چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

حدک: بۆ یەکگرتنەوەمان لەگەڵ حدکا دانوستنەکانی ئەمجارەمان جیاوازترە

"کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت هێز و تواناییەکانی یەک بخات"

ئەم رۆژانە باسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی (حزبی دیموکرات)ی کوردستانی رۆژهەلات، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت لە ئاستی لێدوانی بەرپرسانیشدا گەرم بووەتەوە، لەم دیمانە تایبەتەی (باس)دا سەعید بەگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێکی پەیوەست بە یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزەی دیموکرات دەداتەوە.

 

(باس) رەوتی دانوستانەکان بۆ یەکگرتنەوە لە چ ئاستێکدایە؟
سەعید بەگزادە: لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە هەر لەسەرەتای لێکدابرانڕان و لەتبوونمان بە ئەمرێکی بەسەرداسەپاو زانیوە و خوازیاری بەیەکەوە تێکەڵبوونەوە بووین، بەڵام بەداخەوە رەوتەکە بەم جۆرە نەچووەتە پێش کە ئێمە خوازیاری بووین، دانوستنەکانی پێشوو زیاتر هێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆز و گرژیی نێوان ئەم دوو لایەنە و رەواندنەوەی ئەو بارە رەوانیە نێگەتیڤە بوو کە لەنێوانماندا هەبوو. لەبەرئەوەش بە رادەی پێویست نەچووبووینە ناو باسە جیدیەکان، ئەوەش بەو مانایە نا کە ئیستا گەیشتبینە لووتکەی چارەسازی و هەموو شتێک هەموار بووبێ. بەڵکوو کاری زۆر و گرانمان ماون.

 

(باس) بەڵام، پێشتریش دانوستانەکان ساردی و گەرمییان تێ کەوتووە. چ شتێک رەوتی ئەمجارەی بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان بۆ یەکگرتنەوە، لە رابردوو جیا دەکاتەوە؟
سەعید بەگزادە: ئەوەندەی باسەکە ئێمە وەکوو حدک بگرێتەوە، چ پێشتر و چ ئێستا سیاسەت و هەڵوێستمان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتنەوە نەگۆڕاوە. بەڵام هەلومەرج و شەرایەت چ لەنێو خۆماندا و چ لە دەوربەرمان، بۆ هەردوو لامان جیاوازیی پەیدا کردوە.

 

(باس) ئەمجارە هەردوولاتان چۆن دەڕواننە یەکگرتنەوەکە؟
سەعید بەگزادە: ئێمە چ پێشتر و چ ئێستاش پێمانوایە کە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ هێز و تواناییەکانی یەک بخات، بە هێز و توانایی زیاتر و بە هەڵوێست و سیاسەتێکی یەکدەست لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا، لە گۆڕەپانی خەباتدا بێ. بە لایەنی کەم ئەو هێزانەی خاوەنی یەک ریشە و رابردوون، مادام سیاسەت و هەڵوێستی لێک نزیکن باشترە ببنەوە بە یەک. ئەگەر ئەوەش مسۆگەر نەبوو، لەسەر خاڵە هاوبەشەکان لەگەڵ یەکتر رێک بکەون‌ و بزوونتەوەکە بەهێزتر بکەن.

 

