سه‌رۆك هۆزى ئه‌لبوفه‌راج له‌ به‌غدا: حكوومه‌تى عێراق به‌ ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات

"کورد مافی خۆیانە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەت بدەن"

18/10/2017 - 14:00 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

له‌م دیداره‌ى (باس)دا، شێخ ڕه‌شید فه‌راجى، سه‌رۆك هۆزى ئه‌لبوفه‌راج، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆزه‌ به‌ناوبانگه‌كانى عێراق له‌ به‌غدا، باس له‌ ده‌ستێوه‌ردانى ئێران له‌ كاروبارى عێراق ده‌كات و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، گه‌ر هه‌رێمى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وا ئه‌و عه‌ره‌به‌ سوننه‌ مه‌زهه‌بانه‌ى كه‌ له‌دواى داگیركردنى ناوچه‌كانیان له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئاواره‌بوون، هه‌موویان تیادەچوون.

 

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆبوونى هه‌رێمى كوردستان و دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان چییه‌؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌راجى: من هه‌موو كوردێكم خوش ده‌وێت، به‌ڕاستى وه‌فادارن، ئه‌گه‌ر بتوانن یه‌كگرتووییه‌كى به‌هێز له‌نێوان خۆیاندا دروست بكه‌ن و هه‌موویان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕه‌نگ بن، مه‌به‌ستم كوردانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستانه‌ و نه‌خشه‌یه‌ك وه‌كوو و‌ڵاتێكى گه‌وره‌ بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، ئه‌وا ئه‌و كاته‌ ده‌توانن بگه‌نه‌ مافى چاره‌نووسى خۆیان، مافى خۆیانه‌ هه‌وڵى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى بده‌ن، چونكه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ مافه‌ ڕه‌واكانیان پێشێل كراوه‌ و هیچیان بۆ نه‌كراوه‌، حكوومه‌تى عێراق مافى كوردى نه‌داوه‌ و بێده‌نگ بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر خواسته‌كانى.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق چۆنه‌؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌راجى: چى بڵێم، حكوومه‌تێكى دز، گه‌نده‌ڵ و بێ توانا، بێ كه‌ڵك، پێم ناڵێن گه‌لى عێراق چى سوودێكى له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى بینیوه‌، حكوومه‌تێك نه‌توانێت خزمه‌ت به‌ گه‌ل بكات بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ له‌ناوى به‌ریت، به‌هۆى حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ نێوان پێكهاته‌كان تێكچوو، بارى ئه‌منى و ئابووریى وڵات تێكچوو، بڕوا بكه‌ن كه‌سێك نییه‌ ئێستا متمانه‌ی به‌م داروده‌سته‌یه‌ هه‌بێت، كه‌ حكوومه‌تى عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئێمه‌ بێزار بووین له‌ تۆقاندن و ترس و كوشتن و ماڵوێرانى، نازانین ئه‌م حكوومه‌ته‌ و ئه‌م گه‌نده‌ڵكارانه‌ كه‌ى له‌كۆڵمان‌ ده‌بنەوە، بۆ نموونه‌، وه‌زیرى ته‌ندروستیى عێراق ده‌زانێت كه‌ كراوه‌ته‌ وه‌زیر، پێویست ده‌كات كه‌سێكى كارامه‌ و شایسته‌ بكرێته‌ وه‌زیر نه‌ك ئه‌و، ده‌بێت كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا و زانا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا وڵات به‌ڕێوه‌ به‌رن، نه‌ك ئه‌مانه‌ كه‌ عێراقیان هێنایه‌ خوار پله‌ى سفر.

 

(باس) له‌گه‌ڵ هێرشى سه‌ربازیدان بۆ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌راجى: من هیچ كاتێك حه‌زم له‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و خوێنڕشتن نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى حه‌ز ده‌كات كوڕى خه‌ڵك به‌ كوشت بدات ئه‌وانه‌ن كه‌ عێراقیان خسته‌ خراپترین بارودۆخ، نه‌ك ته‌نیا من ڕه‌نگه‌ زۆرینه‌ى عه‌ره‌بى شیعه‌ و سوننه‌ش هاوڕاى من بن و له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ و به‌كارهێنانى هێز نه‌بن دژى پێشمه‌رگه‌، شه‌ڕ و خوێنڕشتن و ماڵوێرانیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتیداین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ شێوه‌ى ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت نه‌ك به‌ به‌كارهێنانى هێز و هه‌ڕه‌شه‌كردن، شه‌ڕ و پێكدادان كه‌ى باوى ماوه‌.

