مۆفه‌ق میراوده‌لی خاوه‌نى زیاتر له‌ 118 هه‌زار رۆژنامه‌ و گۆڤار و ڤیدیۆ و كاسێته‌

 

ده‌ڤه‌رى پشده‌ر یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ى خاوه‌ن مێژوویه‌كى دێرینه‌ له‌ كوردستاندا، یه‌كێك له‌ نووسه‌ره‌ دیاره‌كانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌، مۆفه‌ق میراوده‌لییه‌ كه‌ خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك كتێبى چاپكراوه‌، له‌ بوارى ئه‌رشیڤیشدا خاوه‌نى زیاتر له‌ 118 هه‌زار رۆژنامه‌ و گۆڤار ڤیدیۆ و كاسێت و بڵاوكراوه‌ و نووسراوه‌، كه‌ ده‌كرێ له‌ ئاینده‌دا ببێته‌ مه‌ڵبه‌ندێكى ده‌ستخستنى سه‌رچاوه‌ مه‌عریفییه‌كان. له‌وباره‌یه‌وه‌ (باس) ئه‌من دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز كرد.


(باس) چه‌ند ساڵه‌ سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وى ئه‌رشیڤی و چۆن بوو بیرت له‌و ئه‌رشیڤه‌ كرده‌وه‌؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: ماوه‌ى 20 ساڵه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكى كۆكردنه‌وه‌ و پاراستى ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ و وێنه‌ى كۆنم، به‌شێكى زۆرى ئه‌وانه‌ى مه‌ترسیى فه‌وتانیان هه‌یه‌، به‌ پێشكه‌وتووترین ئامێرى سه‌رده‌م سكان كراون، ئه‌رشیڤه‌كه‌ شتى زۆر گرنگ و دانسقه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ ئاینده‌ بایه‌خى مێژووى گه‌وره‌یان هه‌یه‌. هۆی ئەم کارەشم بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كورد له‌بوارى ئه‌رشیڤ و پاراستنى مێژووى ڕۆژنامه‌وانى زۆر هه‌ژاره‌، تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ناوه‌ندێكى ئه‌رشیڤى گه‌وره‌ى هه‌بێت، تێكڕاى ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ى له‌ رابردوو ده‌رچوون، له‌و ناوه‌نده‌دا پارێزراو بن و نووسه‌ران و توێژه‌ران كه‌ڵكى لێ وه‌رگرن.

 

(باس) گرنگیى كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌رشیڤ له‌ چیدایه‌؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: ئه‌رشیڤ مێژووى رابردووى نه‌ته‌وه‌یه‌، مێژووى زمان و كولتوور و ڕووداو مه‌ینه‌تییه‌كانه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ركات بمانه‌وێت باسى هه‌ر ڕووداوێكى مێژوویى بكه‌ین، چۆن په‌نا بۆ كتێب ده‌به‌ین به‌ هه‌مان شێوه‌ پشت به‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان ده‌به‌ستین، بۆ نموونه‌ باشترین سه‌رچاوه‌ى نووسراو، ده‌رباره‌ى كاره‌سات و بۆردومانى (24/4/1974) ڕۆژنامه‌ى گاردیان و فایننه‌شڵ تایمزى به‌ریتانیا بوون، كه‌ وێنه‌ و زانیاریى بۆردومانه‌كه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

 

(باس) ده‌كرێت بڵێین مێژووى كورد به‌ته‌واوى نووسراوه‌ته‌وه‌ یا شێوێنراوه‌؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: كاتێك بابه‌تییانه‌ سه‌رنجى نووسینه‌وه‌ى مێژوو ده‌ده‌ین، به‌شى زۆرى مێژووى میلله‌تى كورد له‌لایه‌ن گه‌ڕیده‌ و ڕۆژهه‌ڵاتناس و كه‌سانى سیخوڕى وڵاتان نووسراونه‌ته‌وه‌، به‌ناچارى كورد به‌شى زۆرى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى وه‌ك كه‌ره‌سته‌ى توێژینه‌وه‌ نووسه‌ران و توێژه‌ران دووباره‌ به‌كاریان هێناون، به‌شێكى ئه‌وانه‌ش له‌لایه‌ن نووسه‌رانى كورد ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه‌، كه‌واته‌ نووسینه‌وه‌ى مێژووى كورد له‌لایه‌ن خه‌ڵكى بیانى دوولایه‌نه‌، لایه‌كى ئه‌رێنى و لایه‌كى نه‌رێنى، له‌كاتێكدا به‌شى زۆرى كورد تا ئێسته‌ هه‌ر ئاگاشى لێ نییه‌.

