بەرپرسێکی یەکێتی لە دهۆک: گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و دەچێتە ڕیفراندۆم

"فشارە دەرەكییەکان هیچ بەهایەكیان نییە، تەنیا یەکدەنگیی خۆمان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی گرنگە"

عەلی مستەفا ئۆرەماری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆك و كەسایەتیی نزیك لە بەرهەم ساڵح جیگری سکرتیری گشتی (کە کارەکانی هەڵپەساردووە) لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا قسە لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات و رای دەگەیەنێ کە بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدایە و پرۆژەیەكیشی هەیە گەورەترە لە لیستێكی سەربەخۆ.


ئۆرەماری ئاماژەی بەوە دا: ”لە هەر ئان و ساتێكدا بێت، دەبێ گەلی كورد داوای مافی چارەنووسی خۆی بكات، ریفراندۆمیش میكانیزمێكە بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی بۆ گەلی كوردستان، دەبێت كورد بۆ پرسی سەربەخۆیی یەكگرتوو و یەكدەنگ بێت، لە كوردستان زۆرینەی سیاسییەکان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدان، بەڵام ئێستاش نەمانتوانیوە پرسی سەربەخۆیی بكەینە پرسێكی گشتی و سەرتاسەری“.


عەلی مستەفا، لەبارەی ئەو داواكارییەی لەلایەن هەندێك وڵات دەكرێت بۆ دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆم گوتی: ”وەكوو پرەنسیپ هیچ وڵاتێك ناڵێت لەگەڵ دابەشبوونی وڵاتێكی ترم، ئەوەش مانای ئەوە نییە ئەگەر وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی تر لەگەڵ ریفراندۆم نەبن، هەرێمی كوردستان دەستبەرداری ئەو پرسە بێت، هەموو ئەو فشارە دەرەكییانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە هیچ بەهایەكی نییە، تەنیا ئەوە گرنگە كە ئێمە یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین و گوتارێكی یەكگرتوومان هەبێت لەسەر پرسی دەوڵەتی سەربەخۆدا، سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە ئەنجامدانی راپرسی پەشیمان نابێتەوە، ئەگەر هەندێك زەمانەتی نێودەوڵەتی وەرنەگرێت“.


بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی گوتیشی: ”كورد بڕیاری خۆی راگەیاندووە و دەچێتە ریفراندۆم، كەواتە دیفاكتۆیەك دروست بووە کە گەلی كوردستان لە رۆژی 25ی 9 دەچێتە ریفراندۆم، ئەگەر وڵاتان زەمانەت نەدەن و كاتێكی تر دیاری نەكەن، ئێمەش ریفراندۆم دوا بخەین ئەوە كاریگەرییەكی خراپی لەسەر كورد دەبێت، كە باوەڕ ناكەم سەركردایەتیی سیاسی كاری لەم جۆرە بكات“.


ئۆرەماری، جەخت دەكاتەوە کە عێراق نایەتە ژێر باری رازیبوون بە ئەنجامدانی ریفراندۆم: "عێراق بیانووی جۆراوجۆری هەیە بۆ رازینەبوون بە ئەنجامدانی راپرسی، لەوانە دەڵێت ئێمە لە شەڕی داعشداین و ریفراندۆم دەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی عێراق، بەڵام لە راستیدا ئەوانە تەنیا بیانوون بۆ ئەوەی كورد بە مافەكانی نەگات".


بە بڕوای ئەو، ئەگەرچی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی تێبینییان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا هەیە، بەڵام دواجار ئەوانیش دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن، گوتیشی: ”سەرەڕای ئەو رەوشەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، پێشبینی ناكەم كوردێك هەبێت بچێتە سەر سندووقی دەنگدان و بە (نەخێر) دەنگ بدات، چونكە ئەوە پەیوەندیی بە ویژدان و ئەخڵاقەوە هەیە، گۆڕان و كۆمەڵ تا ئێستا نەیانگوتووە لەگەڵ ریفراندۆم و دەوڵەتدا نین، تەنیا تێبینییان هەیە و داوای كۆمەڵێك شت دەكەن“.


ئەو پێشی وایە: "كارێكی حەتمییە كە دەبێت لەو قۆناخەدا پارتی و گۆڕان رێك بكەون، چونكە ئێمە لەبەردەم پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییداین، كە ئەویش ریفراندۆمە، كە راگەیاندنی سەربەخۆیی بەدوادا دێت، دەبێ گۆڕان و پارتی لە یەك سەنگەردا بن و دەست لەنێو دەست بن".


ئەو كە سەركردەیەكی نزیكە لە دكتۆر بەرهەم ساڵح، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمە، گوتی: ”دكتۆر بەرهەم، لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندایە، كاك بەرهەم هەندێك بەڵامی هەیە، لەوانە رەخساندنی زەمینەی لەبارتر لە هەرێمی كوردستان، وەكوو كردار كاك بەرهەم لەگەڵ سەربەخۆییە“.


لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: ”دكتۆر بەرهەم لەسەر گرووپی (نەخێر) دەڵێ، بەرەی (نەخێر) لەم قۆناخەدا بەرەی پرسێكی زۆر مەترسیدارە، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد دەبێت، بەرەی (نەخێر) بیانوو و گرێی خۆیان هەیە بەرامبەر حكوومەت و حزبە سیاسییەكان، دەبێت ئەوە چارەسەر بكرێت“.


لەگەڵ ئەوەی ئۆرەماری پێی وایە هەبوونی (نەخێر) بەرامبەر (بەڵێ) پڕۆسەیەكی دیموكراسییە، كەچی جەخت دەكاتەوە: "بەرەی (نەخێر) كاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر دانوستاندنەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ لەسەر پرسی ریفراندۆم".


لە سەرێكی ترەوە، سەبارەت بەو دەنگوباسانەی باسی لیستێكی سەربەخۆی بەرهەم ساڵح دەكەن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، بەرپرسەكەی یەكێتی گوتی: "دكتۆر بەرهەم كێشەیەكی هەیە، ئەویش فۆڕمی حوكمڕانی و حزبایەتییە لە كوردستاندا، بۆیە پڕۆژەی بەرهەم ساڵح تەنیا لیست نییە، دكتۆر بەرهەم دەبێژیت، ئەگەر ئێمە بتوانین لەسەر پەرەپێدانی یەكێتی رێك بكەوین، ماڵ بەماڵ دەنگ بۆ یەكێتی كۆ دەكەمەوە، بەڵام پڕۆژەكەی ئەو گەورەترە لە لیست، ئەویش تێپەڕاندنی ململانێكانە“.


دەشڵێت: "ئەوەی دكتۆر بەرهەم هەیەتی پڕۆژەیەكە گەورەترە لە راگەیاندنی لیستێكی سەربەخۆ، بۆیە رەنگە كەسایەتیی زۆربەی حزبەكان خۆیان لەو پڕۆژەیە ببینەوە، ئەو لەنێو خەڵكدا دێت و دەچێت بۆ گەڵاڵەكردنی بیرۆكەكان بۆ پڕۆژەیەكی گەورە، بە هەموو توانامەوە پشتیوانی لە ڕوئیا و پڕۆژەی دکتۆر بەرهەم دەکەم، کە خواستی تێپەڕاندنی دابەشکارییەکانی کوردستان و قۆناغی حوکمڕانی و ئەم فۆڕمە تەقلیدییەی حزبی کوردییە کە هەیەتی“.