سه‌رۆكى هۆزێکی عەرەب: هه‌رچییەکمان پێ بكرێت بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوونى کوردستان درێغى ناكه‌ین

"ڕیفڕاندۆم مافى گه‌لى كوردستانه‌ و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و مافه‌داین، ئەگه‌ر به‌شدارییشى تێدا بكه‌ین به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ین"

شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى، سه‌رۆكى هۆزى ده‌هله‌كیى سوننه‌ مه‌زهه‌ب له‌ پارێزگاى دیاله‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ ئه‌وان به‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندان، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات ئەگەر ڕیفڕاندۆم ئه‌وانیش بگرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌شداریى تێدا ده‌كه‌ن و به‌ (به‌ڵێ)یش ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ن.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفڕاندۆمى هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: وه‌كوو هۆزى ده‌هله‌ك به‌گ، به‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستانداین و هه‌رچى پێویست بكات له‌پێناو هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ین ئه‌نجامى بده‌ین، ڕیفڕاندۆم مافى گه‌لى كوردستانه‌ و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و مافه‌داین، ئەگه‌ر به‌شداریشى تێدا بكه‌ین ئه‌وا به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ین، ئێمە له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بین باشتره‌ له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقیدا بین.

 

(باس): ئێوه‌ له‌گه‌ڵ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردیدان؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: به‌ڵێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاواتى ئێمه‌یه‌ كه‌ كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش ببین به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌تە، هه‌روه‌ها خوازیارى ئه‌وه‌ین كه‌ ناوچه‌كه‌مان له‌سه‌ر عێراق نه‌مێنێت و بخرێته‌وە سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.

 

(باس) ئەگه‌ر كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت، تا چه‌ند سوودى بۆ ئێوه‌ ده‌بێت؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: ئه‌ى چۆن سوودى بۆ ئێمه‌ نابێت! خۆ گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌بێت ژیانمان له‌سایه‌یدا پارێزراو ده‌بێت و ڕزگارمان ده‌بێت له‌و مه‌ترسییانه‌ى كه‌ ئێستا له‌سه‌رماندا هه‌ن، كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت، ته‌نیا بۆ كورد نابێت به‌ڵكوو ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى سوننه‌ و نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ش، هه‌رچیشمان پێ بكرێت بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوونى درێغى ناكه‌ین.

 

(باس) حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچى بۆ ناوچه‌كه‌تان كردووه‌؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: زۆر شتى بۆ كردووین، به‌تایبه‌ت ئێستا ناوچه‌كه‌مان له‌ژێر كۆنترۆڵى هێزى پێشمه‌رگه‌دایه‌ و ئەگه‌ریش پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وا داعش هه‌موومانى له‌ناو ده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ڕووى دامه‌زراندن و خزمه‌تگوزارییشه‌وه‌ درێغیى له‌گه‌ڵ نه‌كردووین و شتى باشى بۆ كردووین، تا ماوین سوپاسگوزاریانین.

 

(باس) ئه‌ى ڕۆڵى حكوومه‌تى عێراقی له‌ ڕووى ئه‌منى و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌تان چۆن هه‌ڵده‌سنگێنن؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: ناوچه‌كه‌مان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ پشتگوێ خراوه‌ و هیچى بۆمان نه‌كردووه‌، هیچ سوودێكمان لە حکوومەتی عێراق نه‌بینیوه‌، ئه‌وه‌ى بۆمان كراوه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌یه‌، كه‌ خزمه‌تێكى باشى ناوچه‌كه‌ى كردووه‌، به‌ڕاستى دڵمان به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خۆش و گه‌شبینه‌ و به‌ حكوومه‌تى عێراق ناخۆش و ڕه‌شبینه‌.

 

(باس) داعش جموجۆڵى له‌ ناوچه‌كه‌تاندا هه‌یه‌؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: نه‌خێر هیچ چه‌كدارێكى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ماندا نییه‌ و هیچ مه‌ترسییه‌كیش له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان له‌ ئارادا نییه‌، چونکە ناوچه‌كه‌مان له‌ لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ پارێزراوه‌ و تا پێشمه‌رگه‌ش مابێت ژیانمان به‌ ئارامى و خۆشگوزه‌رانى به‌سه‌ر ده‌به‌ین.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى چییه‌؟
شێخ ئیسماعیل ده‌هله‌كى: له‌ ناوچه‌كه‌ماندا هیچ پێویستییه‌كمان به‌ حه‌شدى شه‌عبى و ته‌نانه‌ت سوپاى عێراقیش نییه‌ و قبووڵیش ناكه‌ین بێنه‌ ناوچه‌كه‌مان، ناوچه‌كه‌مان له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ پارێزراوه‌ و هیچ گرفتێكى ئه‌منیمان نییه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌مان بێت، تا هێزى پێشمه‌رگه‌ مابێت په‌نا نه‌ بۆ سوپاى عێراق و نه‌ بۆ حه‌شدى شه‌عبى نابه‌ین.