سیاسه‌تمه‌دارێکی عێراقى: هه‌رێمى كوردستان مافى خۆیه‌تى ئەنجامی ریفراندۆم بخاته‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌

"ئەوانەی بەرامبەر بارزانی بێ وەفا بوون، دڵنیاین سبه‌ینێ وه‌كوو جاران دێن و په‌نا بۆ بارزانى ده‌به‌ن"

له‌م دیداره‌ى (باس)دا، د. ناجح ئه‌لمیزان، سیاتمه‌دارى ناودارى عێراق، باس له‌ ده‌ستێوه‌ردانى ئێران له‌ كاروبارى عێراقدا ده‌كات و ڕاشى ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ هه‌رێمى كوردستان مافى خۆیه‌تى هه‌رچى بیه‌وێت ئه‌نجامى بدات.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان چۆنه‌؟
د.ناجح ئه‌لمیزان: هه‌رێمى كوردستان مافى خۆیه‌تى هه‌رچى بیه‌وێت ئه‌نجامى بدات، به‌تایبه‌ت ئێستا، بۆ نموونه‌ (ڕیفڕاندۆم) كه‌ حكوومه‌تى عێراق دژایه‌تیى ده‌كات و ده‌ڵێت ناشه‌رعییه‌، هه‌رێمى كوردستان مافى خۆیه‌تى كارى له‌سه‌ر بكات و بیخاته‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ڵه‌که‌بوونى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و عێراق ئه‌و لایه‌نه‌ى گه‌یانده‌ ئه‌م ڕۆژگاره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق پیاوى خاوه‌ن هه‌ڵوێستى تێدا نییه‌، گه‌ر تێیدا هه‌بوایه‌ سوپاى وڵاتێكى دیكه‌ى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان نه‌ده‌هێنا.


(باس) ئه‌ى بۆچوونتان له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق چۆنه‌؟
د. ناجح ئه‌لمیزان: ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر كورسیى ده‌سه‌ڵات دانیشتوون و ناوى خۆیانیان ناوه‌ حكوومه‌تى عێراق، ئه‌گه‌ر ده‌ستى ده‌ره‌كى نه‌بێت نه‌ك خۆیان، به‌ڵكوو باوكیانیش ناتوانن كورسیى ده‌سه‌ڵات به‌ئاسانى به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وانه‌ سه‌ره‌ڕۆی وڵاته‌كانن و هیچ نازانن، ته‌نيا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ ده‌ستى ده‌ره‌كى بهێننه‌ ناو وڵاته‌وه‌، تۆمه‌تى ئه‌وه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبه‌ست كه‌ گوایه‌ ئاڵاى ئیسرائیلیان هه‌ڵكرتووه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان نه‌دى، به‌ڵام به‌ ده‌یه‌ها ئاڵا و وێنه‌ى سه‌ركرده‌ ناوداره‌كانى ئێرانیان له‌ناو به‌غداى پایته‌خت داناوه‌، بۆچى تۆمه‌ت به‌ كوردستاندا هه‌ڵده‌واسن و باسى ئه‌وانه‌ى خۆیان ناكه‌ن.

 

(باس) چۆن ده‌ڕوانیته‌ ڕۆڵى به‌رپرسه‌ سوننه‌كان؟
د. ناجح ئه‌لمیزان: به‌رپرسه‌ سوننه‌كان له‌ كێیبركێیه‌كى به‌هێزدان تا دڵى (قاسم سوله‌یمانى) رازى بكه‌ن، ئه‌وانه‌ نوێنه‌رایه‌تیى ئێمه‌ى سوننه‌ مه‌زهه‌ب ناكه‌ن، هه‌ندێك عه‌ره‌بى سوننه‌ هه‌ن نزيك لە دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراقدان، ئه‌وانه‌ خۆفرۆش و جاشن، هه‌ڵوێسته‌كانیان ته‌نیا بۆ ڕه‌زامه‌ندیى ئێران و ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵیدان، ئایا ده‌بێت عه‌ره‌بى سوننه‌ كۆیله‌ى ئێران بن؟ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ دانیشتووى ئێرانن به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بى ئه‌هواز، رازى نابن ببنه‌ كۆیله‌ى ویلایه‌تى فیقهى، ئه‌ى چۆن ئێمه‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌ ئه‌وه‌ قه‌بوڵ بكه‌ین، یه‌ك شتى گرنگ له‌ ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌كه‌تانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌م، كه‌ سه‌لیم جبورى له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقی پێ درا.