(باس) بەڵام، لەوە دەچێ لە هەردوو لادا روانینەکان بۆ یەکگرتنەوە و چۆنیەتیی یەکگرتنەوە وەک یەک نەبن. تەنانەت بەڕێز کەمال کەریمی باسی لە بوونی جیاوازیی بۆچوون سەبارەت بە چۆنیەتیی یەکگرتنەوە لە (حدک)دا کرد، ئەم جیاوازییانە چین؟
سەعید بەگزادە: بەڵێ ئەوە زۆر راستە، لەنێو هەردوو لاماندا روانینی جیاواز بۆ یەکگرتنەوە هەیە و زۆریش سەیر دەبێ ئەگەر هەموومان هەموو روانگەکانمان وەکوو یەک بن. ئەوە کە روانگەی ئەوان چۆنە و چۆن بیر دەکەنەوە، بۆ خۆیان دەتوانن قسەی لێ بکەن، بەڵام ئەوەندەی حزبی دیموکراتی کوردستان دەگرێتەوە، هەموومان لەسەر یەکگرتنەوەی ئەم دوو حزبە و بەهێزکردنی جوڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆک و هاودەنگین، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنەوە و بردنە پێشەوەی پرۆسەکە لە ئەگەری یەکگرتنەوەدا، رای جیاواز هەیە. ئەوەی بە لای ئێمەوە گرینگە ئەم پرۆسەیە دەبێ دەنگ‌ و پشتگیریی بنکە و ئەندامانی چالاکی حزبەکەمانی لەگەڵدا بێت. هەر رێککەوتن‌ و یەکگرتنێک بەبێ راوێژ لەگەڵ ئۆرگانەکان‌ و ئەندامانی حزب، بەبێ پشتگیریی ئەوان، سەرکەوتنی ئاستەم دەبێ. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە چاوەڕوانیمان هەبێ هەموو بۆچوونێکی تاک بەتاکمان لە رێککەوتنێکی ئاوادا بێتە دی. گرینگ ئەوەیە کە بە جۆرێک یەک بگرینەوە کە هەمووان خۆمان لە حزبێکی یەکگرتوودا ببیننەوە و هەموو لایەک بە یەک رادە خۆیان بە خاوەنی ئەو حزبە بزانن و کەس کەسی پێ کەمتر لە خاوەن ماڵ نەبێ.

 

(باس) بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەکان لەناو (حدکا)دا هەوڵی جیدی بۆ گۆڕینی چۆنیەتیی ئیدارەی ئەو حزبە هەیە. بەو جۆرەش کە لە تەرحی سەرەکی بۆ ئەم مەبەستەدا دەبیندرێ، حزبەکە دەیەوێ دەسەڵاتی زیاتر لە دەست کەسی یەکەمدا کۆ بێتەوە، ئەمە چ شوێنەوارێکی لەسەر یەکگرتنەوە هەیە، ئایا ئێوەش بەوە رازیین؟
سەعید بەگزادە :هەتا ئێستا کە ئەم وتووێژە ئەنجام دەردێ، ئەو دوو حزبە قەوارە و ئیدارەی وەکوو یەکیان هەیە، باسی هەتا ئیستاشمان تێکەڵکردنی ئەم دوو قەوارەیەیە بەم جۆرەی کە هەین. تا ئەو کاتەی ئێمە تێکەڵ بە یەکتر نەبووین و نەبووینە یەک حزب، ئەوان تەواو بەخۆیانەوە پەیوەستن کە چ قەوارەیەک بۆ حزبی خۆیان دیاری دەکەن. بەڵام ئەوەی کە بەلای کۆی ئەندامانی ئێمەوە گرینگە، ئیقتیداری فەرد لە حزب‌دا نییە، بڕیار بەکۆمەڵ دەدرێ‌ و ناوەندی بڕیاریش کۆمیتەی ناوەندیی حزبە.

 

(باس) سەرەڕای گرینگیدانی ئێوە لە قسەکانتان بە رۆڵی قاعیدە بۆ یەکگرتنەوەی ئەمجارەتان، لە ئێستاوە ناڕەزایی‌ و نیگەرانی لەناو بنکەی (حدک‌)دا ئەوەندەی ئاگەدار بین سەبارەت بە یەکگرتنەوە بەرچاوە، چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو نیگەرانیانە بڕەوێننەوە؟
سەعید بەگزادە: شاردنەوە و سەرپۆش دانان لەسەر ئەم گلەیی و چاوەروانیانەی کە بنکەی حزب هەیەتی، خێری بۆ کەس تێدا نییە. ئێمە بۆ ئەوەی لە لایەک هەڵەی رابردوو دووبارە نەکەینەوە و لە لایەکی دیکەش وەکوو ئیدعا دەکەین گرینگی بە ڕای قاعیدە جەماوەریەکەمان بدەین، پێویستە ئەو باسانە روون‌ و راشکاو لەگەڵ بنکەی خۆمان تاوتوێ بکەین. وەکوو پێشتریش گوتم لەلای ئێمە لەگەڵ یەکگرتنەوەیەکی سالم هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام هەموو لایەک دەبێ بەشدار بکرێن. تەنانەت لە ئاستێکی بەرینتردا ئەو تێکۆشەرانەش کە نیگەرانن و دیموکرات بە هی خۆیان دەزانن.

