پڕۆفیسۆر بەکر بیچەر، ئەکادیمیی تورک: گەورەترین کێشەی ناوچەکە کێشەی کوردە

”ئەوەی بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە چەک دەکاتەوە، بە ھەڵەدا چووە“

 

پڕۆفیسۆر بەکر بیچەر، جگە لەوەی لە ‌زانکۆی (نەجمەدین ئەربەکان)، مامۆستای بەشی مێژووە، ئەو وەکوو نووسەرێکیش دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر نەتەوەی کورد و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە.

 

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی بەکر کردوویەتی، گەورەترین کێشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کێشەی کوردە، ھەروەھا پێیشی وایە، چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە رێگەی چەک و شەڕ نابێت.

 

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ھەفتەنامەی (باس)، زانیاریی گرنگی لەبارەی کێشەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خسە روو و دەڵێت: ”کورد و تورک ھیچ چارەیەکیان نییە و دەبێت وەکو برا بەیەکەوە بژین“.

 

(باس) بۆچی تورکێک لەبارەی مێژووی کوردەوە لێکۆڵینەوە دەکات؟ مەبەستم بەڕێزتە..

 

پ. بەکر بیچەر: ئەوە ھەڵبژاردەی مرۆڤە کە چۆن و لێکۆڵینەوەیش لەسەر چ بابەتێک دەکات، بە بۆچوونی من گەورەترین کێشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کێشەی کوردە، بۆیە خۆم بەو مێژووەوە سەرقاڵ کرد و حەزم کرد لەو رووەوە برەو بە خۆم بدەم.

 

(باس) کورد کێن؟ کولتوور و زمانیان چییە و لەکوێی مێژوودان؟

 

پ. بەکر بیچەر: ئەم پرسیارە ھی ئەوە نییە کە بە شێوەیەکی کورت وەڵام بدرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کردوومە، کوردەکان نەتەوەیەکی رەسەنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، وڵاتی ئەوانیش لە میزۆپۆتامیاوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە دەوروبەری چیای زاگرۆس. ئەوان نەژادپەرست نین و نەتەوەیەکی جیاوازن لە نەتەوەکانی تر و خاوەن زمان و کولتووری تایبەت بە خۆیانن. کوردەکان ئەو خاکەی لێی ژیاون بەردەوام ھەوڵیان داوە بیپارێزن و ٢ ھەزار ساڵیشە ھەمیشە لە خەباتدا بوونە.

 

(باس) چۆن دەڕوانیتە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولدا ئەنجام بدرێت؟

 

پ. بەکر بیچەر: لە دنیادا دەیان دەوڵەتی نەتەوەیی ھەن، بۆچی کورد بۆی نەبێت دەوڵەتی ھەبێت؟ کاتێک باسی دەوڵەت بکات بۆ بیکەن بە کێشە؟ ھەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە سەربەخۆیە و لە ئۆتۆنۆمییەوە گەیشتە فیدراڵی، بەڵام کۆمەڵێک کێشە ھەبوون لەناوەوە و دەرەوە چارەسەر نەکران، بۆیە بڕیاریان دا سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن، تا لەو رێگەیەوە بتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، بۆیە بە بۆچوونی من لە ریفراندۆمدا بە رێژەیەکی زۆر (بەڵێ) لەپێش دەبێت.

 

ئەگەر بێت و ئەو دەوڵەتەی کە دەیانەوێت رای بگەیەنن پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە دەیدات، بەوەی دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەوە ئومێدێکی زۆر بە خەڵک و ناوچەکە دەگەیەنن، بەڵام ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون، ئەگەر بێت و لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتدا نەبێتە بابەتی سەرەکی و کاری لەسەر نەکەن، بێ گومان کێشەی زیاتر روو دەدەن و ناوچەکەیش ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت.

 

(باس) کردنەوەی لەو زانکۆیەی کە خۆت دامەزرێنەری بەشی کوردۆلۆژییت، ئەو بەشەت بۆ چ مەبەستێک کردووەتەوە؟

 

پ. بەکر بیچەر: سەرەتا خۆم لە رووی کوردۆلۆژییەوە پێشخست و لێکۆڵینەوەی جدییم لەبارەوە کرد، ھەروەھا خۆم بە بە بەرپرسیار زانی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد پێویستە ھەوڵی خۆم بدەم. ئەو کێشەیەی کە لەنێوان تورک و کوردا ھەیە زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زانیارییە ھەڵانەی لەبارەی یەکترییەوە بڵاوی دەکەنەوە و لێکۆڵینەوەی خراپ لەو رووەوە بڵاو دەکرێتەوە. من ویستم لە رێگەی ئەو بەشەوە زانیارییەکان راست بکەمەوە، حەز دەکەم ھەر لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی کوردەوە لە تورکیا ئەنجام درابێت، یان ماستەر و دکتۆرای لەسەر وەرگیرابێت، بخوێنمەوە و لە سایتیش بڵاوی بکەمەوە، بەڵام بەداخەوە رێگە نادەم لە سایت بڵاو بکرێتەوە.

 

(باس) کێشەی کورد لە تورکیا چۆن چارەسەر دەکرێت؟

 

پ. بەکر بیچەر: لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کێشە و رێگری ھەیە، بەڵام تورکیا لە رووی دیموکراتییەوە دەیەوێت بەرەو باشی ھەنگاو بنێت، تورکیا بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی کوردن و ھەروەھا دانیشیان بەوەدا ناوە کە کوردەکان زمان و کولتووریان جیایە و لە تورک ناچێت، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە. ئێستا ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانیی، چەکەکان بە قسە ھاتوون، دەبێت ھەردوو لا بزانن چارەسەر بە شەڕ و پێکدادان نییە و ئەوەیشی وا بیر دەکاتەوە بە چەک کێشەی کورد چارەسەر دەبێت بە ھەڵەدا چووە. چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ئاگربەستێکی ھەمیشەیی دێتە کایەوە. کورد و تورک ھیچ چارەیەکیان نییە و دەبێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە بژین.