چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بارزان قەساب: داعش چەندان پیلانی دژی هەولێر هەبووە و سەرجەم پیلانەکانی پووچەڵ کراونەتەوە

لە هەولێر و دەوروبەری نزیکەی ٨٠ کەس چوونەتە نێو داعش

فۆتۆ: محەمەد دەرگەڵەیی

 

لەم دیمانەیەی هەفتەنامەی (باس)دا، بارزان قەساب، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای هەولێر، باس لە هەوڵەکانی ئاسایشی هەولێر بۆ بەرگریکردن لە کوردستان و پاراستنی هەولێر دەکات و وردەکاریی پووچەڵکردنەوەی چەندان پیلانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دژی هەولێر دەخاتە ڕوو.

 

(باس) لە سەرەتای ٢٠١٤، داعش ھێرشێکی لەناکاوی کردە سەر کوردستان و لە ماوەیەکی کەمدا چەند ناوچەیەکی داگیر کرد، ھۆکارەکەی چی بوو؟
‎بارزان قەساب: ھاتنی داعش بۆ عێراق لە مانگی ٦ی ئەو ساڵە بوو، داعش بە بەرنامەیەک مووسڵی داگیر کرد، دواتر ئاراستەی داعش بۆ تکریت و ئەنبار، پاشان دەوروبەری بەغدا و نزیک ئەبوغرێب بوو و دەستی بەسەردا گیرا، بەڵام دواتر بەرنامە و ئاراستەی داعش بە تەواوی بۆ سنوورەکانی کوردستان گۆڕدرا. سەرەتا لە جەلەولا (گوڵاڵە) لە سنووری شارۆچکەی خانەقین دەستی پێ کرد، پاشان ھاتە کەرکووک، مەخموور و گوێڕ و شنگال، لە چەند ڕۆژێکی کەمدا دەستی بەسەر ھەموو سەنگەرەکانی ئێمەدا گرت. ھۆکاری ئەو دۆخەی پێشمەرگە دووچاری بووەوە، دەتوانین لە چەند خاڵێکدا کۆی بکەینەوە: یەکەم: ئەوەیە کە پێشمەرگە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بەشداریی ھیچ شەڕێکی نەکردبوو. دووەم: ئەوەبوو کە لەدوای ڕووخانی بەعسەوە عێراق ھیچ ھاوکارییەکی ماددی و مەعنەوی و تەکنەلۆژیی پێشمەرگەی نەکردبوو، بەتایبەتی لە بوارەکانی مەشقکردن و پڕچەک کردنەوە. خاڵی سێیەم: پێوەندیی دۆخی تاکی کوردەوە ھەبوو، کە لەو قۆناغەدا بڕوابەخۆبوون کەم بوو.

 

‎(باس) پێشمەرگە لە گوێڕ یەکەمین ئاڵای داعشی ھێنایە خوارەوە و بووە سەرەتای گۆڕانکاریی گەورە لە شەڕی داعشدا، ئایا چ ھەستێکتان ھەبوو؟
‎بارزان قەساب: شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوێڕ لە بەرەبەیانی ١٠/٨/٢٠١٤ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی ھەولێر، کە هەر یەک لە د. تاریق و من (بارزان قەساب) و بەڕێز هێرشە ڕەش فەرماندەییان دەکرد، دەستی پێ کرد و دواتریش چەند ھێزێکی دیکە ھاتن بۆ پشتیوانیکردنمان، ھەمان ڕۆژ بۆ یەکەمجار کە ئاڵای داعش ھاتە خوارەوە، بانگی نیوەڕۆی دەدا، ھەستێکی زۆر جیاوازی پێمان بەخشی، ئێمە بەرگریمان لە نیشتمانی خۆمان دەکرد، ئەو شەڕە سەرەتایەکی بەھێز بوو بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە.

