سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی: 100 ھەزار تورکمانی تەلەعفەر ئاوارەی کوردستان بوونە

”حەشدی شەعبی ماڵی تورکمانەکانیش دەسووتێنێت“

محەمەد سەعدەدین محەمەد سەعدەدین

 

لە دیمانەیەکی ھەفتەنامەی (باس)دا محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی کە ھاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە ڕای دەگەیەنێت: "تورکمانەکانیش بەھۆی حەشدی شەعبییەوە ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک". دەشڵێت: ”وەرەقەی ڕیفراندۆم لای سەرۆک بارزانییە و بۆ داھاتوو ویستی دەتوانێت ئەو وەرقەیە بخاتەوە مەیدان و دەوڵەت ڕابگەیەنێت“. چەند پرسێکی دیکەش دەخاتە ‌ڕوو.

 

(باس) دۆخی کەرکووک و تەلەعفەر لە سایەی حەشدی شەعبیدا چۆنە؟

 

محەمەد سەعدەدین: ئێمە وەکوو پارتی گەشەپێدانی تورکمان، نەک تەنیا کەرکووک، لە پرسی تەلەعفەریش بە نەتەوە یەکگرتووەکانمان ڕاگەیاندووە کە ڕاستە حەشدی شەعبی بە زۆرینەی دەنگی شیعەکانی ناو پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژە یاسایەکەی درا، بەڵام پێمان باش نەبوو حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و لە دەشتی نەینەوا ھەبن، لە تەلەعفەر داوامان کرد حەشدی شەعبی دەربچێت، بەڵام ئێستاش ناوچەکەیان داگیر کردووە و نزیکەی ١٠٠ ھەزار تورکمانی سوننە تەنیا لە تەلەعفەرەوە بەھۆی بوونی حەشدی شەعبییەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە، ئێستا کە تیرۆریستانی داعشیش لەو سنوورە نەماوە، ئینجا بەھۆی حەشدی شەعبییەوە خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

 

سەبارەت بە کەرکووکیش پرسی کەرکووک بووەتە سیاسی، کاتێک کە حەشدی شەعبی دامەزرا دەسەڵاتدارانی عێراق گوتیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان دامەزراوە، کەچی ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بینیمان حەشدی شەعبی ھاتنە ناو کەرکووک بۆ ئەوەی ھەندێک مەرامی سیاسیی خۆیان جێبەجێ بکەن و نفوزی سیاسیی خۆیان بەھێز بکەن، بەتایبەت ئەوانەی کە لە چوارچێوەی تائیفی و مەزھەبگەری سیاسەت دەکەن، ئەمەش شتێکی باش نەبوو و خەڵکیش ئاوارە بوو، تەنانەت بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حزبە تورکمانییەکانیش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و بەھۆی حەشدی شەعبییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە کەرکووک و ھاوکات بەشی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش ئاوارە بوونە، ئێستاش تابلۆیەکی وا نیشان دراوە کە تورکمانەکان پشتگیریی ئەو دۆخەی کە ئێستا ھەیە لە کەرکووک دەکەن، ئەوە ڕاست نییە، تەنیا یەک لایەنی تورکمانی ئەو دۆخەی بۆ مەرامە تایبەتەکانیان پێ خۆشە، خەڵکی تورکمانی کەرکووک لەگەڵ پێکھاتەکانی تر دەیان ساڵە وەک برا پێکەوە ژیاون و دەیانەوێت دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و دووبارە بگەڕێنەوە کەرکووک و ئەو زیانانەی کە ڕووی دا لەوە زیاتر نەبێت و ھەوڵ بدرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

 

(باس) ئێستا بەرەی تورکمانی دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ بەھەرێمکردنی کەرکووک، ڕای ئێوە چییە؟

 

محەمەد سەعدەدین: لە دەستووری عێراقدا کەرکووک بەستراوەتەوە بە ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق لە لایەک و لە لایەکی ترەوە لە کەرکووک ڕیفراندۆم کراوە و زۆرینەی کەرکووکییەکانیش دەنگیان ئەرێنی بووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بۆیە کارکردن بۆ بەھەرێمکردنی کەرکووک ھەڵەیە و ئەوان دەیانەوێت کات بەفیڕۆ بدەن.

 

(باس) پێشتر ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بوویت، سەبارەت بە سڕکردنی ڕیفراندۆم چیت ھەیە و بۆ داھاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی ڕیفراندۆمدا دەکرێت؟

 

محەمەد سەعدەدین: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر بڕیارێک بدات ئەوە بڕیارێکە بۆ جێبەجێکردنی کاروباری خۆی و بۆ ئەوەی زەمینەی دانوستاندن بسازێنێت، بە تایبەت لەگەڵ بەغدا و حکوومەت ڕیفراندۆمی ئەنجام نەداوە، تەنانەت ئەگەر حکوومەت بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمیش بدات، ھیچ کاریگەریی لەسەر ئەنجامی ڕیفراندۆم نابێت، چونکە ڕیفراندۆمەکە کرا، ئەگەر حکوومەتی عێراق دژی ڕیفراندۆم بوایە پێویست بوو پێشتر ڕێگەی نەدایە ڕیفراندۆم بکرایە، کە کرا ئیدی سڕکردنی یان ھەڵوەشاندنەوەی ھیچ شتێک لە دۆخەکە ناگۆڕێت.