 

(باس) ئەوەندەی زانیاریمان هەبێت، زیاتری ناڕەزایی و نیگەرانیەکان دوای ئەو وتەیەی کەمال کەریمی سەرۆکی لێژنەی دانوستانکاری (حدک) هاتنە ئاراوە کە رای گەیاند "ئەگەر بە تەوافوق گەیشتین هەتا کۆنگرەیەکی هاوبەش بە یەکەوە لەژێر ناوی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا درێژە بە تێکۆشان دەدەین". بەپێی ئەم بۆچوونە کۆنگرەی هاوبەش دوای یەکگرتنەوە دەگیرێ لە حاڵێکدا هەڵوەشاندنەوەی حزبێک بەپێی پەیڕەو تەنیا لە دەست کۆنگرەدایە نەک کۆمیتەی ناوەندی.
سەعید بەگزادە: ئەوەی کە قسە لەسەر ناوی حزب بەتەنیا هات، لای ئێمەش قسەی لەسەرە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت سەرنج بدرێتە کۆی باسەکەی کاک کەمال، نەک یەک وشە یان یەک رستە. کاک کەماڵ دەڵێ، ئەگەر هەردووک حزبی دیموکرات لەسەر هەموو خاڵەکانی جێگای موناقەشە، بە تەوافوق گەیشتین، ئەوکات هەتا کۆنگرەی هاوبەش بەو ناوە کار دەکەین. واتا ئێمە باسمان لەگەڵ یەکتر زۆرن، بۆ وێنە، ناوی کەناڵی داهاتووی تەلەڤزیۆنیمان چی دەبێ؟ بە کام لۆگۆ کار دەکەین؟ سکرتێر کێ دەبێت، جێگری کێ دەبێت؟ تەرکیبی بەڕێوەبەری هەتا کۆنگرە، چەند بەچەند دەبێ؟ ئەگەر سکرتێر لە ئێمە بێ، ئەوان چەند کەسیان، لە سەرکردایەتیدا دەبێت، یان پێچەوانەکەی چۆن دەبێ؟ یان ئەو تاکتیکە جیاوازانەی، هەمانن وەکوو رۆژهەڵات تەوەری و خەباتی فرەڕەهەند و راسان، چۆنیان تێکهەڵکێش دەکەین؟ چۆن واریدی کۆنگرەی هاوبەش دەبین؟ چۆن سیاسەت و ئەساسنامەی هاوبەش، دادەڕێژینەوە؟ ئەوانە هەموو باسن و دەبێ تەوافوقیان لەسەر بکەین. ئێمە ئیستا دوو حزبین و دوو ناومان هەیە، ئەگەر بۆ ماوە زەمەنێکی دیاریکراویش بێ دەبێ یەکمان ناوی ئەوی دیکەمان قبوڵ بکەین. پاشان ئەم ناوە پێشتریش باسی کراوە و نوێ نییە. ئەوەش کە باسی هەڵوەشانی حزب دەکرێ، من بەم جۆرەی بۆ ناچم. قسە لەسەر هەڵوەشان نییە، بەڵکوو قسە لەسەر یەکگرتنێکە کە کۆنگرەی ئێمە رێگەی بەم رێککەوتنە داوە، پاشان ئەگەر مەبەست تێکدانی قەوارەی حزب بێ، ئەوە راستە، بەڵام ئەو بەشەش لەلایەک رێگەپێدانی کۆنگرەی ١٦ی ئێمەی لەسەرە، لە لایەکی دیکەش، ئەگەر تێکدانی قەوارەی رێبەری حزب بێ، بۆ لایەنی بەرانبەریش ئەو باسە تەواو راستە، ئەوانیش قەوارەی رێبەریان وەک ئێستا نامێنێ. واتە رێبەری هەردوولا بە یەکەوە هاوبەش هەتا کۆنگرە، حزبی یەکگرتوو ئیدارە دەکات.