پەرلەمانتارێکی بەریتانیا: کاتی ئەوە ھاتووە پێداچوونەوە بە بابەتی (سایکس-بیکۆ)دا بکرێتەوە

"پەرلەمانی بەریتانیا پشتگیریی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان"

لەم چاوپێکەوتنەی مایکڵ گێیپس، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، سەر بە پارتی کرێکاران کە هاوکات جێگری یاسایی سەرۆکی گرووپی پەرلەمانی بەریتانیایە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان، باس لە خواستی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و هەڵوێستی فەرمیی بەریتانیا و هەوڵەکانی دۆستانی کورد بۆ گۆڕینی سیاسەتی حکوومەتی بەریتانیا لەبارەی سەربەخۆییەوە دەکرێ.

 

(باس) ئێستا پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە چ ئاستێکدایە؟
مایکڵ گێیپس: پەیوەندیی نێوانیان زۆر باشە. لە ڕێگەی کونسوڵخانەی گشتیی خۆمان لە ھەولێر و باڵوێزخانەمان لە بەغدا، کار لەسەر زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان دەدەین. لە ڕێگەی دامەزراوەی (وێستمینیستەر بۆ دیموکراسی)، کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر و نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لەندەن، بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستان. ھەر وەک لە ڕاپۆرتی دوو ساڵ لەمەوبەری کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیادا ھاتووە، ھەرێمی کوردستانی عێراق، دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی ھەیە، ئەگەرچی کامڵ نییە و ھێشتا لە گەشەکردندایە. ھەروەھا چرایەکی ئومێدە لە سۆنگەی پێکەوەژیان و میانڕۆیی لەناو جەرگەی ناوچەیەکی ئاڵۆزدا، کە ھزری توندڕۆیی تێیدا لە پەرەسەندندایە. بەھاکانی ھەرێمی کوردستان ھەمان بەھاکانی ئێمەیە. شانشینی یەکگرتوو بەختەوەرە کە ھاوبەشێکی وا میانڕەو، سەقامگیر، دیموکراتیک، سێکیولاری ھەیە کە پشتگیریی ڕۆژئاوایە. بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی شانشینی یەکگرتوودایە کە ھەرێمی کوردستان لە ھەنگاوە دیموکراسییەکانیدا بەردەوام بێت و وەک دۆستێکی بەریتانیا بمێنێتەوە، بەتایبەتی لەم کاتە ھەستیارەدا، کە دەستکەوتەکانی 20 ساڵی ڕابردووی لەژێر ھەڕەشەدایە. پێویستە حکوومەتی بەریتانیا بۆ پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.


لەبەرامبەر ئەم ڕاپۆرتەدا، حکوومەتی بەریتانی ئەم وەڵامەی ھەبوو: (حکوومەت ئەنجامی ئەم ڕاپۆرتە پەسەند دەکات، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بە گشتی، ھاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئێمەیە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی شانشینی یەکگرتوو لە ناوچەکەدا. حکوومەتی بەریتانیا پەیوەندییەکی بەھێزی ھەیە لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق کە ناوچەیەکی بەرفراوان دەگرێتەوە. ھاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق لە سەقامگیری و گەشەسەندن، پەیوەندییەکانمان بناغەی هاوئاهەنگییەکی تەندروستن. ئێمە ھەروەھا لە ھەوڵی ئەوەداین پەیوەندییە بازرگانی و فەرھەنگی و پەروەردەییەکانمان زیاتر لەگەڵ کوردەکانی عێراق پەرە پێ بدەین). 

 

(باس) ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا ھەردووکیان ئەندامی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشن، ڕۆڵی پێشمەرگە لەو جەنگەدا چۆن دەبینن؟
مایکڵ گێیپس: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شایەنی ڕێز و پێزانینە، بۆ ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە لە باشووری عێراق، لە کاتی سەرھەڵدانی قەیرانەکان لە حوزەیرانی 2014. هەروەها پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگ و بگرە یەکلاکەرەوەی بینی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا. ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگە لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش ڕۆڵێکی بەرچاو و جێگەی بایەخە. ھەر بۆیە حکوومەتی بەریتانیا ھاوکاریی سەربازی پێشکەش کردوون و زیاتر لە ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی کوردستانی ڕاھێناوە.

 

(باس) ڕیفراندۆم جەوھەری پرۆسەی دیموکراسییە، کە گەڕانەوەی ڕاستەوخۆیە بۆ گەل، کەچی زۆر لە وڵاتانی دیموکراسی، پێوەند بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، دەڵێن ئێمە لەگەڵ دواخستنیداین و ئەم جۆرە داوایانە دەکەن، ئایا ئەمە دوورکەوتنەوە نییە لە بنەما دیموکراسییەکانیان؟
مایکڵ گێیپس: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی داوای پابەندبوونی عێراق بە دەستوور بکات و پێداگیرییش بکات لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان. من یەکێک لەو کەسانە بووم کە ماوەیەک لەمەوبەر واژۆم لەسەر داواکارییەک کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی بەریتانیامان کرد، کە تێیدا ھاتبوو، (پەرلەمانی بەریتانیا پشتگیریی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان). ھەروەھا ئەنجامی زۆرینەی دەنگی (بەڵێ) لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوولدا، دەسەڵاتی دانوستانکردن بۆ سەربەخۆیی و بنیاتنانی ھاوکارییەکی پێشکەوتووتر لەگەڵ عێراق بە کوردەکان دەدات. حکوومەت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە قوربانیدان و بەخشندەییەوە شەپۆلی سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەری عێراقی و سوورییان لەخۆ گرت و پاراستیانن.