 

(باس) ئەنجامی ڕیفراندۆم بۆ داھاتوو چ سوودێکی ھەیە؟

 

محەمەد سەعدەدین: بۆ داھاتوو سوودی ھەیە، وەک گوتم ئەگەر حکوومەتی ھەرێم ئەنجامی ڕیفراندۆمیش ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا چوار ساڵ یاخود پێنچ ساڵی تر دەتوانرێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت، چونکە ئەو ڕیفراندۆمە حکوومەت بڕیاری لەسەر نەداوە و حکوومەت ئیدارەیەکی کاتییە بۆ چوار ساڵە، بەڵام ڕیفراندۆم خۆ بۆ چار ساڵ نەکراوە، ڕەنگە پێنج ساڵی تر دەوڵەت ڕابگەیەنین و ڕیفراندۆم بڕیاری گەلە و ھیچ ھێزێک ناتوانێت بڕیاری گەل پووچەڵ بکاتەوە، ئێمە ھەر سەرەتاش ڕیفراندۆمان سڕ کرد و لەداھاتوودا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەکەین و چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەین، ڕیفراندۆم بەڵگەیەکی بەھێزە و خەڵکی کوردستان بۆ داھاتوو لێی سوودمەند دەبێت و وەرەقەی ڕیفراندۆم لای سەرۆک بارزانییە و بۆ داھاتوو ویستی دەتوانێت ئەو وەرقەیە بخاتەوە مەیدان و دەوڵەت ڕابگەیەنێت.

 

(باس) پێتوایە ئەو دۆخە ناھەموارەی کە لە کەرکووک حەشدی شەعبی خوڵقاندوویەتی کاتییە، یان بەردەوام دەبێت؟

 

محەمەد سەعدەدین: حەشدی شەعبی لایەنگری دەکات لە کەرکووک و پێشمەرگە ھێزێکی دەستوورییە و بە دەق ناوی لە دەستووردا ھاتووە وەک ھێزێکی بەرگریکار، بەڵام حەشدی شەعبی ناوی لە دەستووردا نەھاتووە و بە یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەرچوێندراوە و بە یاسایەکیش دەتوانرێت ھەڵبوەشێنرێتەوە، بابەتێکی لۆژیکی نییە کە ھێزێک لە دەستووردا ڕێگەی پێ درابێت بکشێتەوە و لە شوێنەکەی ھێزێکی میلیشیا شوێنەکانیان بگرێتەوە، ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە لە کەرکووک کاتییە بۆ داھاتوویەکی نزیک، ھەڵبژاردنەکان دەبنە مەحەک بۆ پێگەی لایەنەکان لەو شارەدا.

 

(باس) سەبارەت بە سەردانێکی بەرپرسانی بەرەی تورکمانی و حەشدی تورکمانی بۆ تورکیا و ئێران بۆ بەدەستھێنانی پاڵپشتی بۆ بە پارێزگاکردنی خورماتوو و تەلەعفەر چیتان ھەیە؟

 

محەمەد سەعدەدین: ئەو لایەنانە زۆر ھەڵەن کە دەیانەوێت ئیستیغلالی کاتەکە بکەن و بیانەوێت تەلەعفەر و خورماتوو بکەن بە پارێزگا بۆ ھەندێک مەرامی سیاسیی خۆیان ئەو کارە دەکەن و ئەو لایەنانەش کە ئەو سەردانانەیان ئەنجام داوە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن و ھەر جموجوڵێکی سیاسی کە ئێستا لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت، ئەو حزبە سیاسییە شیعەکان تەنیا مەبەستیان ئەوەیە نفوزی خۆیان زیاد و بەھێز بکەن.

 

(باس) ڕات چییە دەربارەی ھەڵسوکەوتە توندوتیژییەکانی حەشدی تورکمانی، بەتایبەت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، نەخاسمە لە خورماتوو؟

 

محەمەد سەعدەدین: شتێک نییە بە ناوی حەشدی تورکمانی، حەشدی شەعبی لە کۆمەڵە گرووپێکی چەکدار پێکھاتوون، ھەندێک بەرپرس بۆ ئەوەی تورکمانەکان کەسب بکەن بۆ ئەوەی ڕای گشتی لە تورکیا بگۆڕن وا نیشان بدەن کە تورکمانەکانیش حەشدیان ھەیە، بۆیە ناوبەناو ناوی حەشدی تورکمانی دەھێنن و ئەوان حەشدی شەعبین بە زمانی تورکمانی قسە دەکەن و سەر بە حزبە شیعە مەزھەبە عەرەبییەکانن و لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی تورکمانیدا کار ناکەن و لە خورماتوو جگە لە ماڵە کوردەکان ماڵی تورکمانی سوننەشیان سووتاندووە.