مامۆستا و ئه‌كادیمیایەکی ئوردنى: عێراق له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و حكوومه‌تەکەیشی تائیفییه‌

"ئه‌وه‌ى كه‌ حكوومه‌تى به‌غدا دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامی دا دوایین هه‌نگاویه‌تى و شكست ده‌هێنێت"

22/10/2017 - 15:13 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌م دیداره‌ى (باس)دا، د. بیلال غازی ئه‌لقه‌رعان، مامۆستا و ئه‌كادیمیى ئوردونى باس له‌سه‌ر چۆنێتیى داوكردنى پێناسه‌ى كوردى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان كاتیین و ته‌نیا مه‌به‌ست لێى هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ى ڕیفراندۆم و ڕێگرى له‌ سه‌ربه‌خۆبوون و دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردییه‌.

 

(باس) بۆچی داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كوردستان رەگەزنامەتان پێ ببه‌خشێت؟
د. بیلال غازى: كوردستان به‌ ئارامترین و ئازاترین پێگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌بینم، شانازى به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ سبه‌ی كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ و ئه‌و داواییه‌ى من قه‌بووڵ بكه‌ن و ببمه‌ هاوڵاتییه‌كى كوردى و پێناسه‌ى كوردى به‌ من ببه‌خشن، وه‌كوو كوردێك له‌و نیشتمانه‌ى كورد خزمه‌ت بكه‌م، ئاماده‌ ده‌بم وه‌كوو مامۆستایه‌كى زانكۆ بێ به‌رامبه‌ر خزمه‌ت به‌ قوتابییانى كورد بكه‌م، ده‌مه‌وێت له‌ ڕێگه‌ى پیشه‌كه‌مه‌وه‌ به‌رگرى له‌ خاكى كوردستان بكه‌م و گرنگى به‌ دۆزى بده‌م، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌وڵدانى بۆ ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆبوون و ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى كوردى، ئاماده‌شم ببم به‌ پێشمه‌رگه‌ و له‌پێناویدا خه‌بات دژى دوژمانى بكه‌م.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ هه‌رێمى كوردستان؟
د. بیلال غازى: كوردستان له‌وپه‌ڕى توانایدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى خۆى ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كۆك و یه‌كگرتوو بن، یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕه‌نگ بن، ئه‌وا ده‌توانن له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا سه‌ربه‌خۆیى و ده‌وڵه‌تى كوردى ڕابگه‌یه‌نن، سه‌رۆك بارزانى توانیویه‌تى پێگه‌ى كورد له‌ ناوچه‌كه‌ به‌هێزتر بكات. ئه‌و، دۆزى كوردى جوڵاند و گه‌یاندییه‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ هه‌موو دونیا چاوى له‌ كوردستان بێت، هه‌موو سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كان ئێستا بارزانى به‌ باشى ده‌ناسن و وه‌كوو سه‌رۆكى وڵاتێك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟
د. بیلال غازى: پێشمه‌رگه‌ به‌ ته‌نیا به‌رگرى له‌ خاكى كوردستان نه‌كردووه‌ و ناشكات، ئه‌و به‌رگرى له‌ مافی هه‌موو لایه‌ك بێ جیاوازى ده‌كات، به‌رگرى له‌ خاكى عه‌ره‌ب ده‌كات و به‌رده‌وامیشه‌ له‌ به‌رگریكردن، پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕى داعش بۆچى ده‌كات، له‌پێناو عه‌ره‌ب شه‌ڕى داعش ده‌كات و به‌رگرى له‌ خاكیان ده‌كات و ده‌یانپارێزێت، بۆ نموونه‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى پارێزگاى مووسڵ خاكى عه‌ره‌ب نین، ده‌بێت عه‌ره‌ب بچنه‌ ریزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و له‌گه‌ڵیان چه‌ك هه‌ڵبگرن و پێكه‌وه‌ دژى تیرۆرستان بجه‌نگن، پێشمه‌رگه‌ سنوورى توركیا و ئێران و عێراق ده‌پارێزێت، له‌پێناو ئازادیى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ خه‌بات ده‌كات كه‌ تووشى زوڵم و چه‌وساوه‌یى ده‌بن.

 

(باس) بارودۆخى ئێستاى عێراق چۆن ده‌بینن؟
د. بیلال غازى: عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، ئه‌و حكوومه‌ته‌ى كه‌ ئێستا عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات حكوومه‌تێكى تائیفییه‌، من وه‌كوو كه‌سێكى عه‌ره‌بى سوننه‌مه‌زهه‌ب ناتوانم سه‌ردانى به‌غداى پایته‌خت بكه‌م له‌ ترسى ئه‌وه‌ى تیرۆر بكرێم، ئاوه‌ها ئه‌مانه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن! له‌ سایه‌یاندا سوننه‌كانى عێراق مافخوراون، باشتر وایه‌ ئه‌و سوننانه‌ له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى زیاتر خۆیان نزیك بكه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا بن، عێراق له‌ لایه‌ن حكوومه‌تێكى ئێرانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، ئه‌وه‌ى كه‌ حكوومه‌تى به‌غدا دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامی دا دوایین هه‌نگاویه‌تى و ئه‌میش وه‌كوو هه‌نگاوه‌كانى دیكه‌ى شكست ده‌هێنێت و هیچ كاریگه‌رییەكى له‌سه‌ر كورد و كوردستان نابێت.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ چییه‌ كه‌ دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت؟
د. بیلال غازى: هیچ نییه‌، ته‌نیا كارتێكى فشاره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕیفڕاندۆم و هه‌نگاونان به‌ره‌و ده‌وڵه‌تى كوردی پاشگه‌ز بێته‌وه‌، چونكه‌ كوردستان ته‌نیا بۆ كورد نییه‌، كوردستان تورك و ئه‌مه‌ریكى و ئێرانى و ئاواره‌ى تێدا ده‌ژی، ئه‌وه‌ى دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت زیاتر كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌هێزتر و خۆشه‌ویستتر ده‌كات.

 

(باس) په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاتى ئوردن چۆن ده‌بینیت؟
د. بیلال غازى: په‌یوه‌ندیى نێوانیان له‌ ئاستێكى به‌رزدایه‌، كوردستان ڕێگاى به‌ وڵاتى ئوردن داوه‌ كه‌ له‌ کوردستان پێگه‌ى خزمه‌تگوزارى بكاته‌وه‌، ئێستا چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ى ئوردنى هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامى خزمه‌ت پێشكه‌شى هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، ئوردن زۆر به‌ په‌رۆشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردى له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بێت.