 

‎(باس) ئێستا دۆخی سنووری پارێزگای ھەولێر لەبەرامبەر داعشدا چۆنە؟ وەک دەبینرێت بە تەواوەتی مەترسیی داعش لەسەر گوێڕ نەماوە.
‎بارزان قەساب: ئێستا ھێزەکان لە دوو لایەنەوە کار دەکەن، ھێزەکانی پێشمەرگە سنوورەکان دەپارێزن و بە باشی ڕێگەیان لە دزەکردنی داعش گرتووە. ھێزەکانی ئاسایشیش دۆخی ئەمنیی ناوخۆی شارەکان و پارێزگای ھەولێر دەپارێزن، ئێمە ھەموو خەڵکی ھەولێر بە چاوی ئاسایش سەیر دەکەین، ناکرێت ھەر ھاووڵاتییەک، کارمەندێکی ئاسایشی بۆ دابنرێت، بەڵام ھەولێرییەکان خۆیان ئاسایشن، ھەموو دەم ھاوکار و پاڵپشتیی دەزگا ئەمنییەکان بوونە، ئێمە وەک ئاسایش چاوەڕێ ناکەین تیرۆریستان ھێرش بکەنە سەر ئامانجەکانیان لە ھەولێر، بەڵکوو پێش ئەوەی پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن، ئێمە ھێرشیان دەکەینە سەر و لە شوێنەکانی خۆیان دەکرێنە ئامانج، یانیش لەگەڵ ھاوپەیمانان لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەیانکەینە ئامانج.

 

(باس) لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە تا ئێستا، لە ڕیزەکانی ئاسایش چەند شەھید و بریندار ھەیە؟ چی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان کراوە؟
‎بارزان قەساب: ئێمە زیاتر لە ١٥٠ برینداری شەڕی داعشمان ھەیە، سەرجەم ئەو بریندارانەی پێویستییان بە چوونە دەرەوەی وڵات ھەبووبێت، چەندان جار نێردراون. ئێستا یەکێک لە بریندارەکانمان لە تورکیا چارەسەر دەکرێت. وەک ئاسایش 39 شەھیدمان ھەیە لە شەڕەکانی داعش، 2 کەسی خۆبەخشیش لەگەڵ ئێمە شەھید بوونە بە ناوەکانی شەھیدان (سەرکەوت و شڤان)، کە بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مووچەی شەھیدانەیان بۆ بڕدراوەتەوە. تا ئێستا خانوومان بۆ 4 شەھید کڕیوە لەوانەی بارودۆخی ژیانیان زۆر خراپ بووە.

 

‎(باس) ھیچ کاتێک ھەبووە دۆخی ئەمنیی ھەولێر بە ڕادەیەکی زۆر مەترسیدار بووبێت؟
‎بارزان قەساب: لە مانگی ئابی 2014 دۆخی ھەولێر ھەندێک ناجێگیر بوو، ھەرچەندە پێشمەرگە و ھێزەکان بە ھەموو توانایەک بەرگرییان دەکرد، بەڵام داعش ھەموو ھەوڵێکی بۆ دەست بەسەرداگرتنی ھەولێر دەدا، بەڵام داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دوور خرایەوە.

 

(باس) کۆی ئەو کوردانەی لە پارێزگای ھەولێر چوونەتە نێو داعش، چەندن و تا ئێستا چەندیان کوژراون؟

‎بارزان قەساب: ئەو کەسانەی لە ھەولێر و دەوروبەری چوونەتە نێو داعش، نزیکەی 80 کەس دەبن، زۆربەیان لە شەڕەکاندا کوژراون. داعش متمانەی بە کوردەکان نەبوو، بۆیە بۆ ناوچەکانی تکریت و مەکحوولی ناردن، ھەرچەندە موبایەعەی داعشیان کردبوو، بەڵام متمانەیان پێیان نەبوو و نەیاندەھێنانە سەنگەرەکانی بەرامبەر بە پێشمەرگە. ھەندێک چەکداری کوردی داعش ھەبوون کە گوایە بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەی شەرعی، سزای ئیسلامییان بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، بۆیە داعش سزای کوشتنی داون.