 

(باس) كێ هۆكارى سه‌ره‌كیی ئه‌م كێشه‌ و گرفتانه‌ى عێراقه‌؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌راجى: ئێران به‌ پله‌ یه‌ك و ڕێگا خۆشكه‌ریشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ به‌رده‌وامى كێشه‌ و گرفتی له‌ناو دروست بێت و ئارام نه‌بێت، ئه‌و كوڕى ئێمه‌ به‌ كوشت ده‌دات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى، گه‌ر ئه‌و نه‌بێت نه‌ شه‌ڕ ئه‌بێت و نه‌ خوێنڕشتن، یارى به‌ عه‌قڵى عێراقییه‌كان ده‌كات، ئێران ئازارى ناوچه‌كانى خۆرئاواى عێراقی دا، ئازارى پارێزگاى مووسڵ و دیاله‌ى دا، وه‌ك چۆن ئێستا ئازارى سوننه‌مه‌زهه‌به‌كان ده‌دات و ده‌یه‌وێت كێشه‌ و گرفت بۆ هه‌رێمى كوردستان دروست بكات، من دڵنیام له‌داهاتووشدا هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر خه‌ڵكى باشوورى عێراق و ئازارى ئه‌وانیش ده‌دات.

 

(باس) راتان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌راجى: له‌ كاتى ئاواره‌بوونى كه‌سوكاره‌كانمان، له‌ كاتى داگیركردنى ناوچه‌كانیان له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رگاى به‌ ڕوویاندا كرده‌وه‌ و پێشوازیى لێ كردن و له‌ مردن ڕزگارى كردن، سه‌رۆك بارزانى به‌رگریى لێ كردین و هاوكاریى پێشكه‌ش كردین، ئێمه‌ش ئه‌مانه‌مان له‌به‌رچاوه‌ و نكۆڵیى لێ ناكه‌ین، هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رگریى لێ كردین، به‌ڵام چى بڵێم ئێستا حكوومه‌تى عێراق به‌ ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و خه‌ریكه‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب تێكبدات.

 

(باس) كێ ناوچاكانى سوننه‌مه‌زهه‌بى راده‌ستى داعش كرد؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌راجى: سوپاى عێراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كانى راده‌ستى داعش كرد، ئه‌مه‌ش فێڵێك بوو له‌و فێڵانه‌ى كه‌ حكوومه‌تى عێراق دژ به‌ ئێمه‌ى سوننه‌ مه‌زهه‌ب ئه‌نجامی دا، به‌ ڕوون و ڕه‌وانى ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ ڕاده‌ستى داعش كرا فێڵێكى سیاسى بوو حكوومه‌تى عێراقی ئه‌نجامی دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌تى عێراق هاوكاریشى پێشكه‌ش به‌ داعش كرد.

 

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر په‌رله‌مانى عێراق چییه‌؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌رجى: ئه‌و په‌رله‌مانه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك دز و جه‌رده‌ و كه‌سانى به‌رژه‌وه‌ندبازه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، ئه‌گه‌ر جارێكى دیكه‌ ئه‌وانه‌ خۆیان كاندید بكه‌نه‌وه‌ ده‌نگیان پێ ناده‌ین، هه‌رچه‌ندە له‌و باره‌یه‌دا نیم كه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت.

 

(باس) تا چه‌ند گه‌شبینیت به‌ ئاینده‌ى عێراق؟

 

شێخ ڕه‌شید فه‌رجى: عێراق شه‌ڕى لێ نابڕێت، ئه‌م شه‌ڕه‌ كۆتایى دێت شه‌ڕێكى دیكه‌ به‌رپا ده‌بێت، ئێمه‌ى هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش زۆر جار ده‌بینه‌ قوربانیى ئه‌و شه‌ڕه‌، ئێستا ده‌مانه‌وێت ڕۆڵمان هه‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئارامى و خۆشگوزه‌رانى، به‌ڵام ناوێرین ده‌نگ بكه‌ین، ده‌نگ بكه‌ین له‌ناو ده‌برێن و ده‌فه‌وتێین.