سەعدی پیرە: تورکیا داوامان لێ دەکا فشار بخەینە سەر پەکەکە بۆ ئازادکردنی دوو کارمەندەکەی میت

”عەبادی پێی گوتین ئەگەر کورد بوومایە شانازیم بە ئێوەوە دەکرد کە ئیدارەی باشتان کردووە“

 

وێنە: هۆزان جاف

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و کێشەکانی ناو حزبەکەی بۆ ھەفتەنامەی (باس) دەدوێت.

 

(باس) چەند کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دا، تا بیانھێننە ناو پرۆسەی ڕیفراندۆم و بەشداریی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، بەڵام ئەوان نایەنە پێشەوە، تا کەی چاوەڕوانی ئەوان دەکەن؟

 

سەعدی پیرە: تا ئەو جێگایەی کە پێمان وا بێت کە دەبێت و ئەوە دەھێنێت بۆ کۆدەنگیی چاوەڕوان دەکەین، بەڵام ئێستا کاتمان بەدەستەوە نەماوە، بۆیە ڕۆژی پێنجشەممە ٧/٩/٢٠١٧ یەکێتیی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی خۆیدا بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی دا.

 

بەداخەوە کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکی ناسکدا بوو، کۆچی ئەویش کاریگەریی گەورەی لەسەر وەرگرتنی بڕیار لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دروست کرد. ئێستا کاتمان بەدەستەوە نەماوە و بابەتی ڕیفراندۆمیش بڕیاری لەسەر دراوە و ناشبێت لەو بڕیارە پاشگەز ببینەوە، چونکە ئەوە کارێکی خراپە، ھەروەھا لەسەر داوای گۆڕانیش پەرلەمان بەبێ مەرج کارا دەکرێتەوە، بۆیە ھیچ ھۆکارێکی دیکە نەماوە و کاراکردنەوەی پەرلەمانیش مانای تێدا نەماوە لەوە زیارتر دوا بخرێت.

 

(باس) ئێوە بە پارتیتان گوت مەرجەکانی خۆتان لابەن تا گۆڕان بێتەوە بۆ پەرلەمان و دەسەڵات، ئێمەش گۆڕان ڕازی دەکەین، بەڵام گۆڕان بە ئێوەش ڕازی نەبوو، بۆ؟ ئێوە مەرجەکانی گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان چۆن دەخوێننەوە؟

 

سەعدی پیرە: یەکێتی پێی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ مەرج داگرت، بۆ ئەوەی ھیچ پاساوێک بۆ برادەرانی گۆڕان نەمێنێت، ئەگەر نەیەنە پێش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوا ئێمە بێ ئومێد دەبین، چونکە زۆر چاوەڕوانمان کردن، بۆیە ئەگەر بێنە پێشەوە زۆر باشە، چونکە پەرلەمان لە ھەموو حاڵەتێکدا دەبێت کارا بکرێتەوە.

 

ئێمە کاتێک باسی لابردنی مەرج لە پارتی دەکەین، مەرجی ئەوەمان دانەناوە کە بڵێین "ئەگەر ئێوە مەرجەکانتان لا بدەن، ئێمە گۆڕان ڕازی دەکەین"، بەڵکوو ئێمە پێمان گوتن، کە گۆڕان بەڵێنی داوە و نووسراویشی لەسەر ئەو بابەتە بڵاو کردووەتەوە و لە سەدان دیمانەی تەلەڤزیۆنیدا گۆڕان ڕای گەیاندووە، کە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەرلەمانداین، بەڵام بەبێ مەرج ڕازین بگەڕێینەوە پەرلەمان، بۆیە ئێمە گوتمان ئەو بیانووەی گۆڕان نەھێڵین باشە، بۆیە فەرموون بە بێ مەرج  پەرلەمان کارا بکەنەوە، ھەروەھا  (د.یوسف محەمەد) وەک سەرۆکی پەرلەمان بمێنێتەوە.

 

من جەماعەتی پۆلێنتیک نیم، کە خوێندنەوە بۆ مەرجی ئەم و ئەو بکەم، بۆیە پێویستە زمانەوانێک پۆلێنیان بکات، چونکە من کاتم کەمە! بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە مەرج قبووڵ ناکەین.

