ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: ھەڕەشەکانی عەبادی ھەمان ھەڕەشەکانی بەعسن

 ”ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەڕەشەی بەغدا لە گەلی کوردستان قبووڵ ناکات“

ئاسۆس عەلی و سکرتێری گشتیی حزبەکەی ئاسۆس عەلی و سکرتێری گشتیی حزبەکەی

 

ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی ھەفتەنامەی (باس)دا ڕای گەیاند: "ھەڕەشەکانی عەبادی ھەمان ھەڕەشەی حکوومەتی بەعسن و  ھیچیان کەمتر نییە لە ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کورد“. گوتیشی: "ئەگەر بەغدا واز لە زمانی زبر و ھەڕەشە نەھێنێت، گەلی کورد بە جۆرێکی دیکە وەڵامی بەغدا دەداتەوە“.

 

(باس) بەھۆی سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستانەوە، ماوەیەکە حکوومەتی بەغدا ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەم ھەڕەشانە چۆن دەبینیت؟

 

ئاسۆس عەلی: ھەڕەشەکانی بەغدا دژی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، بە خاڵێکی نەرێنی دەزانین، چونکە بەدرێژایی مێژوو پەیامی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بۆ حکوومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق پەیامی ئاشتیخوازانە بووە، ھەروەھا گەلی کورد بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەیەکی خۆی پەنای بۆ زمانی گفتوگۆ و ڕێگەی دیالۆگ بردووە، ئەم ھەڕەشانەی بەغدا دواجار بە زیانێکی گەورە بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە، بەڵام ئەمە واقیعە، ھەڕەشەکانی بەغدا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھیچی کەمتر نییە لە پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی گەلی کوردستان، بۆیە ئەگەر بەغدا واز لە زمانی زبر و ھەڕەشە نەھێنێت، گەلی کورد بە جۆرێکی دیکە وەڵامی بەغدا دەداتەوە.

 

(باس) بە بۆچوونی تۆ چەکی بەھێزی ھەرێم چی دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی بەغدا؟

 

ئاسۆس عەلی: بەدرێژایی مێژوو لەلایەن نەیارەکانییەوە ھەوڵی ئەوە دراوە وێنایەکی ناجۆری کورد نیشانی وڵاتان بدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ھەمیشە کورد مێژوویەکی پڕشنگداری بۆ خۆی تۆمار کردووە، کاتێک شەڕی نەگریسی داعش ڕووی دا، ئەو شەڕە بوو بە سەنگەری یەکەمی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ  ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ ئەوەشدا بە نوێنەرایەتیی ھەموو جیھان پێشمەرگە ڕۆڵێکی قارەمانانەی لەو شەڕەدا گێڕاوە، بۆیە ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی کە پێویستە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، خۆشبەختانە تازە بڕیاری خۆمان داوە و ڕیفراندۆدممان کردووە، دواجار بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان دەدەین و بەرەو سەربەخۆیی کوردستانی گەورە ھەنگاو دەنێین، بۆیە ناکرێت بە بەردەوامی کورد لەژێر ھەڕەشە و ترسی بەغدا بمێنینەوە، ھەرچەندە ھەڕەشەکانی عەبادی و حکوومەتەکەی، ھیچ کاریگەرییەکی خراپی بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان نابێت، بەڵام بەغدا ناتوانێت ھەڕەشەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان چڕ  بکاتەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ئەوەندە لاواز نییە کە نەتوانێت وەڵامی بەغدا بداتەوە.

 

(باس) ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تا چەند قبووڵی ھەڕەشەکانی بەغدا دەکات؟

 

ئاسۆس عەلی:  ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی قبووڵی ناکات بەغدا بەو شێوەیە ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان بکات، ھەرچەندە عەبادی و حکوومەتەکەی بێشەرمانە و بێ ترس لە ڕێگەی دەرکردنی چەند بەیاننامەیەکەوە ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام خۆشبەختانە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بووە بە قەزیەیەکی گەورە لە ھەموو جیھاندا، ھەروەھا بەشێکی زۆری وڵاتانی دەرەوە بەڕێزەوە تەماشای ئەو پرسە نیشتمانییەی میللەتی کورد دەکەن، بەڵام باشتر وایە بۆ ئەوەی ئێمە ڕێگری لە نەیارانی خۆمان بکەین، پێویستە نێوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە.

