وته‌بێژى هۆزه‌ عه‌ره‌بەکانى مووسڵ: زۆربه‌ی به‌رپرسانى داعش کە ماون له‌ ریزه‌كانى حه‌شدا چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌

"له‌ناو مووسڵ و ده‌وروبه‌رى زیاتر له‌ 43 باره‌گا و نووسینگه‌ى سه‌ربازی هه‌یه‌ و خه‌ڵك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن"

02/11/2017 - 18:03 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

شێخ موزاحم ئه‌حمه‌د ئه‌لحویت، سه‌رۆكى هۆزى ئه‌لجحێشى سوننه‌مه‌زهه‌ب و وته‌بێژى هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانى مووسڵ، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى (باس)دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى بێته‌ ناوچه‌كه‌یان و ده‌شڵێت: ”پێمان باشه‌ ناوچه‌كه‌مان بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ گه‌ر ببین به‌ به‌شێك له‌ هه‌رێم ژیان و ماڵ و حاڵمان زیاتر پارێزراو ده‌بێت“.

 

(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى عێراقدان بۆ ناوچه‌كه‌تان؟
موزاحم ئه‌لحوێت: ئێمه‌ وه‌كو هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانى ده‌شتى مووسڵ، خۆمان به‌ به‌شێك له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌زانین و ئاماده‌شین هه‌رچى به‌ ئێمه‌ بكرێت بۆ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى بده‌ین، ئێمه‌ ناتوانین له‌ژێر ڕكێڤى ده‌سه‌ڵات و سوپاى عێراقدا بژین، چونكه‌ ئه‌وان به‌ فه‌رمانى ئێران كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ فه‌رمانى قاسم سوله‌یمانى په‌لامارى كورد و كوردستان ده‌ده‌ن، جگه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ متمانه‌مان به‌ هیچ هێزێكى دیكه‌ نییه‌. ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى عێراق نه‌ له‌ئێستا و نه‌ له‌داهاتوودا قه‌بووڵ ناكه‌ین بۆ ناوچه‌كه‌مان، هێزى پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌كه‌مان ده‌پارێزێت و پێویستیمان به‌ هیچ هێزێكى دیكه‌ نییه‌، سوپایه‌كمان ناوێت كه‌ پێشتر هه‌ڵهاتبێت و ناوچه‌كه‌ى راده‌ستى داعش كردبێت.

 

(باس) بۆچى داواده‌كه‌ن كه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ هه‌رێمى كوردستان؟
موزاحم ئه‌لحوێت: هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان ده‌زانن كه‌س له‌گه‌ڵیاندا نییه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌موو جۆرێك هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاشتى و ئه‌منییه‌تى ناوچه‌كه‌مان، كه‌ له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌رقه‌رار بووه‌، تێكى بده‌ن و له‌و ڕێگه‌یەوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا بگرن، كاتێك ئێمه‌ى عه‌ره‌ب ئاواره‌ى ده‌ستى داعش بووین، هه‌رێمى كوردستان ده‌رگاى بۆ كردینه‌وه‌، هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستى تیرۆرستان پاراستیانین، له‌ كوشتن و فه‌وتاندن ڕزگاریان كردین. حكوومه‌تى عێراق ده‌سه‌ڵاتێكى به‌هێزى نییه‌ تا مامه‌ڵه‌ یاخود هاوكاریى لایه‌نه‌ سوننه‌كان بكات، ئه‌و مافه‌كانى سوننه‌ى پشتگوێ خستووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویست ناكات باسى بكه‌ین، كه‌ چى بۆ عه‌ره‌بى سوننه‌ كردووه‌ و چۆن هاوكاریى كردوون، ئێمه‌ سوپاسى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌ى و دانیشتوانه‌كه‌ى ده‌كه‌ین بۆ ئەوەی بۆیان كردووین.

 

(باس): ئه‌و داعشانه‌ى كه‌ مووسڵیان داگیر كردبوو، دواى ئازادكردنى شاره‌كه‌ چییان به‌سه‌ر هات؟
موزاحم ئه‌لحویت: ئه‌وه‌ى كوژرا، كوژرا، ئه‌وه‌شى نه‌كوژرا و مایه‌وه‌ یا هه‌ڵهاتن بۆ ناوچه‌كانى حه‌ویجه‌ و حه‌مرین، یاخود په‌یوه‌ندییان به‌ حه‌شدى شه‌عبى یاخود حه‌شدى عه‌شایه‌رییه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ ریزه‌كانى حه‌شدا چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ زۆربه‌یان به‌رپرسانى داعشن.

 

(باس) حكوومه‌تى عێراق له‌و په‌یوه‌ندییه‌ى داعش به‌ حه‌شده‌وه‌ ئاگاداره‌؟
موزاحم ئه‌لحویت: به‌ڵێ ئاگاداره‌، سه‌ركرده‌كانى داعش ئێستا په‌یوه‌ندییان به‌ حه‌شدى عه‌شایه‌ری و شه‌عبییه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن نوورى مالكییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت، به‌هۆى ئه‌و سه‌رپه‌رشتییه‌ى مالیكى، حكوومه‌تى عێراق بێده‌نگیى هه‌ڵبژاردووه‌ و ناتوانێت هیچ شتێك بكات، ئه‌وانه‌ى كه‌ تا دوێنى له‌ناو داعشدا بوون ئه‌مڕۆ له‌ناو حه‌شددان.

 

(باس) راتان چییه‌ له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى له‌ مووسڵ؟
موزاحم ئه‌لحویت: حه‌شدى شه‌عبى له‌دواى ئازادكردنى مووسڵ له‌ داعش ده‌ستى به‌ كێشه‌ و گرفت كردووه‌ دژ به‌ دانیشتووانى شاره‌كه‌، چه‌نده‌ها تاوانى دژ به‌ هاووڵاتییانى سڤیل و بێتاوان ئه‌نجام داوه‌، به‌ هۆى ڕه‌فتاره‌كانى حه‌شده‌وه‌ له‌ ناوچه‌کە مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌نێو هاووڵاتییاندا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئێران له‌ ڕێگه‌ى پاسه‌داران و سوپاى قودسه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیى رەوشەکە ده‌كات و تا ئێستاش له‌ناو مووسڵ و ده‌وروبه‌رى زیاتر له‌ 43 باره‌گا و نووسیگه‌ى سه‌ربازییان هه‌یه‌ و خه‌ڵك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێك دژى هه‌رێمى كوردستان نه‌وه‌ستێته‌وه‌ تووشى كێشه‌ و گرفتى ده‌كه‌ن.

 

(باس) هه‌ڵویستى عه‌ره‌به‌كانى ناوچه‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بارۆخه‌ى ئێستاى عێراق چۆنه‌؟
موزاحم ئه‌لحویت: ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌كرێت مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و ئاینده‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌، تا حه‌شد مابێت مه‌ترسییه‌كان ته‌واو نابن، زۆرینه‌ى عه‌ره‌به‌كانى ناوچه‌كه‌ هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ بپارێزرێت نه‌ك له‌ لاى حه‌شد و میلیشیاكانه‌وه‌، حه‌شدى شه‌عبى تیرۆرستییه‌كى دیكه‌ن و مه‌ترسییه‌كانیان له‌ مه‌ترسییه‌كانى داعش كه‌متر نییه‌.