 

(باس) سەربەخۆیی یەکێکە لە دروشمەکانی یەکێتی، بەڵام ئێستا ئەڵێن یەکێتی بۆ لەدەستنەدانی دەستکەوتەکانی لە سنووری سلێمانی ناتوانێت واز لە گۆڕان بھێنێت، ئێوە چی دەڵێن؟

 

سەعدی پیرە: دورشمی سەر ئاڵاکەی ئێمە، لێی نووسراوە مافی چارەی خۆنوسین، ھەروەھا ئێمە موکەلەف نین وەڵامی ھەموو کەس و لایەنێک بدەینەوە ھەر کەسێک دێت و قسەیەک دەکات، پاشان گۆڕان لە ھەناوی یەکێتییەوە دەرچووە، بۆیە گۆڕان لە ھەر لایەنێکی دیکە بۆ ئێمە جیاوازترە، گۆڕانییەکان کێن؟ گۆڕانییەکان ئەوانەن کە بە درێژای دەیان ساڵ ھاوخەبات و ھاوسەنگەری ئێمە بوون، ھەروەھا دونیایەک ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ برادەرانی گۆڕاندا ھەیە، لە ناشتنی تەرمی شەھیدەکانمان، لە پرسەی پێشمەرگە دێرینەکانمان و لە زەماوەندیی کۆڕە شەھیدەکانمان ئێمە ھەمیشە پێکەوە بووین.

 

بۆیە بەدڵنیاییەوە تا ئەو شوێنەی بۆمان بکرێت، ھەوڵی ئەوە دەدەین، کە بزووتنەوەی گۆڕان سوود لەو ھەلومەرجە سیاسییەی ئێستا وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٧ی ئایاری ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و گۆڕان واژۆ کرا، بۆ ئەوەی وردە وردە یەک بگرنەوە، لەبەر ئەوە ھەرچی لەم بابەتەدا خەرج بکەین، بەخەسار ناڕوات.

 

(باس) ڕێککەوتنی دەباشان بۆ ئەوە بوو یەکێتی و گۆڕان یەک بگرنەوە، ڕێککەوتنەکە بە کوێ گەیشت و چ خاڵێکتان ماوە جێبەجێ نەکرابێ؟ کەسانی نزیک لە گۆڕان دەڵێن نابین بە پاشکۆی یەکێتی، ئێوە چی ئەڵێن؟

 

سەعدی پیرە: ئێمە ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە حکوومەتی خۆجێییەوە ھەیە، کە بریتین لە، پۆستەکانی پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە، جێبەجێمان کردوون، ئەوانەیشی جێبەجێ نەکراون، لەوەیە پێوەندییان بە بابەتی یاساییەوە ھەبێت، کە گۆڕان بە ھەندێکیان ڕازی نەبێت، بۆ نموونە ھەر بابەتێک کە واژۆی کاک مەسعود بارزانیی پێوە بوایە، گۆڕان دەیگوت ئێمە بە واژووی ئەو ڕازی نین وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەوانە کێشەی گۆڕان خۆیانە نەک یەکێتی.

شتێکی دیکەش ھەیە کە تۆزێک سەیرە، ئەویش ئەوەیە کە واژۆ ھەر واژۆیە، کەچی لە بابەتی ئەندامانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژرادنەکان واژۆی کاک مەسعود ڕۆیشت و ھیچ کێشەیەکیش دروست نەبوو، لە کاتێکدا برادەرانی گۆڕانیشی تێدابوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە ڕێککەوتن لە شەو و ڕۆژێکدا جێبەجێ ناکرێت، چونکە (نانیش بە پاروو پاروو دەخورێ).

 

کاتێک کەسانێک باس لەوە دەکەن کە گۆڕان نابێت بە پاشکۆی یەکێتی، ئێمە لە قسەی ئەو کەسانە موکەلەف نین تا وەڵامیان بدەینەوە، گۆران لای ئێمە تەنیا ئەوانەن کە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ھاوبەشی گوێمان لیێی دەبێت.