 

(باس) راتان له‌ سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى چییه‌؟
د. ناجح ئه‌لمیزان: حه‌شدى شه‌عبى دوژمنى ئیمه‌ى سوننه‌ مه‌زهه‌به‌، ئه‌و ڕێگره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانى شاره‌دێیه‌كانى سنوورى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ شیعه‌ى تێدا بێت ڕێگه‌ به‌ ئاواره‌كانى ده‌درێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدى خۆیان، به‌ڵام ئاواره‌ سوننه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، حه‌شدى شه‌عبى كارئاسانى بۆ چه‌كدارانى داعش له‌ ناوچه‌ سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كاندا ده‌كات، ده‌نگدانى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر بڕگه‌ى حه‌شدى شه‌عبى پێچه‌وانه‌ى یاسا و ده‌ستووره‌، ده‌بێت یاسا له‌ ڕێگه‌ى ده‌ستووره‌وه‌ ده‌ربچێت، به‌ڵام یاسا و ده‌ستوورى عێراق له‌ سایه‌ى ئه‌واندا هیچ به‌هاییه‌كى نییه‌.

 

(باس) ئایا له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆبوونى كوردستاندان؟
ناجح ئه‌لمیزان: كوردستان له‌ هه‌موو شتێكى باشدا پێشه‌نگ بووه‌، ئه‌وه‌ى له‌ ناوچه‌ شیعه‌كاندا دژ به‌ سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كان ده‌كرێت وه‌ك جیاوازیكردن له‌نێوان عومه‌ر و عه‌لى یاخود زه‌ینه‌ب و فاتیمه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستان شتى وا له‌ئارادا نییه‌، هه‌رێمى كوردستان مافى هه‌موو لایه‌كى به‌یه‌كسانى پاراستووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌وا 70% عه‌ره‌بى سوننه‌ به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ته‌ماشا بكه‌ین، ده‌بینین له‌سه‌ر ده‌ستى شیعه‌ ئه‌و ناوچانه‌ تووشى كێشه‌ و گرفت هاتوون، ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بى سوننه‌ وه‌ستا ته‌نیا كورده‌، هاوپه‌یمانیى شیعى ئێستا له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان كه‌ كێشه‌ و گرفت له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بى سوننه‌ دروست بكه‌ن.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ چییه‌ كه‌ دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت؟
ناجح ئه‌لمیزان: عەبادى و حكوومه‌ته‌كه‌ى له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمان له‌ قاسم سوله‌یمانییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، له‌ ماده‌ى 9ى ده‌ستورى عێراقدا هاتووه‌ كه‌ نابێت هیچ هێزێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت دروست بكرێت، به‌ڵام حه‌شدى شه‌عبى له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراق دروست كراوه‌، حه‌شدى شه‌عبى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش دروست كرا، ئه‌وه‌ داعش نه‌ما، كێ مافى ئه‌وه‌ى دایه‌ حه‌شد كه‌ له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ست به‌ شه‌ڕكردن بكات، نابێت ئێمه‌ به‌ هێزێك رازى بین كه‌ به‌ فه‌رمانى ده‌ره‌وه‌ كار ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌لاماره‌كه‌ى ڕۆژى 16/10 بۆ سه‌ر كه‌ركووك و دووز خورماتوو به‌ فه‌رمانى قاسم سوله‌یمانى بوو.

 

(باس) پێتوایه‌ ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ى ئێران له‌ كاروبارى عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى عێراقدایە؟
ناجح ئه‌لمیزان: پایته‌ختى عێراق كه‌ به‌غدایه‌ له‌ ئێستا بووه‌ته‌ پایته‌ختى ئێران، كه‌ عێراق خۆى بووه‌ته‌ پارێزگایه‌كى سه‌ر به‌ ئێران، گه‌ر شیعه‌ى عێراق كه‌ وێنه‌ى عه‌لى خامینه‌یى رابه‌رى شۆڕشى هه‌ڵده‌واسن و گوێى لێ ده‌گرن، واى بۆ ده‌چن كه‌ مه‌سعود بارزانى له‌ پۆسته‌كه‌ى خۆى واز هێنا وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، واتا كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى هێنرا، با ئه‌وه‌ بزانن به‌ بڕواى ئێمه‌ ئێستا بارزانى سه‌رۆكى هه‌موو سوننه‌یه‌ و پشتگیریى لێ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ى بارزانى بۆ ئه‌وانى كرد ئه‌وه‌ وه‌فاكه‌یانه‌ به‌رامبه‌رى دڵنیاین، سبه‌ینێ هه‌م وه‌كوو جاران دێن و په‌نا بۆ بارزانى ده‌به‌ن، عەبادى ده‌بێت دانیشێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ك هاوار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕیفراندۆم بكات. با عه‌بادى بزانێت ئێمه‌ به‌ په‌نجه‌ى خۆمان ده‌نگمان به‌ ڕیفراندۆم دا، با به‌ قسه‌ى ئێران نه‌كات، چونكه‌ ئێران له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیى كه‌سى دیكه‌ى ناوێت.