چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

کەریم زەند، نووسەر و گەڕیدە و مێژوونووس: كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ ژێرده‌سته‌یى ڕزگارمان بێت

"هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ كۆمه‌ڵ و گۆڕان ڕیفراندۆم تێكه‌ڵى ململانێى سیاسی ده‌كه‌ن"

كه‌ریم زه‌ند، نووسه‌ر و مێژوونووس و گەڕیدەی به‌ناوبانگى كورد، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا باسی سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: "گه‌لى كورد مافى خۆیه‌تى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێت و به‌سه‌ربه‌ستى بژى“. گوتیشى: "هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى، پرسى ڕیفراندۆم تێكه‌ڵى ململانێى سیاسی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ هه‌موو حزبه‌كان پشتگیرى له‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بكه‌ن“.


(باس): مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پاش کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، بڕیارى داوه‌ 25ى ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ، ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت، وه‌ك مێژوونووسێك چ خوێندنه‌وه‌یه‌كت بۆ ڕیفراندۆم هه‌یه‌؟
كه‌ریم زه‌ند: ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌، هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كى جیاواز مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كیانێكى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێت، بێ گومان گه‌لى كورد وه‌كو گه‌لێكى سته‌مدیده‌ به‌درێژایى مێژوو زوڵمى لێ ده‌كرێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى داواى مافى ڕه‌واى خۆى ده‌كات، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیى وڵاته‌كه‌ى، به‌ڵام ئه‌و مافه‌ى پێ نادرێت! له‌كاتێكدا هه‌موو گەلانی دنیا سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه‌، ته‌نیا گه‌لى كورد نه‌بێت! هۆكاره‌كه‌یشى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كورد له‌ چه‌ندین لاوه‌ دوژمنى زۆره‌، به‌جۆرێك كاتى خۆى كوردستان پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌، هه‌روه‌ها ئینگلیز ئه‌م وڵاته‌ى له‌نێوان عه‌ره‌ب و تورك و فارسدا دابه‌ش كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر جار هه‌وڵى ئه‌وه‌ دراوه‌ گه‌لى كورد مافى سه‌ربه‌خۆیى وه‌ربگرێت، به‌ڵام نه‌یارانى كورد ڕێگر بوون و ئه‌و مافه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌تى كورد به‌ ڕه‌وا نه‌بینیوه‌! ئێستاش كاتێك سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی كورد بڕیارى ڕیفراندۆمى بۆ سه‌ربه‌خۆیى داوه‌، بێ گومان ئه‌مه‌ بۆخۆى كارێكى گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئێمه‌ش له‌ ژێرده‌سته‌یى ڕزگارمان بێت، بۆ ئه‌وه‌ى هاوشێوه‌ى وڵاتانى دنیا خاوه‌نى كیانێكى سه‌ربه‌خۆ بین، خاوه‌نى ئاڵا و دراوى خۆمان بین و بتوانین به‌ سه‌ربه‌ستى بژین.


(باس) زۆربه‌ى وڵاتانى دنیا پشتگیرى له‌ ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن، وه‌ك مێژوونووسێكى كورد تا چه‌ند گه‌شبینى به‌وه‌ى ڕیفراندۆم سه‌ربه‌خۆیى كوردستانى به‌دواوه‌ دەبێت؟
كه‌ریم زه‌ند: خودى خۆم گه‌شبینم به‌وه‌ى ڕیفراندۆم سه‌ربه‌خۆیى كوردستانى به‌دواوه‌ دێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هه‌موو كوردێكى دڵسۆز ئه‌وپه‌ڕى گه‌شبین بێت به‌ سه‌ربه‌خۆیى وڵاته‌كه‌ى، چونكه‌ ئه‌م خاكه‌ له‌پێناو ئازادیدا ده‌ریایه‌ك خوێنى گه‌شى شه‌هیدانى تێدا ڕژاوه‌. (چه‌رچڵ) له‌ ساڵى 1921 له‌ كۆنگره‌ى قاهیره‌ ده‌ڵێت: "مانه‌وه‌مان له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، یان خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ندا كوردستانه‌، هه‌روه‌ها له‌نێوان ئیمڕاتۆریه‌تى شیعه‌ و ئیمپڕاتۆریه‌تى سوننه‌ و ئیمڕاتۆریه‌تى تورك، دواجار عه‌ره‌بى شیعه‌ و سوننه‌ لێمان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ نابێت هیچ كوردێك به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌ى ڕه‌شبین بێت، به‌ڵكوو ده‌بێت هه‌موومان به‌بێ جیاوازى هه‌وڵى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بده‌ین.


