پەرلەمانتارێکی مەسیحی لە کوردستان: 1.2 ملیۆن مەسیحی عێراقیان بەجێ هێشتووە

”پاپای ڤاتیکان ئاگاداری دۆخی مەسیحییەکانی عێراقە“

 

لە دیمانەیەکی ھەفتەنامەی (باس)دا، سروود سەلیم، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، مەسیحییەکان لە عێراقدا ژمارەیان لە ١.٥ ملیۆن ھاووڵاتییەوە دابەزیوە بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس، دەشڵێت: "ڕەوشی تەناھی لە ھەرێمی کوردستان باشە". چەند تەوەرێکی تر دەخرێنە بەر باس.

 

(باس) چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان داوای ھەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای پاراستنی پێکھاتەکانیان کردووە، مەبەست لەو داوایە چییە؟

 

سروود سەلیم: پێشتر و بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٥، لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای پێکھاتەکان دەرچوێندرا، ئێستاش ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پڕۆژەیان ئامادە کردووە بۆ ھەموارکردنەوەی و مەبەست لەو کارەشیان دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە یاساکەی پەرلەمانی کوردستانە و ھەموارکردنەوەی ئەو پڕۆژە یاسایە بریتییە لە دوو بەش، بەشی یەکەم دەیانەوێت وشەی پێکھاتەکان بگۆڕن بۆ کەمینەکان، بۆ ئەوەی کەمینەکانی ھەرێمی کوردستان سوود وەربگرن لەو یاسایە نێودەوڵەتییەی کە تایبەتمەندن بە مافی کەمینەکان و ئەو رێکخراوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەگەر پێکھاتەکانی ھەرێم بە کەمینە حیساب بکرێن لە قازانجی کەمینەکانە و باشترە بۆیان و ئێمەش پشتگیریی ئەو بۆچوونە دەکەین، بەشی دووەمی داواکارییەکان لە ھەموارکردنی پڕۆژە یاساکەی پەرلەمانی کوردستان بریتییە لە زیادکردنی بڕگەی سزا، واتا ھەر لایەنێک بیەوێت پێشێلی ئەو پڕۆژە یاسایە بکات سزای بۆ دیاری بکرێت و دووپاتی دەکەمەوە ئێستا ئەگەر بە کەمینە ھەژمار بکرێن لە قازانجی ئێمەیە، داوای ڕێکخراوەکانیش بۆ ئەو مەبەستە لە ڕووی یاسایی و سیاسیشەوە ڕاستە و لای ئێمەش پەسەند کراوە، کێشەی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە ئەو پڕۆژە یاساییەی پێکھاتەکان کە لە ٢٠١٥ دەرکرا جێبەجێ نەکراوە، ئێمە بە لایەنە پێوەندیدارەکانیشمان گوتووە کە گرنگ نییە ئێمە یاسامان ھەبێت، گرنگ ئەوەیە یاسا جێبەجێ بکرێت.

 

(باس) دۆخی مەسیحییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق چۆنە و ھیچ ئامارێکی کۆچکردنی مەسیحییەکانت لایە؟

 

