چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

دەقی چاوپێکەوتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەلئەهرام)ی میسری

بارزانی پەیام ئاراستەی وڵاتان دەکا

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

رۆژنامەیەکی میسری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، کە تێیدا بارزانی رایگەیاندووە، ئامانجی ریفراندۆم یەک وشەیە، ”تەنیا سەربەخۆیی“.

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەدا، تیشکی خستووەتە سەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و پەیوەندییەکانی کوردستان و میسر.

 

چاوپێکەوتنەکە لە ژمارەی رۆژی پێنجشەممە 10\8\2017 لە رۆژنامەی (ئەهرام)ی میسری بڵاو کراوەتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

ئەلئەھرام: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ میسر چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

 

بارزانی: کونسوڵخانەی میسڕ لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ھەیە و شانازی بە بوونی و بە کارمەندانیەوە دەکەین کە لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانمان کار دەکەن، ھیوادارین کە ئەو پەیوەندییانەمان بمێنێت و بەردەوام بێت و بەرەوپێشتر بڕوات.

 

ئەلئەھرام: ھیچ ھەماھەنگییەک لە نێوان ئێوە و قاھیرە لەبارەی دۆسیەی ڕیفراندۆم ھەیە کە بڕیارە لە ئەیلوولی داھاتوو بیکەن؟

 

بارزانی: سەرجەم نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان، لەوانەش کونسوڵی گشتیی میسر ئاگادار کراونەتەوە، بە دڵنیاییەوە نوێنەرانی فەرمی و نافەرمیش لە میسر بۆ چاودێریکردنی  ڕیفراندۆم و ھاوکاریکردن لە دیالۆگی نێوان ئێمە و بەغدا لەبارەی ئەم پرسە، بانگھێشت دەکرێن.

 

ئەلئەھرام: پەیوەندیتان لەگەڵ سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی چۆن دەبینن؟ نیازتان وانییە بەم نزیکانە سەردانی میسر بکەن؟

 

بارزانی: میسری گەورە پێگە و ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگی لە ناوچەکەدا ھەیە، ھەردەم کار دەکەین لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر و فەخامەتی سەرۆک عەبدلفەتاح سیسی، بە دڵنیاییەوە بەم نزیکانە سەردانی میسر دەکەین.

 

ئەلئەھرام: ئەو بابەتانە چین کە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی جەماوەری بۆ بڕیار لە مافی چارەنووسی ھەرێمی کوردستان پشتتان پێی بەستووە؟

 

بارزانی: سەرجەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، بنەمای ھاوبەشیی ڕاستەقینەیان لە نێوان ھەردوو نەتەوەی سەرەکی لەم وڵاتە شکست پێھێناوە و وەکوو نەیار و دوژمن مامەڵەیان لەگەڵ کردووین و ھەموو جۆرە شەڕێکیان لە دژی ئێمە کردووە، لەوانەش کۆمەڵکوژی، ھەروەک چۆن لە شاری ھەڵەبجە چەکی کیمیاوییان بەکار ھێنا، ھەروەھا ئەوەی لە ئەنفالی بەدناو ڕووی دا و پتر لە ١٨٠  ھەزار ھاووڵاتیی کوردستان بوونە قوربانی، ئەمە جگە لە تێکدانی ٤٥٠٠ گوندی کوردستان لە کۆی ٥٠٠٠ گوند. لە دوای ٢٠٠٣ش، ھیوامان خواست کە بارودۆخەکە باشتر ببێت و چووین بۆ بەغدا بە مەبەستی ئەوەی بەیەکەوە دەوڵەتی ھاووڵاتی و شەراکەتی ڕاستەقینە دابمەزرێنین و قەرەبووی خەڵکی زیانلێکەوتوو بکەینەوە، بۆیە بەشداریمان لە دانانی دەستووری ھەمیشەیی وڵاتدا کرد، بەڵام لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا کاربەدەستانی بەغدا ئەوەیان نەسەلماند کە ئەوان باشترن لەوانەی پێش خۆیان، لە مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی کورد، بەڵکوو ھەمان سیاسەتی پێشوویان دووبارە کردەوە، لە ھەوڵدان بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوە، بەڵکوو تێکدانیش. ھەروەکوو چۆن بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانیان لە بودجەی گشتیی وڵات دەرکرد و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانیان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئەمڕۆ ڕاگرت، لە ھەوڵێکدا بۆ پەیڕەوکردنی جینۆسایدێکی دیکەی دانیشتووان، بەڵام بە شێوازێکی دیکە کە نانەوەی ئاژاوە و ڕاگرتنی گەشەسەندن و پێشکەوتنە لە ھەرێمی کوردستان.

