سەرۆک بارزانی: ڕیفراندۆم دەستپێکی گفتگۆیەکی جددی دەبێت لەگەڵ بەغدا

”ئەگەر وڵاتان دژی ڕیفراندۆم بوەستنەوە واتە دژی دیموکراسی وەستاونەتەوە“

16/06/2017 - 02:50 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (Foreign Policy)ی ئەمریکیدا دەڵێت: “دەمەوێت لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستانی سەربەخۆ کۆچی دوایی بکەم”.

 

سەبارەت بە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کە بڕیارە 25/9/2017 ئەنجام بدرێت، بارزانی جەختی کردووەتەوە کە جیابوونەوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق تاکە ڕێگەچارەیە بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتە و سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی. ھەروەھا ئاماژەی بەوە کردووە کە ریفراندۆم دەستپێکی گفتوگۆیەکی جددی دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا.

 

سەرۆک بارزانی ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ماوەیەکی درێژە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، بەغدا ھاوبەشیی ڕاستەقینە و مانابەخشی لەگەڵ کورد پێ قەبووڵ ناکرێت و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە تاکە ڕێگەچارە لەقەڵەم داوە، بۆ ئەوەی گەلی کورد دەرفەتی پێ بدرێت کە خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

 

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە وڵاتانی دراوسێ دەکرێ کوردستانی سەربەخۆ بخەنە تەنگەژەوە و ئابڵۆقەیان لەسەر دابنێن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیان کە مردن لە برسا باشتر لە مردن لە ژێر زوڵم و زۆرداری و  “ئەوکات دونیا با شانازی بەوەوە بکات کە گەلی ئێمەیان لە برسا کوشت، چوونکە بە ڕێگەیەکی دیموکراسییانە خوازیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بوون”.

 

سەبارەت بە نەھامەتییەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، بارزانی دەڵێت، “ھەڵمەتی ئەنفال، کیمیاباران، وێرانکردنی گوندەکان، جینۆساید و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەوە بەشی کورد بووە لەو ماوەیەی لەگەڵ بەغدا بووە”. سەبارەت بە بەشی کورد لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیشەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە بڕینی بودجەی کوردستان لە لایەن بەغدا و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد، بەشی کورد بووە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق.

 

سەبارەت بە کێشە ھەنووکەییەکانی کوردستان و پرسیارێک کە ئایا ئەم کێشانە تا چەند دەتوانن بەربەست بن لەبەردەم سەربەخۆیی، بارزانی بەو ماڵپەڕە ئەمریکییەی ڕاگەیاندووە: ”ئەگەر ئێمە چاوەڕێی بارودۆخێک بکەین یەک بە یەکی کێشەکان (بەر لە سەربەخۆیی) چارەسەر بکرێن، ئەم بارودۆخە ھەرگیز نایەتە پێش”.

 

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکە سەرۆک بارزانی دووبارە جەختی لەوە کردووەتەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی جددی و ئاشتییانە دەبێت و کورد ھەرگیز پاشکۆیەتی قەبووڵ ناکات. ئەو پێی وایە کە ئەم گفتوگۆیە ھەروەھا بۆ ڕێگەگرتنە لە خراپتربوونی باری ئەمنیی ناوچەکە و ڕوودانی ھەر جۆرە شەڕێکی خوێناوە. سەبارەت بە دوا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، بارزانی ئاشکرای کرد کە حەیدەر عەبادی تێگەیشتنی بۆ بابەتەکە ھەبووە.

 

ھەر لەبارەی پەیوەندییەکانی داھاتوو لەگەڵ بەغدا، بارزانی دەڵێت: ”کورد بەردەوام دەبێت لە کاری ھاوبەش لەگەڵ بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق بەھێزتر دەکرێت“.

 

لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتە سەر ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ئاشکرای کردووە: “ئەوان دەڵێن لەوانەیە ئێستا کاتی گونجاو نەبێت و ببێتە ھۆی دروستبوونی کێشە، من لەسەر ئەم دوو خاڵە تێڕوانینی جیاوازم ھەیە، ئەگەر ئەوان لە دژی ریفراندۆم بن، واتە لە دژی بەھاکانی خۆیانن کە مافێکی دیموکراسییانە و ئاشتەواییانەی خەڵکە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەگەر لە دژی ڕیفراندۆم بوەستنەوە، کەواتە لە دژی دیموکراسی وەستاونەتەوە”.