 

(باس) ژن و ماڵ و منداڵی ئەو چەکدارانە چییان بەسەر ھاتووە؟
‎بارزان قەساب: لەلای داعش وا باوە کە موھاجر (ئەو کەسە بیانییانەی چوونەتە نێو داعش) مافی ئەوەی ھەیە ژنی پێ بدەن، بۆیە ژنی چەکدارە کوژراوەکان لەو موھاجیرانە مارە کراونەتەوە. لەوانەیە ھەر ئافرەتێک لە پیاوەکەی خۆی منداڵی ھەبووبێت و لەوانەشە منداڵی لە چەکدارێکی بیانیی داعش ھەبوو بێت. ھەندێک لەو ژنانە گەڕانەوە و خۆیان ڕادەستی ھێزەکانمان کردەوە، ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

 

(باس) ئێستا ژمارەیەک لەبەردەستدا ھەیە بۆ ئەو کوردانەی لەنێو داعشدا ماونەتەوە؟
‎بارزان قەساب: ژمارەی کوردانی نێو داعش بۆ کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئێمە ئامارێکی وردمان نییە، بەڵام بەپێی پێشبینیی ئێمە، لە سنووری حەویجە و چیای حەمرین و ناوچەکانی دیالە، ١٥٠ تا ٢٠٠ کەسێکی کورد ماون کە کاتی خۆی بە ناوی (کەتیبەی سەڵاحەدین) بوون لەنێو داعش.

 

(باس) ئێوە لێکۆڵینەوەتان لەبارەی ئەو شێوازانە کرد کە داعش کاری پێ دەکات بۆ بردنی گەنجانی کورد؟ ئایا گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی پێشوو، کە لە کوردستاندا بوون وەک ئەنساڕولئیسلام، ئەوانە بوون کە چوونەتە نێو داعش؟
‎بارزان قەساب: ئەوانەی چوونەتە نێو داعش، لە دوو ڕێگەوە ڕۆیشتوون، زۆرینەیان لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە چوون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داعش توانیویەتی کاریگەرییان لەسەر بکات و ڕۆیشتوون. دووەمیشیان دەتوانین بڵێین چەند مەلایەک لە ھەولێر کاریگەرییان لەسەر چەند کەسێک ھەبووە، لەوانەی چوونەتە نێو داعش. ئێمە وەک ئاسایش توانیومانە ڕێگە لە چوونی زیاتری خەڵکی بۆ نێو داعش بگرین، ژمارەیەکی زۆر کەس دەستگیر کراون کە ھەوڵیان داوە بچنە نێو داعش، بۆ ئەوەشمان بووە کە ھەم ئەو کەسانە لەنێو داعش نەکوژرێن و ھەمیش کەسوکاریان لێرە بەو ھۆیەوە خەمبار نەبن. ھەندێک لەوانە دایک و باوکیان ھەواڵیان پێ داوین و خۆیان کوڕەکانیان ڕادەست کردووین و لێرە دراونەتە دادگا و کەسێکی دیکەیان لێ دەرچووە.

 

‎(باس) لەو ماوەیەدا چەند گرووپ دەستگیر کراون کە بە نیازی کردەوەی تیرۆریستی بووبن؟
‎بارزان قەساب: چەند گرووپێک دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا و سزای خۆیان وەرگرتووە. لە ماوەی ڕابردوودا داعش زۆر پیلانی دژی ھەولێر ھەبووە، بەڵام سەرجەم پیلانەکانی پووچەڵ کراونەتەوە و پێش ئەنجامدانی پیلانەکە دەستگیر کراون.

