چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

پەرلەمانتارێکی كوردستان: داواكارین رۆژی ڕیفراندۆم بكرێت به‌ كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

"ڕیفراندۆم چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ئێستا و داهاتوومان ده‌كات"

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ی (باس)دا، وه‌حیده‌ یاقو هورمز، په‌رله‌مانتارى مه‌سیحی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، مه‌سیحییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمدان، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، كوردستان تاكه‌ په‌ناگه‌یه‌ بۆ مه‌سیحی و سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه‌كانى تر كه‌ پێكه‌وه‌ تێیدا به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتییانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی بژین. ده‌شڵێت، هۆكارى په‌كخستنی په‌رله‌مانى كوردستان، گۆڕان و یوسف محه‌مه‌د بوون و ئێستاش هه‌ر ئه‌وانن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر ڕێك ناكه‌ون بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان.

 

(باس) ئێوه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ پرسی ڕیفراندۆم، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25ى 9ى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت؟
وه‌حیده‌ یاقو: له‌ كۆبوونه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ى جه‌نابی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم درا و تێیدا ڕۆژێكیان ده‌ستنیشان كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیكه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ئه‌و ڕیفراندۆمه‌داین و داواكارین هاووڵاتییان ئه‌و رۆژه‌ بكه‌ن به‌ كه‌رنه‌ڤاڵ و به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بده‌ن. بێ گومان په‌یڕه‌وانی ئایینی مه‌سیحی و پارته‌ سیاسییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمداین و چاره‌نووسمان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر هاوتایه‌ و ڕیفراندۆم چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ئێستا و داهاتوومان ده‌كات.


(باس) مه‌سیحییه‌كانى كوردستان چ ئومێدێكیان به‌ ڕیفراندۆم هه‌یه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان دڵیان به‌وه‌ خۆشه‌ كه‌ دواى ڕیفراندۆم سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست ده‌هێنرێت و له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییش قوربانیى زۆر دراوه‌ و ئومێده‌ گه‌وره‌كه‌شمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا ده‌وڵه‌تى كوردستان دروست بێت و میلله‌ته‌كه‌شمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو به‌شداریى له‌ پرسی ڕیفراندۆمدا ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى كوردستان تاكه‌ په‌ناگه‌یه‌ بۆ مه‌سیحی و سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه‌كانى تر، كه‌ پێكه‌وه‌ تێیدا به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتییانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی بژین، چونكه‌ هه‌موومان ده‌بینین دۆخى مه‌سیحییه‌كانى عێراق زۆر خراپه‌ و ئه‌وان له‌به‌ر ئایینه‌كه‌یان ده‌بنه‌ قوربانى، به‌ڵام له‌ كوردستان پێچه‌وانه‌یه‌.


(باس) ئه‌ى مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك له‌سه‌ر ڕیفراندۆم ڕایان چییه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: له‌ كۆنگرەیه‌كى تایبه‌ت به‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ برۆكسل به‌شداریم كرد، كه‌ تێیدا تاوتوێی بارودۆخى مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وامان كرد، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌كانى به‌ره‌و باشتربوونى دۆخى ناوچه‌ مه‌سیحییه‌كان هه‌نگاو بنرێت و خه‌ڵكى ده‌شتى نه‌ینه‌واش ده‌زانن كاتێك كه‌ داعش ناوچه‌كانیانى داگیر كرد، كوردستان ده‌رگا و باوه‌شی بۆیان كرده‌وه‌ و ئه‌وان له‌ دۆخێكى ناخۆشدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن و باوه‌ڕیان به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ نه‌ك حكوومه‌تى عێراق، پێیان باشه‌ ناوچه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ى كوردستاندا بێت نه‌ك مووسڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ى هەتا سه‌ر به‌ مووسڵ بمێنن، ژیانیان هه‌میشه‌ له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت و ئه‌وان و مه‌سیحییه‌كانى كه‌ركووكیش ده‌نگى خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ده‌ده‌ن و ده‌نگه‌كانیشیان ئه‌رێنی ده‌بێت، چونکە ڕیفراندۆم باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ دۆخى مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك و به‌ به‌شداریى مه‌سیحییه‌كانیش ڕیفراندۆم سه‌ركه‌وتووتر ده‌كات.