 

ئێمە بە بەغدامان ڕاگەیاند کە ئەم سیاسەتە ھانی شەقام دەدات لە ھەرێمی کوردستان بۆ فشار خستنە سەر حکوومەت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەغدا بگۆڕێت و کار لە پێناو سەربەخۆبوون بکات، ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی پێشبینیکراوی کێشە و ململانێکان و گواستنەوەی دۆخەکە لە ھاوبەشییەکی سەرنەکەوتوو، بۆ دراوسێیەتییەکی سەرکەوتوو.

 

ئەلئەھرام: لەبارەی ئەنجامەکانی ئەم ڕیفراندۆمە؟

 

بارزانی: تەنیا یەک وشەیە، سەربەخۆیی.

 

 

ئەلئەهرام: ئایا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان بانگەواز بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس و ئەو ڕووداوە گەورانە هەیە کە ئێستا لە ناوچەکە ڕوودەدەن؟

بارزانی: ئەوەی ئێستا لە ناوچەکە ڕوودەدات، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر پەرەسەندنی ڕووداوەکانەوە هەیە، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری کوردی دا لە عێراق و سووریا و هەندێک شارۆچکەی لە هەرێمی کوردستان داگیر کرد و هەوڵی دا لە هەولێری پایتەخت و کەرکووک و دهۆک نزیک ببێتەوە، ئەویش بە قۆستنەوەی ئەو گەمارۆ ئابوورییە ناڕەوایەی کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێندراوە، لە ڕێگەی بڕینی بەشە بودجەکەی و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بە بێبەشکردنی لە مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دەستووری عێراق هێزەکانی پێشمەرگە بە بەشێک لە سیستەمی سەربازیی عێراق هەژمار دەکات. کۆی ئەم ڕووداوانە و ڕۆشتنی بەغدا بە ئاراستەی پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکە لە ڕێگەی بەکارهێنانی زۆرینەی سیاسی و تائیفی، هەروەها مەترسیی کورد لە پەرەسەندنی ئەو ناکۆکییانە بۆ ململانێ، ئێمە بەرەو بژاردەی ڕیفراندۆم ڕۆیشتین بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین کە ئەمەش بژاردەیەکی دیموکراسییە و لە پەیماننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە.

 

ئەلئەهرام: هیچ تەوافوقێک لەنێوان کورد لە سووریا و عێراق و ئێران و تورکیا لە بارەی خەونی دەوڵەتی کوردی هەیە؟

بارزانی: بەڕاشکاوانە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی کورد چاویان لە بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین هەیە و دواتر هەڵبژاردنی شێوازی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کورد بەشێک لە پێکهاتەی دانیشتووانەکەیەتی، ئەمەش بەپێی ڕێککەوتننامەی (سایکس - بیکۆ)ی بەدناو. ئێمە لێرە لە عێراق، گەلەکەمان بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، بۆ دیاریکردنی شێوازی پەیوەندی لەگەڵ برایانمان لە عێراق و هاوبەشەکانمان لەم وڵاتە و پەنابردنمان بۆ بژاردەی ڕیفراندۆم هیچ پەیوەندی نییە بە برایانی دیکەی کوردمان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئێمە پشتگیری لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەین بە شێوازێکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە.