(باس) چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى كورد مافى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێت؟
كه‌ریم زه‌ند: پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، له‌نێوان خۆیاندا ته‌با و هاوهه‌ڵوێست بن، هه‌مووان دوور له‌ ململانێى سیاسی پشتگیرى له‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا بكه‌ن، به‌ جۆرێك له‌ پێناو پرسێكى وه‌ها هه‌ستیاردا كه‌ ڕیفراندۆمه‌، ده‌بێت هه‌موو حزبه‌كان به‌بێ جیاوازى، به‌رژه‌وه‌ندیى حزبیى خۆیان وه‌لا بنێن و به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیی باڵاى گه‌لى كورد له‌به‌رچاو بگرن، ئێستاش كاتێك كاك مه‌سعود، ڕۆژى ڕیفراندۆمى ڕاگه‌یاندووه‌، بێ گومان كارێكى گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه‌، هیوادارم له‌ چه‌رخى ئه‌ودا ڕیفراندۆم بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى ڕابگه‌یه‌نین. خودى خۆم ته‌مه‌ناى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م به‌ پشتیوانیى خواى گه‌وره‌ هه‌رچى زووتره‌ گه‌لى كورد مافى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌رچه‌نده‌ ده‌بوایه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا ئێمه‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت بووینایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ داعشیان بۆ دروست كردین، دوژمنایه‌تییه‌كى دیكه‌ له‌نێوان ئێران و توركیا سه‌رى هه‌ڵدا، به‌ڵام من دڵنیام ئه‌وانه‌ هیچى نابنه‌ ڕێگر، به‌زوویى ئێمه‌ش مافى خۆمان وه‌رده‌گرین كه‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ده‌بینێته‌وه‌، هیوادارم دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەریكا پشتگیریى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان له‌به‌رچاو بگرێ و هاوكار بێ بۆ پشتیوانى له‌ میلله‌تى كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافی سه‌ربه‌خۆیى خۆی.


(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى، به‌هۆى ململانێى سیاسییه‌وه‌، ئاماده‌ نین پشتگیرى له‌ پرسی ڕیفراندم بكه‌ن، ئه‌و دوو لایه‌نه‌ تا چه‌ند ڕووبه‌ڕووى به‌رپرسیاره‌تیى مێژووى ده‌بنه‌وه‌؟
كه‌ریم زه‌ند: گۆڕان و كۆمه‌ڵ هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن پرسی ڕیفراندۆم تێكه‌ڵى ململانێى سیاسی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كاتى پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا پاڵپشتیى یه‌كترى بكه‌ن، نه‌وه‌كو به‌هۆى چه‌ند كێشه‌یه‌كه‌وه‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان تێكه‌ڵى ململانێى سیاسی بكه‌ن، ئه‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كان، پشتگیرى له‌ بارزانى بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ڕیفراندۆم سه‌ربكه‌وێت، تا ئه‌م میلله‌ته‌ى ئێمه‌ش هاوشێوه‌ى وڵاتانى دنیا سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بێت.


(باس) بارزانى، به‌هۆى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى تا چه‌ند ده‌توانێت وڵاتان ڕازى بكات بۆ ئه‌وه‌ى پشتگیرى له‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بكه‌ن؟
كه‌ریم زه‌ند: بارزانى، تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ڕابگه‌یه‌نێت، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ى ئه‌وانیشه‌وه‌ ده‌توانین مافى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنین، چونكه‌ ئێستا سه‌ركرده‌ و ڕێكخه‌رى ئه‌م میلله‌ته‌ بارزانییە، بێ گومان سەرکردەیەکی وه‌ك بارزانى ده‌توانێت سه‌ر‌بخۆیى كوردستان ڕابگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌موو كوردێكه‌ پشتیوانى له‌ بارزانى بكات، ئێستاش هه‌لێكى چاكه‌ بۆ ڕیفراندۆم، چونكه‌ پێشتر گه‌لى كورد له‌ به‌رنامه‌ى سه‌به‌خۆبووندا نه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا گه‌لى كورد له‌ به‌رنامه‌ى سه‌به‌خۆبووندایه،‌ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ پاڵپشتیى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌یه‌، بارزانى كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوى جیهانییه‌ و بێ گومان په‌یوه‌ندییه‌كى نێوده‌وڵه‌تیى به‌هێزى هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆربەی وڵاتانى دنیا پشتگیرى له‌ بارزانى ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مەریكا پیشتگیریى خۆى له‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان كردووه‌، باراك ئۆباما، سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مەریكا خۆى به‌ بارزانیى گوت: "گه‌لى كورد مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێت“، هیوادارم له‌ سه‌رده‌مى خۆماندا گه‌لى كورد مافى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێت، بۆیه‌ به‌بۆچوونى من، بارزانى كه‌سایه‌تییه‌كى كاریزماى به‌هێزه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكى خۆى ده‌دات بۆئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ڕابگه‌یه‌نێت.