 

(باس) ڕیفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی، لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا جێگەی کراوەتەوە، یاسای مافی چارەنووسی گەلان، کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەرکراوە، بۆچی زۆر لە وڵاتانی دونیا خۆیان لەو یاسایە لادەدەن؟ 
مایکڵ گێیپس: بابەتی مافی چارەی خۆنووسین بابەتێکی ئاڵۆزە، ھەروەھا زۆر لە وڵاتان خۆیان کەمینە نەتەوەیی و ئایینییان ھەیە، کە داوای جیابوونەوە دەکەن، بۆیە خۆیان لەم باسە لادەدەن.

 

(باس) ھەڵوێستی فەرمیی بەریتانیا ھاوشێوەی زۆر لە وڵاتانەیە کە دەڵێت لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقداین، ئایا ئەمە ھەڵوێستێکی نەگۆڕە؟
مایکڵ گێیپس: دوا ھەڵوێستی حکوومەتی بەریتانیا لەلایەن بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوە، لە 17ی حوزەیرانی ئەمساڵ خراوەتە ڕوو. ئەو گوتی، (ئاگادارین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. ئێمە لە خەونی گەلی کوردستان تێ دەگەین و بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان لە ڕووی سیاسی، فەرھەنگی و ئابوورییەوە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆم ئێستا لەوانەیە دووربوونەوەیەک دروست بکات لە شەڕی دژ بە داعش، گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان و ھەروەھا چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بوونە ھۆی سەرھەڵدانی داعش. ھەر رێفراندۆمێک یان پرۆسەیەکی سیاسی بەرەو سەربەخۆیی پێویستە بە ڕەزامەندی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بێت. بڕیاری یەکلایەنە بۆ ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و عێراق و سەقامگیریی ناوچەکەدا نابێت).


شانشینی بەریتانیا پاڵپشتیی عێراقێکی سەقامگیر و دیموکرات و یەکگرتوو دەکات، کە بتوانیێت ئاساییش و ھەلی کار و خزمەگوزارییەکانی تەندروستی و خوێندن بۆ ھاووڵاتییەکانی دابین بکات. ئێمە ھانی ھەموو لایەنەکان دەدەین بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ، بە مەبەستی فەراھەمکردنی داھاتوویەکی باشتر لەسەر بناغەی دەستووری عێراق. من پێم وا نییە ھەڵوێستی بەریتانیا بەم زووانە لەمبارەیەوە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بەڵام ھیوادارم حکوومەتی بەریتانیا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەر بڕیارێک پەسەند بکەن و ڕێزی لێ بگرن کە خواستی سەربەخۆیی تێدا بێت.

 

(باس) ھەست ناکەن وڵاتەکەتان لە ساڵی 1916 و لە ڕێککەوتننامەی (سایکس - بیکۆ) زوڵمی لە کورد کردووە و بەزۆر خستییە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقەوە، جارێکی دیکە خەریکە ھەمان زوڵم دووبارە دەکاتەوە؟
مایکڵ گێیپس: پێم وایە کاتی ئەوە ھاتووە پێداچوونەوە بە بابەتی سایکس - بیکۆدا بکرێتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پێویستە ئەمجارە بە ھۆشیاری و ھەستیارییەوە مامەڵە بکات. لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەلمێنرا کە سنووری وڵاتان دەکرێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، جا چی وەک چیکسلۆڤاکیا بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە، یانیش وەک یۆگۆسلاڤیا دوای شەڕێکی ناوخۆ. ھەروەھا بینیمان ئەڵمانیا بە شێوەیەکی دوور لە توندوتیژی یەکی گرتەوە. لە سکۆتلەندا بینیمان خەڵک لە ساڵی 2014 بڕیاری مانەوەی لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو دا. لە لایەکی دیکەشەوە، لە باشووری سوودان و یەمەن بینیمان کە دەستکاریی سنوورەکان ھەموو کات بارودۆخەکە بەرەو باشی نابات. ئەوەی کە لە سەرووی ھەموو شتێکە و گرنگیی تایبەتی ھەیە، ئەوەیە کە پرۆسەی دیموکرسی و ڕۆڵی یاسا پێویستە بەرەو پێش ببرێت.

 

(باس) زۆر جار دەگوترێت بەردەوامیی یەکپارچەیی عێراق، واتە بەردەوامیی شەر و ئاشووب و خوینڕژان، بۆیە ئیتر ئاستەمە پێکەوەژیان هەبێ، ڕای ئێوە لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
مایکڵ گێیپس: ھەر وەک لە ڕاپۆرتی ساڵی 2015ی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئێمەدا ھاتووە: “ژیرانەیە ئەگەر نیگەرانیی ھەبێت لەبارەی دەرھاوێشتەکانی داڕمانی عێراق، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی توانای ئابووریی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان، خواستی کوردەکان بۆ دەسەڵاتی زیاتر لە خۆبەڕێوەبەری و تەنانەت خواستی سەربەخۆییش لۆژیکییە”.


بە بڕوای من زۆر گرنگە ھەولێر و بەغدا و تەنانەت ھەموو پێکھاتەکان و ئایینە جیاوازەکان لە داھاتوودا کار لەسەر کێشە ھاوبەشەکانیان بکەن. دوای ڕیفراندۆمەکەی ئەیلوولی ئەمساڵ، زەروورەتی ئەم کاری ھاوبەشە زیاتریش دەبێت.