(باس) هیچ لایه‌نێكى سیاسیی مه‌سیحی هه‌یه‌ له‌ كوردستان دژى ڕیفراندۆم بێت؟
وه‌حیده‌ یاقو: نه‌ك لایه‌نێكى سیاسی، به‌ڵكوو هیچ ڕێكخراوێكى مه‌ده‌نیى مه‌سیحیش نییه‌ كه‌ دژی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بێت، مه‌سیحییه‌كانیش د‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هاوشێوه‌ى په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی ترى كوردستان له‌ سه‌رده‌مى رژێمی پێشوودا زوڵم و زۆری زۆیان چه‌شتووه‌ و ته‌نیا له‌م چه‌ند ساڵه‌ى حوكمڕانیى كوردستان تا ڕاده‌یه‌ك ئۆقره‌ییان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئاسایش و ژیانمان پارێزراو بێت و دڵنیاین له‌ ده‌وڵه‌تى داهاتووى كوردستانیش ئه‌و مافانه‌ى كه‌ داواى ده‌كه‌ین به‌دی دێت.


(باس) پێتوایه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان خه‌ونى سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان ده‌هێنێته‌ دى؟
وه‌حیده‌ یاقو: بێ گومان دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان خه‌ونى له‌مێژینه‌ى سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانى كوردستانه‌ و هه‌موومان له‌ئێستاوه‌ به‌ حه‌ماسێكى زۆره‌وه‌ چاوه‌ڕوانى رۆژی به‌ڕێوه‌چوونى ڕیفراندۆم و دواتر ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردستانیشین، چونكه‌ ئێمه‌ش هیچمان كه‌م نییه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانى دیكه‌ى جیهان و مافی خۆمانه‌ كه‌ ببین به‌ ده‌وڵه‌ت و ڕیفراندۆمیش بۆ هه‌موو دونیا ده‌یسه‌لمێنێت كوردستانییان ده‌یانه‌وێت به‌ سه‌ربه‌خۆ بژین، من وه‌كوو ئه‌ندامى لیژنه‌ى باڵای ریفراندۆم كه‌ سه‌رۆك بارزانى سه‌رپه‌رشتیى ده‌كات، له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ئه‌وروپا تاوتوێی پرسی ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین.


(باس) كێ به‌ هۆكارى په‌كخستنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌زانن؟
وه‌حیده‌ یاقو: هۆكارى سه‌ره‌كیى په‌كخستنی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رۆكه‌كه‌ى بوو، چونكه‌ مامه‌ڵه‌ى ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌كى حزبییانه‌ بوو، له‌ كاتێكدا له‌ كاتى دروستبوونى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ كه‌ چه‌ند خولێكى په‌رله‌مانى گۆڕانی به‌سه‌ردا هات له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، هیچ حاڵه‌تێكى به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ له‌م خوله‌ى ئه‌م جاره‌ ڕووی دا، ڕووى نه‌دابوو، خوله‌كانى تر چاره‌سه‌رى ئاریشه‌كانى هاووڵاتییانى ده‌كرد و چاودێریی حكوومه‌تیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان له‌برى ئه‌وه‌ى یاسا ده‌ربچوێنین و چاودێریی حكوومه‌ت بكه‌ین، كه‌چی بینیمان دۆخی په‌رله‌مانیان به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك برد، كه‌ دواتر بوونه‌ هۆی په‌كخستنى په‌رله‌مان و ئێستاش گۆڕان ئاماده‌ نییه‌ یوسف محه‌مه‌د له‌ پۆسته‌كه‌ى لابدات، لەڕاستیدا گۆڕان و یوسف محه‌مه‌د هۆكارى په‌كخستنی په‌رله‌مانن و ئێستاش هه‌ر ئه‌وانن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر ڕێك ناكه‌ون بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان.


(باس) بۆ نه‌تانتوانی تا ئێستا پۆستی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن پڕ بكه‌نه‌وه‌؟
وه‌حیده‌ یاقو: به‌ڕاستى هۆكاره‌كه‌ى وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن خۆی بوو، كه‌ به‌بێ ئێمه‌ نامه‌ى ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد، له‌ كاتێكدا هیچ ئاریشه‌یه‌كى ئه‌وتۆ له‌ئارادا نه‌بوو كه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ى ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌ و دواتر ئێستا كه‌سێكى تر ئه‌و وه‌زارته‌ به‌ وه‌كاله‌ت ده‌باته‌ ڕێوه‌ كه‌ مه‌سیحی نییه‌، بۆیە له‌ ئاینده‌دا گفتوگۆكانمان ده‌ست پێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ ڕه‌نگه‌ پۆستى وه‌زاره‌تێكى تر بدرێت به‌ پێكهاته‌ى مه‌سیحی، واتا مه‌رج نییه‌ ته‌نیا پۆستى وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بێت.


ئێستا سه‌ره‌كیترین پرس لاى ئێمه‌ پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌، كاتێك كوردستان سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست هێنا ئاواته‌ مه‌زنه‌كه‌مان دێته‌ دی و پۆسته‌كانیش به‌ شێوه‌ى یه‌كسانى له‌نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.