 

ئەلئەهرام: ئایا پەرچەکرداری عێراقتان لە هەمبەر ڕێکخستنی ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی ڕەچاو کردووە؟

بارزانی: نەخێر، هەرگیز. من و هاوەڵەکانم لە پێناو وەدیهێنانی ئەوەی کە گەلەکەمان دەیەوێت، کار دەکەین و دانوستان و دیالۆگ لەگەڵ برایانمان لە عێراقدا دەکەین، ئەویش لەبارەی ڕاپرسی و سەربەخۆیی، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە جگە لە دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە.

 

ئەلئەهرام: کەسانی نزیک لە بەڕێزت بەهۆی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، داوای ڕیفراندۆم لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکەن؟

بارزانی: لە ڕاستیدا هیچ ناکۆکییەک نییە لەمبارەیەوە، بەڵکوو پێداگریی هەندێ لایەنی دەستڕۆیشتووە لە بەغدا لەسەر هەمان ڕێباز کە پێکهاتەی دانیشتووانی لەم ناوچە دابڕێندراوە لە کوردستان کە ئەوانیش (کەرکووک، شنگال، زوممار، مەخموور، خانەقین، شێخان و هەندێک ناوچەی دیکەش)ن و سەرباری بڕوای تەواومان بەوەی کە ئەو ناوچانە دابڕێنراون، بەڵام ڕەزامەندیمان دەربڕیوە لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بەو ناوچانە، بەڵام ئەوان ئاستەنگیان خستە بەردەم جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەکە و ساردییان لە جێبەجێکردنی ماددەی 140دا نواند کە دەبووایە لە کۆتایی 2007 جێبەجێکردنی کۆتایی بهاتایە، بەڵام بەغدا پشتگوێی خست.

 

ئەلئەهرام: هەندێک سەرچاوە لە بەغدا ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی ڕازی نابن، هاوکات هەریەک لە تاران و ئەنقەرەش لەسەر ئەوە ڕازی نابن کە ئێوە بە نیازن ئەنجامی بدەن، هەڵوێستتان لەبارەی ئەو پایتەختە هەرێمایەتییانە چییە؟

بارزانی: ئێمە مافی خۆمان لە ژیان پەیڕەو دەکەین، ئەویش بە شێوازێکی مرۆییانەی دیموکراسیی مۆدێرن و لەو باوەڕەشدا نین کە ئەمڕۆ جیهان دژایەتی ئەمە بکات، ئەگەر ڕێز لە پەیمان و مافەکانی مرۆڤ و گەلان بگرن. ئێمە شەڕ دژی کەس ناکەین و هەرێمەکەمان لە ساڵی 1991ەوە سەربەخۆیە و توانای خۆی سەپاندووە، لەوەی کە دەتوانێت پەیوەندییەکی پۆزەتیڤ و نایاب لەگەڵ دراوسێ تورک و ئێرانی و سووری و عێراقییەکان هەبێت. ئەوەی کە ئەوانەش نیشانیان داوە، لای ئێمە وا لێکدانەوەی بۆ ناکرێت کە ڕەتکردنەوەی دەرئەنجامی ڕیفراندۆم و خودی بیرۆکەی ڕیفراندۆم بێت، بەڵکوو ئەوان هەندێک تێبینییان لەبارەی وادەکەی دەربڕیوە.

 

ئەلئەهرام: چاودێران دەڵێن دوای ڕزگارکردنی مووسڵ، گەورەترین هەڕەشە لەبەردەم حکوومەتی عێراق، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لە نێوان حکوومەتێک کە عەرەبە شیعەکان تێیدا باڵا دەستن، لەگەڵ عەرەبە سوننەکان و کوردەکان، سیناریۆکانی ئەم دۆخە چی دەبێت؟

بارزانی: بەداخێکی زۆرەوە ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە خۆی لە خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی هاوبەشەکاندا دەبینێتەوە، وای کرد کە هەموو ئەو کێشە و شەڕی نەگریسی تائیفی لێ بکەوێتەوە، هەر لەوەتەی ڕژێمی پێشوو لە بەغداوە کەوتووە، هەوڵمان دا کە ئەو هێزانە بەرەو ئەو زەلکاوە نەڕۆن کە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق تێیکەوتبوون، بەڵام بە داخەوە، هەمان سیاسەتەکان و بەشێوازی دڵڕەقانەتر پەیڕەو دەکرێ، ئەمەش وایکرد گەلەکەمان بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێ.

