سه‌رۆك هۆزى زهێرى له‌ دیاله‌: حکوومەتی عێراق تایفییە

"ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاواره‌كان كردى تا ماوین له‌ یادى ناكه‌ین"

له‌م دیداره‌ى (باس)دا، باسم زهێرى، سه‌رۆك هۆزى زهێرى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆزه‌ ناوداره‌كانى عێراق له‌ دیاله‌، باس له‌ ده‌ستتێوه‌ردانى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ و دژایه‌تیكردنى عه‌ره‌بى سوننه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ زۆر ڕازین له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییانه‌ى كه‌ پێشكه‌شى ئاواره‌ سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كانى كرد.

 

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى كورد بۆ دروستکردنى ده‌وڵه‌تى كوردى چییه‌؟
باسم زهێرى: ئێمه‌ و كورد ساڵانێكه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین و له‌ خۆشى و ناخۆشییه‌كانى یه‌كترى به‌شدارین، نه‌مانده‌زانى تایفه‌گه‌رایه‌تى و دووبه‌ره‌كى چییه‌، به‌ڵام به‌هۆى شكستهێنانى بارى سیاسیى وڵات، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ كورددا بووینه‌ته‌ دوو به‌ره‌، كه‌ ئه‌ویش به‌ خواستى خۆمان نییه‌، ئێمه‌ ئێستا له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش و ئیرهابین، له‌سه‌ر هه‌موومانه‌ كۆتایى به‌م دوژمنه‌ بهێنین و دواتریش به‌ گفتوگۆ مه‌سه‌له‌ى ده‌وڵه‌تى كوردى تاوتوێ بكه‌ین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌داین و كوردستانیش مافى خۆیه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاره‌نووسى ناوچه‌ دابڕاوه‌كانیش ده‌بێت یه‌كلا بكرێته‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ نه‌مێنێت، چونكه‌ ئێستا سوننه‌مه‌زهه‌به‌كانی ناوچه‌كه‌ تووشى مه‌ترسى و زیان بوونه‌ته‌وه‌.

 

(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ناوچه‌كه‌تان له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق بمێنێته‌وه‌؟
باسم زهێرى: حكوومه‌تى عێراق ته‌نیا خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى ده‌كات، ئه‌گه‌ر خزمه‌تى گه‌لى بكردایه‌ نه‌ده‌گه‌یشتێنه‌ ئه‌م ڕۆژه‌، ئەم حکوومەتە حكوومه‌تێكى تایفه‌گه‌راییە و گه‌لى تووشى شكست و كوشتن و زیندانیكردن كردووه‌، ته‌نیاش سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كان زه‌ره‌رمه‌ندن، ئێمه‌ مافه‌كانمان له‌ كێ وه‌ربگرین، ڕوو له‌ حكوو‌مه‌تى عێراق ده‌كه‌ین ده‌ڵێت ئێوه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانن، داواش له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین ده‌ڵێت ئێوه‌ له‌ ناوچه‌ى جێناكۆكن، بۆ نموونه‌ گه‌ر بڵێم پێشمه‌رگه‌مان ده‌وێت كێ گوێمان لێ ده‌گرێت.

 

(باس) بارودۆخى ئێستاى ناوچه‌كه‌تان چۆنه‌؟
باسم زهێرى: بارودۆخى ناوچه‌كه‌مان زۆر باشه‌، چونكه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى لێى جێگیره‌ و ئه‌وان پاراستوویانه‌، ناوچه‌كه‌مان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندایه‌ و پێشمه‌رگه‌ش له‌ ڕووى ته‌ناهییه‌وه‌ كۆنترۆڵى گونده‌كانى ده‌كات و له‌گه‌ڵمان زۆر باشن.

 

(باس) ئێران ده‌ستتێوه‌ردان له‌ ناوچه‌كه‌تاندا ده‌كات؟
باسم زهێرى: به‌ڵێ، ئێران له‌ ناوچه‌كه‌مان ڕۆڵى سه‌ره‌كى ده‌گێڕێت و دژ به‌ عه‌ره‌بى سوننه‌ و كوردیش ده‌وه‌ستێت، ئێران بڕواى به‌ شیعه‌ى عێراقیش نییه‌ و ڕۆژێكیش دێت به‌گژ ئه‌و‌انیشدا ده‌چێتەوە، ئه‌وانه‌ى به‌كرێگیراو و جاسووسى ئێرانن، ده‌ستى ئێرانیان هێنایه‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌وانه‌ خوێنمژى گه‌لى عێراقن، ئێران و ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵیاندان ڕێگری له‌ ئاواره‌كان ده‌كه‌ن كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدى خۆیان، كه‌ ئێستا ناوچه‌كانیان ئازاد كراون، فه‌رمانى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان به‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ نییه‌، گه‌ر به‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ بوایه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر زێدى خۆیان.