 

(باس) دوای شەڕی مووسڵ، ئاوارەیەکی زۆر ڕووی لە سنووری ھەولێر کرد، ئایا چەکدارانی داعشیان لەنێودا بووە؟
‎بارزان قەساب: داعش ھەر ئەوانە نەبوون کە لە شەڕدا بوون، بەڵکوو پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی دیکەی جۆراوجۆریان ھەبووە و وەکوو دەوڵەت مامەڵەیان کردووە، ئەوانە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی لای ڕاستی مووسڵ و مزگەوتی (نور)، زۆر کەسی داعش دزەیان کرد و لەگەڵ خەڵکی پەنایان بۆ کەمپەکان ھێنا، ھەر کەسێکیان مەترسییان ھەبووبێت دەستگیر کراوە.

 

(باس) ئەی ئەو ئاوارە عەرەبانەی کە پەنایان بۆ کوردستان ھێناوە، جیاواز لەوانەی مووسڵ، ھیچ گرووپێکیان ھەبووە پەیوەندیی بە داعشەوە ھەبووبێ؟
‎بارزان قەساب: لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس، بەھۆی ئەوەی ھیچ کات سەقامگیریی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا نەبووە و ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە و کێشەی مەزھەبییش ھەبووە، بۆیە ھەر لەو کاتەوە ئاوارە ھاتوونەتە ھەولێر، ئەو ئاوارانەی دوای ٢٠٠٣ ھاتوون، زۆر بە باشی و بە ئارامی لێرە دەژین و پابەندی یاسان، ھەروەھا ئەوانەی لە سەرەتای ٢٠١٤ ھاتن، کە ژمارەیان زۆر بوو و بەغدایان ھەڵنەبژارد، بەڵکوو بە یاسا و سیاسەتی ھەرێمی کوردستان ڕازی بوون، بۆیە ئەوان ئێستا کەمترین کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتییان ھەیە.

 

(باس) ھەندێک جار خەڵکی بە ڕێوشوێنەکانی پێدانی کارتی نیشتەجێبوون، گلەیی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەن، ئایا ھۆکاری ئەو ڕێوشوێنانە چییە؟
‎بارزان قەساب: ئەوەی لێرە پێی دەگوترێت (ئیقامە)، ئەوە کارتی ناسینە، بۆ ئەوەیە کاروباری ڕۆژانەی ئەو کەسە ئاوارانە ڕایی بکرێت. ئێستا خەڵک ھەیە لە مووسڵەوە دێنە کوردستان، ئەوانە ماوەی چەند ساڵێکە لەژێر دەستی داعشدا بوون، ئەگەر فلتەرێکی ئەمنیی بەھێز نەبێت، لەوانەیە داعش بیقۆزێتەوە و دیوارە ئەمنییەکانمان ببڕێت. ئەوانەی لە تورکیا، سووریا، ئێران و وڵاتانی دیکە دێن، ھی ئەوانە ئیقامەیە و ئەوانیش ڕێوشوێنی خۆیان ھەیە.


‎(باس) لە هەولیر پۆلیس هەیە و چالاکیشە، بەڵام دەبینین کە ھەندێک تاوان ھەیە، بۆ نموونە گرووپێکی دزیکردنە، یان ھەندێک تاوانی دیکەی وەک کوشتن، لەلایەن ئاسایشەوە تاوانبارەکان دەستگیر دەکرێن، ئایا ھۆکار چییە؟
‎بارزان قەساب: ئێمە و پۆلیس تەواوکەری یەکترین و ھەردوولا یەک کاری تەنفیزی دەکەین. پۆلیس زۆرتر لەناو وردەکاریی کێشەکاندایە، بەڵام خەڵکی زۆرتر ھەواڵ و زانیارییەکان بە ئێمە دەدات وەک ئاسایش.