 

 

ئەلئەهرام: پرسی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و موڵکییەتەکەی، داهاتی ئەو کێڵگانەش، یەکێکە لەو ئاستەنگە سیاسییانەی کە ڕێگە لە ئاراستەی سیاسیی دواڕۆژ دەکات، تواناکانی زاڵبوون بەسەر ئەو کێشەیە چییە؟

بارزانی: کەرکووک و هەموو سامانەکەی هی کوردستانە، هەموو خێر و بێرەکەی موڵکی گەلەکەیەتی لە کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و ئەوانی دیکەش، بەڵام داهاتەکەی لەوەتەی نەوت لە خاکی کەرکووکەوە دەرهێنراوە، هەموو حکوومەتەکانی بەغدا داهاتی ئەو نەوتەیان بە چەک و جبەخانە و چەکی کیمیاوی داوە، کوردستانیان پێ سووتاندووە و سەدان هەزار کچ و کوڕی ڕۆڵەی ئەم گەلەیان پێ کوشتووە. ئیمڕۆش ماددەیەکی دەستووریمان هەیە کە داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو پارێزگایە دەکات و پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری کەرکووکیش بڕیاری بەشداریکردنی کەرکووکیان لە ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی داهاتوو داوە.

 

ئەلئەهرام: کورد گەورەترین گەلە لە جیهان کە دابەش کراوە و خاکی کوردستان نزیکەی 50 ملیۆن کوردی لەسەر دەژی کە بەسەر (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) دابەش بوون، ئایا ئەمە ڕەوشێکی پۆزەتیڤە یان نێگەتیڤ؟

بارزانی: ئەگەر ئەمە تاوان نەبێ، ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، ئەو وڵاتانە تێی کەوتن کە ڕێککەوتننامەی (سایکس - بیکۆ)ی بەدناویان داڕشت، بە دڵنیاییەوە ئەمە هەڵوێستێکی زۆر نێگەتیڤە و سەرجەم ئەو کێشانەی لێ کەوتووەتەوە کە ئەمڕۆ دووچاری ئەو چوار وڵاتە بووەتەوە.

 

ئەلئەهرام: ئایا کوردەکان لەم چوار وڵاتەدا لە ڕووی سیاسییەوە تەبان؟

بارزانی: بەڵێ، گەل بە تەواوەتی هاوڕایە، بەڵام حزب و بزووتنەوە سیاسییەکان ڕەنگە ناکۆکییان هەبێ لە بیروبۆچوون یاخود فەلسەفەی سیاسی، بەڵام سەرجەمیان بڕوایان بەوە هەیە کە مافیان زەوت کراوە و وەکوو گەلانی دیکەی جیهان مافی ئەوەیان هەیە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

 

ئەلئەهرام: ئەی لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لە هەمبەر ڕیفراندۆم؟

بارزانی: ئەو لێدوانانەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کراونەتەوە، لێدوانی جیا جیان، بەڵام کۆی ئەو لێدوانانە دژی بنەمای مافەکانی گەلی کوردستان نییە، بەڵام ئێوە دەزانن کە ئەوان ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە بنەماکانی ئەم ڕێکخراوە و پابەندییەکانیشی، ڕێزگرتنە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ئەندام تێیدا. بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو لێدوانانە لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرن، نەک لە دژایەتیکردنی بنەماکە لە بنەڕەتدا، بۆیە ئێمە لە هەڵوێستی ئەم وڵاتانە تێدەگەین، کاتێک کە تێبینی لەبارەی وادەی ڕیفراندۆم دەدەن.