 

(باس) كۆنترین بەڵگەنامەتان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵى چه‌ند و چییە؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: ئەرشیفەکەم ده‌توانم بڵێم به‌هه‌زاران ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ى كوردى له‌ باشوورى كوردستان تێیدایه‌تى، پاشان ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌كانى ساڵانى سییه‌كان و چله‌كان، دواتر ئه‌ده‌بیاتى شاخى حزبه‌ كوردییه‌كان (یه‌كێتى نیشتمانى و پارتى دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى و حزبى زه‌حمه‌تكێشان و....) ته‌نانه‌ت حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات و باكووریشم پاراستووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دواى ڕاپه‌ڕین گرنگیى زۆرم پێ داوه‌، به‌و پێیه‌ى ژماره‌یه‌كى ئێجگار ڕۆژنامه‌ و گۆڤار ده‌رچوون.

 

(باس) ئه‌رشیڤه‌كانت ته‌نیا ناوخۆیین؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانى به‌شه‌كانى دیكه‌ى كوردستانیش له‌خۆ ده‌گرێت، به‌تایبه‌ت زۆر گرنگییم به‌ ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان داوه‌، چ ئه‌وانه‌ى لێره‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانی (حزبى دیموكرات مه‌به‌ستم هه‌ردوو باڵه‌كه‌، كۆمه‌ڵه‌، سازمان، یاخود ئه‌وانه‌ى له‌ ئێران ده‌رده‌چوون، وه‌ك سروه‌ و ئاوێنه‌ و مهاباد و كه‌شكۆڵ و ئه‌وانى تریش)، شانبه‌شانى ئه‌وه‌ش ئه‌و رۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوانه‌ى له‌لایه‌ن (پ.ك.ك) له‌ شاخ و له‌ شار چاپ كراون، زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ پارێزراون.

 

(باس) له‌ ئه‌رشیڤه‌كه‌تدا چى هەیە له‌سه‌ر خه‌بات و مێژووى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیى؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: میلله‌تى كورد میلله‌تێكى مه‌زڵوومه‌، ژێرده‌سته‌ و چه‌وساوه‌ بووه‌، به‌ڵام به‌ هیچ كلۆجێ له‌ خه‌بات و تێكۆشان درێغیى نه‌كردووه‌، كیمیاباران و ئه‌نفال و راگواستن و كۆمه‌ڵكوژیى وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سه‌ر كوردا هات، چۆكى نه‌دا و درێژه‌ى به‌ خه‌باتى چه‌كدارى و سیاسى دا تا ئه‌مڕۆى لێ هاته‌ دى، من وه‌ك كوردێك ئاواته‌خوازم كورد ببێته‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تێكى نه‌ته‌وه‌یى به‌ سیسته‌م، برینى رابردوومان به‌سۆن و قه‌تماغه‌بوونیان ئه‌سته‌مه‌، ئومێد ده‌كه‌م ڕۆژێك بێت كورد ببێته‌ خاوه‌نى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه‌ ئاماژه‌م پێ دا.

 

(باس) له‌ كوردستاندا وه‌ك پێویست گرینگى به‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌رشیڤ دراوه‌؟
مۆفه‌ق میراوده‌لی: له‌ كوردستان تا ئێسته‌ وه‌ك پێویست گرنگى به‌ ئه‌رشیڤ نه‌دراوه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ زیاتر له‌سه‌ر ئاستى كه‌سى و تایبه‌تییه‌، وه‌ك هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌ركێكى نیشتمانى، تاكه‌ ناوه‌ند له‌ كوردستان بنكه‌ى ژین له‌ سلێمانى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ى تر ده‌مێنێته‌وه‌ تایبه‌تن، حكوومه‌تیش هیچ هه‌وڵێكى ئه‌وتۆى نه‌داوه‌، ده‌ستگیرۆیى ئه‌و كه‌سانه‌ بكات، گرنگى به‌ بوارى ئه‌رشیڤ و دیكۆمێنتكردن ده‌ده‌ن.

 

 

ئەلبوومی وێنەکان