پەرلەمانتارێکی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان: مەسیحییەکان لەبەر حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە

”زۆرینەی مەسیحییەکان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە“

 

وەحیدە یاقو ھورمز، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت: "ڕیفراندۆم ئیرادەی خەڵکە و ھیچ لایەنێک ناتوانێت دژی ئیرادەی خەڵک بوەستێتەوە یان ھەڵیبوەشێنێتەوە". دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق ئەو سزایانەی کە دژ بە خەڵکی کوردستان دەرکرد، کارێکی زۆر ھەڵەی کردووە و دڵنییام لێی پاشگەز دەبێتەوە".

 

(باس): دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ھەنگاوەکان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی چۆن بنرێت؟

 

وەحیدە یاقو ھورمز: ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا، وەکوو ھەنگاوێکی یەکەم، بێ گومان ئێستا دەبێت کار بکرێت بۆ ھەنگاوی دووەم کە ئەویش ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە، بەڵام ئەمەش کاری دەوێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە گفتوگۆکان دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی بتوانرێت سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنرێت، ئەمەش دوور لە شەڕ و ھەڕەشە دەکرێت و گفتوگۆکان دەست پێ بکەنەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەند و وڵاتانی دەوروبەر و زلھێز و ئەو دەوڵەتانەی کە یارمەتیدەرمان بن بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و چەندە پاڵپشتییەکان زیاد بکرێن زۆر باشە.

 

(باس) ھیچ ھێز و لایەنێک دەتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم ھەڵبوەشێنێتەوە؟

 

وەحیدە یاقو ھورمز: نەخێر ناتوانن، چونکە ڕیفراندۆم ئیرادەی خەڵکە و ھیچ لایەنێکیش ناتوانێت دژی ئیرادەی خەڵک بوەستێتەوە یان ھەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ڕیفراندۆم بە شێوەیەکی دیموکراسی لە کوردستان کرا و خەڵک بڕیاری لەبارەی چارەی خۆنووسینەوە داوە و پێویستە ھەموو لایەک ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵک بگرێت.

 

(باس) ڕات چییە دەربارەی ئەو سزایانەی حکوومەتی عێراقی دژ بە ھەرێمی کوردستان دەری کرد، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟

 

وەحیدە یاقو ھورمز: بڕیاری ئەو سزادانانە، سزای بەکۆمەڵی کوردستانە و بەپێی ھەموو پێوەرێکی یاسایی و ئەخلاقیش نایاسایین و ھاوکات ئەو سزادانانە نادەستووریشە و کاریگەریی خراپیش دەکەوێتە سەر حکوومەتی عێراق و دوای سکاڵاکردن لە حکوومەتی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی ئەوا دەتوانین سزاکان نەھێڵین، چونکە سزادانی بە کۆمەڵە، لە کاتێکدا خۆ خەڵک ھیچ شتێکی نایاسایی نەکردووە و تەنیا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان داوە و حکوومەتی عێراق کارێکی زۆر ھەڵەی کردووە و دڵنیام لێی پاشگەز دەبێتەوە و ئێمە ئەو ھەنگاوە خراپەی حکوومەتی عێراقی ڕەت دەکەینەوە.

 

(باس) پرسی سەربەخۆیی کوردستان لای مەسیحییەکان چی دەگەیەنێت؟

 

وەحیدە یاقو ھورمز: پرسی سەربەخۆیی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە کە سەربەخۆ بین مافی تەواوی پێکھاتەکانی کوردستان بە مەسیحییەکانیشەوە زیاتر فەراھەم دەبێت و دوای ڕیفراندۆمیش کە کوردستان بووە دەوڵەت، دەبێتە دەوڵەتێکی دیموکراسی و مەدەنی و دەبێتە وڵاتێکی نموونەیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوڕاستدا".

 

(باس): زۆرینەی مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا و کەرکووک بە چی دەنگیان بۆ ڕیفراندۆم دا؟

 

وەحیدە یاقو ھورمز: زۆرینەی مەسیحییەکان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە و دەمەوێت ئەوەش بڵێم خەڵکی دەشتی نەینەوا لە %٨٤ بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ ڕیفراندۆم داوە، خەڵک ئیدی دەیەوێت ئازاد بژیت و ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بۆ ئەوانیش زۆر خۆش بوو کە بۆ یەکەم جارە بەشدارییان کرد لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان, ئەمەش بێ گومان بۆ کەرکووکییەکانیش ھەر وایە، بەرژەوەندی و پاشەڕۆژی مەسیحییەکان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و یەک چارەنووسمان ھەیە و ھەرێمی کوردستان نموونەیەکی باشی پێکەوەژیانە و بۆ دونیاش ئەو ڕاستییەمان سەلماندووە.

 

(باس) بۆچوونت چییە دەربارەی ڕەفتارەکانی حەشدی شەعبی دژ بە ھاووڵاتییانی مەسیحی لە دەشتی نەینەوا، بەتایبەت دوای ئەوەی داوایان لە ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی مەسیحی کردووە ئایینەکەیان بگۆڕن؟

 

وەحیدە یاقو ھورمز: چەکدارانی حەشدی شەعبی بەڕاستی مەترسین، بەتایبەت بۆ سەر ھاووڵاتییانی دەشتی نەینەوا، چونکە ڕەفتارەکانیان نزیکی ڕەفتاری داعشە، ئەوانیش مەزھەب پەرستن و تەقەبوڵی ڕای جیاواز و ئایینی جیاواز و نەتەوە و زمانی جیاواز ناکەن و خەڵکی دەشتی نەینەوا و ئێمەش داوا دەکەین کە حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەربکرێن و تەنانەت دوای داگیرکردنی ناوچە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا لە لایەن داعشەوە و پاشان ڕزگارکردنەوە، ئێستاش بەھۆی حەشدی شەعبییەوە خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئێستا حەمدانییە و قەرەقووش لەبەر ئەوەی بەدەست حەشدی شەعبییەوەیە، خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە، بەڵام تەلەقسۆف لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی تێدایە خەڵکەکەی بۆ گەڕاوەتەوە و ژیانێکی زۆر ئاسایی دەکەن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەستی ئاوەدانیی گەیاندە ئەو ناوچەیە و خەڵکی بەرتەڵەش و شوێنەکانی تریش ھاتوون لە تەلەقسۆف نیشتەجێ بوونە، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە ئارامە و لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزراوە.

 

پرۆفایل:

ناو: وەحیدە یاقو ھورمز

ناسناو: ست وەحیدە

ئایین: مەسیحی

شوێن و مێژووی لەدایکبوون: زاخۆ ١٩٥٧

بڕوانامە و کار و شارەزایی: بەکالۆریۆس لە پەروەردەی کیمیا

ئەندامێتی لە لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان: لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی- لیژنەی پێوەندییەکان و کاروباری ڕەوەندی کوردستانی.

لایەنی سیاسی: ئەنجومەنی میللیی سریانی ئاشووری- لەسەر لیستی گردبوونەوەی کلدانی سریانی ئاشووری.

کارەکانی پێشووی: یاردەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی گەلاوێژی کچان لە زاخۆ

سەرپەرشتیاری کارگێڕی لە پەروەردەی زاخۆ

سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەیی و دڵنیایی جۆری لە پەروەردەی زاخۆ

ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە.