چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

كارگێڕی مەكته‌بی سیاسیی یەكگرتوو: خه‌ڵكی یه‌كگرتوو له‌ناو جوولانه‌وه‌ی (نه‌خێر)دا نییه‌

"زەوتكردنی مافی دەوڵەت لە كورد، سڕینەوەی بەڵگەیەكە لە بەڵگەكانی خوای گەورە"

ناسك تۆفیق، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەند پرسێكی گرنگی كوردستان و حزبەکەی دەخاتە روو. ئاماژە بەوە دەكات، یەكگرتوو بەبێ دوودڵی دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدات و رەتیشی دەكاتەوە ئەندامانیان لەنێو جووڵانەوەی (نەخێر)دا هەبن.


سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان گوتی: ”ریفراندۆم پرۆسەیەكی ئاساییە، هەر قەوارەیەكی سیاسی یان نەتەوەیی بۆ بابەتێكی دیاریكراو ئەنجامی دەدات كە پێویستی بە رای هاووڵاتییانی خۆیەتی، بۆیە ئەم ریفراندۆمە پرسكردنی دەسەڵاتە به‌ هاووڵاتییانی هەرێمەكەی بۆ سەربەخۆیی یان مانەوە وەك هەرێمێكی فیدراڵی سەر بە عێراق“.


هەروەها روونی کردەوە: ”كورد وەك هەر نەتەوەیەكی تر مافی سروشتیی و خواپێدراویی خۆیەتی كە خاوەنی كیان و دەوڵەتی خۆی بێت و زەوتكردنی ئەو مافە لە كورد و هەر نەتەوەیەك سڕینەوەی بەڵگەیەكە لە بەڵگەكانی خوای گەورە، چونكە خودا خۆی لە قورئانی پیرۆزدا جیاوازیی زمان و رەنگی لە بەڵگەكانی خۆی دیار كردووە و دەفەرمووێت (زه‌وی و ئاسمان و جیاوازیی زمان و ره‌نگی مرۆڤه‌كان له‌ به‌ڵگه‌كانی خوای گه‌وره‌ن بۆ هه‌موو به‌شه‌رییه‌ت، سڕینەوه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان مانای سڕینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی خوای گه‌وره‌یه".‌


گرووپی (نەخێر) لە دژی ریفراندۆم دروست بووە، چەند جارێكە رێبەرانی ئەو گرووپە رای دەگەیەنن لەنێو گرووپەدا بەرپرسان و ئەندامانی یەكگرتووش هەیە، بەڵام ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو ئەوە رەت دەكاتەوە و دەڵێت: ”خه‌ڵكی یه‌كگرتوو له‌ناو جووڵانه‌وه‌ی (نه‌خێر)دا نییه‌، به‌ڵام سروشتییه‌ ئه‌ندامێكی یه‌كگرتوو ده‌نگ به‌ (نه‌خێر) بدات، راسته‌ ئێمه‌ وه‌ك بڕیاری حزب و هه‌وڵدان بۆ جیبه‌جێكردنی ستراتیجیه‌تی خۆمان تا ئیستا پشتگیریی ریفراندۆم ده‌كه‌ین و بەبێ دوودڵی ده‌نگمان (به‌ڵێ)یە وه ئه‌ندامانی حزبیش ئه‌وه‌ ده‌زانن“.


ناسك تۆفیق، لەگەڵ گرووپەکەی (شاشوار عەبدولواحید)دا نییە و لەمبارەیەوە گوتی: ”من وه‌ك خۆم پێم باش نه‌بوو، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش ئه‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئازادیی تاكه‌كه‌سی، چونكه‌ له‌و كاته‌ی سیاسییه‌كان سه‌رقاڵی رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد و دروستكردنی كۆده‌نگی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاته‌ هەرێمی و نێوده‌وڵە‌تییه‌كانن، ده‌نگێك ئاوا به‌ ئاشكرا بۆ (نه‌خێر) كار بكات“.


زیاتر دوا و گوتیشی: ”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و جوولانه‌وه‌یه‌ بۆ (نه‌خێر له‌ ئێستا)دایه‌، واته‌ ده‌بێ لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم هاووڵاتییان به‌ روون و ئاشكرا له‌ ئه‌نجامی دانوستانه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، چونکه‌ ئێستا‌ خه‌ڵك به‌ گیرفانی خاڵی و دڵی شكاو و ترس له‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ كه‌ڵەكه‌بووه‌ و ترس له‌ قه‌یرانی زیاتر و شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ره‌كی له‌نێوان (به‌ڵێ) و (نه‌خێر)دا دوودڵ ماوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵێی (به‌ڵی) ئه‌و هه‌موو ترسه‌ له‌رابردوو و له‌داهاتوودا دێته‌ پێش چاوی و ‌ئه‌گه‌ر ئه‌ڵێی (نه‌خێر) ئه‌ی خه‌ون و خه‌باتی له‌مێژینه‌ی گه‌له‌كه‌ی و خوێنی شه‌هیدان و ترس له‌ له‌ده‌ستانی ده‌رفه‌تێكی تر دوودڵ و بێتاقه‌تی كردووه،‌ بۆیه‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتداران و لیژنه‌ی ریفراندۆم كاری جدیی بكه‌ن بۆ به‌رچاوڕوونی هاووڵاتییان و دوورخستنه‌وەیان له‌و دوودڵییه‌، دەبێت سیستەمی نایاسایی پاشه‌كه‌وتی زۆره‌ملێی مووچه‌ هەڵبگیرێت و زامنكردنی قه‌رزی رابردووی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، ئه‌گه‌ر له‌ رێگه‌ی چه‌كێكی بانكییشه‌وه‌ بێت“.


كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی جەخت دەكاتەوە: "ئه‌گه‌ر خۆمان له‌ناوخۆ كۆده‌نگ و یه‌كده‌نگ بووین و ده‌زگا شه‌رعی و ته‌شریعییه‌كانمان ئاسایی كاری خۆیان كرد، ئه‌وه‌ به‌غدا ناچار ده‌بێت دان بە ریفراندۆم و سەربەخۆییماندا بنێت“.


لەبارەی ئەو پرسیارەی بۆچی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان شكستی هێناوە، هۆكارەكەی چییە؟ ئەو گوتی: ”لیستی هاوبه‌شی ئیسلامی بژارەیه‌كه‌ له‌ بژاره‌كانی دروستكردنی لیست بۆ كاتی هەڵبژاردن، له‌ هه‌مان كاتدا، یه‌كێكه‌ له‌ میكانیزمه‌كانی كاركردنی هاوبه‌شی ئیسلامییه‌كان پێكه‌وه، بۆیه‌ لیستی هاوبه‌شی ئیسلامییه‌كان دروست نه‌كراوە و هه‌ڵوه‌شابێته‌وه‌ تا ناوی شكستی لێ بنێین“.‌


ناسك تۆفیق، وای دەبینێت کە حەشدی شەعبی مەترسییە بۆ سەر كوردستان: "له‌ كاتی په‌رته‌وازه‌یی ناوخۆ، هه‌موو شتێك و هه‌موو هێزێك بە حەشدی شەعبیشەوە ئه‌گه‌ر لاوازیش بێ مه‌ترسیی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ڵام له‌ كاتی كۆده‌نكی و یه‌كهه‌ڵویستیدا دە‌توانین به‌ره‌نگاریی هه‌موو هێزێك ببینه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ كوردستان جگه‌ له‌ یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی ترمان نییه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌كی ده‌ره‌كی، كه‌ یه‌كڕیز و كۆده‌نگ بووین ئه‌توانین مه‌ترسییه‌كان بگۆڕین بۆ ده‌رفه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان“.


ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو رەتی دەكاتەوە حزبەكەی پاشكۆی هیچ حزبێك بێت لە كوردستان و دەبێژێ: ”یه‌كگرتوو حزبێكی مه‌ده‌نی ئیسڵاحیی كوردستانییه‌ و خاوه‌نی بڕیاری سیاسیی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی و هه‌رگیز پاشكۆیه‌تی بۆ هیچ حزبێكی تر ناكات، دروشم و كاری هه‌ر حزبێک هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ دروشم و ئامانج و ستراتیجیه‌تی خۆمان و چووه‌تە خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی هاووڵاتییان ئێمه‌ بێ دوودڵی و بێ گوێدانه‌ قسه‌ی نه‌یار و ركابه‌ره‌كانمان زۆر به‌ جدیی كاری بۆ ده‌كه‌ین“.