 

(باس) ژماره‌ى ئه‌و گوندانه‌ چه‌ندن كه‌ تا ئێستا له‌ سنوورى جه‌له‌ولا ڕزگار نه‌كراون؟
باسم زهێرى: ئێستا داعش له‌ ناوچه‌كه‌مان نه‌ماوه‌ و به‌ ته‌واوه‌تى ڕزگار كراوه‌، به‌ڵام گوند هه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تى ڕووخاوه‌ و تا ئێستا دانیشتوانه‌كه‌ى نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ ترسمان له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ داعش به‌ وێنه‌یه‌كى دیكه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌مان و شه‌ڕى تایفه‌گه‌رایه‌تى له‌ ناوچه‌كه‌مان دروست بێت.

 

(باس) كێ ناوچه‌كه‌تانى راده‌ستى داعش كرد؟
باسم زهێرى: ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانمان، ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌دواى به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن و هاووڵاتییانیان له‌بیر كردووە‌، ئه‌مڕۆ ئه‌م داعشه‌ ده‌ڕوات سبه‌ینێ داعشێكى دیكه‌ و به‌ وێنه‌یه‌كى دیكه‌وه‌ دێته‌ ناوچه‌كه‌مان، داعش له‌ ڕێگه‌ى پاره‌وه‌ هاته‌ ناوچه‌كه‌مان و له‌ ڕێگه‌ى پاره‌شه‌وه‌ ڕۆیشت، ئه‌وه‌ى دۆڕا ته‌نیا ئێمه‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌مه‌زهه‌ب بووین و بووینه‌ قوربانى.

 

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چۆنه‌؟
باسم زهێرى: زۆر سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌ى كه‌ به‌ ئاواره‌كان پێشكه‌شى كردووه‌، كه‌ مایه‌ى خۆشحاڵیى هه‌موو لایه‌كمان بوو، زۆر ڕازین له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ نیشانی دا به‌ڕاستى حكوومه‌تێكى خه‌مخۆره‌، ئه‌وه‌ى بۆ ئاواره‌كان كردى كارێكى مێژووییه‌ و تا ماوین له‌ یادى ناكه‌ین.

 

(باس) ئاماده‌ن به‌ بڕیارى حكوومه‌تى عێراقى چه‌كى دژى گه‌لى كورد هه‌ڵبگرن؟
باسم زهێرى: نه‌خێر، ئێمه‌ هاوڵاتییه‌كین ئاشتیمان ده‌وێت و حه‌زمان له‌ شه‌ڕ و خوێنڕشتن نییه‌، ئاماده‌ نین چه‌ك دژى گه‌لى كورد هه‌ڵبگرین، چونكه‌ برامانن، دژ به‌وانه‌ ده‌جه‌نگین كه‌ ئاواره‌یان كردین و ڕووبه‌ڕووى مه‌رگ و كوشتاریان كردینه‌وه‌ و مافه‌كانیان پێشێل كردین، دژ به‌ گه‌نده‌ڵكاران ده‌وه‌ستینه‌وه‌.

 

(باس) وه‌كوو مه‌زهه‌بى سوننه‌، چۆن ده‌ڕواننه‌ ئاینده‌تان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق؟
باسم زهێرى: عه‌ره‌بى سوننه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى نادیار هه‌نگاو ده‌هاوێت، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وانه‌ى كه‌ نوێنه‌رایه‌تیى عه‌ره‌بى سوننه‌ ده‌كه‌ن و به‌ ناوى ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت سیاسه‌تمه‌داره‌ سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كان، ئه‌وانه‌ى بازرگانییان به‌ ئێمه‌ى سوننه‌ مه‌زهه‌به‌وه‌ كرد و ئێمه‌یان فرۆشت.