سروود سەلیم: ئەگەر ئێمە بگەڕێنەوە بۆ پێشووتر و لە سەردەمی بەعسدا دۆخی مەسیحییەکان بە گشتی لە عێراقدا باش نەبووە، لەبەرئەوەی بەعس قبووڵی نەدەکرد ھیچ مەسیحییەک گوزارشت لە خۆی بکات و بوونی ھەبێت، ئێمەش ڕووبەڕووی سیاسەتی تەعریب بووینەوە و زۆر لە مەسیحییەکان ناچار کران دەستبەرداری زمانی زگماکی ببن و بە عەرەبی قسە بکەن و نەوەیەکیش دروست بوو ھەر بە زمانی عەرەبی قسەیان دەکرد، واتا بە زمانی خۆمان قسەی نەدەکرد و لەدوای ٢٠٠٣ دیسان بە شێوازێکی سیستەماتیک تووشی کێشەی گەورە بووینەوە و چەندین جار مەسیحییەکان لە بەسرە لە میسان لە بەغدا و مووسڵ و کەرکووک و ڕووبەرووی کارەسات بوونەوە، دواتر تەعدا لە کەنیسەی سەید نەجات کرا، ئەوەش گەورەترین کارەسات بوو دوای ئەوەی داعش ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوای داگیر کرد، ئەمانەش ھەتا دەھات کاریگەریی نەرێنی دەکردە سەر مەسیحییەکان، تا وایلێھات مەسیحییەکان باوەڕیان نەمێنێت بەو وڵاتە و خەڵکیش دەستیان دەکرد بە کۆچکردن. سەبارەت بە ئاماری کۆچکردنی مەسیحییەکان لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی زۆر جێگەی مەترسین، پێش ٢٠٠٣ زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ھاووڵاتیی مەسیحی لە سەرتاسەری عێراق ھەبوون، ئێستا ئەو ڕێژەیە بەداخەوە دابەزیوەتە سەر ٣٠٠ ھەزار کەس، ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە و پێویستە حکوومەت پلانێکی رێکوپێکیان ھەبێت بۆ پارێزگاریکردن لەو ھاووڵاتییە مەسیحییانەی کە لە وڵاتدا ماونەتەوە.

 

(باس) ئەی پاپای ڤاتیگان ئاگاداری ڕەوشی مەسیحییەکانی عێراقە؟

 

سروود سەلیم: بەڵێ، پاپا ئاگاداری دۆخی مەسیحییەکانی عێراقە و تەنانەت سەرۆکی کەنیسەی ئەرسودۆکیش، لەبەر ئەوەی ئێمە دوو بەشین کاسۆلیک و ئەرسۆدۆکسمان ھەیە، ھەردوو بەشیش ئاگایان لێیە.

 

(باس) ئەی دۆخی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا چۆنە کە پێشتر داعش داگیری کردبوو و ئێستا حەشدی شەعبی؟

 

سروود سەلیم: مەسیحییەمانی دەشتی نەینەوا دەتوانم بڵێم لە %٥٠یان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە، واتا لەسەر نیوە مانەوە، بەداخەوە دوای ئاڵۆزییەکان ئێستا دەشتی نەینەوا بووەتە دوو بەش، بەشی خوارەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبیدایە و بەشی سەرەوەش پێشمەرگەی لێییە و ھەر بەھۆی ئاڵۆزییەکانەوە ئەو مەسیحییانەی کە پێشتر ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە داگیر کرابوون و ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و دواتر گەڕانەوە، ئێستا بەھۆی ئەو بارودۆخەی کە دروست بووە، جارێکی تر ئاوارە بوونەتەوە.

 

(باس) ڕاستە حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا داوایان لە ژمارەیەک ھاووڵاتیی مەسیحی کردووە ئایینەکەیان بگۆڕن بۆ ئیسلام؟

 

سروود سەلیم: بەڵێ، منیش گوێبیستی ئەو بابەتە بووم، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی ئەو بابەتە نەگەیشتە دەستی ئێمە.

 

(باس) ئەی دۆختان لە ھەرێمی کوردستان چۆنە؟

 

سروود سەلیم: ڕەوشی تەناھی لە ھەرێمی کوردستان باشە، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ھەموو لایەک، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە کەموکورتی ھەیە و ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندا تموحمان زیاترە و وا پێشبینی دەکەین کە حکوومەت پلانێکی جدیی ھەبێت بۆ مەسیحییەکان.

 

(باس) ئەی چیت ھەیە بۆ دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان؟

 

سروود سەلیم: باشترین بژارە ئەوەیە کە ئێستا حکوومەتی عێراقی بەپێی دەستوور مامەڵە بکات و مادەیەکی دەستووریش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو ناوچانە، جێبەجێی بکات.