سه‌رۆكى هۆزى ئه‌لتائی له‌ مووسڵ: کوردستان ئه‌م قۆناغه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویى تێده‌په‌ڕێنێت

"ئاماده‌ین هاوشانى هه‌رێمى كوردستان دژى هه‌ر په‌لاماردانێك بوه‌ستینه‌وه‌ و خۆمان فیداى خاكى كوردستان ده‌كه‌ین"

له‌م دیداره‌ى (باس)دا ، شێخ مه‌حمود ئه‌لتائى، سه‌رۆكى هۆزى ئه‌لتائی له‌ پارێزگاى مووسڵ، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تێك بژین کە جگه‌ له‌ كوشتن و بڕین هیچى پێشكه‌ش نه‌كردوون. هاوكات ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات، كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستاندان.


(باس) راتان له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ریفڕاندۆمى هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟
شێخ مه‌حمود ئه‌لتائى: ئێمه‌ وه‌كو هۆزى (تائى) له‌ پارێزگاى مووسڵ، قه‌رزارى گه‌وره‌ و بچووكى هه‌رێمى كوردستانین، به‌ تایبه‌ت سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كورد و له‌سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانى، ڕیفڕاندۆم داوكاریى هه‌موومانه‌ بۆ ڕزگاربوونمان له‌ حكوومه‌تى عێراق، بۆیه‌ ده‌ڵێم (به‌ڵێ) بۆ دابڕانمان له‌ حكوومه‌تى عێراق و میلیشیا تائیفییه‌كان.


(باس) سوودی دەولەتی كوردستان بۆ ئێوه‌ چییە؟
شێخ محمود ئه‌لتائی: ئێمه‌ وه‌كوو عه‌ره‌بى سوننه‌ مه‌زهه‌ب له‌ ساڵى 2003وه‌ به‌دواى ده‌وڵه‌تى یاسا و ده‌وڵه‌تى موئه‌سه‌ساتیدا ده‌گه‌ڕێین، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ ئه‌وانه‌مان له‌ناو هه‌رێمى كوردستاندا دۆزییه‌وه،‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وته‌ بۆ گه‌لى كورد، كورد و كوردستان برا و كه‌سى ئێمه‌ن و گەر کوردستان ببێتە ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ و له‌ عێراقى بێ حاكم جیابێته‌وه‌، ئه‌وا بۆ ئێمه‌ش سوودى ده‌بێت و له‌ سایه‌یدا ده‌حه‌سێینه‌وه‌.


(باس) چى به‌و سه‌رۆك هۆزانه‌ ده‌ڵێن كه‌ دژى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانن؟
شێخ مه‌حمود ئه‌لتائی: ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ له‌ عه‌ره‌بى سوننه‌ مه‌زهه‌ب نین و حاشایان لێ بێت، چونكه‌ ئه‌وان به‌و هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاره‌یان هه‌م دژى عه‌ره‌بى سوننه‌ن و هه‌میش نایانه‌وێت ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.


(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م كاته‌دا؟
شێخ محمود ئه‌لتائى: حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان حكوومه‌تێكى سه‌ركه‌وتووه‌ و سوودى بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق به‌ سوننه‌ و شیعه‌وه‌ هەبووه‌، ئێستا له‌ قۆناغێكى زۆر گرنگ و هه‌ستیاردا تێ ده‌په‌ڕێت، به‌ڵام دڵنیام ئه‌م قۆناغه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكى زۆر به‌هێز تێ ده‌په‌ڕێنێت و چاوى ناحه‌زان و دوژمنانى كوێر ده‌كات و شكست به‌ مه‌رام و پیلانه‌كانیان ده‌هێنێت.


(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان جارێكى دیكه‌ بكه‌ونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌؟
شێخ مه‌حمود ئه‌لتائى: حكوومه‌تى عێراق له‌ ساڵى 2003وه‌ تا ئێستا جگه‌ له‌ ماڵوێرانى و كوشتن و له‌ناوبردن چى پێشكه‌ش كردووین؟ كام خزمه‌تگوزاریى پێشكه‌ش به‌ ناوچه‌كه‌مان كردووه‌؟ ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تێكدا بژین كه‌ نه‌توانێت گه‌له‌كه‌ى به‌خێو بكات و به‌رگریى لێ بكات، مالكیى كه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیران بوو ناوی حكوومه‌ته‌كه‌ى نا ده‌وڵه‌تى یاسا، به‌ڵام كام ده‌وڵه‌تى یاسا، نه‌ ده‌وڵه‌تمان بینى و نه‌ یاسا، ته‌نیا ده‌وڵه‌تى كوشتن و له‌ناوبردن و هێنانى داعش بوو، له‌ هه‌موو شتێك شكستى هێنا.


(باس) ڕاتان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ چییه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیى ئێوه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراقدا ده‌كه‌ن؟
شێخ مه‌حمود ئه‌لتائى: ئه‌و نوێنه‌رانه‌ بوونه‌ته‌ ماشه‌ى ده‌ستى نوورى مالیكى و هیچیان نه‌ بۆ ئێمه‌ و نه‌ بۆ مووسڵ نه‌كرد، ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان و ده‌وروپشته‌كانیان نه‌بێت، ئێمه‌ جارێكى دیكه‌ ئاماده‌ نین كه‌سانێك هه‌ڵبژێرین كه‌ داروده‌سته‌ى مالیكى بن.


(باس) ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌تان له‌ئارادا هه‌یه‌؟
شێخ مه‌حمود ئه‌لتائى: به‌ڵێ، تا حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌كه‌ماندا مابێت مه‌ترسییه‌كان كۆتاییان نایه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تى كوردى ڕابگه‌یه‌نرێت و ئێمه‌ش ببین به‌ به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌وا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌رمان نامێنێت، چونكه‌ ده‌وڵه‌تى كوردى ته‌نیا بۆ كورد نابێت، بگره‌ بۆ ئه‌و پێكهاتانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ سایه‌یدا ده‌ژین و ئێمه‌ش به‌ دڵ و به‌ گیان ئاماده‌ین ببین به‌ به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆیه‌.


(باس) ئاماده‌ن ڕووبه‌ڕووى سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى ببنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌لامارى هه‌رێمى كوردستانی دا؟
شێخ مه‌حمود ئه‌لتائى: به‌ گه‌وره‌ و بچووكى هۆزه‌كه‌مانه‌وه‌ ئاماده‌ین هاوشانى هه‌رێمى كوردستان دژى هه‌ر په‌لاماردانێك بوه‌ستینه‌وه‌ له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێت بۆ سه‌رى و خۆمان فیداى خاكى كوردستان ده‌كه‌ین.