چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی: بەراورد بە جاران ئێستا بەغدا كەمتر لە 33%ی دەرمان بۆ كوردستان دەنێرێت

"بۆ كڕینی دەرمان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 6 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی تەندروستی"

مۆفەق عەبدوڵا فەتاح، راوێژكاری دارایی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ (باس)دا ئاماژە بە چەند پرسێكی پەیوەست بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و پرسی دەرمان و چۆنیەتی چارەسەركردنە نەخۆشییەكان دەكات.


سەرەتا ئەوەی راگەیاند لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەكان ئێواران نەشتەرگەری بە بڕێك پارە بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت، گوتی: ”سێ جۆر نەشتەرگەریی ئێواران لە نەخۆشخانەكان ئەنجام دەدرێت بچووك و مامناوەندی و گەورە هەر یەكە و بە نرخێكی دیاریكراو ئەنجام دەدرێت“.


روونیشی كردەوە نرخی ئەو نەشتەرگەرییانە بەراورد بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نرخەكەی زۆر كەمە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، گوتیشی: ”پێش قەیران 80% تێچووی پارەی نەشتەرگەرییەكان حكوومەت لە ئەستۆی دەگرت، بەڵام ئێستا حكوومەت تەنیا 20%ی تێچووەكەی لەئەستۆ دەگرێـت و ئەوەی تر لەئەستۆی هاووڵاتی دەبێت“.


نرخی نەشتەرگەرییەكان لە 50 هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات، تا 500 هەزار دینار، ئەویش بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەكە دەبێت.


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ئاشكراشی كرد، ئەو پارەیەی لەو نەشتەرگەرییانە وەردەگیرێت 80%ی دابەش دەكرێتە سەر ستافی كاركردن و 10 %بۆ كڕینی دەرمان دەبێـت و 10% دەبێـتە داهاتی حكوومەت، گوتیشی: ”لە بارودۆخی ئێستادا زۆر زەحمەتە حكوومەت بتوانێت وەكوو جاران 80%ی پارەی نەشتەرگەرییەكان لەئەستۆ بگرێت، ئەگەر لەداهاتوودا دۆخەكە باشتر بێـت، دەكرێت چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت“.


مۆفەق عەبدوڵا، جەختی كردەوە تا ئێستا حكوومەت زیاتر لە 5 مانگ پارەی هاندانی كارمەندانی تەندروستی و پزیشكانی خەرج كردووە، كە مانگانە زیاتر لە 4 ملیار دینارە، ئەوە پارەیەش بەردەوام دەبێـت تا دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت.


ئەو راشی گەیاند ناوی هەزار و 700 دەرچووی زانكۆ پزیشكییەكانیان ناردووە بۆ حكوومەت و چاوەڕوانی دامەزراندنیان دەكەن: "وەزیری تەندروستی لە بەدواداچووندایە بۆ دامەزراندنی پزیشكانی ددان و دەرمانسازان و دەرچووانی نەخۆشیاری، ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە نەبوایە دەمێك بوو كێشەی دامەزراندن چارەسەر دەبوو، بەڵام ئێستاش ئومێد هەیە ئەوانە دابمەزرێندرێن.


جەخت دەكاتەوە: "نزیكەی 8 هەزار كارمەند و پزیشك وازیان هێناوە یان مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئەوەش كێشەی میلاكی بۆ دروست كردووین، چونكە نەتواندراوە شوێنەكانیان پڕ بكرێتەوە،


راوێژكاری دارایی و كارگێڕی وەزیری تەندروستی لە لایەن عێراق بڕە دەرمانێكی زۆر كەم بۆ كوردستان دەنێردرێت، گوتیشی: ”دەرمانەكان بەخراپی دەگەن، ئەگەر پارەكەمان پێ بدەن خۆمان دەرمان بكرێن، ئەوە كێشەكانمان زۆر كەم دەبێتەوە، ئاوارەیەكی زۆر لە كوردستان هەیە، بەڵام بەغدا رەچاوی ئەوانە ناكات و هەمووی چارەسەر و دەرمانیان لەسەر ئێمە بووە“.


ئاشكرای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگە 6 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی تەندروستی بۆ كڕینی دەرمان، ئەوەش وا دەكات بەشێك لە پێداویستییەكانی دەرمان پڕ بكاتەوە بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان، گوتیشی: ”ئەگەر بەغدا بە یەكجاری دەرمان بۆ كوردستان نەنێرێت، ئەوە پێویستمان بە 25 ملیار دینار دەبێت بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان“.


پێیوایە ئێستا بەراورد بە جاران بەغدا كەمتر لە 33%ی دەرمان بۆ كوردستان دەنێرێت.


لەدرێژەی قسەكانیدا مۆفەق عەبدوڵا ئەوەشی خستە ڕوو كەوا وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 100 ملیار دیناری كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزارە، گوتیشی: ”ئێستا حكوومەت مانگانە بڕە پارەیەك بەو كۆمپانیایانە دەداتەوە بەتایبەت ئەو كۆمپانیایانەی چەكیان وەرگرتووە و پارەیان پێ نەدراوە ئەوە پارەیان پێ دەدەن، كۆمپانیاكان زۆر هاوكارییان كردووین سوپاسیان دەكەین“.


رەتی دەكاتەوە بەهۆی قەرزاری حكوومەت بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان، چاوپۆشی لە كۆمپانیاكان و كوالێتیی دەرمان بكات بۆ ئەوەش نموونە بەوە دەهێنێتەوە ئێستاش كۆمپانیا هەیە دەدرێتە دادگا و هەیە دەخرێتە لیستی رەش.


سەبارەت بە زۆرترین نەخۆشییەكانی كوردستان گوتی: ”نەخۆشیی شەكرە و فشاری خوێن لە زۆرترین نەخۆشییەكانی كوردستانن، بێ گومان نەخۆشیی تریش هەن، بەڵام ئەوانە زۆرترینیانن“.