 

ئەلئەهرام: چۆن پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەردۆگان هەڵدەسەنگێنن؟ ئەردۆگان داوای چی لە ئێوە کردووە لە دوا سەردانتاندا بۆ ئەو وڵاتە؟

بارزانی: پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و تورکیای دراوسێمان زۆر باشە و پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی بەهێز لە نێوان هەردوولادا هەیە و دۆستە تورکەکانمان زۆر باش درک بە گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ خۆیان دەکەن، بۆیە هەردەم لەگەڵماندا بوون و کاری سەرمایەگوزارییان کردووە و ئێستاش بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان لە کوردستان دەکەن. ئەوان هاوبەشی باشن لە زۆربەی پڕۆژەکانماندا، پەیوەندیشمان لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان پەیوەندییەکی باش و کۆنە و لەگەڵ ئێمەدا لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەشدار بوو، ئەو پیاوە جگە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵماندا و پەرەپێدانی، لەوە زیاتر داوای هیچی نەکردووە.

 

ئەلئەهرام: هەندێک لە چاودێران پرسیار لەبارەی ڕەوایی یاسایی ڕێکخستنی ڕیفراندۆمی ئەیلوولی داهاتوو دەکەن، ئێوە لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟

بارزانی: ڕیفراندۆم لە بنەڕەتدا پشت بە سەرچاوەی هەموو یاساکان دەبەستێت کە ئەویش گەلە و پێویستی بە مۆڵەتوەرگرتن لە هیچ لایەنێک نییە و کارێکی دیموکراسیی زۆر سرووشتییە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراتدا ڕیفراندۆم لە بارەی هەموو کاروبارەکان ئەنجام دەدرێ، چونکە درک بەوە دەکەن کە بڕیاری کۆتایی و یاسایی، ڕا و بڕیاری گەلە.

 

ئەلئەهرام: ئەی لەبارەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم، بە تایبەتیش هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە هەریەک لە مۆسکۆ و واشنتۆن ئێستا ئامادە نین قەوارەیەکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکەدا قەبوڵ بکەن؟

بارزانی: هیچ وڵاتێک لە دونیادا کاتێ کە سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە، دان پێدانانی هەموو وڵاتانی بەدەست نەهێناوە، بەڵکوو زۆر لە وڵاتان ماوەیەکی درێژیان چاوەڕێ کردووە تا ئەمەیان بەدەست هێناوە، ئێمە داواکاری و ئارەزووی گەلی خۆمان جێبەجێ دەکەین و پێمانوانییە هیچ وڵاتێک لە دونیا کە ڕێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و پابەندییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی بگرێ، دژی ئیرادەی پتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتیی کوردستان بوەستێتەوە.

 

ئەلئەهرام: ئایا ڕاوێژتان لەگەڵ پایتەختە نێودەوڵەتییەکانی وەک (واشنتۆن، برۆکسل، مۆسکۆ و پەکین) لەبارەی ڕیفراندۆم کردووە؟

بارزانی: ئەمە کاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسییە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوەیە کە چاودێران لە وڵاتانی جیهان و دامەزراوەکانی یاسادانان و حکوومەت و لایەنەکانی چاودێریکردن لەو وڵاتانە داوەت بکات، بۆ ئەوەی چاودێری ڕیفراندۆم لە کوردستان بکەن، ئەو وڵاتانەی کە ناویشتان هێناون، لە نێو ئەو لایەنانە دان کە داوەت دەکرێن.

