چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بارزانی: دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی کرداری دابەش بووە

دەقی چاوپێکەوتنەکەی بارزانی لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەلحەیات) بخوێنەوە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەیدا کە ڕۆژنامەی (ئەلحەیات)ی لەندەنی بڵاوی کردووەتەوە، باس لە وردەکارییەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵوێستی وڵاتان و داهاتووی کورد لە ناوچەکە دەکات.

 

ئەلحەیات: دوای یەکلاییکردنەوەی شەڕی مووسڵ لە دژی داعش، ئێوە چ عێراقێکتان دەوێت؟

بارزانی: پێویستە تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی شەڕی مووسڵ نەکەین، بەڵکوو چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و درێژبوونەوەی، زۆر پێویستە کە ڕێوشوێن و پلانی ئیداری و سیاسی و ئەمنی بگیرێتە بەر کە بتوانێت دڵنیایی بۆ پێکهاتەکانی مووسڵ بگەڕێنێتەوە، تاوەکوو ژیانی سرووشتیی خۆیان بۆ بگەڕێتەوە. پێویستە لە عێراقی دوای داعش رۆڵەکانی ناوچە ڕزگارکراوەکان بەرپرسیارێتیی ئەمنی و سیاسی لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان لە ئەستۆ بگرن، دوور لە هەستی تایفەگەری.

 

ئەلحەیات: چاوەڕوانی هیچ موفاجەئەیەک دەکەن لە شەڕی وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش لە شارۆچکەکانی (تەلەعفەر، قائیم و حەویجە)؟

بارزانی: هیوادارین داعش لە ناوچەکانی تەلەعفەر و قائیم و حەویجە بە کەمترین زیان لە ڕیزی مەدەنی، لەناو ببەین و بە شێوەیەکی کردارەکیش داعش توانای بەرگری نەماوە.

 

ئەلحەیات: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا مەترسیی لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی و زیادەڕەوییەکانی هەبوو کە ڕەنگە دەرهەق بە پێکهاتەکانی سوننە و تورکمان لە کاتی ڕزگارکردنی تەلەعفەردا بیانکات، ئایا ئەو مەترسییانە ڕەویونەتەوە؟

بارزانی: هەر لە سەرەتاوە ئێمە بڕوامان وابوو کە پێویستە سوپای عێراق ڕزگارکردنی تەلەعفەر لە ئەستۆ بگرێت، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئەوانەی لە تەلەعفەر مابوون، تورکمانی سوننەن و زۆربەشیان لەوانە بوون کە لەگەڵ داعشدا هاوکار بوون. مەترسیی کرداری تۆڵەسەندنەوە کە ڕەنگە ئافرەت و منداڵانی بێتاوان بگرێتەوە، لە ئارا دایە کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی کێشەکان.

 

ئەلحەیات: زۆر لە هێزە سیاسییەکانی عێراق سەرزەنشتی سەرکردایەتیی کوردی دەکەن لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی کە وادەیەکی بۆ ڕیفراندۆم هەڵبژاردووە کە ئەوان بە باشی نازانن، هەندێکیش زێدەبوونی مەترسییەکان لە پارچە پارچەبوونی ئەوەی کە ماوە لە یەکپارچەیی عێراق، دەخەنە ئەستۆی ئێوە، پێتانوانییە بڕیارەکەتان لەبارەی ئامادەکاری بۆ ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو، ڕەنگە شەڕێکی دیکە بەرپا بکات؟ لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە هێشتا لە شەڕە کاولکارییەکانی لەگەڵ داعش نەهاتووەتە سەر خۆی.

بارزانی: بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، پرۆسەیەکی ئاشتیخوازانەی دوور لە توندوتیژییە و لە بنەڕەتدا ئامانجەکانی ڕێگریکردنە لە کارەسات و سەرهەڵدانی شەڕی نوێ. ئێمە داواکاری شەڕ نین و هەردەم داوای برایەتی و دۆستایەتیمان کردووە، بەڵام لەبارەی وادەی ڕیفراندۆم، ئەوە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم و دیاریکردنی ئەو وادەیەی داوە و بەهیچ جۆرێک پاشگەزبوونەوە نییە.

ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای گەلەکەمانە و مافێکی هەمیشەییە و پێویستە لە نزیکترین هەلدا جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بە جیهان نیشان بدەین. ئەگەر هەندێکیش پێیانوایە کە وادەکە گونجاو نییە، ئەوە لێی دەپرسین، ئەی کەی ئەو وادە گونجاوە دێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم؟ ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بکەین کە خەڵکانی دیکە قەبوڵی بکەن، ئەوا هەرگیز کاتی گونجاو دیاری ناکرێت. تەنیا گەلی کوردستان مافی ئەوەی هەیە کە کاتی ئەنجامدانی دیاری بکات.

ئێمە بە ئازادیی خۆمان بڕیاری هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق هەڵبژارد کە بەهۆی پێشێلکردنی شەراکەت و دەستوورەوە، سەری نەگرت. بۆیە مافی گەلی کوردستانە ڕێگەیەکی دیکە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.

 

ئەلحەیات: تەنانەت هێزە هەرێمایەتییەکانی وەکوو تورکیا و ئێران، دژی ئەو بژاردەیەتانن کە ڕیفراندۆمە، چونکە قەوارەیەکی سەربەخۆ لە کوردستانی عێراق، کوردانی ئەو دوو وڵاتە هان دەدات کە چاو لەو بەشە بکەن؟

بارزانی: ئێمە داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان دەکەین و باسی ئەو هۆکارانەشمان کردووە کە وای لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەم هەنگاوە بهاوێت، نامانەوێت ئەزموونی سەرنەکەوتووی 100 ساڵی پڕ لە ئێش و ئازار لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دووبارە بکەینەوە. پێویستە وڵاتانی ئیقلیمی ئەوە بزانن و بۆشیان ڕوون بووەتەوە کە ئێمە هۆکاری ئارامی و ئاسایشین لە ناوچەکەدا.

کورد لە وڵاتانی دراوسێ هەن، ناکرێ تا سەر نکۆڵی لە بوونیان بکرێت، پێویستە ئەم پرسە بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە لە پارچەکانی دیکە چارەسەر بکرێت، بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەسەندن و ئاشتی.

 

ئەلحەیات: داواکاریتان بۆ کردنەوەی لقێکی حزبەکەتان لە تورکیا، چۆن لەگەڵ بەرهەڵستیی ئەردۆگان بۆ ئەو ڕیفراندۆمەی ئێوە دەتانەوێ ئەنجامی بدەن، تێک دەکاتەوە؟

بارزانی: ڕیفراندۆم بە مانای ڕاگەیاندنی شەڕ نییە لە دژی وڵاتانی دراوسێ و دوژمنداریکردنیان، ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە پێویستە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەبێت، بە تایبەتیش تورکیا.

ئێمە داوامان نەکردووە کە لقێکی حزبەکەمان لە تورکیا بکرێتەوە، ئەم زانیارییە دروست نییە، بەڵام ئەگەر مەبەستتان کردنەوەی نووسینگەیەکی حزبەکەمان بێت لە تورکیا، ئەوە کارێکی سرووشتییە.

 

ئەلحەیات: هەندێک پێیانوایە ئێوە مەبەستتان لە پرسی ڕیفراندۆم ڕاکردنە بەرەو پێشەوە بۆ ڕێگەگرتن لە گردبوونەوەی حزبە کوردییەکانی دیکە لە دژی ئێوە؟

بارزانی: ڕیفراندۆم مافی هەر تاکێکە لە تاکەکانی گەل، تەنیا هاووڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە کە دەنگ بدەن، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە حزبەکان و ناکۆکییەکانیانەوە نییە، چونکە ئەم ناکۆکییانە پرسێکی سرووشتییە لە ژیانی سیاسیدا و لە هەموو قۆناغەکاندا هەبووە و هەیە. ڕیفراندۆم لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبەکانە، چونکە بڕیارێکە لە پێناو نەوەکانی داهاتووە و بەشێک نییە لە ململانێی حزبی.