 

(باس) ھەندێک جار تۆمەتی خراپ مامەڵەکردنتان لەگەڵ دەستگیرکراوان دەدرێتە پاڵ، ئایا چ وەڵامێکتان ھەیە؟
‎بارزان قەساب: زیندانی ئاسایشی ھەولێر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، یۆنامی و خاچی سووری نێودەوڵەتی دانی پێدا نراوە و بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشتر، ھەموو ھەفتەیەک ئەو ڕێکخراوانە بەندکراوان دەبینن و جۆری خواردن و جلوبەرگ و حەمام و ھاتوچۆی بەر خۆریان دەبینن. جگە لەوەی ئێمە بە ئاگاداریی خاچی سووری نێودەوڵەتی، کامێرای چاودێریمان داناوە کە شەو و ڕۆژ بۆ ماوەی ٢٤ سەعات تۆمار دەکرێت و ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانە کەی ویستییان دەتوانن کامێراکان ببینن. ھەروەھا بەندکراوان بەتەنیا لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دادەنیشن. کێشە ئەوەیە لێرە دۆخەکە بە سیاسی کراوە، لە کاتێکدا دەزانین یۆنامی شەرم لە کەس ناکات، بەڵام ھەندێک بۆ خۆدەرخستن و بۆ مەرامی سیاسی، ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە. ئێمە لە ئاسایشی ھەولێر یەک زیندانیکراوی سیاسیمان نییە، لە کاتێکدا زیاتر لە ١٤٠٠ بەندکراومان ھەیە کە ٧٠٠ بەندکراوی مەحکووممان ھەیە و ھیچیان سیاسی نین، بەڵکوو زۆرتر (تیرۆر، ماددە ھۆشبەرەکان، تەزویر و بکوژ)ن. کارمەندانمان ڕێزێکی زۆریان لێ دەگرن، بە شێوەیەک کە بەندکراوان خۆیان بە خۆیاندا دەچنەوە.

 

‎(باس) پێشتر سۆران عومەر، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان گلەیی ئەوەی کردووە کە ئێوە ڕێگەی پێ نادەن سەردانی نێو بەندیخانەی ئاسایش بکات، ئایا ئەمە ڕاستە؟
‎بارزان قەساب: لەڕێی ئێوەوە، ھەر کەس و ڕێکخراوێکی مەدەنی کە دەیانەوێت سەردانی بەندیخانەی ئاسایش بکەن، دەتوانن سەردانەکە بکەن، لەگەڵ ستافی (باس) بێن و سەردانی بەندیخانەکە بکات. کەس داوای لەو شێوەیەی لە ئێمە نەکردووە، ئێمە ئەگەر ڕێگە بە یۆنامی و خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوێکی سویدی بدەین، دەکرێ ڕێ بە کەسێکی خۆمان نەدەین بێ و بەندیخانەکە ببینێ؟

 

(باس) کوردستان ڕیفراندۆمێکی لەبەردەمدایە، ئێوە ڕۆژانە کەسوکاری شەھیدان و بریندارانی پێشمەرگە دەبینن، لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟
‎بارزان قەساب: ئەوە زانراوە کە پشتیوانیی سەربەخۆیی کوردستانین و ڕیفراندۆم بابەتێکی حزبی یان کەسیی نییە، بابەتی ھەموو کوردستانە، ئێمە لەماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە ١٧٠٠ شەھیدمان داوە، ئایا ئێستا دوای ئەو ھەموو قوربانییە، جارێکی دیکە لەگەڵ عێراق دادەنیشینەوە بڵێین بودجەمان پێ دەدەن یان نا؟ باشە بۆچی ناپرسین لەو سێ ساڵەی کە پارەی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە، چی بەسەر ھاتووە؟ ئەو پارەیە کۆ نەکراوەتەوە تا جارێکی دیکە لە دژی ئێمە بەکار بھێندرێت؟ گومان دەکەم ئەو پارەیە بەو کەسانە درابێ کە دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن.


‎ئێمە شەرم لەوە دەکەین کە سبەی منداڵانی ئەو ھاوڕێیانەمان ببینین کە لە شەڕەکاندا شەھید بوون و لە ڕیفراندۆمیش دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدەین. ھەموو ھەوڵەکانمان دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بێت.