 

ئەلئەهرام: چۆن ئەزموونی فیدرالیەت لە عێراق هەڵدەسەنگێنن کە لە 2003وە دەست بە جێبەجێکردنی کرا؟

بارزانی: ئەگەر فیدرالیەت لە عێراق بە گیانێکی پۆزەتیڤانە جێبەجێ بکرایە، ئەوا هەموو کێشەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر دەکرا، بەڵام لە بەغدا هەر لە سەرەتاوە کاریان لەسەر بچووککردنەوەی فیدرالیەت کرد، نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو دژایەتیی هەر یەکێکیشیان کرد کە داوای دەکرد، ئەمە لە بەسڕە، لە سەڵاحەدین و لە مووسڵیش وایان کرد، لە کاتێکدا دەستوور، عێراق بە دەوڵەتێکی ئیتیحادی واتە فیدرالی پێناسە دەکات، لە ماددەیەکی دیکەی دەستووریشدا ئەو مافە بە پارێزگایەک یاخود سێ پارێزگا دراوە کە فیدرالیەتێک بۆ خۆیان دروست بکەن، بەڵام لە بەغدا دەستووریان پێشێل کرد و جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەشیان ڕاگرت.

 

ئەلئەهرام: لێکدانەوەتان بۆ ڕێککەوتنی سەرجەم حزبە کوردییەکان (جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ) لەسەر دۆسیەی سەربەخۆیی وەک ئامانجێک کە کورد دەبێ بە دەستی بهێنێ چییە؟

بارزانی: هیچ هاووڵاتییەکی کوردستانی نییە دژی ڕیفراندۆم یاخود دژی سەربەخۆیی بوەستێتەوە، بەڵام لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا هەردەم ناکۆکیی سیاسی هەیە، هەروەک چۆن هاوپەیمانیش هەیە، بۆیە بە تەواوی بڕوای تەواوم بەوەیە کە هەر حزبێک دژی ئەم سەربەخۆییە بوەستێتەوە، وەک خۆکوژی سیاسی و نیشتمانی وایە.

 

ئەلئەهرام: چۆن پەیوەندیی نێوان هەردوو حزبی گەورەی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) هەڵدەسەنگێنن؟

بارزانی: پەیوەندیی نێوان هەردوو حزب مێژووییە و باشیشە، ئەوەی کە کۆمان دەکاتەوە، زۆر زیاتر و گەورەترە لە ناکۆکییەکانمان لە هەندێک بیروبۆچوون لێرە و لەوێ.

 

ئەلئەهرام: هەندێک پێیانوایە ئەو دەستوورەی کە کوردەکان خۆیان بەشدارییان لە ئامادەکردنیدا کرد لە بەغدا، شکستیهێنا لەوەی چارەسەرێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سامان، هەروەها بۆ دابینکردنی پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گەیشتن بە دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سامان بدۆزێتەوە و لە کۆتاییشدا شکستی هێنا لە ڕێکخستنی پەیوەندی لە نێوان پێشمەرگە و سیستەمی بەرگری لە عێراق، هۆکارەکانی ئەو هەموو شکستە چییە؟

بارزانی: پێموایە کە هاوبەشەکانمان لە بەغدا کاریان لەسەر شکستپێهێنانی کرد،بە بەڵگەی ئەوەی کە یاسای نەوت و غازیان سڕ کرد و کارایان نەکرد، ئەمە هەمان ئەو یاسایەیە کە ئێمە بەشداریمان لە دانانی ڕەشنووسەکەیدا کرد کە سەرجەم کارەکانی پەیوەیست بە وزەی لە نێوان هەرێمەکان لە لایەک و پارێزگاکان لە لایەک، بەغدا (ناوەند) لەلایەکی دیکە ڕێک دەخات. ئەوان لە بەغدا زۆربەی ماددەکانی دەستووریان پێشێل کردووە، لەوانەش ماددەی 140، هەروەها لە پرسی پێشمەرگە و چەندین پرسی دیکەش.

