شێركۆ جه‌وده‌ت: سیستەمی نوێی مووچەی بێ پاشکەوت تەنیا كاتی جێبەجێكردنەكەی ماوە

 ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لەلایەن تورکیاوە تەنیا قسەی ئیعلامییە

 

شێركۆ جهودهت، ئهندامی لیژنەی دارایی و سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یهكگرتوو، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا لەبارەی  دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچە و پرسی بۆریی نەوتی كوردستان لە توركیا چەند زانیارییەكی گرنگ دەخاتە ڕوو.

 

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەپێی كۆبوونەوەكانی نێوان لیژنە پەێوەندارەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران، دەستكاریی مووچە دەكرێت و پاشەكەوت هەڵدەگیرێت، گوتی: ”حكوومەت خەریكی ئامادەكارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە و جێبەجێكردنی سیستەمێكی نوێی مووچە، وەكوو مەبدەئی هەموو لایەك كۆكین لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی جێگیركردنی سیستەمە نوێیەكە و كاتی جێبەجێكردنەكەی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە“.

 

شێركۆ جهودهت روونی كردەوە، حكوومەت وردەكاریی سیستەمە نوێیەكەی مووچەی بۆ باس نەكردوون، گوتیشی: ”بۆیە باسی سیستەمە نوێیەكەی مووچەیان بۆ نەكردووین، چونكە پێیان گوتین هێشتا ماوە، بەڵام ئێمە جەختمان كردەوە، لەبەر دۆخی خەڵك و بژێویی خەڵك دەبێت بە زووترین كات ئەو سیستەمە نوێییە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە و پاشەكەوت هەڵوەشێتەوە“.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد: "بەرپرسانی حكوومەت لە دوایین كۆبوونەوە پێیان گوتین لە چەند رۆژی داهاتوودا سیستەمە نوێیەكەی مووچە تەواو دەكەین و دەیخەینە بەردەم لیژنە پەیوەندارەكانی پەرلەمان".

 

پەیوەست بەو زانیارییانەی كە ئاماژە بەوە دەكەن سیستەمی تازەی مووچە لە سەرەتای ساڵی 2018 دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەو گوتی: ”بەرپرسانی حكوومەت باسی وادەی جێبەجێكردنی سیستەمی نوێی مووچەیان نەكردووە، بۆیە نازانین لە ئەمساڵ دەبێت یانیش دەكەوێتە سەرەتای ساڵی 2018، ئێمە دەمانەوێت زوو بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، ئەوانیش هیچ كاتێكیان دیاری نەكردووە، ئێمهوهك پهرلهمان گفتوگۆ لهسهر سیستمێكی نوێی پێدانی مووچهدهكهین کە بگونجێت ولهبهرژهوهندیی مووچهخۆراندا بێت“.

 

جەودەت پێی وایە، بەهۆی بارۆدۆخی ئێستا كە بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم فشار لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بووە، حكوومەت كاتی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی نوێی مووچەی دیاری نەكردووە، دەشڵێت: ”مەسەلەی داخستتنی سنوورەكان، یان ئەگەری گرتنەوەی بۆریی نەوتی كوردستان لە توركیا هۆكارن، چونكە حكوومەت دەڵێـت دەبێت بەرچاومان روون بێت بزانین داهاتمان چی لێ دێت، بەڵام ئێمە پێمان گوتوونە با پاشەكەوت هەڵبوەشێتەوە و سیستەمە نوێیەكە بڕیاری لێ بدرێت، ئەگەر حاڵەتی نەخوازراو رووی دا ئەو كات دەكرێت بڕیارێكی تر بدرێت“.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەوان هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ دەستكاریكردنی مووچە پێشكەش نەكردووە، چونكە ئەو كارە ئەركی حكوومەتە، چونكە بەپێی پەیڕەوی پەرلەمان هەر بابەتێك پەیوەندیی بە پابەندبوونی دارایی هەبێت، دەبێت بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حكوومەتدا بكرێت، گوتیشی: ”هەموو فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان هاودەنگ و كۆكن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، حكوومەتیش لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەیەتی، بەڵام ماوەتەوە كاتەكەی“.

 

شێركۆ جەودەت راشی گەیاند، ئێستا مووچەی مانگێكی مووچەخۆرانی كوردستان پێویستی بە 450 ملیۆن دۆلار هەیە، بەرپرسانی حكوومەتیش پێیان گوتین داهاتمان زیاترە لە مووچە.

 

ئەو، كە سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانیشە، دەڵێت: ”تا ئێستا نەوتی كوردستان لە رێگەی بۆری بۆ توركیا بەردەوامە لە هەناردەكردن و كێشەی نییە و ئەوەشی توركیا باسی كردووە تەنیا قسەی ئیعلامی بووە، راگرتنی نەوتی كوردستان وا دەكات توركیا دووچاری رێكاری یاسایی بێتەوە، بەمەش سزای زۆری بەردەكەوێت، چونكە رێكکەوتنی دارایی و یاسایی بۆ ئەو پرسی كراوە، بۆیە لەو باوەڕەدا نیم  توركیا لەم قۆناخەدا پەنا بۆ راگرتنی نەوتی كوردستان ببات“.

 

حەیدەر عەبادی، رای گەیاندووە ئەگەر داهاتی نەوت بكەوێـتە ژێر دەستی ئەوان، ئەوا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە تەواوەتی دەدەین، ئەو پەرلەمانتارە وەڵامی ئەو قسەی عەبادی دەداتەوە و دەڵێت: ”حكوومەتی عێراق پارەی دوو ساڵی گەنمی جووتیارانی كوردستانی لە لایە، با ئەو پارەیە بداتەوە و باسی پێدانی مووچەی فەرمانبەران نەكات، ئەوان لە كاتێكدا ئامادە نەبن پارەی رەنج و ماندووبوونی دوو ساڵی جووتیاران بدەن، ئەی چۆن باسی پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەكەن، ئەو جۆرە قسانە تەنیا بۆ راكێشانی سەرنجی خەڵكە و هیچ تر“.