 

ئەلحەیات: نەیارەکانتان ئێوە بەوە تاوانبار دەکەن کە هەوڵی ئاڵۆزکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەدەن، بەوەی کە ڕیفراندۆمی ئەلیکترۆنی بۆ کوردانی شارەکانی دیکە ڕێک بخەن و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بێننە ناو ئەو پرۆسەیە، لە کۆتاییشدا ناتانەوێ ڕیفراندۆمەکە شێوەیەکی یاسایی وەربگرێت، تاوەکوو لە دواڕۆژدا شێوەیەکی پابەندی وەرنەگرێت؟

بارزانی: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بەرپرسە لە کاروباری تەکنیکیی ڕیفراندۆم و هەوڵ لە ئارا دایە بۆ ئاسانکردنی پرۆسەکە بۆ هاووڵاتییان. پرۆسەی دەنگدان لە ناو هەرێمی کوردستان لەسەر کاغەز دەبێت، بەڵام لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئێستا کۆمسیۆن هەوڵی زۆر دەدات تاوەکوو ڕێگەیەکی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە بدۆزێتەوە. شێوازی یاسایی ڕیفراندۆم تەواو بووە و مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم بابەتە دەرکراوە و بە دڵنیاییەوە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان دەبێت و بۆ ئێمە پابەندی دەبێت، بۆ دەست پێکردنی دانوستان لەگەڵ بەغدا.

 

ئەلحەیات: ئێوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی شنگال تاوانبار دەکەن و ئەو حزبەش ڕەتی دەکاتەوە، ئایا لە قۆناغی دوای داعش پێشبینی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵدا دەکەن؟

بارزانی: بوونی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال نایاساییە و ڕێگە نادرێت جگە لە هێزە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، هیچ هێزێکی دیکە لەو ناوچانە بێت. هەوڵی زۆر دەدەین کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕوونەدات. لە کۆتاییشدا پێویستە کە خەڵکی شنگال خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

 

ئەلحەیات: مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیتان لەگەڵ حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر نییە؟ یان ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی کە هەوڵەکانتان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبارەی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی لە عێراق ڕەت کردووەتەوە؟

بارزانی: تەلەعفەر ناوچەیەکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پێمانوایە پێویستە سوپای عێراق ناوچەکە ڕزگار بکات. ئێمە کێشەمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێگە نادەین ئەو هێزانە بێنە ناو خاکی کوردستان. ئێمە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکوومەتەکەی بەڕێز عەبادی لە شەڕی دژ بە داعش هەبوو، بە تایبەتیش لە شەڕی مووسڵ. ئێمە هەرگیز داوای شەڕ ناکەین و دەستپێشخەریش نابین بۆ شەڕکردن، بەڵام بە دڵنیاییەوە مافی بەرگریکردنمان لە خۆمان هەیە، ئەگەر بەسەرماندا بسەپێندرێت.

 

ئەلحەیات: تەنانەت واشنتۆنیش ئامۆژگاری ئەوەی کردوون کە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن، باشە ئەگەر ئەمریکا، تورکیا و ئێران بەرهەڵستی دەکەن، ئەی ئێوە گرەو لەسەر چی دەکەن؟

بارزانی: گەلی کوردستان مافی تەواوی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات و ئێمە متمانەمان بە ئیرادەی گەلەکەمان هەیە، بە دڵنیاییەوە ئێمە لە نیگەرانیی هەندێک وڵات و مەترسییەکانیان تێدەگەین. بەڵام ئەی جێگرەوەکەی چییە؟ ئایا دەتەوێت هەمان ئەزموونی شکستخواردوو دووبارە بکەینەوە؟ بۆ دەبێ ئێمە ئێش و ئازاری ڕابردوو دووبارە بکەینەوە؟ جارێکی دیکە لەو وڵاتانە دەپرسینەوە، ئایا کاتێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەیە؟

 

ئەلحەیات: ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا دۆسیەکانی نەوت و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەگرێتەوە، دەروازەی ئەو ناکۆکییە درێژخایەنانە چییە؟

بارزانی: لە ساڵانی ڕابردوودا، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر نەکرا و بەسەر هەموو ئەو ڕێککەوتننانەدا باز درا، ئێستا ڕیفراندۆم و گەڕان بە دوای شێوازێکی دیکەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بۆ ئێمە ئەولەویەتی هەیە و بە دڵنیاییەوە دۆسیەی نەوتیش یەکێک دەبێ لەو دۆسیانەی کە دوای ڕیفراندۆم دانوستانی لەبارەوە دەکرێت.

 

ئەلحەیات: ئایا کەرکووک دەبێتە بڵێسەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتەکەی عەبادی؟ ئایا ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای عێراقی پێشبینییەکی چاوەڕوانکراو نییە؟

بارزانی: هیوادارین لە هیچ شوێنێکدا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوو نەدات و چاومان لەوەیە کە کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.