 

ئەلئەهرام: ئێستا هیوای کوردەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان لە بنەمای شکستهێنانی سیستەمی سیاسی و دەستووریی ئێستای عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە کە نەیتوانیوە پێداویستییەکانی کورد تێر بکات، تاچەند ئەم بۆچوونە ڕاستە؟ ئەگەر ڕاستیشە داواکارییەکانی کورد چییە کە عێراق نەیتوانیوە بۆیانی جێبەجێ بکات؟

بارزانی: بەڵێ شکستیان هێنا لە دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و هاوبەشی و دیموکراسیی ڕاستەقینە، بەرەبەرە بەو ئاراستەیەدا ڕۆشتن کە هەموو دەسەڵاتەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیان و پێکهاتەکانی دیکە پەراوێز بخەن، هەروەکوو ئەوەی کە لەگەڵ کوردستان کردیان.

 

ئەلئەهرام: هەندێک لە چاودێران پێیانوایە کە بژاردەی سیاسیتان لە هەولێر، لەگەڵ بنەماکانی ململانێی ناوخۆیی تێک ناکاتەوە، بەڵکوو ئەجێندای گەورەتر لە پشتەوەی هەیە، وەڵامتان بۆ ئەو چاودێرانە چییە؟

بارزانی: ئەمە زوڵمە و لێکدانەوەیەکی هەڵەیە، گەلەکەمان چەندین سەدەیە خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێت و خەڵکی دیکە بە جۆرەها شێواز ئەو خەونەی لەناو دەبەن و دژایەتی دەکەن. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە بنەماکانی ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی نییە، ئێمە پشتمان بە ئیرادەی گەلەکەمان و بژاردەکانی بەستووە.

 

ئەلئەهرام: سیستەمێکی یاسایی و دەستووری کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆشنبیرییەکان و جوگرافییە جیاجیاکان لە عێراق ڕێک بخات، بە شێوەیەک کە ئارامی بۆ پێکهاتەی نیشتمانیی گشتی بگێڕێتەوە و چارەسەرێکی گونجاو بۆ یەکێتیی عێراق بدۆزێتەوە، پێتانوانییە ڕێگەیەکی باشتر بێ؟

بارزانی: نەخێر لەو بڕوایەدا نیم و کاتیش بۆ ئەمە بەسەر چوو، هەر لەوەتەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین کە شەراکەتێکی ڕاستەقینە بدۆزینەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە سەرجەم ئەو هەوڵانەمان بێ ئەنجام بوو، بە هەڵوێستی نابەرپرسانە لەلایەن بەغداوە وەڵام درایەوە و هیچ هیوایەک بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەی تۆ باسی دەکەیت، نەماوە.

 

ئەلئەهرام: دەتانەوێ چی بەم پایتەختانە بڵێن:

بۆ بەغدا؟

بارزانی: شکستمان هێنا لەوەی کە ببینە بە هاوبەشی یەکتر، با بۆ خۆمان ببینە دوو دراوسێ و دوو هاوپەیمان.

 

ئەلئەهرام: بۆ ئەنقەرە؟

بارزانی: کوردستان دراوسێیەکی ئارام و جێی باوەڕتانە.

 

ئەلئەهرام: بۆ دیمەشق؟

بارزانی: ڕێز لە بژاردەکانی گەلی سووریا دەگرین و هیچ ناکۆکییەک لە نێوانماندا نییە.

 

ئەلئەهرام: بۆ شانشینی عەرەبیی سعوودی؟

بارزانی: گەل و حکوومەت و شای سعوودیە دۆست و برامانن و پەیوەندیی زۆر بەهێزمان لەگەڵیاندا هەیە.

 

ئەلئەهرام: بۆ تاران؟

بارزانی: هەڵوێستیان لە سەردەمی هێرشەکەی داعش بۆ سەر کوردستان لەبیر ناکەین، ئەوان لەپێشەوەی ئەوانە بوون کە بە فعلی یارمەتییان داین و لەگەڵماندا وەستان.

 

ئەلئەهرام: بۆ قاهیرە؟

بارزانی: پەیوەندیمان لەگەڵ میسر پەیوەندییەکی مێژووییە و بارزانیی نەمر کە لە ساڵی 1958 بۆ بەغدا گەڕایەوە، بە میسردا هاتەوە و لەوێ چاوی بە سەرۆک جەمال عەبدولناسر کەوت.