سەرۆکی دەستەی ھۆزە عەرەبییەکانی کەرکووک: خوازیارین ریفراندۆم ئێمەش بگرێتەوە تا بە (بەڵێ) دەنگ بدەین

”ئامادەین ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکەمان ھەڵبکەین“

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی، سەرۆکی دەستەی ھۆزە عەرەبییەکانی کەرکووک، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (باس) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەوان وەکوو ھۆزە عەرەبییەکانی کەرکووک لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمدان و دەشڵێت ئەو کۆنگرەیەی کە بە ناوی سوننەکانی عێراقەوە، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لە بەغدا ئەنجام بدرێت، کۆنگرەیەکی فاشیلە و سوودی بۆ سوننەکان نابێت.

 

(باس) ئێوە وەکوو ھۆزە عەرەبییەکانی کەرکووک لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمدان؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: بەڵێ لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمداین و خوازیاریشین ئێمەش بگرێتەوە، تا لەو پرۆسەیە بێبەش نەبین و بە (بەڵێ) دەنگی بۆ بدەین. گەلی کوردستان مافی خۆیەتی چۆن و بە چ شێوازێک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، دەبێت لەو ڕووەشەوە عەرەبی سوننە پشتگیرییان لێ بکەن، چونکە ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەبوایە، ئەوا زۆرینەی عەرەبی سوننە بەدەست داعشەوە دەفەوتان و لەناو دەچوو.

 

(باس) راتان لەسەر ئەو کۆنگرەیە چییە کە وا بڕیارە بە ناوی سوننەکانی عێراقەوە لە بەغدا ببەسترێت؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: ئاشکرا و ڕوونە کە ئەو کۆنگرەیە بۆ عەرەبی سوننە لە کۆنگرەکانی پێشوو باشتر نابێت، چونکە ئەوانەی کە تێیدا بەشداری دەکەن، ھەمان ئەو کەسانەن کە لە کۆنگرەکانی پێشوو بەشدارییان کردووە و ھیچیان پێ نەکراوە، کۆنگرەیەکی فاشیلە و لە بەرژەوەندیی عەرەبی سوننەدا نییە.

 

(باس) ھۆکاری دواکەوتنی ڕزگارکردنی شارۆچکەی حەویجە بۆ چ لایەک دەگەڕێننەوە؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: ھۆکاری دواکەوتنی ڕزگارکردنی ئەو شارۆچکەیە سیاسییە نەک سەربازی وەک ئاماژەی بۆ دەکرێت، داعش ئێستا ھەوڵ دەدات لەو شارۆچکەیەوە پەلاماری شاری کەرکووک بدات، بەڵام بەھۆی بەرگریکردنی قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگە ھەوڵەکانی پووچەڵ دەبێتەوە.

 

(باس): راتان لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک چییە؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: بۆچی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بکرێتە کێشە؟ دەبێت ئەو ئاڵایە ھەڵبکرێت و ئێمەش وەکوو دەستەی ھۆزە عەرەبییەکانی کەرکووک ئامادەین ئەو ئاڵایە لەسەر بارەگاکەمان ھەڵبکەین.

 

(باس) ژمارەی گوندە ڕزگارنەکراوەکانی سنووری کەرکووک کە لەژێر دەستی داعشدان چەندن؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: تا ئێستا ٣٠ گوند و شارەدێ بە شارۆچکەی حەویجەشەوە لەژێر دەستی داعشدا ماون و رزگار نەکراون.

 

(باس) تا چەند لەگەڵ گەڕانەوەی سوپای عێراقدان بۆ ناوچەکەتان؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: سوپای عێراق گەر ھاوئاھەنگ بێ لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە، ئەوا پێمان باشە لەپاڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا ئەویش ھەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، پێمان باش نییە بگەڕێنەوە ناوچەکەمان، چونکە ئێمە لە سایەی ھێزی پێشمەرگەدا ماڵ و حاڵمان پارێزراوە.

 

(باس) بۆ رزگارکردنی شارۆچکەی حەویجە، پێتان باشە لەگەڵ کێ بەشداریی ئەو شەڕەیە بکەن؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: ئێمە بۆ بەشداریکردنمان لە شەڕی ئازادکردنی حەویجە پێمان باشە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا بەشدار بین، چونکە حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی لەگەڵ پڕچەککردنی ھۆزە عەرەبییەکاندا نین، لەبەر ئەوەی لەو کارە دەترسن، بۆیە بە ھیوای ئەوەین کە ھێزی پێشمەرگە ڕێگامان پێ بدات شان بەشانی ئەوان دژ بە داعش شەڕ بکەین و ناوچەکانمان ڕزگار بکەین.

 

(باس) پەیوەندیتان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا چۆنە؟

 

عەبدولکەریم ئەلعەزاوی: پەیوەندیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زۆر باشە و ڕێزمان بۆ سەرکردایەتییان ھەیە، کە زۆر جار کێشە و گرفتمان ھەبێت ڕووبەڕووی ئەوانی دەکەینەوە و لەگەڵمان دەوەستن و ھەوڵ دەدەن بۆمانی چارەسەر بکەن.