سه‌رۆكى پارتێکی توركمانى له‌ عێراق: هیوادارین ڕۆژێک زووتر هه‌رێمى كوردستان بێت به‌ ده‌وڵه‌ت

"هیوادارین كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و مافی توركمانیشى تێدا دابین بكرێت"

وه‌لید محه‌مه‌د شه‌ریكه‌، سه‌رۆكى پارتى ئه‌خاى توركمانى له‌ عێراق له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ (باس) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌وان وه‌كوو پارتى ئه‌خاى توركمانى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌رێمى كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ. باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ به‌ دڵ و گیان له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمدان و ئەگه‌ر به‌شدارییشى تێدا بكه‌ن ئه‌وا به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ن.

 

(باس) بۆچونتان لەسەر ڕیفڕاندۆم چییه‌؟
وەلید شریكه‌: ڕیفڕاندۆم به‌ شتێكى باش و بایه‌خدار ده‌زانین بۆ هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ وه‌كوو پارتى ئه‌خاى توركمانیى عێراق، كه‌ خۆمان به‌ قوتابخانه‌ی نیشتمانپه‌روه‌رایه‌تى ده‌زانین، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ئه‌و پرۆسه‌ گرنگه‌داین و ئەگه‌ر ڕێگه‌ى به‌شداریبوونمان پێ بدرێت تێیدا به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ین، به‌ڵام یه‌ك پرسیارم هه‌یه،‌ كه‌ ڕۆڵى توركمان له‌ناو ئه‌و ڕیفڕاندۆمه‌دا چییه‌، دەبێت بزانین كه‌ ڕۆڵمان چى ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌شدار بین، به‌شداریكردنى ئێمه‌ ته‌نیا لێدوان نییه‌ له‌ ڕێگه‌ى میدیاكانه‌وه‌، به‌شداریكردنى ئێمه‌ به‌ دڵ و به‌ گیانه‌ بۆ سه‌رخستنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌، ئه‌وه‌ى له‌ ڕیفڕاندۆمدا به‌شداریى نه‌كات، مێژوو نه‌فره‌تى لێ ده‌كات.

 

(باس) ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ؟
وەلید شه‌ریكه‌: كێ حه‌ز ناكات كه‌ هه‌رێمى كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت؟ ئه‌وه‌ مافى خه‌ڵكى كوردستانه‌، كوردستان ته‌نیا بۆ كورد یاخود عه‌ره‌ب یاخود توركمان نییه‌، بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایینزایه‌كانه‌، هیوادارین ڕۆژێ زووتر هه‌رێمى كوردستان بێت به‌ ده‌وڵه‌ت. من له‌ ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌كه‌تانه‌وه‌ ده‌ڵێم، بۆ ئێمه‌ى توركمان هه‌رێمى كوردستان سه‌د قات له‌ عێراق باشتره‌، بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌نووسى توركمان بزر نەکرێ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بین.

 

(باس) بۆچوونتان لەسەر هێزى پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: ئێمه‌ وه‌كوو توركمان شانازى به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ئەگه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ هێزێكى دیكه‌ نه‌ده‌بوو به‌رگری له‌ ئێمه‌ى توركمان بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا ناوى هه‌زار توركمانمان بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌رز كردووەته‌وه‌ تا ره‌زامه‌ندى لەسەر بدرێت و ببن به‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ وه‌ڵامێكمان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

 

(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووكدان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: به‌ڵێ ئێمه‌ خوازیارى ئه‌وه‌ین كه‌ كه‌ركووك به‌ زووترین كات بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یدا مافی توركمانیشى تێدا دابین بكرێت.

 

(باس) چى به‌و توركمانانه‌ ده‌ڵێیت كه‌ بوونه‌ته‌ چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبى؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: حه‌شدى شه‌عبى به‌رگرى له‌ توركمان ناكات، چونكه‌ ئه‌وان به‌ ناوى تایفه‌گه‌رایی دروست بوونه‌ و ئێمه‌ش دژى تایفه‌گه‌رایین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ژیانداین له‌ هه‌ر كوێ بێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵیش بۆ دروستبوونى تایفه‌گه‌رایى بدەن، دژیان ده‌وه‌ستین.

 

(باس) چ داواكارییه‌كتان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: توركمان له‌ هه‌رێمى كوردستان دووه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ و له‌ عێراق سێیه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مافی چاره‌ى خۆنووسینمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان وه‌كوو دووه‌م نه‌تەوه‌ دانمان پێدا نرا، ئه‌وا ده‌بێت ماف و ئیمتازاتیشمان هه‌بێت، توركمان به‌هۆى به‌ره‌ى توركمانییه‌وه‌ له‌ناو چوون، ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان جیاوازى له‌نێوان توركمانى نیشتمانپه‌روه‌ر و حزبه‌ توركمانییه‌كانى دیكه‌دا بكات، كه‌ سه‌ر بە توركیا و ئێرانن.

 

(باس) بۆچوونتان لەسەر ئاینده‌ى عێراق چییه‌؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: ئاینده‌ى عێراق به‌ره‌و باشی ناڕوات، كه‌س نازانێت دواى ڕزگاركردنى ناوچه‌ داگیركراوه‌كانى ژێر ده‌ستى داعش و كۆتاییهێنان به‌ داعش چى ڕوو ده‌دات، تا ئێستا ئه‌و ئاینده‌یه‌ ڕوون نییه‌.

 

(باس) هۆكارى ئازادنه‌كردنى حه‌ویجه‌ بۆ چی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: هۆكاره‌كه‌ سیاسییه‌، به‌ڵام ده‌بوایه‌ ڕزگاركردنى شارۆچكه‌ى حه‌ویجه‌ پێش ڕزگاركردنى شارۆچكه‌ى ته‌له‌عفه‌ر بوایه‌، به‌ڵام بۆ دوا خرا، ئه‌وه‌ ڕوون نییه‌.


(باس) ئۆپراسیۆنى ڕزگاركردنى ته‌له‌عفه‌ر چۆن ده‌بینیت؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: ڕزگاركردنى ته‌له‌عفه‌ر ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ به‌ هه‌وڵ و كۆششى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامیى هه‌یه‌، به‌ڵام هیوادارین شه‌ڕى تایفى دواى كۆتاییهێنان به‌ ڕزگاركردنى لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ تایفه‌گه‌راییى له‌ ناوچه‌كه‌ به‌دى ده‌كرێت و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ڕێگریكردنیانە له‌ ئێمه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌شداریكردنمان له‌و ئۆپراسیۆنه‌ و دوورخستنه‌وه‌مان لێى.

 

(باس) كێ نوێنه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى توركمانه‌ له‌ كه‌ركووك؟
وه‌لید شه‌ریكه‌: ئێمه‌ نوێنه‌رى توركمانه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانین، ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ كورد و عه‌ره‌ب پێكه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌دا ده‌ژین، كه‌ركووك هى كورد و عه‌ره‌ب و توركمانه‌ و باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌ كورد به‌ ته‌نیا بتوانێت ئێداره‌ى كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ ببات، ئەگه‌ر توركمان و عه‌ره‌بیشى له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ش توركمان و عه‌ره‌ب، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان هاوئاهه‌نگیی یه‌كدى بین له‌و شاره‌.