 

(باس) بەم دواییانە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا ئاڵۆزیی تێ کەوت، ھەوڵەکانتان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بە چی گەیشتووە؟

 

سەعدی پیرە: ئەو کێشەیەی دروست بووە بەزۆر بەسەر یەکێتییدا شکاوەتەوە، خۆ ئەگەر نا ئەو بابەتە ھی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی تورکیایە، حکوومەت بەتەنیا ھی ھەولێر نییە، بەڵکوو ھی سلێمانی و ناوچەکانی دیکەشە، ئاڵۆزییەکەش بەھۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووەی تورکیاوە دروست بوو، کە بەبێ ئاگاداریی والیی سلێمانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش ویستیان ئەنجامی بدەن، بەڵام کاتیک ویستیان ئەو کارە نایاساییە ئەنجام بدەن، بەبێ ئاگاداریی لایەنە پێوەندیدارەکان و سەروەریی خاکی کوردستان و عێراقیان بریندار کرد، لە ئەنجامیشدا شکستیان ھێنا، لە ترسی ڕای گشتیی تورکیا ئەیانەوێت باجەکەی یەکێتی و بەھرۆز گەڵاڵی بیدات، ئەوەش ھەڵەیە.

 

کاتێک بەڕێز مەولوود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ھەولێری کرد، لەگەڵی دانیشتم و پێم گوت ئۆپەراسیۆنەکەی ئێوە نافەرمی بووە، ئێمە بەرپرس نین لە شکستەکەی، پرۆژە سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ئەبێت خۆتان تەحەموولی ئەنجامەکەی بکەن.

 

ئەوەش مانای ئەوە نییە کە پاڵپشتیی لە سیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکەم، بەڵکوو ئێمە تێبینیمان لەسەر ڕووداوەکانی جەزیرە و شرناخ ھەیە کە ڕوویان دا، دەبوو شانسێک بە گفتوگۆ و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بدرایە کە کران، پێم وابێت لەو کاتەدا ژمارەیەکی بەرچاو کورسیی پەرلەمانیان بەدەست ھێنا، بۆیە ئەوەیان باشتر بوو بۆ پەکەکە.

 

دیارە باڵی شەڕخواز لەناو تورکیادا زاڵتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا شەریکیان لەناو پەکەکەدا ھەبوو، پێمان ناخۆشە ئەوە ڕووی دا، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ئێمە لەگەڵ تورکیادا وەک دراوسێ دەمێنینەوە، ھەموو ھەوڵێکیش بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوو ھاووڵاتییە تورکە دەخەینە گەڕ، بەڵام نەک بەو ڕێگەیەی کە تورکیا دەیەوێت، لەبەر ئەوەی بەو ڕێگەیە چارەسەر نابێت.

 

تورکیا خاکی ھەرێمی کوردستانی بەزاندووە، بۆیە ئەوەی دەبێت داوای لێبوردن بکات، تورکیایە، تورکیا داوا لە یەکێتی دەکات کە فشار بکاتە سەر پەکەکە بۆ ئەوەی دوو کارمەندەکەی ھەواڵگری ئازاد بکات، بەڵام پەکەکە فەرماندەی یەکێتیی نییە تا بەو ئاسانییە داواکەی جێبەجێ بکرێت، پەکەکە لە قەندیلە و خۆی بە قیادەی پلە یەک دەزانێت، پێیان گوتراوە و قسەیان لەگەڵدا کراوە، ئینشائەڵا جێبەجێ دەبێت، بەڵام پێویستە تورکیا لەوە تێبگات، کلیلی کۆنترۆڵکردنی پەکەکە لە دەستی یەکێتیدا نییە، بۆ لەوە تێ ناگەن!

 

(باس) باس لەوە دەکرێت کە لە زۆنی سەوز دەسەڵاتی پەکەکە زۆر فراوانە، بازگەیان داناوە و دەسەڵاتیشیان بەسەر ناوچەکاندا ھەیە، ئایا ئەمە بە خراپە بەسەر یەکێتیدا ناشکێتەوە؟

 

سەعدی پیرە: بەدرێژایی سنووری ئێران و عێراق و تورکیا و لە ھەردوو دیو پەکەکەی لێییە، بۆیە پێویستە ئەوانەی لە زۆنی سەوز ھەن، بە زەڕەبین گەورە نەکرێن، من دەڵێم سەیرکردنی جوگرافیا بە یەک چاو خراپە.