 

(باس)  لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، گەلی کوردستان بەشداریی لە حکوومەتی عێراقدا کردووە، بە بۆچوونی تۆ لەو ماوەیەدا عێراق زوڵمی لە کوردستان نەکردووە؟

 

ئاسۆس عەلی: بەدرێژایی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، دەسەڵاتدارانی بەغدا ھەوڵی ئەوەیان داوە ئیرادەی میللەتی کورد تێکبشکێنن، ئەوەیشی پەیوەندیی بە دامەزراوەیی حکوومەتی عێراقەوە ھەیە، لە حکوومەت و پەرلەمان و دادگاکانیانەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان کورد ھەستی بەوە نەکردووە شەریکی ڕاستەقینەی دامەرزراوە سەرەکییەکانی حکوومەتی عێراقە، یان بەشێکە لە دروستکردنی بڕیار لە حکوومەتی عێراق، ڕاستە چەندین وەزیر و پەرلەمانتارمان ھەبووە، بەڵام ئەو بوارە بە ئێمە نەدراوە کە شەریکێکی ڕاستەقینەی حکوومەتی عێراق بین.

 

 

(باس) چاودێرانی سیاسیی دەڵێن، بە ھۆی ھەڕەشەکانی بەغدا پەرلەمانی عێراق رەوایەتیی خۆی لەدەست داوە، ئەمە چۆن دەبینیت؟

 

ئاساۆس عەلی: ئەوەی پەرلەمانی عێراق لەم چەند ڕۆژەدا بەھۆی سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە پەنای بۆ بردووە، کە خۆی لە چەند خاڵێکی ناجۆر دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبینێتەوە، دەرکردنی ئەو ھەڕەشانە پێمان دەڵێت، دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەو پڕۆسە شەڕانگێزییەی ڕژێمە پێشووەکانی حکوومەتی عێراقە، کە دژی گەلی کورد ئەنجام دراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق ھەڵەیەکی گەورەی کردووە، بە زمانێکی زبر و ھەڕەشەئامێز وەڵامی خەڵکی کوردستان دەداتەوە، دواجار ئەو جۆرە ھەڕەشانە شکست دەھێنن، پێشتریش حکوومەتی بەعس بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر ھەڕەشەی لە خەڵکی کوردستان کردووە، بێ گومان گەلی کورد وەک قەڵایەکی بەھێزی خۆڕاگر ماوەتەوە و ھیچ ترس و تۆقاندنێک ساردی نەکردووەتەوە، ئێستاش گوتار و ھەڕەشەئامێزەکانی سەرکردە شیعەکانی عێراق، بەتایبەتی عەبادی و حکوومەتەکەی، ھاوشێوەی ھەمان ھەڕەشەکانی حکوومەتی بەعسن،‌ ھەمان ئەو گوتارانەیە کە حزبی بەعس بەرامبەر میللەتی کورد بەرپای دەکرد، بەڵام گەلی کوردستان کێشەی ئەقڵیەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا ھەیە، چونکە لە سەرەتای دامەزراندنی حکوومەتی عێراقەوە، عەقڵیەتی شۆڤێنی ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە. بەداخەوە لەو نێوەندەشدا گەلی کورد زیانێکی زۆری کردووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە پەیامی کورد لەدوای ڕیفراندۆم بۆ ھەموو لایەک پەیامێکی نەرم بووە، توانراوە وەکوو زمانێکی ئاشتیخواز و پێکەوەژیان ئاڕاستەی ھەموو لایەنەکانی بکات، ھەرچەندە ڕەخنەم لەسەر پرسی ڕیفراندۆم ئەوە بووە کە دەبوایە ئێمە یەکڕیزیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانمان ساغ بکردایەتەوە، ھەروەھا دەبوایە بەرنامەیەکی ستراتیژیی گرنگمان ئامادە بکردایە بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی لەسەری کۆک بین.