ئەوانیش بزانن کە منیش ڕۆڵەیەکی کوردم و لای من ھەر چوار پارچە یەک شتن و یەک مێژوو و یەک ئاڵایشیان ھەیە. ھەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسی و حزبییەکانی من بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی کورد و کوردستان بن، چونکە ئەگەر بەم تێگەیشتنە سەیری پرس و کێشەکان بکەین، لەو باوەڕەدام، کە زووتر بگەینە ڕێککەوتن. کاتێکیش ڕێککەوتن ھەبێت، زووتر دەگەینە ئامانجەکانی خۆمان”.