 

(باس) دەسەڵاتدارانی پەکەکە دەڵێن، ئەگەر ئەوان دوو کارمەندەکەی میتی تورکیایان دەستگیر نەکردایە و ئۆپەراسیۆنەکەیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدایە، ئەو کاتە ئەو کارە دەبوو بە لەکە بەسەر یەکێتییەوە، وەڵامی ئێوە چییە؟

 

سەعدی پیرە: ئەو برادەرەی ئەو قسەیەی کردووە، کوردی باشوورە و لە ئەنجامی ئەوەی کە بە ھیچ لایەنێکی عێراقی ڕازی نەبووە چووەتە ناو ڕیزەکانی پەکەکە، من لەو ڕوانەگەیەوە کێشەم لەگەڵیدا ھەیە، پێمان وایە حەقی ئەوەی نییە تا ئەو جێگەیە بڕوات و قسە بکات، چونکە ئەو وەک پەکەکە ئەو قسانە ناکات، بەڵکوو وەک کەسێکی ڕق لەدڵ قسە دەکات، ئەگەر بیەوێت لەپەنای پەکەکەدا بە کۆنەقین شەڕ بکات، ئەوا ئەوەم قبوڵ نییە، بۆیە نامەوێت زیاتری لەسەر بڕۆم.

ھەموو ئەو بەرپرسانەی ناو پەکەکە کە قسە دەکەن، خۆیان لە وتەکانیان بەرپرسیارن، ئێمە تەبەنیی سیاسەتی پەکەکە ناکەین، ئەوانیش تەبەنیی سیاسەتی یەکێتی ناکەن، ئەوەش بە ئاسایی دەبینین کە ڕای جیاواز ھەبێت.

 

(باس) بە حوکمی ئەوەی ئەندام و گوتەبێژی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بووی بۆ بەغدا، چ شتێک لە دیدار و گفتوگۆکاندا بەلای تۆوە جێی سەرنج بوو؟

 

سەعدی پیرە: تەنیا قسە بوون، قسەی خۆشمان زۆر گوێ لێ بوو، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا و جێی سەرسووڕمان بوو، ڕووگەشیی و متمانەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران بوو، میوانداریی کردین و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر گفتوگۆمان لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کرد، واتە دابەشبوونی عێراق، ئەوەش بە مانای دابەشبوونی ئەو خاکەی کە ئەو سەرۆک وەزیر و قەڵەمڕەویەتی، بەڵام ئەو زۆر بە ئاسایی وەری گرت، پێی گوتین ئەگەر کورد بام شانازییم بە ئێوەوە دەکرد، ئێوە ئیدارەیەکی باشتان کردووە و بەدوای بەرژەوەندیی خۆتانەوەن، لەڕابردوودا خەباتتان کرد، لە شەڕی داعشیش بێ وێنە خەباتتان کرد.

 

گوتیشی با شاندێک بە جدی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی کوردستانی دەستنیشان بکرێت.

دیسانەوە دەیڵێمەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەوانە ھەمووی قسە بوون، بەڵام ئێمە پێمان گوتن ئێوە ٢٠ وڵاتی عەرەبیتان ھەیە و بە ئاسایی دەیبینن، بەڵام بۆ بەلاتانەوە لەنگە ئەگەر کورد خەون بە وڵاتێکەوە ببینێت؟ لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، پێم وایە ھەڵوێستی حەیدەر عەبادی، نووری مالیکی، سەلیم جبووری، ئیبراھیم جەعفەری و عەمار حەکیم لە ھەڵوێستی تورکیا و ئێران باشتر بوو.

 

(باس) پێتوایە عێراق و ئێران دواجار ناچار بکرێن دان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا بنێن؟

 

سەعدی پیرە: من ئەزموونی ساڵی ١٩٩١م ھەیە، چونکە ئەوکاتەش ھەرێمی کوردستان تووشی ھەمان کێشە ھاتبوو، کاتێ عێراق ئیدارەی خۆی ھەڵوەشاندەوە، ئێرە نە پەروەردە، نە خزمەتگوزاری، نە نفووسی ھەبوو، گوتمان با ھەڵبژاردن بکەین، بەڵام ئەو کاتەش وەک ئێستا بەشێکمان بووبووین بە پارێزەی تورکیا، بەشەکەی دیکەمان ھی ئێران، دەمانگوت باشە ئەگەر ھەڵبژاردن بکەین ئەو وڵاتانە پێیان ناخۆشە، یان دەمانکوژن و ئەمەریکاش دەست لەو وڵاتانە ھەڵناگرێت، بۆیە ئێمە دەترساین. ئێستا وەک قرژاڵی ناو بیرمان لێ ھاتووە، تەنیا لە دەمی بیرەکەوە ئاسمان دەبینین، بەڵام ئاسمان لەدەرەوەی بیرەکە زۆر گەورەترە، مەبەستم ئەوەیە ئەمەریکا تەنیا حکوومەتێک نییە، یەک دونیا دامەزراوەی مەدەنی و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیاسیی ھەیە، ھەروەک چۆن حکوومەت دروست دەکات، دەشیڕووخێنێت.