 

ئەلحەیات: وەکوو ئەولەویەت، ئایا وەدیهێنانی خەونی کوردت لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ تەنانەت لەوەش پێ باشترە کە بەوە تۆمەتبار بکرێی، گوایە یەکپارچەیی عێراق لەناو دەبەیت؟

بارزانی: دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی کرداری دابەش بووە و بنەماکانی شەراکەت و دەستوور پێشێل کراوە و شەڕی تایەفی لە ئارا دایە و سەروەریی وڵاتیش نەماوە. بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان لەو ڕەوشە بەرپرس نییە کە دەوڵەتی عێراق تێیکەوتووە، بە پێچەوانەوە پێمانوایە کە سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان هۆكارێك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئێمه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقمان به‌ ئامانج نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستوور و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی حكوومه‌تی عێراقه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ ئامانج.

 

ئەلحەیات: ئایا به‌ ریفراندۆم، گه‌لی كوردستان ناخزێننه‌ شوێنی سووننه‌كانی عێراق كه‌ به‌رده‌وام سكاڵای په‌راوێزخستن ده‌كه‌ن، ئایا ناگه‌نه‌ ئاستی دوژمنداری و تێكچوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا؟

بارزانی: ئێمه‌ ده‌پرسین، بۆچی سووننه‌ په‌راوێزخراوه‌؟ ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر شكستی ده‌وڵه‌تی عێراق و پێشێلكردنی ده‌ستوور، هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ته‌نها دووچاری په‌راوێزخستن بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو بنه‌مای هاوبه‌شییان تێكشكاند و هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژییش بووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ناتوانین چیدیكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك وڵات بژین، به‌ڵكو ده‌توانین ببینه‌ دوو دراوسێ و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌.

ئەلحەیات: چ شتێك یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌پارێزێت؟

بارزانی: ده‌ستوور تاكه‌ گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی عێراق بوو به‌ یه‌كپارچه‌یی، به‌ پێشێلكردنی ده‌ستووریش ده‌رفه‌تی هێشتنه‌وه‌ و پارێزگاریكردن له‌ عێراقی یه‌كپارچه‌ له‌ده‌ست ده‌رچوو.

ئەلحەیات: دوای تێكشكاندنی داعش، چ شتێك رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌كات و مۆته‌كه‌ی تیرۆر به‌ ناوی جیاواز له‌ ژێر چ ئاڵایه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌؟

بارزانی: له‌ناوبردنی ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌بوون، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی په‌یدابوونی "داعش"، كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی تایه‌فی و جیاكاری مه‌زهه‌بی، بوونی ئیراده‌یه‌كی جددی و راستگۆ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ دژایه‌تیكردنی فكری داعشی، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش سه‌ر له‌نوێ.

ئەلحەیات: ناترسن له‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ كورد باجی گه‌وره‌ بدات، ئێستا كاتی "رێككه‌وتنی گه‌وره‌"ی نێوان واشنتن و كرملینه‌، به‌تایبه‌تیش ئێستا نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ لێكتێگه‌یشتنێك له‌سه‌ر دابه‌شبوونی هه‌ژموونی خۆیان له‌ سووریا؟

بارزانی: گه‌لی كوردستان له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو، بۆ پارێزگاریكردن له‌خۆی قوربانی زۆری داوه‌، هه‌رێمی كوردستان ئێستا به‌هێزتره‌، تیرۆری تێكشكاند، به‌ قوربانییه‌كانی داكۆكی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌، له‌و بڕوایه‌دا نین هیچ رێككه‌وتنێك هه‌بێت ئێمه‌ی لێ ده‌ربهێنرێت و جیابكرێینه‌وه‌‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رێزێكی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ بۆ قاره‌مانێتی گه‌لی كوردستان و قوربانیدانه‌كانی.

ئەلحەیات: هیلالی شیعی، له‌ تارانه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا و دیمه‌شق و به‌یرووت، ئایا دۆخی هه‌رێمی ناوچه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئێران مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر بكات؟ ئایا ئه‌وه‌ی مه‌حمود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد له‌ به‌غدا سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاند، هه‌مان شت له‌گه‌ڵ قاسم سلێمانی له‌ دیمه‌شق دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟

بارزانی: به‌رپرسانی ئێران به‌ راشكاوی سه‌ركه‌وتنییان له‌ به‌رنامه‌ی كردنه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك له‌ تارانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و دیمه‌شق و به‌یرووت راگه‌یاندووه‌.