سه‌رۆكى پارتێکی تورکمانی: 16ی ئۆکتۆبەر ڕۆژێكى ڕه‌ش و پڕ له‌ كاره‌ساتە و هه‌ڵه‌ى هه‌ندێك گرووپه‌

"داوامان کردووە گەنجانی تورکمان بخرێنە رێزی هێزی پیشمەرگەوە"

له‌ دیمانه‌یه‌كى (باس)دا، عه‌بدولقادر بازرگان، سه‌رۆكى پارتى چاكسازیى پێشكه‌وتنى توركمان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ بارودۆخى شارى كه‌ركووك به‌هۆى داگیركردنى له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: ”ئێستا توركمانه‌ سوننه‌كانى كه‌ركووك كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان دروست بووه‌“.

 

(باس) بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك و خورماتوو به‌ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ چۆن ده‌بینن؟
عه‌بدولقادر بازرگان: له‌دواى 16 - 10 و داگیركردنى كه‌ركووك و خورماتوو له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، بارودۆخى ناوچه‌كه‌ ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت توركمانه‌كانى ئه‌و شارانه‌ بارودۆخیان ڕوو له‌ خراپتر ده‌كات، چونكه‌ ئێستا لایه‌نێكى فه‌رمى نییه‌ به‌رگرى له‌ هاووڵاتییانى ئه‌و دوو شاره‌ بكات، به‌ڵام لایه‌نێك هه‌یه‌ به‌ شێوازى تایفه‌گه‌رى كار ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شارێك به‌م جۆره‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت.

 

(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووك و خورماتوو بكشێته‌وه‌؟
عه‌بدولقادر بازرگان: به‌ڵێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شداین كه‌ بارودۆخى كه‌ركووك و خورماتوو بگه‌ڕێته‌وه‌ پێش ڕۆژى 16-10 و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكه‌ و دیاریكردنى پارێزگاریش، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ئاسایشى ناوچه‌كه‌ به‌رقه‌رار ده‌بێت، له‌ كاتى خۆشیدا هێزى پێشمه‌رگه‌ بوو توركمانه‌كانى ده‌پاراست.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ ڕۆژى 16ی ئۆکتۆبەر؟
عه‌بدولقادر بازرگان: ئه‌و ڕۆژه‌ لاى ئێمه‌ى توركمان ڕۆژێكى ڕه‌ش و پڕ له‌ كاره‌ساتە و هه‌ڵه‌ى هه‌ندێك گرووپه‌ كه‌ كه‌ركووك و خورماتووى گه‌یانده‌ ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ، به‌داخه‌وه‌.

 

(باس) هه‌وڵه‌كانى بارزانى بۆ یه‌كسانیبوون له‌ مافى نه‌ته‌وه‌كان چۆن ده‌بینن؟
عه‌بدولقادر بازرگان: له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایى سه‌رۆك بارزانى مافى هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى به‌بێ جیاوازى پاراستووه‌، به‌ تایبه‌تى ئێمه‌ى توركمان، له‌ كاتى دانانى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراقیش كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش تێدا به‌شدار بوو، سه‌رۆك بارزانى داكۆكیى له‌ مافه‌ ئێمه‌ى توركمانى تێدا كرده‌وه‌، هه‌روه‌هاش له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كورسیى كۆتا بۆ توركمانه‌كان دانرا، ئێمه‌ وه‌كوو توركمان پێمان وایه‌ كه‌ به‌ ته‌نیا سه‌رۆك بارزانى ده‌توانێت به‌رگرى له‌ مافى نه‌ته‌وه‌كان بكات.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى چییه‌؟
عه‌بدولقادر بازرگان: حه‌شدى شه‌عبى ڕێكخراوێكى تایفییه‌، ڕێكخراوى تایفییش پێى ناكرێت خزمه‌تى گه‌ل و وڵات بكات.

 

(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ توركمان ببێت به‌ حه‌شدى شه‌عبى؟
عه‌بدولقادر بازرگان: به‌ هیچ جۆرێك قبوڵ ناكه‌ین توركمان نه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ هه‌بێت و نه‌ ببن به‌ چه‌كدار له‌ ریزه‌كانى، چونكه‌ توركمان توركمانه‌ و حه‌شدى شه‌عبیش حه‌شدێكى مه‌زهه‌بییه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ توركمان ببێت به‌ پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ كاتى خۆشى داوامان كرد كه‌ توركمان په‌یوه‌ندیى هه‌بێت به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ و بچێته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌نیا له‌ ریزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت خزمه‌ت به‌ خۆى و نه‌ته‌وه‌كه‌ى و میله‌ته‌كه‌ى بكات.

 

(باس) ژماره‌ى ئه‌و توركمانانه‌ چه‌ندن كه‌ بەهۆی حه‌شدى شه‌عبی ئاوارە بوونە؟
عه‌بدولقادر بازرگان: به‌وردى ئامارى ته‌واوم له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام ژماره‌یان زۆره‌، هه‌ندێكیان هاتوونه‌ته‌ هه‌ولێر و هه‌ندێكى دیكه‌یان چوونه‌ته‌ شاره‌كانى سلێمانى و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌و ئاوارانه‌ى كه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌ولێر ژماره‌یان یه‌كجار زۆرە و ماڵ و حاڵیان له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كراوه‌.

 

(باس) له‌گه‌ڵ به‌هه‌رێمكردنى كه‌ركووكدان؟
عه‌بدولقادر بازرگان: به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ كه‌ركووك بكرێته‌ هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ، ته‌ئكیدیش له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ كه‌ركووك بووه‌ به‌شێك له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وكات‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ تایبه‌ت توركمانه‌كان ئاسووده‌ ده‌بن.

 

(باس) ئەی دەربارەی داواکاریی حکوومەتی عێراق بە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ڕیفڕاندۆم؟
عه‌بدولقادر بازرگان: خۆى له‌ راستیدا ئه‌نجامى ڕیفڕاندۆم به‌ ئه‌نجامدانى ڕیفڕاندۆمێكى دیكه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، ده‌توانین بڵێین كه‌ سڕ بكرێت، به‌ڵام ناتوانین بڵێین هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ سێ ملیۆن كه‌س ده‌نگى پێی داوه‌ و له‌ دەسەڵاتى كەسدا نییە ده‌نگى سێ ملیۆن کەس هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.