 

بۆیە وڵاتێکی خاوەن دەسەڵات نایەت بە عێراقێکی خاوەن دەسەڵات بڵێت، ئێمە پاڵپشتیی لە کورد دەکەین بۆ دابەشکردنی وڵاتەکەت، ئەوە لە چوارچێوەی دیبلۆماسییەتدا یەک نایەتەوە، ھەمووان دەڵێن یەکپارچەیی خاکی عێراق، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەبێت خۆمان بیدەین.

 

کاتێک ئەمەریکا گوتی پێمان باشە پرسی ڕیفراندۆم دوابخرێت، لێمان پرسی بۆ؟، گوتیان لەبەر شەڕی داعش و لەپاشان دەمانەوێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا حەیدەر عەبادی سەربکەوێت، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندن، ئەی ئەگەر عەبادی سەرنەکەوت، گوتیان ناچارین لەگەڵ ئەو لایەنەی سەردەکەوێت مامەڵە بکەین، بۆیە پێمان گوتن ئێمەش ڕیفراندۆم دەکەین، ئێوەش دواتر لەگەڵمان مامەڵە بکەن.

 

(باس) وەک گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، ھۆکاری ناکۆکییەکانی نێو باڵەکانی یەکێتی بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

 

سەعدی پیرە: یەکێتی کاتێک لەدایکبووە کە دونیا پڕ بووە لە کێشە و ململانێ، لەبنەڕەتەوە لەسەر بنەمای بیری جیاواز دروست بووە و تا یەکێتیش ھەبێت ناکۆکی دەبێت و دەمێنێت، تا ئەو حزبەش ھەبێت لەسەر ئەو بنەمایە دەمێنێتەوە.

 

لەناو یەکێتیدا باڵی جۆراوجۆر دەبێت و ناکۆکیی و ململانێش دەبێت، بەڵام لە کاتی کێشەکاندا ھەمووی دەبێت بە یەک دەنگ، من نوێنەری دەنووکەکەم و سەر بە ھیچ باڵێک نەبووم و نیم.

 

 

(باس) پێت وایە ھیچ کەسێک لەناو یەکێتیدا ھەبێت و بتوانێت جێگەی مام جەلال بگرێتەوە؟

 

سەعدی پیرە: مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و دوو جێگری ھەیە، جێگری یەکەمی بە ھاوکاریی برادەرانی، ئیدارەی یەکێتی دەدا. پێم وایە تەنیا لە بەستنی کۆنگرەدا دەتوانێت سکرتێرێکی نوێ دەستنیشان بکرێت،  ھەموو برادەرانی یەکێتیش بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی بە شیاو و گرنگ دەزانم.

 

(باس تا چەند پێتان وایە ڕیفراندۆم بەبێ کێشە لە کەرکووک و بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت؟

 

سەعدی پیرە: پێویستە خەبات بکەین بۆ گێڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوەش بە دروشم نا، بەڵکوو پێویستە کاری بۆ بکەین، ئەوەش لە ڕێگای ڕۆژنامە و گۆڤارەوە نابێت، بەڵکوو دەبێت ھەیئەتێکی شارەزای بۆ دابنرێت، تا بزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چۆن لەسەر کەرکووک ئیش بکات، بەدڵنیاییەوە دەبێت دامەزراوەکانی کەرکووکیش یەکگرتوو بن، بۆ ڕزگاربوونیشی دەبێت ڕەچاوی پێکھاتەکانی کەرکووک بکرێت، چونکە دروستکردنی دوژمن لە کەرکووک زیانمان پێ دەگەیەنێت.