چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی: بڕیارە تا 10ی ئاب شاندێکی کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا بکات

”جۆرێک لە جدییەت بەدی دەکرێت لەنێوان لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان“

 

عەبدولڕەحمان فارس، ناسراو بە (ئەبو کاروان)، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان، کە ھاوکات ئەندامی کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمە، لە دیمانەیەکی ھەفتەنامەی (باس)دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەپێی مافە نێودەوڵەتییەکان، ئەو میللەتانەی کە خاکەکەیان داگیر کراوە، مافی چارەی خۆنووسینیان ھەیە. ئەوەشی خستە ڕوو، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، %٧٠ی کارەکانیان تەواو کردووە بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و دەشڵێت: ”دڵنیام کە ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، باشتر بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەکەن“.

 

(باس) تیڕوانینی ئێوە چییە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟

 

ئەبو کاروان: پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و مافی ھەموو میللەتێکە، بەتایبەت ئەو میللەتانەی کە خاکەکەیان داگیر کراوە، بەپێی مافە نێودەوڵەتییەکان ئەو مافەیان ھەیە کە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، کوردیش یەکێکە لەو میللەتانەی کە زەمەنێکی زۆرە ھەوڵ و تێکۆشان دەکات بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجە گەورەکەی، کە ئەویش بریتییە لە سەربەخۆیی.

 

(باس) کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ڕیفراندۆم کەی سەردانی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر دەکات؟

 

ئەبو کاروان: بڕیارە تا ١٠ی ئابی ٢٠١٧، شاندێکی کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکە، بۆ ئەوەی پەیامی لایەنە سیاسییەکان بگەیەنرێت بە بەغدا، کە ئێمە ئەو کاتەی کە دیاریمان کردووە ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین.

 

(باس) ئالییەتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم چۆن دەبێت و ئایا کۆمیسۆن ھەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە؟

 

ئەبو کاروان: بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەوان لە %٧٠ی کارەکانیان تەواو کردووە و ماوەتەوە لە %٣٠ی کارەکانیان کە ئەوەش زۆر ناخایەنێت کارەکانی تریان تەواو بکەن و ئالیەتەکەش دیارە کە راپرسییە و دەنگی خەڵک بە (بەڵێ) یان (نەخێر) وەردەگرێت، بۆ ئەوەی کوردستان ببێت بە سەربەخۆ یاخود نا.

 

(باس) ئەی کەی کات دیاری دەکەن بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم؟

 

ئەبو کاروان: پێویستە بۆ ئەو مەبەستە بڕیارێک بدرێت، دوای ئەوەی کە پێم وایە کێشەکان بەرەو چارەسەری ببەن، مەبەستم لە کێشەکەی نێوان ھەندێک لایەنی سیاسییە و ئێستاش وا بڕیارە کۆمیتەیەکی ڕاگەیاندن لە ھەموو حزبەکان پێک بھێنن، بۆ ئەوەی دەست بە بانگەشەی ڕیفراندۆم بکەن و کارەکانی ڕاگەیاندن بە گشتی ڕاپەڕێنن.

 

(باس) بەڕای ئێوە زۆرینەی ھاووڵاتییان لە ڕیفراندۆمدا دەنگ بە چی دەدەن؟

 

ئەبو کاروان: میللەتەکەمان دەیەوێت ھەناسەی ئازادی ھەڵبمژێت، بەڵام سازانی نیشتمانی و یەکگرتوویی خیتابی کوردییش بێ گومان کاردانەوەی باشی دەبێت و ئەگەر حزب و لایەنە سیاسییەکان رێک بکەون، ئەوا ژمارەی دەنگی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم بەرەو ھەڵکشان دەڕوات، بەشێکی تریش پێوەندیی بە بارودۆخی خەڵکەوە ھەیە، ئێستاش ئەگەر جۆرێک لە چارەسەر بۆ پاشکەوت و دواکەوتنی مووچە و ئەو خاڵانەی تر کە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە دابنرێت و بەرەو چارەسەری بڕوات، ئەگەر چارەسەرییەکانیش مامناوەندی بێت، بەدڵنییایەوە کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

 

(باس) لەم کاتوساتەدا ھیچ ھەوڵێکی جدیی ھەیە بۆ سازانی نێوان لایەنەکان؟

 

ئەبو کاروان: بە بەراورد لەگەڵ پێشوودا جۆرێک لە جدییەت بەدی دەکرێت لەنێوان لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی نێوانیان و پێویستە ھەوڵەکانیان زیاتر بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی تەباییەک دروست بێت و کۆتایی بە گرژیی سیاسی بھێنرێت لە ھەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی ئێمە ئێستا بەرەو قۆناخێکی تری گرنگ لە خەباتکردن ھەنگاو دەنێین، کە ئەویش بریتییە لە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

 

(باس) کاتێک کە ئەو سازانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بوو و دەنگی (بەڵێ)ی ھاووڵاتییان بۆ ڕیفراندۆم زۆرینەی ھێنا، ئایا ئەمە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتە بەڵگە بۆ ئەوەی پشتگیریی ڕیفراندۆمی کودستان بکەن بۆ سەربەخۆیی؟

 

ئەبو کاروان: بەدڵینیاییەوە، ئەگەر لایەنەکان ھەرچی زووە ناوماڵی کوردستان یەک بخەنەوە، ئەوە کاریگەریی باشی دەبێت لە ھەموو ڕووەکانەوە و لە ھەموو کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمیش دووپاتی دەکەینەوە کە ھەوڵی باش بدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئاریشە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی بتوانرێت دەنگی (بەڵێ) زیاتر بێت و ئەوەش دەبێتە بەڵگەیەکی باشتر بۆ دونیا، کە زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵک لەگەڵ سەربەخۆیی وڵاتەکەی دایە.

 

(باس) پێتوایە ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش بە ڕێژەیەکی باش بەشداری لەو ڕیفراندۆمەدا دەکەن؟

 

ئەبو کاروان: من دڵنیام کە ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە باشتر بەشداریی لە ڕیفراندۆمدا دەکەن، ئەو ناوچانە گرفت و کێشەیان زیاتر ھەیە و ئەوان ئیدی دەیانەوێت رزگاریان بێت لەو کێشانەی کە ساڵانێکی زۆرە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.